ئایا چەپی کوردیش دەتوانێت بدوێت؟

سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی، کۆلۆنیالیزم، کێشەکانی کۆمەڵە و چەپی ئێرانی

دەروازە

بەبێ گومان لە مێژوودا هیچ کەس و ئایدیایەک هێندەی مارکس و مارکسیستەکان گرنگییان بە چارەنووسی گەل و نەتەوە بندەستەکان نەداوە. بەپێچەوانەوە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم هەمیشە بوونەتە هۆی دابەشکردن و ژێردەستەکردنی گەل و نەتەوە جیاوازەکان. ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین و هەموو مێژوو بەسەر نەکەینەوە، بارودۆخی هەنووکەییی کورد بەرهەمی دابەشکاریی ئیمپریالیستییە. ئەوە هێزە براوە ئیمپریالیستەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بوون لەسەر داروپەردووی ئیمپراتۆریەتە ڕووخاوەکان، نەمسا-هەنگاریا و عوسمانیی، دەستیان بە دابەشکردنی نەتەوەکان کرد و جوگرافیای تازەیان دەکردەوە و جوگرافیا کۆنەکانیان دەشێواند. ئەمە ڕاستییەکە بۆ هەموو مێژووی مرۆڤایەتی ڕوونە.

لە ئاکامی دابەشکارییەکاندا، کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرا، کە تا ئێستاش لە عێڕاق بترازێت، مافی کوردەکان لە هیچ شوێنێکی ئەو وڵاتانەی دیکە بە فەرمی نەناسێنراوە و جیهانی سەرمایەداریی لیبراڵ-دیموکرات ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانەکان و بێمافییەکانی قووڵتر کردووەتەوە و بێگومان هەمووانیش ئەوە دەزانن کە وڵاتە بەهێزە پێشەسازییەکان بەردەوام پشتگیریی ئەو سەرۆک و سەرکردە و ڕژێمە دیکتاتۆرییانەیان کردووە کە کورد لەو ڕژێمانەدا بە فراوانیی چەوسێنراوەتەوە. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی مانەوەی کورد وەک گەلێکی پاشکۆ، چ وەک گروپێکی نەتەوەیی و ژێردەستەی گەلانی سەردەست، چ لە ڕوانگەی سیاسی و چینایەتییەوە و هەمیش نەبوونی ئایدیا و سیاسەتێکی سەربەخۆی مارکسیستیی بۆ ڕزگاریی چینایەتی، پێویستە لە کورتە مێژووی مارکسیزم و پرسی نەتەوەیی و هەروەها مانەوەی ڕەهەندی کۆڵۆنیالیستی چەپی ئەو وڵاتانە تێبگەین کە کورد تێیاندا ژێردەستەی گەلی سەردەستە.

کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) فەیلەسوفی ئەڵمانی

مارکسیزم و پرسی نەتەوەیی

کوردەکان هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، هەمیشە بەرەو ئاراستەی ئایدیای کۆمۆنیستەکان ڕۆیشتن، ئەویش بەو هۆیەی چەپەکان لە ئاستی دونیادا، لە تیۆر و پراکتیکدا پشتیوانییان لە مافەی چارەی خۆنووسینی گەلە جۆراوجۆر و بندەستەکان دەکرد. نامیلکە بەناوبانگەکەی لینین «مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان» (١٩١٥) دوو ساڵ پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، هەم لە تیۆر و هەم پاشانیش وەک بەڵگەنامەیەک بۆ کارپێکردن، بووە بە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کە مارکسیستەکان هەمیشە ویستوویانە و کاریشیان بۆ ئەوە کردووە گەلە بندەستەکان ئازاد ببن.

لینین و ترۆتسکی ناو لە ڕووسیا دەنێن «زیندانی گەورەی نەتەوەکان»، پێشتر مارکس و ئەنگڵس بە فراوانی باسیان لە سەربەخۆیی نەتەوەی ئیرلەندا کردبوو. مارکس ڕاشکاوتر بوو بەراورد بە ١٨٤٨ کاتێک گوتبووی «کرێکارانی جیهان یەکگرن»، بەڵام دواتر بەو ڕوونییە گەیشتبوو، کرێکارانی جیهان لە کام بارودۆخی یەکساندا یەکگرن؟ کرێکارێکی ئیرلەندیی یەکسان نییە بە کرێکارێکی بریتانی، تا ئەو کاتەی کرێکارێکی بریتانی خەبات بۆ سەربەخۆیی کرێکاری ئیرلەندی نەکات ناتوانێت بەو ساناییە داوای یەکگرتن بکات.

ئەگەرچی مارکس وەک خۆی تیۆرەیەکی سیستەماتیکی بۆ پرسی نەتەوەیی دانەڕشتووە، واتا ئەوەی بۆ کرێکار و بۆرژوازی لە ڕوانگەی چینایەتی کردوویەتی نەیتوانیوە هەمان کار بۆ پرسی نەتەوەیی بکات، بەڵام ماركس لە نووسینەكانی دواتری خۆیدا (بەتایبەت لە نووسینەكانیدا دەربارەى ئیرلەندا) باسی ئەوەی دەكرد بۆرژوازی نەك تەنها مەیلی بۆ هاندانی ناكۆكی و دوژمنایەتییە نەتەوەییەكان هەیە بەڵكوو لە ڕاستیدا مەیلی بۆ هەڵكشاندن و زیادكردنی ئەم ناكۆكییانە هەیە چونكە ١) خەباتێك بۆ كۆنتڕۆڵی بازاڕەكان، ململانێیەكانی نێو دەسەڵاتە سەرمایەدارییەكان دروست دەكات؛ ٢) چەوساندنەوەى نەتەوەیەك دژی نەتەوەیەكی دیكە، دوژمنایەتی نەتەوەیی بەدی دەهێنێت؛ ٣) شۆڤێنیزم یەكێكە لە ئامرازە ئایدیۆلۆژییەكان كە هێز و توانا بە بۆرژوازیی دەدات دەسەڵات و هەیمەنەى خۆی بەسەر پرۆلیتاریادا بپارێزێت.

ماركس لە دەیەى ١٨٦٠دا ئازادبوونی ئیرلەندای بە مەرجی ئازادبوونی ئازادیی پرۆلیتاریا سەیر دەكرد: ١) تەنها ئازادیی نەتەوەى ستەملێكراو دەبێتە هۆى سڕینەوەى دابەشكارییەكان و تایبەتمەندییە نەتەوەییەكان و ڕێگا بۆ چینی كرێكاری هەردوو نەتەوە [ستەمكار و ستەملێكراو] دەكاتەوە دژی دوژمنە هاوبەشەكەى خۆیان واتا سەرمایەداران یەك بگرن؛ ٢) ستەمكردن لە نەتەوەیەكی دیكە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیانەى بۆرژوازیی بەسەر كرێكاران لە نەتەوەى ستەمكاردا. لە ڕوانگەى ماركسەوە «هەر نەتەوەیەك كە نەتەوەیەكی دیكە دەچەوسێنێتەوە، زنجیرەكانی كۆیلایەتیی خۆی بەرهەم دەهێنێت»؛ ٣) ڕزگاربوونی نەتەوەى ستەملێكراو پایە ئابووری، سیاسی، میلیتاری و ئایدیۆلۆژییەكانی چینە باڵادەستەكان لە نەتەوەی ستەمكاردا لاواز دەكات و ڕۆڵ و نەخشی لە خەباتی شۆڕشگێڕی چینی كرێكاری ئەو نەتەوەیەدا هەیە. بەو مانایە، ئەگەر کرێکارێکی نەتەوەی سەردەستە مەیلی بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی نەتەوەی ژێردەستە نەبێت، هەمیشە میکانیزمەکانی ستەم لەسەر خۆشی زیاتر دەکات. دابڕانی ئیرلەندا لە بریتانیا هۆکارێکە بۆ لاوازکردنی حکوومەتی ستەمکاری بریتانی کە کرێکاری وڵاتەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە. بۆیە مارکس بەسانایی بەو دەرەنجامە دەگات بڵێت کرێکاری بریتانی بەڕاستی ئەگەر بیەوێت خەبات بۆ ڕزگاریی خۆی بکات، دەبێت خەبات بۆ ڕزگاربوونی نەتەوەی ئیرلەندی بکات.

