هێزی تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان

تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

ئەم وتارەی نووسەر (سۆران ئازاد)‌ وەڵامی تەوەرێکی ماڵپەڕی ژنەفتنە دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی».

١

وەهمێک بیرکردنەوەی ئێمەی داپۆشیووە، ئەویش وەهمی ڕەهەندی و ڕەهەندییەکانە. هەر لەو ڕوانگەیەوەیە، کە ئەم تەوەرەیە بە سروشتی خۆی مامەڵەکردنە لەگەڵ پڕۆژەیەکی مردوو، کە لە چوارچێوەی سەردەمێکی دیاریکراودا هەبووە و نەیتوانیوە لێی بپەڕێتەوە. کولتوورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بە ڕێگەی جیاواز دەستبەرداری مردووەکانیان دەبن و لە بەرچاوی زیندووەکانیان ناهێڵن، مەگەر بۆ پشکنینێکی جۆری جینالۆجیی بۆیان بگەڕێنەوە. لێرەدا دەستبردنی منیش بۆ ئەو پڕۆژە مردووە، لەوە بە دەر نییە. قسەکردن لەبارەی مەرگ، بە سروشتی خۆی لای بینەر سۆز دەورووژێنێت و هاوسۆزیی لێ دەکەوێتەوە. تازەترین مۆدێلی ئەم جۆرە هاوسۆزییە بریتییە لەو نووسین و بۆچوونانەی، کە پڕۆژەیەکی مردووی وەک ڕەهەند بە پێویستییەکی مێژوویی دەزانن. ئەو جۆرە بۆچوونە، کە هێزی خۆی لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە وەردەگرێت، نکۆڵی لە مردن دەکات، بەوەی ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە لەسەر پایەی کەڵەکەکردن وەستاوە. نکۆڵیکردن لە مردن خەسڵەتی دیاری ئەوانەیە، کە ژیان و مەرگ وەک دوالیزم دەبینن. هێزی کرانەوە و بەرفرەوانبوونی بیرکردنەوەیان لە دەرەوەی مردووەکان نییە. مردووە بەهێزەکان دەبن بە تارمایی و لە دەورانی خۆیاندا دەگەڕێنەوە. تارماییی (کارل مارکس) لە ڕێی (جاک دێریدا)ەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەهەند مردوویەکی بەهێز نییە، بەڵکوو لاواز و ڕووکەشە. تەرمێکە و لەسەر شانی ئەوانەیە، کە مەرگ سۆزیان دەبزووێنێت. ئەو سۆزە ڕێ نادات تەرمەکە بنێژرێت و  لە بەرچاومان لا بچێت، دەنا هیچ بەهانەیەکی بۆ مانەوە نییە. ڕەهەند لە شێوەی تارمایی نەگەڕاوەتەوە، بەڵکوو هێشتا لێرەیە و نەنێژراوە. ئەوانە هەست بە قورسایییەکەی دەکەن، کە هەڵیانگرتووە و ناتوانن دایبنێن. فریدریک نیتشە ئەو تێگەیشتنە باوە بۆ مردن تێک دەشکێنێت و مردن دەکات بەو دەروازەیەی، کە ئێمە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بە ڕووی واتا گەورەکانی ژیاندا بکرێینەوە، بەو واتایەی دەکرێت مردن هێز بێت و هێزی لێ بکەوێتەوە. مراندنی خواوەند، مراندنی هەموو ئەو بەها کەڵەکەبووانەن، کە مێگەل لە ڕێی ئایینەوە پاراستوونی. چەمکی مردن دەبێتە توانایەک و مێژووی هزری خۆرئاوا دەهەژێنێت، بە ڕادەیەک دەگاتە ئەوەی وەک هاوواتای چەمکی (ڕەخنە) بە کار بێت و بچێتە لای ئەوانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن. پابەندبوون بە مردووەوە، لە ڕوواڵەتدا وا دەردەکەوێت شتێک هەیە بە ناوی وەفا، کە ئەو پابەندبوونەی هێناوەتە کایەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەو پابەنددارانە نەیانتوانیوە شتێکی تری جیاواز لە ژیاندا بدۆزنەوە، بۆیە پێیان وایە زەمینەی مردووەکە وەک خۆی ماوە و شوێنەکەی بە چۆڵی دەبینن. هیوا دەخوازن بۆ ئەو شوێنەی بگەڕێتەوە، کە هێشتا وەک خۆی ماوە و نەگۆڕاوە، بەڵام ئێمە لە (هیراکلیتۆس)ەوە فێر دەبین، کە جیهان هەمیشە لە گۆڕاندایە. ئەوەی دەیەوێت ڕەهەند وەک جاران بگەڕێنێتەوە، لەبەر ئەوەیە دەزانێت ڕەهەند خاوەنی هەموو ئەو خەسڵەتانەیە، کە لە خۆیشیدا هەن. هەر نیشانەیەک ڕۆژانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەیبینن، ئەویان بە بیر دێنێتەوە، چونکە خۆیشیان تێیدا هاوبەشن. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ڕەهەند ڕاستییەکەی جۆرێکە لە براند (brand) بۆ کۆمەڵێک نووسەر (بە نانووسەریشەوە) تا ئەوەی ئێمە پڕۆژەیەکی هزری بێت. بۆیە لێرەدا گرنگە کە ئاڕاستەی ڕەخنەکاری دروست بێت و پڕۆژە و براند لە یەکتر جیا بکاتەوە.

سۆران ئازاد

سەرکەوتنی دامەزراندنی براندی ڕەهەند، واتە براندی ستافەکەی، لەوانە مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی، دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی هەژارێتیی نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی، یان دروستتر نێوەندی جەماوەر، لە سەردەمی خۆی و ئێستا. لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی (گۆڕان)، نووسەرانی (ڕەهەند) جارێکی تر دەستیان کردەوە بە دەرکردنی گۆڤاری (ڕەهەند)، بەڵام چونکە سەردەمەکەیان گۆڕابوو، ئەو دەستپێکردنەوەیە هیچ دەنگدانەوە و کاریگەریی جەماوەری جێ نەهێشت. من باسی ‘دەنگدانەوە’ دەکەم، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی تاوەکوو ئێستا ئێمە باسی (ڕەهەند) دەکەین، پێوەندیی بەو ‘دەنگدانەوە’یە هەبووە و هەیە، نەک ئەوەی پڕۆژەکە کاریگەرێتی لەسەر دروستکردنی ئاڕاستەی نوێ ڕەخنە هەبووبێت. هێزی نووسەرەکانی ڕەهەند لەوەدا نییە، کە خاوەن ئاڕاستەی ڕەخنە و چەمکی خۆیان بن، بەڵکوو لەوەی بەردەوامی بە پڕکردنەوەی خواستی ڕووکەشی دەدەن. (فریدریک نیتشە) لە پەرتووکی (مرۆڤ، هەرە مرۆڤترین) بەقووڵی ئەو خاڵە ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی سەردەمەکان پێویسیان بە نووسەری ڕووکەشە.” نووسەرە خراپەکان پێویستن: هەمیشە دەبێت نووسەرانی خراپ [خراپنووس] هەبن، چونکە ئەوان کاردانەوەی چێژی پێنەگەیشتوو و تەمەنە کامڵنەبووەکانن، کە هێندەی پێگەیشتووەکان خاوەن پێویستین. ئەگەر ژیانی مرۆڤ درێژتر بووایە، تاکەکەسە پێگەیشتووەکان زیاتر دەبوون لە پێنەگەیشتووەکان، یان لانی کەم هێندەی یەک دەبوون، بەڵام زۆرایەتی ئەوان زوو بە گەنجی دەمرن…”1Nietzsche, F. (1984, 1986 [1878]). Human, All Too Human: a book for free spirits (Marion Faber&Stephen Lehmann, Translation). University of Nebraska Press. P. 123, aphorism: 201 مەبەستی (نیتشە) لێرەدا ئاماژەدانە بە ئاستی هۆشیاری ئەو جۆرە خوێنەرانە. دەورانی هۆشیاری وا دەخوازێت، کە ئێمە لە ڕووکەشەکانەوە دەست پێ بکەین. ئەوە دۆخێکی حەتمیی ئاگامەندییە. کاتێک ئێمە هۆشیارتر و قووڵتر دەبین، کەسانێک هەن وەک ئێمەی ڕابردوو ناهۆشیار و ڕووکەشن، بۆیە خاڵی دەستپێکی ئەوان ڕووکەشەکانن؛ ئەوە چەرخی خواستی زۆرە لەسەر نووسەرانی ڕووکەش. لە ئاستی پشکوتن و کرانەوەی ئاگامەندیی ئێمەیش بە ڕووی جیهاندا، دەروازەی یەکەم هەمیشە ڕووکەشە؛ ئەو دەروازەیەی، کە (ج. و. فریدریک هیگڵ) لە پەرتووکی (فینۆمینۆلۆجیی هۆش) بە ‘دڵنیایی هەستەکی’ ناوی دەبات. ئەو جۆرە دڵنیایییە ئەگەرچی ڕووکەش و گومڕاکەرە، بەڵام هەلومەرجێکی هۆشیارییە. ئێمە کاتێک دەگەینە ئاستە باڵاکانی ئاگامەندی، چیتر تێگەیشتنەکانمان لە ‘دڵنیاییی هەستەکی’یەوە نایەن، بەڵکوو لە خودی تێگەیشتن و پێوەندیی زانینەکانمان بە ڕاستییەوە دێن. ئەوانەی، کە هێزی ئەوەیان نییە ئەو ئاستەی تێگەیشتن تێبپەڕێنن، هەمیشە لەوێدا دەمێننەوە و پێویستیشیان بە کەرەستە و وزەکانی ئەو ئاستەیە. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی هەمیشە زۆرایەتییەک دەبێت، کە لەو ئاستانەدا چەق ببەستێت، هەمیشە کۆمەڵگە و کۆمەڵ پێویستیان بە پڕۆژەی هاوشێوەی ڕەهەند و نووسەرەکانیان هەیە. بۆ نموونە، ئێستا ئەو پێویستییە لە نووسەرانی ڕەهەندەوە بۆ نووسەرە گەنجە هەوادارەکانیان درێژ بووەتەوە، کە بە هەمان ئاڕاستەی بێبەرهەمی ڕەهەندییەکان ئیش دەکەن. ئەوەی باجی ڕووکەشی دەدات، سەرەتا خودی نووسەرەکان خۆیانن. بیرکردنەوەی داهێنەر و قووڵ بە سروشتی خۆی ئێمە لە ئاست ڕاستییەکان بەهێز دەکات. هەر نووسەرێکی داهێنەر بە قووڵی سەبارەت بە مەترسییەکانی خوێنەری ڕووکەش هۆشیارە، چونکە ئەو جۆرە خوێنەرە، چ بە ستایشەکانی بێت، چ بە هەوڵی سڕینەوەکانی، زیانێکی گەورە لە وزەکانی نووسەر و داهاتووی داهێنانەکانی دەدات. کاتێک نووسەرێک بە بۆچوونی ستایشخوازی خوێنەرە ڕووکەشەکانی هەڵدەخەڵەتێت، بەبێ ئەوەی ئاگامەند بێت، لە داوی ڕووکەشێتیی نووسین بۆ پڕکردنەوەی خواستی ئەو جۆرە خوێنەرانە گیر دەخوات. نووسەری داهێنەر بۆ خوێنەر نانووسێت، بۆ خۆی نانووسێت، بۆ هیچ ئەگێندا و ئامانجێک نانووسێت، بەڵکوو بە تەنیا بۆ نووسین دەنووسێت، واتە بۆ ئافراندنی زمانێک، کە بتوانێت هێز و شکۆداریی داهێنانەکانی بەرجەستە بکات، یان بۆ بەرجەستەکردنی ئەو هۆشیارییەی خاوەنیەتی. نووسین لای داهێنەران نابێت بە کەرەستەیەک بۆ گەیاندن، بۆ نموونە گەیاندنی پەیامێک، ئامانجێک یان ئەگێندایەک بە خوێنەر؛ خودی نووسین ئامانجە ڕەهاکەی نووسەرە بۆ نوێنەرایەتیکردنی جیهانبینیی ئەو. ئەوەی وەک کەناڵێکی گەیاندن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات، نەک هەر ئەوەی ئاگاداری کێشە قووڵەکانی بیرکردنەوە و زمان نییە، بەڵکوو لە ئاستی زمانی میللی چەقی بەستووە. ئەو مەودا گەورانەی بیرکردنەوە، کە لە ڕێگەی زمانەوە دادەهێنرێن و دەدۆزرێنەوە، گەورەترین بایەخ و بەرژەوەندیی نووسەری داهێنەرە. ئەوە نەریت و خەسڵەتێکی هاوبەشی بیریارانی گەورەی مێژووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، مەرج نییە مرۆڤانی هێزدار و قووڵبین هەمیشە پەنا بۆ نووسین ببەن، چونکە نووسین ڕێگەیەکە بۆ بەرجەستەکردنی هۆشیارییان، نەوەک تاکە ڕێگە بێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، ژمارەی قووڵبین و فەیلەسووفەکان لەڕادەبەدەرن، کە پەنایان بۆ نووسین نەبردووە وەک چۆن ژمارەی ئەوانەی ئێمە نایاناسین بە هۆکاری ئەوەی لە بێدەنگییە قووڵییەکانی خۆیان نقووم بوون، نەزانراون. ئەوەی فەیلەسووفێکی وەکوو (نیتشە) دەکات بە فەیلەسووف بۆ ئێمە نووسینەکانیەتی، بەڵام ئەو فەیلەسووفە نووسیبای یان نا، خاوەن هەمان وزە و ئاستە باڵایەی هۆشیاری دەبوو. بۆیە ئەو بۆچوونە نادروست و ناپێویستە، کە نووسین و ناوداربوون وەک تاکە پێوەری هۆشیاری دەزانێت؛ بە پێچەوانەوە، زۆرجار نووسین و ناوداربوونی نووسەران ئاماژەیە بە هەڵدێربوونیان کاتێک خواستی زۆر لەسەر بیرکردنەوەی داڕووخاو و پووکاوەیان هەیە.

٢

بۆ نووسین لەبارەی هەر دۆسییەیەک، بە تایبەت دۆسیەی ڕۆشنبیریی کوردی، کۆمەڵێک خاڵی ئۆنتۆلۆجی هەن، کە پێویستە ئێمە ڕەچاویان بکەین. مەبەستم لە ئۆنتۆلۆجیا لەو کۆنتێکستەدا سروشتی بوونی ئەو دۆسیەیەیە، کە خراوەتە ژێر ڕۆشنایی لەگەڵ پێوەندییەکانی بە دۆسیەی هاوشێوە. بۆ نموونە، تێگەیشتن لە بونیاد و مێکانیزمەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەگەرچی زۆر جیاوازە لە دەوڵەتێکی دیموکراتی وەکوو سوید، هێشتا ئۆنتۆلۆجییانە یارمەتیمان دەدات لە دەوڵەتی سوید و هەر دەوڵەتێکی تری جیهان تێبگەین، چونکە لێرەدا خاڵ و دیاردەی هاوبەش دەوڵەت و پێکهاتەکانی ترن. ئێمە کاتێک لە دۆسیەی قوتابخانەی فرانکفۆرت تێبگەین، ئەو تێگەیشتنە یارمەتیمان دەدات لە پڕۆژەیەکی وەکوو ڕەهەند تێبگەین. بۆ ئەوەی بزانین پڕۆژەیەک هزری ڕەخنەیی هەڵگرتووە، دەبێت لە ڕێی ئەو چەمکانەوە بیخوێنینەوە، کە هێناونی و بە هۆیانەوە ڕووبەڕووی تێگەیشتنی میللیی کۆمەڵگە بووەتەوە. ئێمە ئەگەر ئەمڕۆ بمانەوێت بە مێژووی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا بچینەوە، لەسەر ئەو چەمک و بەهایانەدا دەوەستین، کە هەر یەکێک لەو فەیلەسووفانە کاری پێ کردوون. قوتابخانەی فرانکفۆرت هێزی ئەوەی هەیە جارێکی دیکە لە دیدگەی ڕەخنەوە بە بەرهەمی بەشێکی زۆری ئەو فەیلەسووف، کۆمەڵناس، دەروونزان و زمانناسانەی پێش خۆی و هاوچەرخیدا بچێتەوە. ئەو بەگژداچوونەوەیە هێزی ئەو قوتابخانەیە لە تێکشکاندنی ڕاستەقینە یان واقیع و تێگەیشتنی باوی ئەڵمانیا. بەڵام ئەم قوتابخانەیە لە کوێوە دێت؟ هێزی ئەو قوتابخانەیە دامەزراندنی دایەلۆگە لەگەڵ فەیلەسووفەکانی پێش خۆی، لەوانە (ئیمانوێڵ کانت)، (ج.و. فردریک هیگڵ)، (کارل مارکس)، (فریدریک نیتشە)، (ماکس ڤیبەر) و بیریارانی هاوشێوە. سەرەڕای ئاڕاستەی هاوبەش، فەیلەسووفانی ئەو قوتابخانەیە هەم لە ڕووی کایەی ئیشکردنیان هەم لە دیدگا و ئەو چەمکانەی دایانهێناون، جیاوازن، چونکە جیاوازی بنەڕەتە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەک خاوەنهێز بێت بەرانبەر بە ڕاستەقینە یان واقیع. ئێمە لە (کانت)ەوە بۆ (ماکس ڤیبەر) و (ڕۆی ڕام باسکار) فێر دەبین، کە تێگەیشتنی هۆش، یان ئەقڵ بەرانبەر بە ڕاستەقینە سنووردارە؛ هیچ کەسێک ناتوانێت گوتاری ڕەهای خۆی بەرانبەر بە ڕاستەقینە بەرز بکاتەوە. ئاڕاستە جیاوازەکان هەوڵێکن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ناتوانستییەی هۆش لە تێگەیشتن لە سەرجەمێتیی بوون.

کێشەی گەورەی ئەو نووسەرانە ئەوەیە، کە خاوەن نەیار و بەرانبەری لاوازن، لەوانە کادیری سیاسی. بە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەوان و دەستەڵاتداربوونیان، ئەو نووسەرانە ویستوویانە ئەو پێگە جەماوەرییەی بە کادیری سیاسی بەخشراوە، بە خوێندەواری وەکوو خۆیان ببەخشرێت.

قوتابخانەی فرانکفۆرت هەمیشە ئامادەییی هەیە بە هێزی ڕەخنە و ئەو چەمکانەی دایهێناون. ئەو کاریگەرییە سنوورە داخراوەکانی دەوڵەت دەبڕێت تا دەگات بە ئێمە، تا دەگات بە کۆمەڵگەکانی تر. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە، کە ئایا ڕەهەند، جگە لە کوردستان، دەیتوانی لە هەر کۆمەڵگەیەکی تر، لەوانە ئەڵمانیا، وڵاتە سکەندەناڤییەکان و بگرە وڵاتێکی وەکوو تورکیا، خاوەنی پێگە بێت؟ وەڵامەکە نەخێرە، نەک لەبەر ئەوەی ڕەهەند تایبەتە بە کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ڕەهەند لە بنەڕەتدا هیچ ئاڕاستە و چەمکێکی دروست نەکردووە، کە بۆ نموونە، توێژەرێکی ئەڵمانی، یان تەنانەت توێژەرێکی لوبنانی بتوانێت بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگەکەی خۆی بە کاری بهێنێت. نەک هەر ئەو توێژەرانە، بەڵکوو ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە بمانەوێت لە کۆمەڵگەی کوردی تێبگەین، ئەگەر خاڵی دەستپێکردن و خاڵی سەرچاوەکانیشمان ڕەهەند و نووسەرەکانیان بن، ئێمە جگە لە بەرهەمهێنانەوەی تێگەیشتنە میللییەکان، ناتوانین هیچ دەستکەوتێک بەدەستەوە بدەین. فەیلەسووفێکی وەکوو یورگن هابرماس چ لە بارەی کۆمەڵگەی ئەڵمانییەوە بنووسێت، چ لە بارەی کۆمەڵگەی کوردی، خاوەنی هەمان زمان، مێتۆد و نووسینی ڕەخنەیی دەبێت. هەلومەرجەکان بڕیار لەسەر زمانی بیریاران نادەن، چونکە هەلومەرجەکان گۆڕانی دەرەکین. ئەوەی هێزی بیریارێک بەرانبەر بە جیهان شکۆدار دەکات، ئەو گۆڕانە گەورانەن، کە لە بیرکردنەوەکانی خۆییەوە دێن، نەک لە گۆڕانی هەلومەرجەکان. ئاوازی زمان و نووسینی ڕەهەندییەکان پێوەندیی بە هەلومەرجەکانەوە هەیە، بە تایبەت هەلومەرجی سیاسی. کێشەی گەورەی ئەو نووسەرانە ئەوەیە، کە خاوەن نەیار و بەرانبەری لاوازن، لەوانە کادیری سیاسی. بە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەوان و دەستەڵاتداربوونیان، ئەو نووسەرانە ویستوویانە ئەو پێگە جەماوەرییەی بە کادیری سیاسی بەخشراوە، بە خوێندەواری وەکوو خۆیان ببەخشرێت. ئەوە جۆرێکە لە ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سەرووی هەموو شتەکانیشەوە، ململانێن بۆ سەرچاوە و پێگە.