لە ناو مارکسیستە ئەوروپییەکاندا بەتایبەت ئەسترۆ-مارکسیزم (یان مارکسیزمی نەمسایی) و ستالینیزم، و ترۆتسکیی سەرەتا، مەیلێکی ئەوتۆ بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی سەری هەڵنەدا، ترۆتسکی تا ساڵی ١٩١٧یش هیچ هەڵوێستێکی ڕوونی بەرانبەر بە پرسی نەتەوەیی نەبوو، ئەگەرچی خۆی ئۆکرانی و جوولەکەش بوو. بەڵام پاشان وردە وردە دەچێتە سەر هەڵوێستی لینین و لەم ساتەوە، کۆی تێزی لینین بۆ پرسی نەتەوەیی دەبێتە ئایدیای دەقیقی ترۆتسکی، بۆیە باسکردن لە هەڵوێستی ترۆتسکی زەروورەتێکی وەهای نییە. بەڵام هەردوو مارکسیستی نەمسایی-بۆهیمیی، ئەنتۆنی پانەکۆک و یۆزێف شتراسە وەک دوو مارکسیستی ئەوروپیی پێیان وا بوو خەباتی چینایەتی ئەولەویەتی بەسەر خەباتی نەتەوەییدا و ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ دابەشنەکردنی نەمسا بۆ کۆمەڵێک نەتەوە و گروپی جۆراوجۆر. پانەکۆک بە دروستی دەیگوت «نەتەوە دیاردەیەکی ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازییە»، بەڵام هەم پانەکۆک و هەم شتراسە، بە گەڕانەوە بۆ ئۆتۆ باوەر، پێیان وا بوو دەبێت نەمسا مافی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریی تەواوەتیی بە نەتەوەکان بدات. دەکرێت تیۆری مارکسیزمی نەمسایی بە تیۆرەی ئیکۆنۆمیزم لە قەڵەم بدەین. بەڵام نەمساییەکانی دیکەی وەک کاڕڵ ڕێنەر کە ڕاوێژکاری سۆسیال دیموکراتی نەمسایی بوو، بڕوایان بە ئۆتۆنۆمیی کولتووریی نەتەوە و گەلەکانی ناو ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا هەبوو.

blank
لینین (١٨٧٠-١٩٢٤) ڕابەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا

ستالین لەسەر ڕاسپاردەی لینین لە ساڵی ١٩١٣ وتارە بەناوبانگەکەی بە ناوی «مارکسیزم و پرسی نەتەوەیی» دەنووسێت، بەڵام لینین هەر زوو فەرامۆشی دەکات، چونکە کۆی چەمکەکانی خەسڵەتی نەتەوەیی لای ستالین کورت دەبنەوە بۆ سایکۆلۆژیا یان تایبەتمەندیی سایکۆلۆژیی نەتەوەیی و لینین بەڕاشکاوی هەر لە کاتی خۆیدا ڕەتی دەکاتەوە. لەناو مارکسیستەکاندا، هەڵوێستی لینین تازەترین، ڕادیکاڵترین و پراکتیکیترین بووە لە مێژووی ئەو بزووتنەوەیەدا. ئەگەر پێشتر مارکسیستە نەمساییەکان و ڕووسەکان خۆیان بۆ ڕەهەندی ئابووریی (پانەکۆک و شتراسە)، کولتووریی (ڕێنەر و باوەر) و سایکۆلۆژیی (ستالین) و گوڵچینی تێکەڵەی ئابووری و کولتووریی (ترۆتسکی)، لینین بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان پرسێکی تەواو ناو دیموکراسیی سیاسییە، واتا بریتییە لە مافی جیابوونەوەی سیاسی و بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆی گەل و نەتەوەی ژێردەستە. لینین بە ئاشکرا دەیگوت ئۆتۆنۆمی و مافی ئۆتۆنۆم نەتەوەی ژێردەستە لەگەڵ نەتەوەی سەردەستەدا یەکسان ناکات. بەڕاشکاوی لە پرسی پۆڵەندادا دەیگوت بە دڵنیاییەوە ئەگەر ڕووسیا مافی ئۆتۆنۆمی بدات بە پۆڵەندا، هێشتا پۆڵەندییەکان لەگەڵ ڕووسەکاندا یەکسان نابن و مافی بڕیاردانی یەکسانیشیان لە ئەنجوومەنە نوێنەرایەتییەکان نابێت. بۆیە دەیگوت پرسی ئۆتۆنۆمی بریتییە لە پرسێکی بە ڕێژەییکردن و ڕێژەگەراییانەی سیاسەت کە دواجار نەتەوەی بندەست هێشتا بە پلە دوو دەهێڵێتەوە. چارەسەری بنچینەیی جیابوونەوەی پۆڵەندایە لە ڕووسیا.

لینین ئەمانەی تەنها لە تیۆردا دەرنەبڕین، ساڵی ١٩١٧ کە دەسەڵات کەوتە دەستی بەلشەڤییەکانەوە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، یەکەم کاری لینین ئامادەکاریی بوو بۆ پێدانی مافی جیابوونەوەی پۆڵەندا و فینلەندا لە ڕووسیا و لەگەڵ دەنگدانی ئەو دوو نەتەوەیە بۆ جیابوونەوە لە ڕووسیا، لینین بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی دانا و ڕێزی لە بڕیاری ئازادانەی جیابوونەوەیان گرت. کارێک هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، هیچ نەتەوەیەکی لیبراڵ دیموکرات لەسەر زەوی ئەنجامی نەداوە.

مارکسیستەکان و جەنگی دژە-کۆڵۆنیالیزم

لەگەڵ جەنگی جیهانیی یەکەم دەستی پێ کرد، سۆسیالیستەکان دابەشبوونە سەر دوو کەمپ، بەشێکیان پشتیوانیان لە وڵاتەکانیان کرد، وەک سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا، بەشێکی دیکەشیان وەک ڕۆزا لۆکسمبورگ و کەمپی چەپە ڕادیکاڵەکان دژی جەنگ وەستانەوە، بەڵام سۆسیالیستەکانی ڕووسیا دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا وەستانەوە و پشتیوانیان لە جەنگی ڕووسیا نەکرد. لە بەرانبەردا سۆسیالیستە دژە-جەنگەکان پشتیوانیی بێمەرجی جەنگی کۆیلەی کۆڵۆنییەکانیان دژی باڵادەستە ئەوروپییەکان کرد، بانگەوازیان بۆ ڕزگاربوونی نەتەوەکان لە خەباتی شۆڕشگێڕیدا کرد دژی وڵاتانی باڵادەست. سۆسیالیستە دژە-جەنگەکان بە هاوبەشی مانیفێستی «ڕزگاریی دەستبەجێی نەتەوە بندەستەکان»یان کرد و لینین بانگەوازی بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ڕزگاریی نەتەوەی ژێردەستەی کۆڵۆنییەکان و ئیمپریالیستەکان کرد، دەشیزانی ئەو بزووتنەوە نەتەوەییانە لە سروشتدا سۆسیالیست نین. ئەگەرچی بەشێک لە نزیکەکانی لینین پشتیوانیان لە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان لە ١٩١٤دا نەکرد، و کاڕڵ ڕادەک و لیۆن ترۆتسکی پێچەوانەی ڕاپەڕینی ١٩١٦ی ڕاپەڕینی ئیرلەندییەکان بوون دژی حوکمی بریتانی، بەڵام وەک باسمان کرد، ترۆتسکی لە ١٩١٧ لە بۆچوونەکانی پاشگەز بووەوە و کاڕڵ ڕادەک لە ١٩١٩ هاتە پاڵ سەربەخۆییی پۆڵەنداوە.

لینین لە ١٩١٣ لە وتارەکەیدا بە ناوی «ئەوروپای پاشکەوتوو و ئاسیای پێشکەوتوو»دا دەڵێت باڵی شۆڕشگێڕیی سۆسیالیزم دەبێت بەردەوام بێت لە سووربوون لەسەر پێداویستیی دژایەتیکردنی کۆڵۆنیالیزم لە هەموو فۆرمەکانیدا و پشتیوانیی خەباتە نەتەوەییەکان دژی کۆڵۆنیالیزم بکات. لە هەمان وتاردا خەباتی خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراو بۆ سەربەخۆیی لەدەرەوەی کاتیگۆریی چینایەتی وەک «هێزی پێشڕەو لە خەباتی جیهانیدا بۆ سۆسیالیزم» ناو دەبات و دەنووسێت «لە هەموو شوێنێکی ئاسیا سەدان ملیۆن خەڵک لە ژیانیان، ڕۆشنایی و سەربەخۆییان بەئاگا دێنەوە»، لە کاتێکدا ئەوەی پێی دەگوترێت ئەوروپای «پێشکەوتوو» خەریکی «تاڵانکردنی چینە و یارمەتیی دوژمنانی دیموکراسی دەدات».