٣

ئێمە پێویستە ئەوە ڕەچاو بکەین، کە نووسەرانی ڕەهەند لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامییەوە سەر هەڵدەدەن و بەردەوامی بە نەریتی بیرکردنەوەی ئیسلامی دەدەن. ڕێکەوت نییە، کە نووسەرانی ڕەهەند هێندەی بانگخوازە ئیسلامییەکان خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتین. ئەو ناوبانگە لە دوای حەڤدەی شوباتەوە زیاتر کەڵەکە دەبێت، کە تێیدا بۆچوونی نووسەرانی ڕەهەند ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرچاوەکەی خۆی تێکەڵ دەبێتەوە. هەمان ئەوانەی شوێنکەوتووی بانگخوازەکان بوون، بە بۆچوونی ڕەهەندییەکانیش سەرگەرم دەبوون. لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش، بە ئاسانی بۆچوونێکی ڕەهەندییەکان لە تەنیشت فتوایەکی ئایینییەوە پەخش و بڵاو دەکرایەوە. من بە ڕێکەوتیش نەمدیوە و نەمبیستووە، کە ئیسلامیستێکی سیاسی بۆچوونێکی خۆی بە ئارگومێنتێکی مارکس یان نیتشە بەهێز بکات، بەڵام هەمان ئەو ئیسلامیستە سیاسییانەم بینیون، کە بۆچوون و باوەڕە بنچینەخوازییەکانیان بە نووسەرانی دامەزرێنەری ڕەهەند بەهێز کردوون. ئەوە ڕێکەوت و لەخۆوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە هەمە یان هەمانچەشنێتیی پڕۆژەی ڕەهەندییەکان و ئیسلامیستییە سیاسییەوەکانەوە هەیە. ئەو هەمانچەشنێتییە دۆخێکی سروشتیی ئەو پڕۆژەیەیە بووە، چونکە ئەو پڕۆژەیە لە نەریتی ئەو بیرکردنەوانەوە هەڵقوڵاوە، نەک لە تێپەڕاندنی. ئەو جۆرە نەریتیە بە ئاسانی لە بیرکردنەوەی نووسەرانی ڕەهەند تێبینی دەکرێت. باسەکە ئەوە نییە، کە ئایا ئەو نووسەرانە موسڵمانن، یان نا، باوەڕیان بە بوونی خوایە، یان نا، چونکە ئەوەی باسی دەکەم سروشتی گوتاری ئەو ڕۆشنبیرانەیە، کە نەک نەیانتوانیووە ئەو گوتارە ئیسلامییە تێبپەڕێنن، بەڵکوو بەردەوامیان پێ داوە. هەتا ئێستا لای (بەختیار عەلی) نووسەرە گەورەکەی ڕەهەند، نەک هەر لە گوتارەکانی، بەڵکوو لە شیعر و ڕۆمانەکانیشی، جیهان یان ڕەشە یان سپی، یان شەیتانە یان فریشتە، یان شاعیرە یان سیاسی، یان دۆزەخییە یان بەهەشتی، یان ڕۆشنبیرە یان گەمژە، یان یارە یان دوژمن و چەندان دووانەی تر، کە لە بنەڕەتدا واتە یان باشە یان خراپ. تەواوی جیهانبینیی (ب. عەلی) لە گۆشەنیگای ئەو جۆرە لۆجیکە دوانییە (binary logic) کورت دەبێتەوە لەژێر دەمامکی ‘جاویدانی’ و جوانناسی شاردراونەتەوە. ئەو جۆرە جیهانبینییە، کە ڕەگە هەزارانساڵییەکەی بۆ ئایینی (زەردەشتی) دەگەڕێتەوە و بۆ زۆربەی ئایینەکانی تر درێژ بووەتەوە، بە تایبەت بۆ (مەسیحی) و (ئیسلام)، تا ئێستا پێوەرە سەرەکییەکەی ئەو نووسەرە گەورەیەی ڕەهەندە. کاتێک (نیکۆلا مایکاڤیللی) کتێبی (شازادە) دەنووسێت، ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەسیحییەکان دەبێتەوە، چونکە زمانی ئەو هەڵگەڕانەوەیە لە تەواوی زمان واتە بیرکردنەوەی باڵادەستیی مەسیحی، کە لەبەر وەهم و چاکەخوازی، چاوی بینینی ڕاستەقینەی لەدەست داوە، بەڵام خودی (نیکۆلا مایکاڤیللی) کەسێکی مەسیحی و خواپەرست بوو. نموونەیەکی تر (سۆرێن کیەکەگۆرد)ە. ئەو ئەگەرچی مەسیحی دەکات بە خاڵی دەستپێک لە ڕاڤە فەلسەفییەکانی، بەو زمانە فەلسەفییەی دایدەهێنێت، ڕووبەڕووی دەستەڵاتی کڵێساکان دەبێتەوە. ئێمە هەرگیز ناتوانین بڵێین زمانی (کیەکەگۆرد) زمانی مەسیحییەکانە، چونکە ئەوەی (کیەکەگۆرد) دەکات بە فەیلەسووف، تێکشکاندنی ئەو زمانەیە و بەدەستهێنانی سەروەرێتیی فەیلەسووفبوونی خۆیەتی لە ڕێگەی زمانەوە.

٤

هەر پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ڕەخنە و بیرکردنەوە بێنێتە دی، پێویست دەکات لانی کەم خاوەنی تێگەیشتن بێت بۆ چەمکەکان، بەڵام لە بنەڕەتدا قەیرانی زۆربەی نووسەرانی ڕەهەند، قەیرانی تێنەگەیشتنە لە چەمک. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە، کە نووسەرانی ڕەهەند، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، بۆ خوێنەر و جەماوەرێکی تایبەت دەنووسن؛ ئەوانەی، کە لەژێر باری هەلومەرجی ئاستە ڕووکەشەکانی هۆشیاریدا دەژین. بۆ ئەو جۆرە خوێنەرانە، زانینێکی ڕووکەش و چەوت هێشتا باشترە لە هیچ. خودی ئەو زانینە دەبێت بە باوەڕ و چەقبەستنی بەهاکان. ئەوە لۆگیکێکە (نیتشە) لە تەواوی کتێبی (جینالۆجیای ئاکار) بە کاری هێناوە، وەک بۆچوونی وایە، کە بناغەی بەهای ئاکار لەسەر هەڵە دامەزراوە، بەڵام تێگەیشتن لەو ڕاستییە، مەرج نییە خودی ئەو بەهایە لەناو ببات. جیهانبینیی نووسەرانی ڕەهەند لە بناغەدا لەسەر هەڵە و بەها کۆمەڵایەتییە هەڵەکان دامەزراوە، بەڵام ئەوە وا ناکات خاوەنی پێگە نەبن، چونکە خودی ئەو بەها کۆمەڵایەتییانە پێویستیان بەو جۆرە دەنگانەیە بۆ سەقامگیرکردنی مانەوەی خۆیان. زانین کایەیەکی کۆمەڵایەتییە، لەسەرووی هەموو شتێکەوە، کایەی زمانە. نووسین ڕووبەڕووبوونەوەی زمانە، چونکە ئێمە زمان داناهێنین، بەڵکوو، وەک (فێردیناند دو سۆسێر) ئاماژەی پێ دەدات، زمان، وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی، بە سەرماندا دەسەپێنرێت.2Saussure, F. (2013 [1916]). Course in General Linguistics (Trans. Roy Harris). London, UK: Bloomsbury Publishing Plc. ISBN: PB: 978-1-4725-1205-5, p. 18ئەو سەپاندنە زۆردارانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە دەرەوەی ئێمەدا بوونی نییە، چونکە هێزی داهێنەر لە تێپەڕاندنیدایە، نەک لە شێواندنی. (نیتشە) لە پەرتووکی (سەبارەت بە جینالۆجیی ئاکار)دا هەڕەشەکانی خۆی ئاڕاستەی ئەو دیاردەیە دەکات، ئەویش دیاردەی شێواندنی زمانە. زمان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت. شێوێنەرانی زمان شێوێنەرانی ڕاستین. تەواوی فەلسەفە وەک کایەیەکی مرۆڤایەتی لەسەر زمان بونیادنراوە. بیرکردنەوەکانی ئێمە لەناو زماندان، بەو پێیەی زمان بیر دەکاتەوە. ئەو خەسڵەتەی زمان لەوە هاتووە، کە زمان لە ئاکامی بیرکردنەوە دادەمەزرێت و دەبێت بە دەستگەیەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی. بۆیە زمان وابەستەیە بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەر کایەیەکی زانین کایەی زمانە؛ زانینە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن لە دەرەوەی زماندا هەبن، بەڵام لای ڕەهەندییەکان، زمان کەرەستەیەکە، کەرەستەیەکی هەژار بۆ گەیاندن، کە ناتوانێت گوزارشت لە دەربڕینە گەورەکانیان بکات. کاتێک نووسەرێکی وەکوو (بەختیار عەلی) ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕێنووس و خاڵبەندی دەکرێتەوە، بۆ ئەو ئاسانترە تەواوی کایەی زمان ڕەت بکاتەوە و لە جیاتیی ئەوە بڵێت، کە تەنیا “تەعبیر” گرنگە. یەکەم، ڕێنووس و خاڵبەندی بەشێکن لە زمان نەک تەواوی زمان؛ دووەم، ئێمە لە ڕێگەی زمانەوە “تەعبیر” لە خۆمان دەکەین. تەواوی نووسین و قسەکردنەکانی ئەو نووسەرە لەناو زماندایە. پرسیارەکە ئەوە نییە، کە چ لایەنێکی زمان گرنگە، چونکە زمان واتە یەکگرتووییی هەموو لایەنەکانی.