لە ئازاری ١٩١٩دا، ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست (کۆمینترن) لە مۆسکۆ دامەزرا. لە یەکەم کۆنگرەدا نوێنەرانی هەموو وڵاتان ئیدانەی براوەکانی جەنگی جیهانی و کۆڵۆنییەکانیان دەکەن و لەوێدا مانیفێستی دژە-کۆڵۆنیالی دەنووسن و دەڵێن «کۆیلەکانی کۆڵۆنیالیزم لە ئەفریقا و ئاسیا: ساتی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاری دەبێتە ساتی ڕزگاربوونی ئێوەش». ئەم بانگەوازە و مانیفێستە دژە کۆڵۆنیالیستییە بە هەموو بەندەکانییەوە بۆ یەکەمجار دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ئایدیای دژە-کۆڵۆنیالییەکی وشیار لە سەرتاسەری جیهاندا و چینی کرێکاری وڵاتانی کۆڵۆنیالیستیش وشیار دەکاتەوە.

١٧ مانگ دوای یەکەم کۆنگرە، سوپای سوور دەست دەکات بە یارمەتیدانی هێزە نەتەوەییەکان بۆ وەدەرنانی هێزە کۆڵۆنییەکان لە هەموو ناوچەکانی ئاسیای ناوەندی. پاشان کۆنگرەیەک دەبەستن تایبەت بە پرسی کۆڵۆنیالی و بەوردی باس لە یارمەتیدانی خەباتی دژە کۆڵۆنیالی دەکەن و تەنانەت لینین پێشنیار دەکات دروشمە بەناوبانگەکەی مێژووی مارکسیزم «کرێکارانی جیهان یەکگرن» بگۆڕدرێت بۆ «کرێکارانی جیهان و گەلانی چەوساوە، یەکگرن» و کۆنگرە بڕیار لەسەر ئەم گۆرانکارییە دەدات. لینین و بەلشەڤییەکان تەنانەت پشتیوانی لە کۆی بزووتنەوە سەربەخۆییخوازییە نەتەوەییەکان لە کۆڵۆنییەکان دەکەن بەبێ ئەوەی مەرجی خەباتی چینایەتی یان کۆمۆنیستبوون بکەنە پێوەر، بۆ نموونە بە فراوانی دژی کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی لە وڵاتانی موسڵماننشین دەوەستنەوە و لەپاڵ موسڵمانەکاندا دەوەستن.

هەر لەو کۆنگرەیەدا ڕووسیای قەیسەریی بە «ڕووسیای کۆڵۆنیالیستی داگیرکەر» لە مێژوودا تۆمار دەکەن. لە ١٩٢٢دا لینین پێشنیاری کۆنگرەی جیهانیی هەموو گەلان دەکات لە مۆسکۆ ببەسترێت و لەم کۆنگرەیەدا نوێنەرانی ئەندۆنیسیا، جەزاییر بەشدار دەبن و پشتیوانیی دەنگی هەموو ئەندامان بۆ خەبات دژی کۆڵۆنیالیزم دەبەنەوە. پاشان ئەفریقییەکانی کۆڵۆنییەکان و ڕەشپێستە سۆسیالیستەکانی ئەمریکا بەشدار دەبن. کۆمۆنیستەکانی فەڕەنسا نوێنەرانیان دەنگ لەسەر ئەوە دەدەن لە جەزاییر دژی کۆڵۆنیالیزمی وڵاتەکەیان بجەنگن.

کورد و کۆڵۆنیالیزمی ئێرانیی

پێش ئەوەی لەم پرسە تێبگەین، دەبێت باس لەوە بکەین کە ئێران وڵاتێکی کۆڵۆنیالیستییە، وێڕای ئەوەی خۆشی ژێردەستەی کۆڵۆنیالیزم بووە. ئێران دوو مۆدێلی کۆڵۆنیالیزم لەسەر کورد تاقی دەکاتەوە، یەکەم سیاسەتی داگیرکردن، هەژارخستن، بەپاشکۆکردن و بێدەسەڵاتکردنی گروپێکی گەورەی مرۆیی (کورد) لەو چوارچێوەیەدا کە پێی دەگوترێت «ئێران» و ئەمەش جۆرێک کۆڵۆنیالیزمی ڕاستەوخۆیە، تێیدا سیاسەتی گەل و نەتەوەیەک (فارس) بەسەر گەل و نەتەوەکانی دیکەدا (لەم کەیسەدا کورد) پیادە دەکات و لە حاڵەتی لاوازی حکوومەتی ناوەندیی عێڕاقدا – کە خۆشی وەک هەم وڵاتێکی کۆڵۆنیزەکراو و هەم سەردەست – ئێران مۆدێلێکی دیکەی کۆڵۆنیالیزم بەڕێوە دەبات کە پێی دەگوترێت کۆڵۆنیالیزمی کولتووری.

لەڕووی داگیرکاریی ڕاستەوخۆوە، یان کۆڵۆنیالیزم وەک سیاسەتی باڵادەستی، ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان پەرەی بە تیۆری «بە گەشەنەسەندوویی»/گەشەبڕیی هێشتنەوە داوە، واتا ئاوێتەکردنێکی سیاسەتەکانی دەسەڵات و چەوساندنەوەی ئابووریی کوردەکان لەلایەن ئێرانییەکانەوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی دۆخی هەژاری و دواکەوتووییی سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و کولتووری. هەڵبەت ئەمەش بەو مانایە نایەت کە ئەگەر گەلێک سەربەخۆیی لە کۆڵۆنیالیزم وەرگرت بتوانێت خۆبەخۆ تیۆری گەشەسەندن ببڕێت و پێش بکەوێت. پاشماوەکانی کۆڵۆنیالیزم تا ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە و جێ دەست و عامل و یارانی کۆڵۆنیالیزم بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە ڕۆح و ژیانی کۆڵۆنیالیستەکان دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بەرپرسیارێتیی بۆ پێشکەوتن لە خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراو وەربگیرێتەوە.

blank
لیۆن ترۆتسکی (١٨٧٩-١٩٤٠) بیرمەند و شۆڕشگێڕی مارکسیستی

گەشەنەسەندن (Underdevelopment) یان گەشەبڕیی (بڕینەوە لە گەشەسەندن) واتا بەشێکی بە هۆی ڕابردوو و بەشێکی بە هۆی ئامادەیی چەوساندنەوە کە هەلومەرجێکی ڕەقی کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست کردووە. هەڵبەت گەشەنەسەندوویی یان گەشەنەسەندن بە مانای نەبوونی سەرچاوەی پێویست بۆ گەشەپێدان نایەت، بەڵکوو پرۆسەیەکی ناهاوسەنگ و هاوکات نادادپەروەرانەی دابەشکردن بە هۆی تاڵانکاریی و دەستبەسەرداگرتنی سامانی خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراو ڕوو دەدات و لە سەنتەرەکاندا بۆ گەشەپێدانی هێزی سەردەست بەگەڕ دەخرێت. بەو مانایە بە گەشەنەسەندوویی مانەوەی کوردستان لە ئێران، بە هۆی بێ سەرچاوەییەوە نییە، بەڵکوو ڕژێمی ئێران پەرەی بە تیۆرەیەکی گەشەسەندنی ناهاوسەنگ، واتا کەڵەکەکردنی سامان و دەوڵەمەندی و گەشەپێدان لە لایەک و کەڵەکەکردنی هەژاری لە لاکەی دیکەوە، بووەتە هۆی ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە ناوچە فارسنشینەکان لە ناوچە کوردنشینەکان گەشەسەندووتر بن و لە ڕووی پەروەردە و کولتووریشەوە توانای گەشەسەندن بۆ نەتەوەی سەردەست زیاتر دەبێت لە نەتەوەی ژێردەست.