ئەم کێشەیە بە تەنیا تایبەت نییە بە (بەختیار عەلی)، بەڵکوو خەسڵەتێکی هاوبەشی ئەو نووسەرانەیە. لە دەرەوەی تێگەیشتن لە زمان و ئەو چەمکانەی زمان خاوەنیانە، ڕەخنە دروست نابێت و نووسین ناتوانێت ئاستی باوی واقیع تێبپەڕێنێت. بۆ ئەوەی نووسەرێک داهێنەر بێت، ئەو نووسەرە پێویستی بە تێکشکاندن یان تێپەڕاندنی زمانی باوە، چونکە تەنیا لەو ڕێگەیەوەیە، کە نووسەران، لەوانە بیریاران، فەیلەسووفان و ڕەخنەکاران، دەتوانن واقیعی باو و باڵادەست تێبپەڕێنن. نووسەرانی ڕەهەند، لە دەرکردنی گۆڤاری ڕەهەندەوە تاوەکوو ئێستا ئاوێنەی تێگەیشتنە باوەکانن. نووسەرانێک، کە خاوەنی زمانی باو بن، ناتوانن سەروەرێتیی نووسەربوون بەدەست بهێنن، چونکە ئەو نووسەرانە لە بنەڕەتدا شووێنکەوتووی تێگەیشتنە باوەکانن و بەو جۆرە شوێنکەوتووییەش بۆچوونەکانیان دادەمەزرێنن. ڕێگەم بدە نموونەیەک بهێنمەوە. کاتێک (نەوشیروان مستەفا) کۆچی دوایی دەکات، (مەریوان وریا قانع) و (ئاراس فەتاح) گەورەترین هەڵوێستیان بەرگریکردنە لە پاکێتیی (نەوشیروان مستەفا) لە گەندەڵی و گەندەڵکاران لە کاتێک گەندەڵییەکانی (ن. مستەفا) ئەگەر بە ڕێژەیی کەمتر بن، بەڵام لە چلۆنایەتییەوە هیچیان کەمتر نین لە هاوتاکانی خۆی. بەڵام هەر خۆیان دوای ماوەیەک لەسەر مردنی، دەستیان بە ڕەخنەگرتن لەو کەسایەتییە سیاسییە کرد، ئەویش دوای دامرکانەوەی سۆز و بەزەییی جەماوەر دوای مردنی (ن. مستەفا). تەنیا شوێنکەوتوو پاکانە بۆ سەردارەکانی خۆی دەکات. نووسەری دا‌هێنەر بیرکردنەوەکانی خۆی بەدەوری هیچ کەسایەتییەک و پڕۆژەیەک چەقگیر ناکات، بەڵکوو نووسین دەبێت بە ئامانج و پڕۆژەیەک بۆ گوزارشتکردن لە سەروەرێتیی هۆشیاریی نووسەر بەسەر خۆی و بەسەر جیهانی دەرەکیدا. ئەو سەروەریبوونە داخراوبوون نییە، بەڵکوو کراوەبوونە بۆ دایەلۆگ لەگەڵ جیهاندا، چونکە جیهان لە بوونی ئێمە دانەبڕاوە. ئەو جۆرە ئاڕاستەی ئیشکردنە مێکانیزمێکی جێگیری ناو کۆمەڵگەیە، بە تایبەت مێکانیزمی کاریزماخوازی. نووسەرێک پێویستە سەرەتا لەناو خۆیدا دروست بێت و لە دەرەوەی ئەوانی تر، کە سەر بە بیرکردنەوەی مێگەلین، بیر بکاتەوە، واتە زمانی خۆی دابهێنیت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دەستەڵاتەکانی کۆمەڵگە و پێوەندییە ئاڵۆزییەکانیان ببێتەوە. بەڵام ئەو نووسەرانە هەمیشە خاوەنی بەرەی دیاریکراون. لۆگیکی هەرە باڵای ئەوان، کۆمەڵێک دۆست و کۆمەڵێک دوژمنن. دووبارە ئەوەی زاڵە لۆجیکی دوانەیییە. ئەوە نەریتێکە لە کاتی دەرکردنی گۆڤاری ڕەهەندەوە هەتاوەکوو ئێستایش پێڕۆ دەکرێت.

ئەو جۆرە زمان و هەڵوێستانە (مەریوان و. قانع) دەکەن بە نووسەر، بەڵام نووسەرێکی میللی، کە لە دەرەوەی ئەو واقیعە باوەی کۆمەڵگە بەسەر تاکەکەسەکانی خۆی دەسەپێنێت، ناتوانێت بیر بکاتەوە و بنووسێت. (مەریوان و. قانع) پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە، کە (میشڵ فۆکۆ)ناسە و مێتۆدەکانی ئەو بە کار دەهێنێت، بەڵام کامانەن ئەو تێگەیشتنانەی ئەو نووسەرە سەبارەت بە (فۆکۆ) دایمەزراندوون؟ تێگەیشتنێک، کە ئێمە لەنێو هەموو تێگەیشتنەکان بۆ (فۆکۆ) بتوانین جیای بکەینەوە؟ من باسی ئەو تێگەیشتنانە ناکەم، کە دیدی (فوکۆ) بۆ هێز و دەستەڵات چین، بەڵکوو باسی ئەو دەکەم ئەو نووسەرە توانیوویەتی، جگە لە ڕۆڵی گواستنەوەی بۆچوونەکان، چ دایەلۆگێک لەگەڵ ئەو شیکاری و بۆچوونانە دابمەزرێنێت؟ ئەوە لە ئاکامی ئەوەیە، کە ئەو نووسەرە نەک هەر ئەوەی لە ئاستی ڕووکەش (فوکۆ) و هەر بیرمەندێکی تری خوێندووەتەوە، بەڵکوو لەو ئاستە ڕووکەشەدا کورتی کردوونەتەوە. پێشنیاز دەکەم لە گۆڤاری ڕەهەند، ژمارە (١٦-١٧)، بابەتەکەی (م. و. قانع) بخوێننەوە، کە لەژێر ناونیشانی (نەتەوە و ناسیۆنالیزم)دا بڵاوی کردووتەوە. هەموو ئەو شتانەی لەوێدا باسی کردوون، فێرخوازێکی تازەی بەکالۆریۆس لە بواری زانستە سیاسییەکاندا لەسەریەتی بیانزانێت و لەو ئاستە بەرزتر بنووسێت، بە تایبەت لە ئەوروپا. نەک هەر ئەوە، ئەو نووسەرە لەوێدا بەشێک لە شیکارییەکانی لەسەر بۆچوونەکانی (ماکس ڤیبەر) دامەزراندووە بەبێ ئەوەی بۆ یەکجاریش هیچ یەکێک لە کتێبەکانی (ماکس ڤیبەر)ی وەکوو سەرچاوە بە کار هێنابێت. واتە نووسەرێک تێگەیشتنی لە بیریارەکانەوە لە سەرچاوەی دووەم و سێیەمەوە هاتبێت، چۆن دەتوانێت دایەلۆگ لەگەڵ تیۆرەکانی ئەو بیریارانە دروست بکات؟ ئێستا ڕەوتێک لەو گەنجانە دروست بوون، کە بە هەمان مێتۆد کار دەکەن. باسی (هیگڵ)مان بۆ دەکەن، بەبێ ئەوەی توانیبێتان ڕاستەوخۆ تێگەیشتنەکانیان لە (هیگڵ)ەوە وەر بگرن، بەڵکوو لە سەرچاوەی سێیەم و چوارەم و بگرە دەیەم وەریان گرتووە. هەر بەڕاستی ئەوانە دەتوانن (هیگڵ) بخوێننەوە و لە کۆنتێکستی هزری و مێژووییی خۆیدا بیدۆزنەوە؟ من هیچ هەڵەیەک لەو جۆرە نووسین و خوێندنەوە ڕۆژنامەوانییانە نابینم، بەڵام ئەو جۆرە نووسینانە هیی بیریار و نووسەری داهێنەر نین، بەڵکوو هیی نووسەرانێکن کە ڕۆڵی گواستنەوەی بیر و بۆچوونی فەیلەسووفان لە دەستی سێ و چوارەوە دەبینن. (مەریوان و. قانع) لەو جۆرە نووسەرانەیە، بەڵام هێشتا زمانی ئەو نووسەرە لە هاوڕێکانی، لەوانە (بەختیار عەلی) و (ڕێبین هەردی) بەهێزترە و نووسینەکانی خاوەنی بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمین. واتە ئەو نووسەرە خاوەنی تێگەیشتنێکە بۆ ئەو چەمکانەی بە کاریان دەهێنێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی ئەو وایان نەکردووە ئەو نووسەرە خاوەنی هێزی بیرکردنەوەی خۆی بێت، بەڵکوو وای کردووە ببێتە توێژەرێک، بۆ نموونە توێژەرێکی ئەکادیمی. ئەوە لە خۆیدا دەستکەوتێکی کەم نییە، بەڵکوو گرنگ و جێی بایەخە، پێچەوانەی دیدی (بەختیار عەلی) بۆ مامۆستایانی زانکۆ، کە هەوڵی بێبایەخکردنی دەستکەوتی ئەکادیمی دەدات. بەڵام بوون بە مامۆستای زانکۆ واتای بوون بە داهێنەر و بیریار نییە، بەڵکوو ئەوە تێگەیشتنێکی میللی و باوە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە ئەوروپایش. (پیتەر سلۆتەردایک) بە تەنزەوە باسی ئەو دیاردەیە دەکات، بە تایبەت لە خستنەڕووی دیدی (میشڵ فۆکۆ) بۆ ئەکادیمیا، کە تێیدا کورسی یان پێگەی وانەگوتنەوە لە خودی وانەبێژ گرنگترە و خودی بەشی ئەکادیمیاش لە هەردووکیان.3Sloterdijk, P. (2013[2009]). You Must Change Your Life (Wieland Hoban, Trans.). UK: Polity Press. p. 156 ئەوەی کەسێک دەکات بە داهێنەر، خودی دروستبوونی خۆیەتی وەک ‘خۆ’یەکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بیرکردنەوەی میللی. ئێمە بە ئاسانی دەتوانین دۆست و دوژمنەکانی ئەو نووسەرە بدۆزینەوە، واتە دۆست و دوژمنی بەرجەست و دیارن و لە سەرووی هەمووشەوە، ئەو دۆست و دوژمنانە کەسن، نەک تێگەیشتن لە دیاردە، نەک لە کێشە و نەک لە بونیادە قووڵ و ڕیشییەکانی کۆمەڵگە. هەر بۆیە ئەگەر ئەو نووسەرە خاوەنی تێگەیشتنی قووڵ بووایە، لە (فۆکۆ)، لانی کەم دەیزانی کە هەر جۆرە ئازادییەک لە پێوەندییەک یان چەند پێوەندییەکی ناو کۆمەڵگە، بۆ نموونە ئازادبوون لە دەستەڵاتێک بۆ دەستەڵاتێکی تر، دەشێت هەلومەرج بۆ سەربەستیی تاکەکەس خۆش بکات، بەڵام لە خۆیدا ناتوانێت ئەو سەربەستییە فەراهەم بکات. 4fornet-betancourt,  raúl, becker,  helmut, gomez-müller,  alfredo, & gauthier,  j. d. (1987). the ethic of care for the self as a practice of freedom: an interview with michel foucault on January 20, 1984. Philosophy & Social Criticism, 12(2–3), 112–131.https://doi.org/10.1177/019145378701200202بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە دەستەڵات تێ بگات، لەسەریەتی لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێ بگات. ئەو دەستەڵاتەی ئەو نووسەرە دژیەتی و دژی بووە، هەمان دەستەڵاتە، کە (نەوشیروان مستەفا) و ڕەوتەکەی نوێنەرایەتیی کردووە، چونکە لە بنەڕەتدا دەستەڵات ئاکامی باڵادەستبوونی (مەسعود بارزانی) نییە بەسەر (نەوشیروان مستەفا)ەوە یان بە پێچەوانەوە، بەڵکوو ئاکامی پێوەندییە ئاڵۆزەکانی ناو کۆمەڵگەیە، کە (فۆکۆ) ناویان دەنێت “پێوەندییە ستراتیژییەکانی هێز”. ئەگەر (مەریوان وریا قانع) لەو جۆرە دیدگایە تێگەیشتبا، هیچ کاتێک بەرجەستەبوونی گۆڕانێکی ڕیشەییی کۆمەڵگەی لە سیاسییەک و هیچ سیاسییەکی تر نەدەبینیەوە، بەڵکوو لە گۆڕانی ڕیشەییی پێوەندییەکانی هێز لەناو کۆمەڵگەدا. هەر بۆیە (نەوشیروان مستەفا) جگە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان مێکانیزمی هێز، نەیتوانی هیچ شتێکی تر بکات. لە سەرووی هەموو شتەکانیشەوە، سەبارەت بەوە هۆشیار دەبوو، کە شەڕی ڕۆشنبیر دامەزراندنی گوتاری سەربەستییانەی خۆیەتی، نەک پاشکۆبوونی هیچ سیاسی و گرووپێکی کۆمەڵگە. ئەوە هەڵەیەک نییە، کە (مەریوان وریاقانع) تێی کەوتبێت، بەڵکوو ئەوە بەرجەستەبوونی هەمان ئەو تێگەیشتنەیە، کە ئەو بۆ جیهان هەیەتی. نووسەران هەڵە ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بیرکردنەوەکانی خۆیانن. بابەتەکە لێرەدا گۆڕینی هەڵوێست نییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا نەبوونی هەڵوێستێکی ئازادە. بۆیە من ناتوانم ئەو ئاکامە بەدەستەوە بدەم و بڵێم (مەریوان وریا قانع) کێشەی تێگەیشتنی لە چەمک هەیە و جیهانی وەهمی لە هۆشی خۆیدا وێنا دەکات. من ناتوانم بڵێم ئەو نووسەرە نازانێت واتای دەستەڵات، دەوڵەت، نەتەوە، نیشتیمان، بازاڕ و چەندان چەمکی تر چین، چونکە ئەو خاوەنی تێگەیشتنێکی ئەکادیمییە بۆ ئەو چەمکانە، کە وای کردووە نەکەوێتە ئەو هەڵە زەقانەی نووسەرانی تری ڕەهەند تێی کەوتوون. بەڵام ئێمە کاتێک باسی دروستبوونی بیریارێک دەکەین، ئەو جۆرە تێگەیشتنانە لە کایەی سیاسی، کۆمەڵناسی و کایەکانی تر پێشمەرجی بنەڕەتین. ئەوەی لە نووسینەکانی ئەو نووسەرە نائامادەیە، تێنەپەڕاندنی زمانی میللییە، دانەمەزراندنی زمانێکی سەربەخۆیە و قووڵنەبوونەوەیە لەو دیاردە و کێشانەی، کە پێشتر باسم کردن. ئەو زمانەی (م. و. قانع) مرۆڤێک دەکات بە مامۆستایەکی باشی زانکۆ، بەڵام نەک بە بیریارێک. داهێنەرەکان باکگراوند و بواری ئەکادیمی وەکوو مێکانیزمێک بۆ دەوڵەمەندبوون لە بواری ڕەخنە بە کار دەهێنن، نەک ئەوەی زانکۆ بەدوا خاڵی پەرەسەندنی هزری و ڕەخنەیی ببینن.