هەڵبەت کۆڵۆنیالیزم و بە گەشەنەسەندوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگا، گەل، نەتەوە و وڵاتێک خۆبەخۆ لە لۆژیکی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت، مارکس بەڕوونی لە بەشی «تیۆری مۆدێرنی بەکۆڵۆنییکردن» لە سەرمایەدا باس لە پرۆسەی پێوەلکانی کۆڵۆنیالییانەی زەوییە داگیرکراوەکان دەکات و لێرەوە سەرمایەداری وەک هێزێکی جیهانی و وەک دروستکەرێکی بەردەوامی بازاڕی جیهانی پیشان دەدات کە بەردەوام سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوە و دەوڵەتانی دیکە پێشێل و داگیر دەکات. هەروەها بەڕوونی باس لەوە دەکات هێزە کۆڵۆنیست و داگیرکەرەکان هیچ کاتێک نەک دەستیان نییە لە پێشخستنی وڵاتانی داگیرکراودا، بەڵکوو گەشەی خۆبەخۆی ئەو کۆمەڵگایانە بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێننەوە دواوە. هەروەها لەو شوێنەدا کە باس لەوە دەکات کە «کەڵەکەکردنی سامان و سەرمایە لە لایەک، واتا کەڵەکەکردنی هەژاری و بەدبەختی لە لاکەی دیکەوە»، بەو مانایە هەمیشە سەنتەرێک بۆ کەڵەکەی سەرمایە هەیە لەسەر بنەمای تاڵانکردن، هەژارخستن، بێدەرەتانکردن و کەڵەکەکردنی بەدبەختی و نابەختەوەریی لاکەی دیکە دادەمەزرێت. ئەمە چەندە لە سەنتەرەکانی سەرمایەداریدا ڕاستە هێندەش بۆ پەیوەندیی کۆڵۆنیالیست و خەڵکی کۆڵۆنیزەکراو دروستە. مارکس ئەوەش لەبیر ناکات کە پرسی کەڵەکەبوونی سامان لە لایەکەوە، و کەڵەکەکردنی بەدبەختی لە لاکەی دیکەوە، تەنها لە ڕەهەندە ئابوورییەکەیدا نامێنێتەوە و پرسی سەرخانی سیاسی، کولتووری، هونەری و هتد دەگرێتەوە. هەمیشە ئەو کۆمەڵگایانەی لەسەر حسابی کۆمەڵگا پەراوێزیی و داگیرکراوەکانی دیکە، سەرمایەیان کەڵەکە دەکەن، هەزاران ساڵ گەشەی کولتووری و پەروەردەییی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان دەهێننە دواوە. لەم ڕوانگەیەشەوە بەسانایی دەتوانن هەژموونیان بەسەردا بکەن.

پرسی ئەوەی کۆمەڵگایەک و ئاستە کولتوورییەکەی، کە دەرەنجامی داگیرکاری و کۆڵۆنی و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵگای دووەمە، باڵادەست دەبێت بەسەر کۆمەڵگای کۆڵۆنیزەکراودا، بەوەدا کە گەلی کۆڵۆنیالیست خاوەن بەهرە و داهێنانی هونەری و کولتووری و ئەدەبییە یان ئەوەی پێی دەگوترێت «خوڵقاندنی شاکار» بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە کۆمەڵگای سەروەر و باڵادەست لە ڕووی زەینی و سروشتییەوە «بلیمەتترە» لە کۆمەڵگای داگیرکراو، بەڵکوو بەسانایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە هەر شوێنێک دەرفەتە ئابوورییەکان بۆ گەشەی کۆمەڵگا و تەکنیک زیاتر بوون، لەو شوێنانەدا ئاستەکانی بەرهەمهێنانی هونەری و کولتووری زیاتر دەبێت و ئاستەکانی خوێندن هەڵدەکشێت. ئەمە لۆژیکێکی سادەیە و بڕوام وایە زۆر کەس بێئەوەی پێویستیان بە بیرکردنەوەی قووڵی مێژوویی هەبێت، لەم لایەنە تێبگەن. بەڵام وەک واڵتەر بنیامین فەیلەسوفی مارکسیست و ڕەخنەگری کولتووری باسی دەکات، لەو کۆمەڵگایانەی پێشتر تێیاندا شۆڕشی پیشەسازی و گەشەی تەکنیک هاتە ئاراوە، ئەو شوێنانە دەرفەتی زیاتریان بۆ داهێنانی بەرهەمی هونەری لە بەردەستدا بوو.

پاشان ئەم جۆرە گەشەنەسەندنە بە ناوەکی دەکرێت و فۆرمێکی سایکۆلۆژی، هونەری، کولتووری و ڕۆحی وەردەگرێت و دەبێتە جۆرێک فەلسەفەی نواندنەوەی ئەوی دیکە لەلایەن هێزی سەردەستەوە بەوەدا کە گەلی ژێردەست وا پیشان دەدات دواکەوتووییەکەی لەناو دۆخی سروشتیدا دروست بووبێت، یاخود ساناتر، دواکەوتوویی کورد بەرهەمی سروشت خۆی بێت نەک لە قۆناغێکی مێژووییدا دروست بووبێت. ئەم جۆرە لە وێنەی کورد لە نیگای زەقی ئێرانییدا، هەمیشە بەبێ پرسیارکردن لە دۆخی مێژوویی و سیاقی سەرهەڵدانی ئەم پرۆسەیە، وەک نیگایەکی دوورمەودا دەبینرێت وەک بڵێیت بەرەکەتی سروشت دوو مرۆڤی جیاوازی لەیەک دروست کردووە و هەر سروشتیش جیاوازییەکانیان بۆ ئەبەد دەهێڵێتەوە.

مرۆڤی کورد لە نیگای ئێرانیی باڵادەستدا ئۆبژێکت و بابەتێکە بۆ کوشتن، لە ئەزەلەوە تاوانبارە، کوشتنی هیچ گوناهێکی نە ئایینی نە سیاسی و یاسایی بەدوودا نایەت.

بەڵام کاتێک کوردەکان لە ئێران دەخرێنە ناو ئەم دۆخەی هەژارییەوە، ئێران وەک ڕژێمێکی سەردەست تەنها یەک دەرفەت لە بەردەم کوردەکان بۆ خەباتی مانەوە دەهێڵێتەوە: سنوورنشین بوون، پاشان لە سینەمادا ئەم سنوورنشین بوونە وەک دۆخێکی ئێستاتیکایی و خۆکرد و جەوهەری ئارەزووکراوی مرۆڤی کورد پیشان دەدات کە بە دیسان ئەوە سروشت بەم جۆرە دروستی کردووە. یاخود دەیکاتە قاچاغچی و کۆڵبەر تا ئاسان بتوانێت بیکوژێت. مرۆڤی کورد لە نیگای ئێرانیی باڵادەستدا ئۆبژێکت و بابەتێکە بۆ کوشتن، لە ئەزەلەوە تاوانبارە، کوشتنی هیچ گوناهێکی نە ئایینی نە سیاسی و یاسایی بەدوودا نایەت. لەم ڕووەوە ڕەوایەتی بە مۆنۆپۆلکردنی توندوتیژیی دژی مرۆڤی هەژارخراو دەدات و هەموو جۆرە بەرەنگاری و وەستانەوەیەکیش بەرانبەر بە هێرش و بێحورمەتکردن لەلایەن ئەوی دیکەی سەردەستەوە وەک جۆرێک لە تاوان و پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی دەبینێت و دیسان لە میدیاکان و ئامرازەکانی دیکەی کۆنتڕۆڵدا، وێنەی وەحشیگەربوون و بەربەرییبوون بۆ دۆخی لە مێژوودا دروستکراوی گروپێکی نەتەوەیی/مرۆیی دادەتاشێت و بە تێپەڕینی کات دەیکات بە وێنەیەکی ئەبەدی و ئەزەلی. ئێران ئەم مامەڵەیە لەگەڵ کورد دەکات.