هەر بۆیە هەڵوێستی هاوشێوە و هەمەچەشن لە گۆڤاری ڕەهەند و پڕۆژەکانی دواتری ئەو نووسەرانە بە ئاسانی دەدۆزرێنەوە. لە چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەهەنددا، هەندێک (هەڵویستە) وەک پێشەکی لەو گۆڤارەدا بڵاو دەکرانەوە، کە ئەوانە بەیاننامەی سیاسیین لە هەمبەر پێشهات و ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیان تا ئەوەی نووسینی هزری بن. ئەو جۆرە نووسینانە تەنیا ئاکامی کۆمەڵێک ئەگێندای گرووپین تا پڕۆژەی هزری، چونکە خاوەنی هەمان زمانی باوی کۆمەڵگەن. کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە، کە ڕەهەندییەکان تەنیا مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کێشە و قەیرانانە کردووە، کە سەریان هەڵداوە و دیاریکراو بوون. ئەو نووسەرانە چاوی شتە نەبینراوەکانیان نییە، چونکە بۆ ئەوەی کەسێک خاوەنی ئەو چاوە بێت، پێویستی بەوەیە خاوەنی زمانی خۆی بێت. کاتێک (بەختیار عەلی) و (مەریوان وریا قانع) دەکەونە مشتومڕەوە، هیچ ئاڕاستەیەکی ڕەخنەیی و هزری نوێ دروست نابێت، چونکە سروشتی زمان و مشتومڕەکانیان کۆمەڵایەتییانەیە وەک هەر جۆرە مشتومڕێکی تری کۆمەڵایەتی، کە کەسەکان لە ئاکامی گۆڕینی کیمیای هەستەکانیان لەگەڵ یەکتر ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. مشتومڕەکەی (فاروق ڕەفیق) و (بەختیار عەلی)یش بە دانیشتنێکی کۆمەڵایەتییانە و هاوڕێیانە دامرکێنرایەوە. وەک چۆن لە هەر پێوەندییەکی مرۆڤانە کیمیای هەستەکان کەسەکان لە یەکتر نزیک و دوور دەخاتەوە، هەمان ئەو کیمیای هەستە ئەو نووسەرانەی لە یەکتر نزیک کردووەتەوە و لە ئاکامیشیدا لە یەکتری دوور خستوونەتەوە. بۆیە ئەگەر یەکێک لە نووسەرەکانی ڕەهەند پێمان بڵێت، کە ئەوان هیچ کات وەک گرووپ ئیشیان نەکردووە و شتێک نییە بە ناوی ڕەهەندییەکان، لەسەرمانە بزانین ئەو نووسەر/نووسەرانە ڕاستییەکەی هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان وابووە، یان ئەوەتا ئێستا کیمیای هەستەکانیان لەگەڵ یەکتر گۆڕاوە. ئێمە دەستەبژێری ڕەهەندییەکانمان هەر بەیەکەوە ناسیون و پڕۆژەی خۆیان بە کۆمەڵ دامەزراندووە تا ئەوەی ڕەهەند لە بنەڕەتدا جگە لە گۆڤارێک هیچی تر نەبووبێت. بەڵام لە دەرەوەی ئەوەیشدا، ئێمە چ ئەوەی هەر یەکێک لە نووسەرانە وەک گرووپ ببینین، یان تاکەکەس، هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت، چونکە ڕەهەند و ڕەهەندییەکان لە بنەڕەتدا خاوەنی پڕۆژەیەکی هزری نین، بەڵکوو پاشکۆی بیرکردنەوە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەن. ڕێککەوت نەبوو، کە تەواوی هەڵچوونە کەڵەکەبووەکانی پڕۆژەی ڕەهەند بە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دامرکایەوە و نووسەرەکانی بوون بە پاشکۆی پشتگریکاری ئەو پڕۆژەیە و گوتارە زاڵەکانی، چونکە لە بنەڕەتدا ڕەهەندییەکان خاوەنی گوتارێکی ئازاد نەبوون و نین. باسەکە بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵکوو مادام ئەو نووسەرانە خاوەنی ئاڕاستەی خۆیان نین، هەمیشە ئەگەری پاشکۆبوونیان بەهێزە. ئێمە لە هیچ نووسینێکی (بەختیار عەلی)، کە لە ڕۆژنامەی (باس) بڵاو کراونەتەوە، ئەو توڕەییەی بەرانبەر بە دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی، تێبینی ناکەین، چونکە ئەو زمانێکی کۆمەڵایەتیی تری لەو پێوەندییەدا هەڵبژارد، کە لەگەڵ مەرجەکانی نووسین بۆ ئەو ڕۆژنامەیە گونجاو بوو. هەربۆیە، تێگەیشتنی ئەو نووسەرانەیش بۆ چەمکگەلێکی فەلسەفی، لەو تێگەیشتنە سیاسییە زاڵەکانی کۆمەڵگەوە هاتوون. وەک چۆن ئیسلامییەکان دژایەتی (کارل مارکس)یان کردووە، ڕەهەندییەکان بەردەوامیان بەو دژایەتییە داوە بەبێ ئەوەی لەهەمبەر هاوتەریببوونی زمانیان لەگەڵ ئیسلامییەکان کێشەیان هەبووبێت. هەر ئەو جۆرە ئاڕاستە دژەکارییە ڕووکەشە هەلومەرجێکی گونجاوی بۆ نەوەی ڕەهەندییەکان ڕەخساندووە لە ڕەتکردنەوەی هەرلەخۆوەی فەیلەسووفان. ئەوەی هەیە ڕەخنە نییە، بەڵکوو لەژێر ناوی ‘بە بۆچوونی من’ حوکمی پێشکات و لەخۆوەن. کەسێک دەبێت سەرەتا خۆی هەبێت، خاوەنی زمان، بیرکردنەوە و تێڕامانی قووڵی خۆی بێت تا بتوانێت ‘بۆچوون’ی هەبێت، واتە تا بتوانێت شتێک بنووسێت و بیڵێت، کە لە تێگەیشتنی میللییەوە نەهاتبێت.