ڕەنگە زۆر پێویست نەکات باسی ڕەهەندی دووەمی کۆڵۆنیالیزمی ئێرانی بکەین کە پێی دەڵێین کۆڵۆنیالیزمی کولتووری و بە دیاریکراوی لەسەر کوردەکانی باشوور پیادەی دەکات. لەو ماوەیەدا زۆر وتار و لێکۆڵینەوە لەم بوارەوە نووسراون. یەکێک لەو وتارانە هێرۆ خوسرەوی و من نووسیومانە بەناوی «کۆڵۆنیالیزمی کولتووریی ئێران» و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. بەڵام وەک لە سەرەوە باس کرا، کاتێک فیلمێکی ئێرایی کە «دەیەوێت بۆ کورد یان لەبری کورد بدوێت» و دەبێتە بەرهەمێکی هونەری، دیسان هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە دەرهێنەری فیلمەکە «بلیمەتترە» بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەرفەتانەی دەوڵەتی کۆڵۆنیالیست بۆ نواندنەوەی وێنەی کوردەکان لە فیلمەکانیدا، خستوویەتییە بەردەستی دەرهێنەری فیلم. لێرەشەوە وا دەردەکەوێت کە ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی گەل و وڵاتی کۆڵۆنیالیست لە خەڵکانی ژێردەست و داگیرکراو باشتر بن، بلیمەتتر و ڕێزلێگیراوتر بن و بینەران و خوێندەوارانی گەلی ژێردەستیش بە هەر ستایش و سەنایەکی هونەرمەند/ڕۆشنبیری گەلی سەردەست خۆشحاڵ و گەشکە ببن و لە بەرانبەریشدا هەم سووکایەتیی بە وزە ناوخۆییەکانیان بکەن و لەژێر ئاستی هونەرمەندانی وڵاتی کۆڵۆنیالیست دایانبنێن و هەمیش ئەمە دەکەنە میکانیزمێکی سروشتی و سایکۆلۆژی تا ڕێگا لە هەموو وزە و دەستپێک و ئەگەرێکی سەرهەڵدانی دەنگی نوێ بگرن.

ڕیشەی کۆڵۆنیالیستیی چەپ و نەتەوە ژێردەستەکان

کورد و چەپی ئێرانی بە نموونە

بەم دوواییانە کۆمەڵە (سازمانی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) گرژی تێدا دەرکەوتەوە. چەپە فارسیزمانەکان بەدرێژاییی مێژووی ئەم حزبە هەمیشە ناکۆکییان لەنێوان چەپەکان و ئەندامانی ئەم حزبەدا دروست کردووە بەوەدا کە هەمیشە کوردەکانیان بە ناسیۆنالیست یاخود باڵی ڕاستی حزب ناو بردووە. هەڵبەت هەر لە سەرەتاوە پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە ئەم نووسینە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشە ناوخۆییە هەنووکەیییەکانی کۆمەڵەوە نییە و بەرگریش نییە لە پەیکەرە و جەستەی کۆمەڵە بەوەدا نە هیچ کاتێک ئایدیاکانی خۆم بە نزیک لەوان بینیوە و نە هەرگیزیش هیچ پەیوەندییەکم بەو حزبەوە هەبووە. ئەوەی من لێرەدا هەڵوەستەی لەسەر دەکەم بریتییە لە پرسێکی دوور و درێژتر و قووڵتر، پرسی نوێنەرایەتیکردن و نوێنەرایەتییکران، پرسی باڵادەستی و ژێردەستەیی، کە بێگومان ئەگەر حزبێکیش بە ناوی کۆمەڵە بوونی نەبێت، ئەم پرسە هەر دەمێنێتەوە. پرسی بە پاشکۆکردنی چەپەکانی کۆمەڵگا و خەڵکانی ژێردەست بۆ چەپەکانی کۆمەڵگا، نەتەوە و گەلی سەردەست.

کەواتە پێش ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەم پرسە بدەین، با گریمانەیەکی تیۆری بورووژێنین و ئەم پرسیارە بکەین: «بۆ مەنسوور حیکمەت و هاوڕێکانی لەناو کۆی ڕەوتی چەپ لە ئێران خۆیان خزاندە ناو کۆمەڵەوە؟ واتا چی دەبوو ئەگەر بۆ نموونە چووبانە ناو تودەییەکان، فیداییانی خەڵق و یان ڕەوتە چەپەکانی دیکەی ناوەندی ئێران بۆ تەنها خۆیان خزاندە ناو کوردەکانەوە و دوای ماوەیەکی کەم ئەو حزبەیان بۆ چەندین کەرت و گروپی بچووک بچووک دابەش کرد؟» گومان لەوەدا نییە ئەو چەپە ئێرانییانەی لە سەروبەندی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە، تەنها شوێنێک، سەنگەر و قەڵایەک مابووەوە پەنای بۆ بەرن، کوردستان بوو. بۆیە پۆل پۆل چەپەکانی ناوەندی ئێران لە کوردستان و بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوتن. ئەمە پرسی مانەوە و ژیانە و ئەخلاقیاتی باڵای هەر کۆمەڵگا، خەڵک، گروپ و تاکێک لەناو فەلسەفەی ئەخلاقدا بەوەدا دەناسرێتەوە، چەندە ئامادەیە داڵدەی ستەملێکراوان، ڕاکردووان و چەوساوان بدات. هەر گەل و کۆمەڵگایەک نەیتوانی ئەم ئەخلاقە بکاتە پرەنسیپی سیاسەت، ئەو کۆمەڵگایە بەسانایی تۆوەکانی فاشیزم و بیری ڕاستڕەوی دەچێنێت. لەم ڕووەوە هاتنی چەپە ئێرانییەکان بۆ ناو کوردستان و پەیوەندییان بە چەپەکانەوە نزیکە لە کۆچی ئەو چەپانەی لەژێر دەستی حکوومەتە فاشیست و دیکتاتۆرەکان ڕایان دەکرد و پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە دەبرد، بێگومانیش تەنها ماڵێکی سیاسییش بۆ چالاکییەکانیان، پارتە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو وڵاتانە بوو کە پەنایان بۆ دەبرد. تا ئێرە پرسەکە زۆر لۆژیکی و ئەخلاقییە. لەگەڵ ئەوەشدا پەنابردنی چەپە ئێرانییەکان بۆ ناوچەیەک بوو کە خۆی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریی ئێراندا بوو، ئاوەڵاکردنی دەرگای کوردستان بە ڕووی چەپە ئێرانییەکاندا، ئەو پرەنسیپە ئەخلاقیی سیاسییە پشتڕاست دەکاتەوە کە ناومان برد. بەڵام کێشەکە لە شوێنێکی دیکەوە دەست پێ دەکات.

blank
مەنسوور حیکمەت (١٩٥١-٢٠٠٢) ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران

یەکێک لە کۆمیدیا و خاڵە پێکەنیناوییەکان ئەوەیە هەمیشە گروپە ژێردەستە و بچووکەکان چوونەتە پاڵ پارتە کۆمۆنیستییە گەورەکانەوە تا بتوانن لە ناو پارتە کۆمۆنیستییەکاندا ئایدیا ڕزگارییەکانی خۆیان ببەنە پێشەوە، بۆ نموونە جوولەکەکان بە فراوانی لە ئاستی جیهاندا چوونە پاڵ بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان و یەکەم ڕزگاریی گەلی جوولەکەش لە مێژوودا، لە ڕووسیا و لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا سەری هەڵدا کە خۆشیان ڕۆڵی چالاکانەیان لەو شۆڕشەدا هەبوو.

بەڵام چی دەبێت پەیوەندیی نێوان چەپە ئێرانییەکان و کوردەکان پێچەوانە ببێتەوە، ئەم جارە ئێرانییەکان بخزێنە ناو پارتێکی کوردییەوە؟ بەبێ گومان وەک ڕابەرانی کۆمەڵەش باسیان کردووە هاتنی مەنسوور حیکمەت و هاوڕێکانی، هێنانی تیۆری مارکسیستی بووە بۆ ناو ئەو حزبە. ئەمەش نایەکسانیی دۆخی نێوان کوردەکان و فارسەکان بەسانایی دەردەخات، کە وەک لە سەرەوە باس کرا، هەمیشە کوردەکان لە پەراوێزەکاندا مابوونەوە و دەرفەتی خۆ-پەروەردەکردن یان پەروەردەی یەکسانیان نەبووە و مافی ئەوەشیان نەبووە بە زمانی دایکیان بخوێنن، بۆیە ئەوان هەر شتێکی تازەیان وەک جۆرە فریادڕەسێک بۆ خۆیان بینیوە. بەڵام تاکتیکێکی چەپە ئێرانییەکان بۆ لاوازکردنی کوردە چەپەکان و کردنیان بە پاشکۆی ئێرانییەکان، و پاشان دابەشکردنیان و لێدانی مۆرکی سووکایەتی، بەکارهێنانی چەمکی لاستیکی ناسیۆنالیزم بووە. بۆ نموونە دروشمەکەی حیکمەتیستەکان «ناسیۆنالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت» دروشمێکی لاستیکییە لە دۆخێکی دیاریکراودا بەکار دێت تا نەک ناسیۆنالیزمی باڵادەست، کە لە کۆنەوە بەرجەستە بووە، ڕەق بووە و ڕیشەی داکوتاوە، لاواز بکات، بەڵکوو ئەوەی پێی دەگوترێت ناسیۆنالیزمی کوردەکان لەژێر ناوی دروشمی کولتووری و یاسایی «گوناه و شەرمەزاری»دا بکاتە فۆرمێکی ڕەق و قڕێژ.