بیرکردنەوەی باوی ئێمە تەنیا بە کێشە زەبەلاحەکان ڕاهاتووە، یان دروستتر بۆ ئەو کێشانەی زۆرترین جەماوەر بە دوای خۆیاندا کۆ دەکەنەوە. ڕۆشنبیرانی ڕەهەند ڕێک بەرجەستەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە دەکەن. لە کوێدا کێشەی جەماوەری هەبێت، لەوێدا ئەوان ئامادەن. ئەو ئامادەیییە لەناو جەماوەر پێگە و ناوبانگی جەماوەری بۆ فەراهەم کردوون. بەڵام کەس لەناو بیرکردنەوە باوەکاندا نابێت بە داهێنەر. ئەوەی کەسێک دەکات بە داهێنەر هێزی تەنیاییی خۆیەتی. واتە دووربوون لە کۆمەڵ. ئەو دووربوونە مەرج نییە جەستەیی بێت، بەڵام هەزاران جار پێشمەرجە، کە دووربوون بێت لە بیرکردنەوەی مێگەلییانە و جەماوەرییانە، بە تایبەت کاتێک ئەو جەماوەرەی زۆرایەتییە سەر بە ڕێبازی بیرکردنەوەی وێرانکەر و پووکاوەیە. خودی ئەو لایەنە وای کردووە، کە هەم ڕەهەندییەکان دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە، هەم خۆیان ببن بە کەرەستە و شت بۆ ئەو دەرفەتانە. جەماوەر بوونێکی داینامیک یان گۆڕاوی هەیە؛ ئەمڕۆ بە ئاوازەکانی تۆ مەست دەبێت و بەیانی نەفرەت لە دەنگەت دەکات، بگرە هەوڵ دەدات دەنگت بسڕێتەوە، بەڵام داهێنانەکان دەبن بە سەرچاوە بۆ شکۆدارێتی و سەروەرێتیی داهێنەر بەسەر هەلومەرجەکاندا، بەسەر شوێن و کاتە دوور و هێشتانەگەیشتووەکاندا و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە بیرەوەریی ئەوانەی هەر لە سروشتەوە سەر بە گیانە مەزنەکانن، واتە بە ئاستە باڵاکانی تێگەیشتن و ئاگامەندبوون. بیرەوەریی ئەو جۆر مرۆڤانە گەورەترین و دەوڵەمەندترین مەودایە بۆ هەر داهێنەرێک، چونکە لەو جۆرە بیرەوەرییانەدا، داهێنەر لە دوای سەدان ساڵ لە مردنیشی، درێژە بە وزەی بیرکردنەوەکانی دەدات؛ ئەو وزە و بیرکردنەوانەی لە ڕەچەڵەکدا لە هەرێمە هەرە قووڵەکانی ئاگامەندییەوە هاتوون.  

٥

هەمان هۆکار ڕەگ و خەسڵەتی میللیبوونی نووسینی نووسەرانی ڕەهەندە. ڕیگەم بدە نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە، کە لە ژمارەکانی (١٦-١٧)ی گۆڤاری (ڕەهەند) بڵاو کراوەتەوە. (بەختیار عەلی) لە گوتارێکی درێژی نازانستی و پڕ لە بۆچوونی دژبەیەک و ناڕێکخراو بۆ پیرۆزکردنی دیاردەی شەهیدبوون، لەژێر ناونیشانی (شەهید: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەکارهێنانە سیاسییەکانی مەرگ)، سەبارەت بە جیاوازیی نێوان دەستەڵات و حیزب دەنووسێت: “جیاوازی نێوان دەسەڵات و حیزب لەوەدایە دەسەڵات بەشێکی هەمیشەیی پێکهاتی کۆمەڵگایە. لە زۆر پنت و شوێنگەدا دەسەڵات پێویستی بە بەهانەسازی نییە و شەرعییەتێکی سروشتی هەیە، بەڵام حیزب پێکهاتێکی کۆمەڵایەتییە.”5Rahand No. 16 & 17 2004، ل٥٧ ئەم تێگەیشتنە بەردەوام زاڵ بووە چ لە سەردەمی نووسینەکە و چ ئێستا. ئەگەر ئێمە ئەو تێگەیشتنە هەڵبوەشێنینەوە، دەبینین کە ئەو نووسەرە لە خودی چەمکی دەستەڵات تێنەگەیشتووە. یەکەم شت، دەستەڵات بەشێکی هەمیشەییی هیچ کۆمەڵگایەک نییە، بەڵکوو دەستەڵات بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، کە لەسەر بنەمای پەیمانی هێزەکان پێک دێت و ڕەوایەت (legitimacy) وەردەگرێت. لەو ڕووەوە، هیچ دەستەڵاتێک نییە، کە ڕەوایەت (یان شەرعیەت)ێکی سروشتی هەبێت، بەڵکوو وەک (ماکس ڤیبەر)یش ئاماژەی پێ دەدات، ڕەوایەت هەمیشە پێکهێنراو و پەیمانلەسەربەستراوە. 6Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press. لە زۆر پنت و شوێنگەدا دەستەڵات پێویستی بە بەهانەسازی نییە) – کێ ناتوانێت وەها حوکمێکی هەرەلەخۆوە و بێبنەما بدات؟ هەر دەستەڵاتێک بۆ ئەوەی ڕەوایەتپێدراو بێت، پێشمەرجە، کە بریکاری هەرە بچووکترین پێکهاتەی ڕەوایەتییەکەی بێت. لەو ڕووەوە، پێویستی بەوەیە، پاساو (justification) بۆ سەپاندنی هێزی خۆی بهێنێتەوە. ئەگەر ئەو ڕەوایەتە بە حیزب بدرێت، هەمان حیزب دەبێت بە خاوەنی دەستەڵاتێکی ڕەوایەتپێدراوە، وەک ئەوەی لە حیزبی کۆمیۆنیستیی دەستەڵاتداری (چین)دا هەیە. ئەگەر ئەو ڕەوایەتە بە حوکوومەت بدرێت، لێرەدا حوکوومەت دەبێتە بریکاری دەستەڵات، بۆیە شتێک نییە بە ناوی جیاوازیی نێوان دەستەڵات و حیزب وەک دوو چەمکی هاوتای یەکتر. ئەوانەی (بەختیار عەلی) تێکەڵی کردوون، حوکوومەت و حیزبن، نەک دەستەڵات و حیزب. بە گوێرەی بونیادە کۆمەڵایەتییەکان، دەکرێت لە شوێنێکدا حیزب دەستەڵاتی ڕەوایەتپێدراو بێت و لە شوێنێکی تردا حوکومەتی دەوڵەتی لەنێویدا هەرێمی. کە من باس لەو جۆرە ناتێگەیشتنە دەکەم، باسی جیاوازیی بۆچوون ناکەم، بەڵکوو باسی ڕەگوڕیشە و پێناسەی چەمکەکە دەکەم. کاتێک (میشیڵ فۆکۆ) لەبارەی هێز، لەوانە دەستەڵاتەوە دەدوێت، جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ (ماکس ڤیبەر) دروست دەکات، بەڵام هەردووکیان خاوەنی تێگەیشتن و پێناسەی زانستین بۆ ئەو چەمکە. (فۆکۆ) باس لە هەمان ئەو هێزە دەکات، کە (ڤیبەر) پێناسەی کردووە، بەڵام تیۆریی ئەو بۆ دەستەڵات، جیاوازە. (ڤیبەر) باسی هەمان ئەو سەرمایەدارییە دەکات، کە (مارکس) ئێمەی لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام پێچەوانەی (مارکس)، بۆ (ڤیبەر) هەلومەرج و فاکتۆرەکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداری بە تەنیا پێوەندییان بە بەرهەمێهان و ململانێی چینایەتییەوە نییە، بەڵکوو بە فاکتۆری تری فرەئاڕاستە، کە لە فەلسەفەی (مارکس) نائامادەن، بۆ نموونە، بەهای پیرۆزی ئیشکردن لە ڕێبازی (پرۆتێستانتیزم) بە فاکتۆرێکی گرنگی سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەزانێت. بەڵام هەردووکیان خاوەنی هەمان پێناس و تێگەیشتنن بۆ چەمکەکان، لەوانە سەرمایەداری، جیاوازی چینایەتی و بەرهەمهێنان. پرسیارێکی تر ئەوەیە بە چ پێوەرێک دەستەڵات لە سروشتەوە دێت، بەڵام حیزب لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان؟ دەستەڵات وەک ئاماژەم پێی دا، بونیادێکی کۆمەڵایەتییە، کە لە ئاکامی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، واتە پێوەندیی هێزەکان دروست دەبێت و ڕەوایەتی وەردەگرێت. ئەم دەستەڵاتە دەشێت سیاسی، ئایینی، حیزبی یان کولتووری بێت. ئەگەر (بەختیار عەلی) کەمێک لە سۆسیۆلۆجیای سیاسی شارەزا بووایە، نەدەکەوتە ئەو هەڵە لۆجیکییەوە، لە کاتێکدا لە هەرە زۆری بابەتەکانی خۆی لەو بوارە دەدات، گوایە ‘شەریعەتی’ ڕۆشنبیریی کوردی شتێکی تایبەت و جیاوازە. من ئەو خاڵانەم بە چڕوپڕی لە پەرتووکی (کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت) باس کردوون و بە پێویستی نازانم لێرەدا بیانخەمەوە ڕوو. ئەوە نموونەیەکی زۆر بچووک و بگرە زۆر باشترە لە چەندان نموونەی چەندبارەبووەوە و هاوشێوەی تر، کە لێرەدا ناپێوەندیدارن.

هەر لە هەمان ژمارەدا ئاراس فەتاح بابەتێکی لەژێر ناونیشانی (شوناس و ململانێ لە کۆمەڵگەی دوای جەنگ) بڵاو کردووەتەوە. بابەتەکە ئەگەرچی سەبارەت بە ململانێ و کۆمەڵگەی دوای جەنگە، کەچی زیاتر لەبارەی دەوڵەت و کێشەی دەوڵەتدارییەوە دەدوێت، بەبێ ئەوەی لەو بابەتەدا پێمان بڵێت دەوڵەت و دیاردەی دەوڵەت چین. جگە لەوە، بابەتەکەی ئەو زیاتر جۆرێکە لە پێشنیازخستنەڕوو بۆ کێشە سیاسییەکانی سەردەمەکەی تا ئەوەی بونیاد، میکانیزم و هەلومەرجەکانی دەوڵەتبوون و کێشەکانی بخاتە ڕوو. واتە ئێمە هیچ شتێک فێر نابین، بەڵکوو ئەو ڕووداو و ئاکامانەی هەن، دەخرێنەوە بەر دەممان بە دیدگا و بۆچوونی تاکەکەسی. بۆ نموونە، ئەو نووسەرە پێمان دەڵێت: “ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی کوردستانی باشوور پێچەوانەی ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت؛ ئەو ڕاستییەی کە ئێمە دەبێت دان بە فەشەلی ئەزموونی بنیاتنانی بنەما سەرەکی و سەرەتاییەکانی دەوڵەت و نەتەوە بە مانا سیاسییەکەی بنێین.” 7Rahand No. 16 & 17 2004,l115.

ئێمە چی لەو بۆچوونە فێر دەبین و کێ هەیە نەتوانێت بۆچوونێکی وا بخاتە ڕوو؟ ئەگەر شتێک شکستی هێناوە، ئەو شکستە لە کوێوە هاتووە و لەسەر چ بنەمایەکیش شکستە؟ “مانا سیاسییەکە” چییە و کامەیە؟ من ئەگەر ئەو “مانا سیاسی”یەم بۆ دیاری نەکرێت، چۆن بتوانم لە مەبەستی ئەو نووسەرە بگەم؟ هەموومان دەتوانین چەندان دەستەواژە و چەمکی لەو شێوەیە ڕێز بکەین، بەبێ ئەوەی بە یەکتر بڵێین مەبەستمان چییە. کاتێکیش خوێنەرێک لێمان تێنەگات، دەتوانین بەوە تۆمەتباری بکەین، کە ناهۆشیارە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، کە کێشەی بنەڕەتیی زمانی ئێمە دەبێت نەک هۆشیاری و ناهۆشیاریی خوێنەر. من دەتوانم، بۆ نموونە، چەندان دەستەواژەی وات بۆ ڕیز بکەم، لەوانە کێشەی کۆمەڵگە بە مانا سایکۆلۆجییەکەی، تێگەیشتنی من بە مانا فیزیاییەکەی، بۆچوونی تۆ بە مانا (فرۆید)یەکەی، هێز بە مانا (نیتشە)ییەکەی و چەندان نموونەی تری لەژمارنەهاتوو. ئەوە جۆرێکە لە فڕێدانی چەمک بۆ ناو نووسین، بەبێ ئەوەی تێگەیشتن بۆ ئەو چەمکانە دیاری کرابن. لە زۆر ئاستیشدا، ئەو جۆرە نووسینانە مەڵاسدانی نەزانین و تێنەگەیشتنن لە ئاست چەمکەکاندا.

نموونەیەکەی تر، وتارێکی هاوبەشی (بەختیار عەلی)، (ئاراس فەتاح)ە، کە لەبارەی دەستەڵاتدارێتییەوەیە و ئەمە ناونیشانیەتی (دەسەڵاتدارێتی و پڕۆسەی بە کۆمەڵگابوون). لەوێدا پێناسەیەکی نازانستی و ناسۆسیۆلۆجیمان سەبارەت بە دەستەڵات بۆ دابین دەکرێت، وەک هاتووە: “دەسەڵات ستراتیژێکە و لە لایەن دەسەڵاتدارێتییەکی سیاسییەوە دەخرێتەگەڕ.”8Rahand No. 9 &102000, l36 دەستەڵات ستراتیژ نییە، بەڵکوو بونیادێکە، کە ئاکامی پەیمانی ستراتیژیی هێزەکانە. ئەو بونیادە خاوەنی ستراتیژ و مێکانیزمی فرەچەشنە. دەستەڵات دەکرێت وەک ستراتیجێک بە کار بێت، دەشێت وەک مێکانیزمێک بۆ سەپاندن، بەڵام ئەوانە دەرکەوتەن لە دەستەڵاتدا، نەک ستراتیژ. بە پێچەوانەوە، ئامانجی ستراتیژێک دەشێت بەرفرەوانکردنی پێگە و هەژموونی دەستەڵات بێت. ستراتیژ بە دەربڕینێکی سادە واتە ئێمە لە خاڵی یەک دەمانەوێت بگەین بە خاڵی دوو. بۆ ئەو مەبەستە مێکانزیم، بەرنامەڕێژی و ئامانجمان دیاری دەکەین. لەو ڕووەوە، ستراتیژ کەرەستەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک تا ئەوەی بونیاد و بنەڕەتی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، واتە پێوەندیی هێزەکان، بێت. کارەکتەرەکانی ناو کۆمەڵگە دەشێت خاوەنی پێوەندیی ستراتیژی ئاڵۆز بن، بەڵام ئەوە بونیادێکی دەستەڵات. دەبینین ئەو گەورەنووسەرانەی ڕەهەند، کە زۆرترین دژایەتیی دەستەڵاتیان کردووە، خۆیشان لە چەمکی دەستەڵات نەگەیشتوون. نووسەری نەفرەتکار لە نیشتیمان، کە (بەختیار عەلی)یە، لە (قەسیدەی نیشتیمان)دا بە خرۆشەوە نەفرەت لە هەلومەرجێکی هەرە بنەڕەتیی ژیان دەکات، کە نیشتیمانە. ئەو قەسیدەیە، بە ڕەچاوکردنی ئەو سەردەمەی لێی نووسراوە، کە ساڵانی هەشتاکانە، گەورەترین خزمەت بووە بە گوتاری حیزبی بەعس، چونکە ئەوەی بەعس هەوڵی بۆ دەدا لە هۆشی کورددا بیسەپێنێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی ئەشکەنجەدان، هەر نەفرەتکردن بووە لە نیشتیمان. کەسێک لە بنەڕەتدا بزانێت نیشتیمان واتە چی، نەک ئەوەی سەرچاوەی قووڵترین تێگەیشتنی لە نیشتیمان لە دروشم و هوتافی سیاسییەکانەوە بێت، ناتوانێت نەفرەت لە نیشتیمان بکات، چونکە نیشتیمان لە بوونی ئێمە دانەبڕاوە، بەڵکوو بە تەنیا ئاماژەدانە بەو هەلومەرجە سروشتییەی شوێن و کۆمەڵ، کە سەرچاوەیەکی خۆڕسکە بۆ ژیان، لەوانە ژیانی ئێمە.بۆیە دەبینین وەک چۆن (بەختیار عەلی) دەستەڵات و ئامرازەکانی دەستەڵات لە یەکتر جیا ناکاتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لەو چەمکانە بە دروستی نەگەیشتووە، بە هەمان شێوە، نیشتیمان، حیزب و دەوڵەتداریشی تێکەڵ کردوون و کردوونی بە یەک. نیشتیمان، بۆ نموونە، ئەو دارزەیتونانەی (عەفرین)ن، کە ئێستا لە (ئیزمیر) ئاوارەن. نەفرەتکردنی نیشتیمان واتە نەفرەتکردن لەو دار و درەختانە، لە چیا و دۆڵەکانی، لە ڕووبار و دەریاچەکانی، لە بوونەوەرەکان، لەوانە ئاژەڵ و مرۆڤی سروشت. جگە لەوە، چونکە زمانی (بەختیار عەلی)، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، لە کۆمەڵگە، لەوانە لە ئایینی ئیسلامەوە هەڵقووڵاوە، بە هەمان کەرەستەکانی ئەو زمانەیش دەنووسێت. ڕەگی “نەفرەتکردن” لە هۆشی ئێمەدا لە ئایینەوە هاتووە و بۆ هوتافە سیاسییەکان درێژ بووەتەوە. بۆیە، مرۆڤانی هەستەبەرز، مرۆڤانی هێزدار، هەرگیز نەفرەت لە هیچ شتێک ناکەن و خاوەن ئەو دەربڕینە لاوازانەیش نین، چونکە خاوەنی هێزی تێگەیشتنن تەنانەت لە ئاست هەرە هەژێنەرترین کارەساتەکان. چ کۆمێدیایەکی گەورە دەبوو فەیلەسووفێکی وەکوو (مارکس) گوتبای ‘نەفرەت لە سەرمایەداران!’.