بێگومان ناسیۆنالیزم کاتیگۆرییەکی خەیاڵی و خەیاڵدانی بۆرژوازییە، بەڵام وەک بندیکت ئەندرسنی تیۆریزەکەری ناسیۆنالیزم باسی دەکات، ئەم خەیاڵە فۆرمێکی واقیعییەت وەردەگرێت و دەبێت لەگەڵ ئەم فۆرمە واقیعییەیدا مامەڵە بکەین. ئەندرسن دەڵێت نەتەوەکان لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبن. ئایدیای «نەتەوە» بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئایدیایەکی تازەیە و بەرهەمێکی هێزە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و ماتریالییەکانە. هەروەها ئەندرسن نەتەوە وەک «کۆمەڵێکی سیاسیی خەیاڵکراو – و خەیاڵکراو هەم بە شێوەیەکی ناوەکیی سنووردار و هەم سەروەر» پێناسە دەکات. دەڵێت نەتەوەیەک «خەیاڵ دەکرێت یان لە پرۆسەی خەیاڵیدا دروست دەبێت چونکە ئەندامانی تەنانەت بچووکترین نەتەوەش هەرگیز ناتوانن زۆربەی ئەندامەکانی دیکەی هەمان کۆمەڵ بناسن، یان دیدەنیان بکەن، یاخود تەنانەت گوێشیان لێیان بێت، بەڵام هێشتا لە بیر و زەینی هەر یەکێکیاندا وێنەی هاوەڵەکانیان دەژیت و زیندوو دەبێت». لە کاتێکدا ئەندامانی کۆمەڵێک لەوانەیە هەرگیز ئەندامانی دیکەی هەمان کۆمەڵ ڕووبەڕوو نەناسن، بەڵام ڕەنگە پەرە بە بەرژەوەندیی نزیک لە ئەندامانی دیکەیان بدەن. لەم ڕووەوە نەتەوە دەبێتە کۆمەڵێکی خەیاڵی، خەیاڵکراو یان لە پرۆسەی خەیاڵیدا دروستکراو، بەڵام بە تێپەڕینی کات فۆرمێکی ماتریالی وەردەگرێت و خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.

ڕیشەی ئەم چەمکەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕش و ڕۆشنگەریی چونکە ئەم دوو پرۆسەیە ڕەوایەتیی باڵادەستیی خواییانە و سروشتییانە و حوکمڕانیی بنەماڵەیی هەڕەمییان تێکشکاند. بکەرێکی مرۆیی گەورە بوو و گەشەی سەند، داوای ناسینەوە و دانانی خۆیان وەک بکەرانی سەربەخۆ لە هێزە باڵادەستەکانی پێشوو دەکەن. ئەم جارە نە خوا و نە پاشا بڕیار لە دیاریکردنی چارەنووسی مرۆڤەکان نادەن. لەم ڕووەوە، نەتەوە لە کۆمەڵێکی خەیاڵییەوە دەبێتە کۆمەڵێکی واقیعی. گومان لەوەدا نییە، بندیکت ئەندرسن یەکێکە لە تیۆریزەکەرە مارکسیستە گەورەکانی ناو مێژووی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیە.

هەڵبەت لەوانەیە بەشێکی زۆری حیکمەتیستەکان بە تیۆرەکەی ئەندرسن ئاشنا نەبن، بەڵام بۆ ئاشنایەتی زیاتر بگەڕێینەوە بۆ جیاکارییەکەی لینین خۆی سەبارەت بە ناسیۆنالیزمەکان. بە گرتنەبەری تیۆری مارکس، لینین، وەک لە سەرەوەش باسمان کرد، چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی وەک بەهێزکردنی هێزی شۆڕشگێڕی لە ڕووسیا و یەکخستنی نەتەوە چەوساوە و بندەستەکان لە ژێر ئاڵای کرێکارانی ئەنتەرناسیۆنالدا دەبینی. تەنانەت لە ١٩٢١دا زۆر دیاریکراوتر پەنجە لەسەر پرسی کورد دادەنێت. نامەی لینین بۆ کۆمیتەمەرکەزیی پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیا، ١٩٢١ سەبارەت بە کوردستان: «پێویستە مافی چل ملیۆن کورد بە فەرمی بناسرێت و دان بە کوردستاندا بنرێت، زمانی کوردیی وەک زمانی ڕەسمی بناسرێت، یارمەتی بدرێن ئەلفوبێیان لە عەرەبییەوە بگۆڕن بۆ لاتینی و هیوادارم بانکی ناوەندیی ئازربایجان وەک بەشێک لە سیاسەتی نوێی ئابووریی چل ملیۆن ڕۆپل بۆ گەشەپێدانی ژێرخان و سەرخانی کوردستان دابین بکات. دابینکردنی ئەم یارمەتییە ئامادەیی ئەوەش پیشان دەدات کە ئەوان تەنها لەژێر ئاڵای سووری کرێکارانی ئەنتەرناسیۆنالدا دەتوانن بڕۆنە پێشەوە».

لینین بە ئاشکرا دەیگوت دەبەنگانەیە ناسیۆنالیزمی سەرکوتکەر لەگەڵ ناسیۆنالیزمی سەرکوتکراوی گروپێکی بندەست یەکسان بکرێت و بە کاتیگۆرییە گشتییەکان لێک بدرێتەوە.

هەروەها سەبارەت بەوانەی دژی هەموو فۆرمێکی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی دەوەستنەوە، و دەڵێن پشتیوانیکردن لە ناسیۆنالیزم یان ڕزگاریی نەتەوەی گەلی بندەست جۆرێکە لە ناسیۆنالیزم، لینین دەڵێت «تۆمەتبارکردنی ئەوانەی پشتیوانی لە سەربەستیی مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، واتا سەربەستیی بۆ جیابوونەوە، تۆمەتێکی دەبەنگانە و دووڕووانەیە». لینین لە وتارێکی دیکەیدا لە ئۆکتۆبەری ١٩١٦دا بە ناوی «کاریکاتێری مارکسیزم و ئیکۆنۆمیزمی ئیمپریالیستیی» دەڵێت: «شۆڕشی کۆمەڵایەتیی دەکرێت تەنها لە فۆرمی سەردەمێکدا دروست ببێت کە تێیدا جەنگی ناوخۆیی ئاوێتە لەلایەن پرۆلیتاریاوە دژی بۆرژوازیی لە وڵاتانی پێشکەوتوو و سەرجەمی زنجیرەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕی و دیموکراتییەکاندا ئەمەش بزووتنەوە ڕزگاریخوازییە نەتەوەییەکان لە کۆمەڵگا و نەتەوە گەشەنەسەندوو و چەوساوەکاندا، دەگرێتەوە». لە وەڵامی ڕۆزا لۆکسمبورگیشدا، لینین بە ئاشکرا دەیگوت دەبەنگانەیە ناسیۆنالیزمی سەرکوتکەر لەگەڵ ناسیۆنالیزمی سەرکوتکراوی گروپێکی بندەست یەکسان بکرێت و بە کاتیگۆرییە گشتییەکان لێک بدرێتەوە. ساڵی ١٩٢٠ لە مۆسکۆ لینین پشتیوانی لە مارکسیستی هیندی، ئێم. ئێن. ڕۆی بۆ ناسیۆنالیزمی دژە-کۆڵۆنیالیست دەردەبڕێت.

ئەمیری باراکا، شاعیر، نووسەر، چالاکوان و مارکسیستی ڕەشپێستی ئەمریکی، لە وتارە بەناوبانگەکەیدا دەربارەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان و شۆڕشی ڕووسی، بە گەڕانەوە بۆ تێزەکەی لینین دەنووسێت:

«مارکسیستێک ئەنتەرناسیۆنالیستە و هەمیشە بەم جۆرە دەمێنێتەوە، بەڵام هەروەها وەک ماوتسی تۆنگ ئاماژەی پێ کردووە مارکسیستی نەتەوەیەکی چەوساوە هەروەها دەبێت خەباتگێڕێکیش بێت بۆ سەربەستیی نەتەوەکەی. خەباتکردن دژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی نەتەوەیەک ‘خواستێکی ئەنتەرناسیۆنالیزمە’. مارکسیستەکان ناتوانن بە شێوەیەکی تیۆری بچنە پاڵ ئەو ئەنتەرناسیۆنالیزمەوە کە خەبات و خواستە نەتەوەییە ڕزگاریخوازییە کۆنکریتی و بەرجەستەکانی نەتەوەکەی خۆیان فەرامۆش بکەن. لەبەر ئەوە ماو وتارە گرنگەکەی خۆی نووسی تا ڕووبەڕووی ئەو خەڵکانە ببێتەوە خۆیان وەک مارکسیست گۆڕیوە و دەیانەوێت ‘پرسی نەتەوەیی سەرنگون بکەن’. لینین هەمان خەباتی لە دژی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و سۆسیال دیموکراتە هۆڵەندییەکان کرد».

لە ڕاستیدا ئەوەی دژی خواستە نەتەوەییەکان لە شۆڕشی ڕووسیا گەڕایەوە، سەردەمی لینین نەبوو، بەڵکو سەردەمی شۆڤینیزمی ستالین بوو و دژ بە نەتەوە بچووک و بندەستەکانی دیکە بۆ ماوەیەک لەژێر ناوی گاڵتەکردن بە ناسیۆنالیزم و پەرەپێدان بەم ئایدیایە لەناو گەلە بندەستەکاندا، و یەکسانکردنی هەموو ناسیۆنالیزمەکان وەک یەک، بۆ نموونە ناسیۆنالیزمی هیتلەر بە ناسیۆنالیزمی گروپێکی بچووکی ژێردەست کە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەکات، ئەو تیۆرە شۆڤینیستییە بوو، کە لینین هەر زوو سەبارەت بە ستالین درکی پێ کردبوو.

ئێستا کە بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان، کاتێک حیکمەتیستەکان لەناو کوردەکاندا پەرە بە ئایدیای «ناسیۆنالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت» دەدەن و لەم ڕێگایەشەوە حزبی کۆمەڵەیان وەک ناسیۆنالیست لە قەڵەم دا و ئێستاش وەک باڵی فاشیزم و ناسیۆنالیزمی قەومیی کوردی دەیبینن، ئامانجەکە بۆ دابەشکردنی زیاتر و لەبیر بردنەوەی خواستە کۆنکریتییەکانی کوردە لە ئێران، جا ئەو خواستانە بە هەر جۆرێک خۆیان دەربخەن. کاتێک چەپێکی گەلی سەردەست دێت لەناو گەلە بندەستەکاندا پروپاگەندەی دژە-ناسیۆنالیستی دەکات، لە کۆی تیۆری مارکسیستیدا، وەک لینینیش ئاماژەی پێ کردووە، بەشداری لە سیستەمەکانی زیاتری سەرکوتدا دەکات.

جگە لە پەرەدانی زیاتر بە سەرکوتی چین و هێز و گەلی باڵادەستی ئێران بەسەر نەتەوەکانی دیکە، هاوکات فۆرمێکی دیکەی ڕەوایەتیدان بە نوێنەرایەتیکردن دەباتە پێشەوە بۆ نموونە بە هۆی ئەوەی گەلە بندەستەکان هەرگیز لەبەر هەموو هۆکارە ئۆبژێکتیڤ و بابەتی و مێژوویی و زەینی و کولتوورییەکانەوە نەیانتوانیوە پەرە بە ژێرخانی ئابووری و سەرخانی کولتووری و فەلسەفەی سیاسی بدەن، ئەوانی دیکە، کۆمۆنیستە ئێرانییەکان هەمیشە هاتوون ڕابەرایەتیی کوردەکانیان کردووە، بەو مانایەی چۆن ئەوروپییەکی سپیپێست هەمیشە پێی وا بووە ئەفریقییەک توانای نوێنەرایەتیکردن، داهێنانی هونەر و فیکر، بەرهەمهێنانی شارستانێتی نییە، ئەوا ئێمە دەتوانین ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوان ئەنجام بدەین و لەژێر ناوی پرۆسەی بە شارستانیکردنی گەلە کۆڵۆنیزەکراوەکاندا، ئەوروپییەکان هەم ئەو گەلانەیان لە ئەگەری پێشکەوتن ڕاگرت، هەم قڕیان کردن و کوشتاری بەکۆمەڵیان تێدا ئەنجام دان و هەمیش بۆ هەمیشە وەک ڕابەری ڕۆحی، کولتووری، فیکری و سیاسیی ئەوان مانەوە.

ئەمە هەمان ئەو پرۆسەیەیە بە لەقاڵبدانی خەباتی کوردەکان، بەتایبەت کۆمەڵە، وەک پێشکەوتووخوازترین ڕەوتی چەپ لە مێژووی کوردستاندا و خەباتگێڕترین و قوربانیدەرترین بزووتنەوە، بەڵام بینینیان وەک ناسیۆنالیست، ڕاستڕەو، فاشیست، عەشیرەتچی، و هتد، هەمان پرۆسەی هەم تواندنەوە و لەناوبردنی خواستە نەتەوەییەکانی کوردەکانە و هەمیش هێشتنەوەیانە لەژێردەستی باڵادەستی ئێران و پاشان لاوازکردنی بزووتنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران.

دیسان ڕیشەیەکی دیکەی ئەم بە پاشکۆکردنەی چەپی کورد بۆ چەپی ئێرانی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە گەلانی سەردەست ڕێگا نادەن ژێردەستەکان بە زمانی خۆیان، خۆیان دەرببڕن، یان وەک بکەری سیاسیی سەربەخۆ ببینرێن. فرانتز فانۆن وەک هەمیشە کۆمەک بە تێگەیشتن لەم پرسە دەکات. فانۆن پێی وایە هەژموونی کۆڵۆنیالیستی بە سێ قۆناغ دروست دەبێت:

یەک، پەیوەندیی هێزی کاری لۆکاڵی بە کەسی کۆڵۆنیالیستەوە، کە وا دەکات وزەی بەرەنگاری و شۆڕشگێڕیی بۆ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگایەکی کۆڵۆنیزەکراودا بکوژێنێتەوە. بەو مانایە وڵاتی کۆڵۆنیالیست هەمیشە هانی کرێکاری وڵاتی سەردەست دەدات ڕابەرایەتی کرێکاری گەلی ژێردەست بکات و لەو ڕێگایەوە وزە شۆڕشگێڕە چینایەتییەکەی بۆ ڕزگاری بکوژێنێتەوە.

دوو، ڕۆشنبیری کۆڵۆنیزەکراو، کەسایەتییەکی سازشکارە، ڕۆڵێکی بنچینەیی لەسەر جەستەی مرۆڤی نەفرەتلێکراودا دەگێڕێت، لەم ڕووەوە بانگەشەی نوێبوونەوەی کولتووری دەکات تا بەرەنگاریی سیاسی لە بار بەرێت. بەو مانایە، کولتوورێکی بێزیان شوێنی سیاسەتێکی ڕاشکاو بۆ گۆڕانکاری دەگرێتەوە. ڕۆشنبیری کۆڵۆنیزەبوو دەبێتە پردی پەیوەندیی پێکگەیشتنی مرۆڤی کۆڵۆنیزەکراو بە کەسی سەردەستی کۆڵۆنیالیستەوە، زاراوە و چەمکەکانی ژیانی کۆڵۆنیالی وەردەگێڕێتە سەر زمان، چەمکەکان و سیاسەتێکی بیرلێکراوەی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی. ئەم کارەکتەرە هەموو شتێکی وڵاتی کۆڵۆنیالیست لەپێش چەمکە ناوخۆییەکان دەبینێت، بە هەموو شتێکی سەرسام دەبێت، نووسەرە لاوەکییەکانی وڵاتی کۆڵۆنیالیست دەباتە ئاستی فەیلەسوفە مەزنەکانی جیهان، لەم ڕووەوە خۆشی وەک خوێندکاری ئەو نووسەرانە، تا ئاستی بەرزەمرۆڤ بەرز دەکاتەوە، هەڵبەت نەک بەسەر کەسی کۆڵۆنیالیستەوە، بەڵکوو بەسەر جەماوەری کۆڵۆنیزەکراوەوە.

سێ، لومپەن پرۆلیتاریا، چەمکێکە فانۆن لە مارکس وەریدەگرێت کە شیکارییەکی دیالەکتیکییە و وەریدەگێڕێتە سەر هەلومەرجەکانی کۆڵۆنیالیزمەوە. لومپەنەکان ئەگەر لە زاراوەی مارکسیستیدا تێکدەری شۆڕشەکان بووبێتن، لە هەلومەرجی کۆڵۆنیالیدا دەبنە ئاڵاهەڵگر و جانتاهەڵگر و شەقاوەکانی وڵاتی کۆڵۆنیالیست. ئەم گروپە بەگوێرەی ڕۆژگار پێگەیان دەگۆڕێت، لە فەلاحەوە دەبنە دەسەڵاتدار، تا بەربەست لە بەردەم هەموو جووڵەیەکی دژە-کۆڵۆنیالی دروست بکەن. بەبێ کۆڵۆنیالیزم، لومپەن پرۆلیتاریای کۆڵۆنیالیش بوونی نابێت. لەناو لومپەن پرۆلیتارەکاندا، کە ڕۆشنبیرانی کۆڵۆنیالیست و ڕۆشنبیرانی کۆڵۆنیزەکراو لە سەریانەوە دەوەستن، هانیان دەدەن بە دژی هەر شتێک ڕاپەڕن کە هەژموونی کۆڵۆنیالیستی بخاتە مەترسییەوە. بۆ نموونە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کۆلۆنیالیست هیچ کات ڕاستەوخۆ پەلاماری ژێردەستەکان نادەن، هیچ نەبێت لە سەردەمی نوێدا، بەڵکوو ئەو کەسانە ڕادەسپێرن ئەم کارە بکەن کە پێشتر هەژموونیان بە سەریانەوە کراوە، واتا هاوزمانە کۆڵۆنیالیزەکراوەکانی گەلی کۆڵۆنیزەکراو خۆیان بۆ ئەم شەڕە بەگەڕ دەخرێن.

بەڵام هەروەها وەک گایاتری سپیڤاک، فەیلەسوفی هیندی-ئەمریکیی دژە-کۆڵۆنیالیست لە وتارە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی «ئایا ژێردەستەکانیش دەتوانن بدوێن؟» تیۆریزەی کردووە، بە شێوەیەکی بەناوبانگ ڕستەیەک دەردەبڕێت کە دەتوانین بۆ زۆر شوێنی دیکە بیگشتێنین: «پیاوانی سپیپێست ژنانی ئەسمەر لە دەست پیاوانی ئەسمەر دەپارێزن». دەتوانین چی لەمەوە فێر ببین؟ بەڵێ وەک گوترا دەکرێت بۆ زۆر شوێن کێش بکرێت، هەم لە بواری ئەکادیمیادا، کە هەمیشە گروپە سەردەستەکان بۆ ژێردەستەکان دەدوێن، تا دەگاتە ڕۆڵی نووسینی پیاوان بۆ ژنان، بەو مانایەی بەشێک لە فەیلەسوفانی پۆستمۆدێرنیست لە پرسی نیچەدا باسی کردووە: «نیچە هەرچی دەنووسێت وەک ژن و بە دەستی ژن دەنووسێت» بۆ ئەوەیە کە بەڕاستیی ژن بۆ خۆی نەنووسێت، مادام پیاوێک هەیە بۆیان دەنووسێت. یاخود ئەگەر بەم جۆرە دایبڕێژینەوە، مادام ئەو هەموو پیاوە خاوەن ئیمتیازە باشە هەن بۆ ژنان دەنووسن یان وەک ژن دەنووسن، چ پێویست دەکات لە بنەڕەتدا ژنان بوونیان هەبێت و بنووسن؟ بۆ دەبێت گوێیان لێ بگرین؟ لێرەوەیە گروپە ژێردەستەکان مافی لێدوانیان لێ وەردەگیرێتەوە.

گومان لەوەدا نییە کورد لە ئێران گەلێکی ژێردەستەیە، وەک پێشتریش باس کرا، بە هۆی ئەو بارودۆخەی کۆڵۆنیالیزم سەپاندوویەتی، بە ڕەهەندە کولتووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانییەوە، ژێردەستەکانی لەژێر هێڵی گەشەسەندندا هێشتووەتەوە و لێرەوە دەرفەتی گەشەسەندنی زمان و بیرکردنەوە بە شێوەیەکی یەکسان گەشەی نەکردووە، بۆیە ڕۆشنبیرێکی گەلی سەردەست زۆر بەسانایی دەتوانێت بۆ گەلی ژێردەست بدوێت، تا لە بنەڕەتدا ڕێگە بگرێت لەوەی قسەکەری گەلی ژێردەست، یان گروپی ژێردەست سەر هەڵبدات. سەرهەڵدانی چەپی ئێرانی و باڵادەستبوونی لەناو چەپی کورددا، بەوەدا بەدرێژاییی سێ دەیە هەر ئەو چەپە بۆ چەپە کوردەکان قسەی کردووە، بۆ ئەوان تیۆری داڕشتووە، بۆ ئەوان بیری کردووەتەوە، دابەشی کردوونەتە سەر گروپی جۆراوجۆر، بە پاشکۆی کردوون، توانای گەشەسەندنی یەکسانی هزری لێ سەندوونەتەوە، هەمووی لەژێر کاتیگۆریی «بێدەنگکردنی ژێردەستەکان»دا جێی دەبێتەوە.

تەنانەت لە تیۆری دیپلۆماسیی لیبراڵیشدا، تەداخولکردن لە کاروباری سیاسیی ناوخۆی حزبێک، وەک ئەتەکێتێکی ناشارستانی و نایاسایی و ناسیاسی دەبینرێت، کەچی حیکمەتیستەکان تا ئەم ساتەش واز لە پەیکەرەی کۆمەڵە ناهێنن و دەیانەوێت وەک بزنێکی قوربانی پارچە پارچەی بکەن. لێرەوەیە ڕیشەی کۆڵۆنیالیستی چەپی ئێرانی خۆی ئاشکرا دەکات و ماسکەکەی دەکەوێت. ئەگەر چەپ بن، لە مارکس و لینینەوە فێر ببن، ئەگەریش پێتان وایە ئەوان چەپ نەبوون، ئەوە پرسێکی دیکەیە و لە کاتیگۆرییەکی دیکەدا جێگای دەبێتەوە.

بەڵام کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤە کۆڵۆنیزەکراوەکانیش خۆیان وەک بکەرێکی سیاسی و چالاک ببینن و بۆ خۆیان بدوێن. نەک ئەوی دیکە بۆیان بدوێت. تیۆری نوێنەرایەتیکردنی ئەوی دیکە، ئەو ئەوی دیکەیەی لە تیۆری کۆڵۆنیالیستیدا توانای قسەکردنی نییە، دەبێت کۆتایی پێ بێت و «ئەوی دیکە» ئیتر زمان و بکەرێتی چالاکانەی سیاسیی خۆی بخاتەگەڕ. تەنها و تەنها لێرەدا دەکرێت پرسی هاوپشتی و هاوڕێیەتی و یەکگرتوویی بهێنینە ئاراوە. کاتێک چەپێکی مارکسیستی کۆمەڵگا و خەڵکێکی ژێردەست خۆی بۆی نەبێت بدوێت و چەپی ئەوی دیکە «ئێرانی» بۆی بدوێت، هیچ هیوا و نیشانەیەک بۆ یەکگرتوویی و هاوڕێیەتی تێدا نییە، دیالەکتیکی ئاغا و کۆیلە، یان لە زمانە باوەکەدا «برا گەورە و برا بچووک» باڵادەست دەبێت و مارکسیست و چەپەکانی وڵات و خەڵکی ژێردەست، هەمیشە دەست لەسەر سینە چاوەڕوانی ڕەحم و بەزەییی چەپی گەلی سەردەست دەبن «خێرێکی تیۆریانەیان پێ بکات».

سەرچاوەکان:

Anton Pannekoek, Klassenkampf und Nation, Reichenberg 1912.

Benedict Anderson, Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, Verso, London, 2016.

Frantz Fanon, Black Skin, White Masks, translated by Richard Philcox, Grove Books, New York, 2008.

Gayatri Chakravorty Spivak, Can the Subaltern Speak? Edited by Rossiland Morris, Columbia University Press, 2010.

John Riddell, ed., Founding the Communist International, New York: Pathfinder, 1987.

Karl Marx, Capital, translated by Ben Fowkes, introduced by Ernst Mandel, vol 1, Penguin Classics, London, 1990.

Karl Marx, The German Ideology, Moscow 1964.

Lenin, ‘A Caricature of Marxism and Imperialist Economism’, Zvezda,October 1916, Collected Works, vol. 23, p. 60.

Lenin, ‘On the Right of Nations to Self-Determination’, Collected Works, Vol. 20.

Walter Rodney, How Europe Underdeveloped Africa, Verso, London, 2018.