٦

لەو کۆنتێکستەدا، پێویستە جارێکی تر ئەوە بە تەواوەتی ڕوون بکەمەوە، کە مەبەستم لە تێنەگەیشتن لە چەمکەکان چییە بۆ ئەوەی خوێنەر بۆی ڕوون بێتەوە، کە ئەوەی من باسی دەکەم، جیاوازییەکان نین، بەڵکوو تێنەگەیشتنی سەرەتایی و پێشمەرجن بۆ چەمکەکان. بۆ نموونە، دەشێت جیهانبینیی ئێمە بۆ چەمکی مردن، ژیان، بوون، ئاکار و داهێنان زۆر جیاواز بێت لە جیهانبینیی بیریارێکی وەکوو (د. محەمەد کەمال). ئەو جیاوازییانە بۆ من بە تایبەت لە پەرتووکی (کایەکانی هێز) دامەزراون، بەڵام من ناتوانم بڵێم (د. محەمەد کەمال) لەو چەمکانە نەگەیشتووە. بە نموونەیەکی کۆنکریتتر بدوێم، (د. محەمەد کەمال) لە کتێبی (نیتشە و پاش تازەگەری)، پاش ئەوەی تێگەیشتنێکی تۆکمە بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی)ی (فریدریک نیتشە) دادەمەزرێنێت، ڕەخنە لەو بیریارە دەگرێت و هێنانەوەی ئەو باوەڕە بۆ ناو فەلسەفە بە ناپێویست دەزانێت. بۆچوون و تێگەیشتنی من بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) جیاوازە لەوەی (محەمەد کەمال)، بەڵام ئەو جیاوازییە بنەڕەتە بۆ دروستبوونی ئاڕاستەی ڕەخنە. من ناتوانم بڵێم (محەمەد کەمال) چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی)ی یۆنانییە کۆنەکان و (دۆناودۆن)ی (هیندویزم) و (بوودیزم)ی تێکەڵ کردوون، چونکە ئەو بیریارە نەک ئەو چەمکانەی تێکەڵ بە یەکتر نەکردوون، بەڵکوو تێگەیشتنی تۆکمەی بۆ دامەزراندوون. لە دوای ئەو تێگەیشتنە تۆکمە و ڕەخنەیییانە، کە (محەمەد کەمال) بۆچوونەکانی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت، بوار بۆ ئەوە دەسازێت، کە جیاوازیی نێوان بۆچوونەکان دروست ببێت. هەر چەمکێک لای ئەو بیریارە لە بناغەوە ئیشی لەسەر دەکرێت و لەسەر ئەو بناغەیە ئاڕاستەی جیاواز دروست دەبن. ئەو جۆرە خەسڵەتە پێشمەرجە بۆ هەر نووسەرێک لە هەر بوارێک بێت. ئەو نووسینانەی زمانی میللی، واتە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی میللی، لە نووسیندا دەسەپێنن، نەک هیچمان پێ ناڵێن، بەڵکوو زیادە و ناپێویستن. ئێمە لە نووسینەکانی (محەمەد کەمال)دا نەک هەر بەر زمانێکی میللی ناکەوین، بەڵکوو بەر لە هەر شتێک زمانی میللی تێ پەڕاندووە. ئەگەر (محەمەد کەمال) بە زمانێکی ئیسلامی لەبارەی چەمکی جیهان لە دیدی (مارتن هایدیگەر)ەوە دوابا، خزمەتێکی گەورەی بە خوێنەرانی هەواداری زمانی ئایینی دەکرد؛ زمانێکی پڕ لە حوکم و زیندان، کە هەمووان ڕۆژانە لە ئاستی میللیدا قسەی پێ دەکەن و پێی دەنووسن، بەڵام ئەوە وای دەکرد، کە هەرگیز نەتوانێت زمانێکی فەلسەفی دابهێنێت. ئایا دوالیزمی فریشتە و شەیتان، چاکە و خراپە، نووسەر و سیاسی، گەمژە و ڕۆشنبیر و چەندان دوالیزمی تر لە نووسینەکانی (محەمەد کەمال)دا ئامادەن؟ بیریاربوونی (محەمەد کەمال) لە بیریاربوونی (محەمەد کەمال) لە کوێدایە، ئەگەر وەها زمانێک بە کار بهێنێت؟ لە پێوەندییدا بە ڕەهەندییەکان، من باسی جیاوازیی بۆچوون و تێگەیشتنەکان ناکەم، بەڵكوو باسی نەبوونی بۆچوون و تێگەیشتن دەکەم. هەموومان بەردەوام دەتوانین بڵێین ‘بە بۆچوونی من’ یان ‘بە تێگەیشتنی من’ و چەندان دەستەواژەی تر، بەڵام ئەوە هیچ کاتێک ئاماژە نییە بەوەی ئێمە خاوەنی بۆچوونین. بۆچوون و تێگەیشتن لە قووڵاییەوە دێن، نەک ئەوەی نووسەرێک تێگەیشتنە میللیەکان لە نووسیندا بڕازێنێتەوە و پێی وابێت داهێنانی کردووە. کێشەی نووسەرانی ڕەهەند، لەوانە (بەختیار عەلی)، ڕێک ئەوەیە، کە ئەو چەمکانە لە تێگەیشتنی باوەوە وەردەگرن. ئەو تێگەیشتنە باوە مەرج نییە لەناو زمانی کوردییەوە بێت، بەڵکوو دەشێت هەر خوێندنەوەی وتارێکی ڕەخنەیی نووسەرێکی فارسی، ئەڵمانی، بەریتانی و هەر نووسەرێکی ترەوە بێت. لە تێگەیشتنی باوی زۆرێک لە نووسەرە ڕووکەشەکانی خۆرئاوا، تێنەگەیشتن بۆ چەمکە بنەڕەتییەکانی (نیتشە)، (هیگڵ)، (مارکس)، (فرۆید) و چەندان بیریاری دیکە بە ئاسانی تێبینی دەکرێن، چونکە ڕووکەشی پێوەندیی بە هیچ نەتەوە و زمانێکی دیاریکراوەوە نییە؛ مرۆڤانی هێزدار و خاوەنی تێڕامانی قووڵ لە هەموو کولتوور و نەتەوە جیاوازەکان بەرز دەبنەوە، بەڵکوو ڕووکەشی هەلومەرجێکی هاوبەشی هۆشیارییە، وەک پێشتر ئاماژەم بۆی کردووە. کاتێک (سلاڤۆی ژیژەک) دیبەیت لەگەڵ (جۆردان پیتەرسۆن) دەکات، (ژیژەک) لەو شوێنە دەست پێ ناکات، کە جیاوازیی هزری و ڕەخنەییی نێوان ئەو و (پیتەرسۆن)ە، بەڵکوو لەو شوێنەی، کە (پیتەرسۆن) تەواوی مارکسیزمی لە (مانیفێستۆ)دا کورت کردووەتەوە، لەوەی، کە ئەو تێگەیشتنەکانی ئەو کەسە لە تێگەیشتنی باو یان (main stream)ەوە هاتوون. لەوێدا (پیتەرسۆن) لە دیبەتکارێتەوە زیاتر دەبێت بە فێرخوازێک. بەڵام ئەگەر کەسێک ئەو تێگەیشتنە ڕووکەشانەی (بەختیار عەلی) بخاتە سەر ئاڕاستەیەکی دروست، ئەوەی لێی دەکەوێتەوە تووڕەیی و داهێنانی ئاوەڵناوی نوێترن لە لایەن ئەو نووسەرەوە، لەوانە (گەمژە)، (خۆگێلکەر)، (هیچنەزان) و چەندانی تر، کە من پێشتر نامەیەکم لەو بارەیەوە هەم بۆ خودی خۆی ناردووە هەم لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوم کردووەتەوە. ئەو بۆچوونە بنەڕەتیانە پێچەوانەی دیدگاکانی (بەختیار عەلی)یە بۆ مرۆڤی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، یان بە واتایەکی تر سەروەرێتیی جۆری مرۆڤی خۆرئاوا بەسەر مرۆڤی خۆرهەڵات، کە ڕەگوڕیشەی ئەو تێگەیشتنە کەلتووری ئیمپریالیزمە. هەر لەو دوو چەمکەیشدا، خاڵی دەستپێکی ئەو نووسەرە تێگەیشتنی میللیە، واتە بە تەنیا خۆرهەڵاتی و خۆرئاوابوون جیاوازییەکی گەورەمان بۆ دروست دەکات. بیرکردنەوە و داهێنەربوون سەر بە هیچ نەتەوەیەک و گرووپێکی دیاریکراو نییە. هەر بەڕاستی (بەختیار عەلی) چۆن لە مرۆڤ تێگەیشتووە یان دروستتر تێنەگەیشتووە؟ بۆ نموونە، با سەیر بکەین و بزانین ئەو نووسەرە چۆن نەک بە تەنیا لە مرۆڤی کورد، بەڵکوو لە نەتەوەی کورد تێگەیشتووە.

کاتێک باسێک پێوەندیی بە کوردەوە هەیە، دیدی (بەختیار عەلی) جێگیرە: وەک لە چاوپێکەوتنێک لە کەناڵی کوردسات ئاماژەی پێی دا، کە بە شێوەیەکی جیاوازتر لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) لە ساڵی ٢٠١٢، پێداگری لەسەر کردەوە، ‘مردنی تەواوی کورد هێندەی سێ سەد ئەندازیار کاریگەری لەسەر جیهان نابێت (ئەگەر لایەنە مرۆڤایەتییەکەی لێ دەرکەین)’! (بەختیار عەلی) وەک کاڵایەک لە نەتەوە و کوردەکانی ڕوانیووە، بە بوونی خۆیشییەوە؛ کاتێک ئەو کاڵایە سوودی نەبێت، بوون و نەبوونی وەک یەکە. من لەو کۆنتێکستەدا تەنیا دەتوانم (بەختیار عەلی) بە (ئەدۆڵف هیتلەر) بەراورد بکەم، کە بوونی جووەکان هەراسانی کردبوو؛ خەسڵەتی ئەوانەی لە قووڵاییی بیرکردنەوەکانیاندا خواستیان سڕینەوەیە، چونکە لە بنەڕەتدا هۆشی خۆیان لەگەڵ ژیان و بووندا لە هاڕمۆنیادا نییە. کێشەکە لەوەدا نییە ئەو نووسەرە چ نیازێکی هەیە، بەڵکوو ئەوەیە، کە هەژاریی بیرکردنەوە چەندە ئاکامی وێرانکەری لەسەر مرۆڤ هەیە. ئەو گوزارشت لە جیهان ناکات، چونکە کەس ناتوانێت بە ناوی جیهانەوە قسە بکات؛ جیهان یەک بوونی جێگیر و هەمەچەشن نییە، تاوەکوو بۆمان بدوێت، بەڵکوو ئەوەی لێرەدا قسە دەکات جیهانبینیی نووسەرێکە، جیهانبینییەکی وێرانکەر و داڕووخاو. کاتێک (بەختیار عەلی) ئەو قسەیە دەکات، ئەو جیهانی لە هۆشی خۆیدا بەسەر بەرەی سوودبەخش و بەرەی بێسوود دابەش کردووە. دەبینێت، واتە لە هۆشی خۆیدا وای دەبینێت، کە کوردەکان هێندەی دوو سەد بۆ سێ سەد ئەندازیار سوودبەخش نین (ناشزانین بە چ پێوەرێک؟!). سوودبەخش بۆ چی و بۆ کێ؟ بۆ وەبەرهێنان. کاتێک ڕۆبۆتەکانیش لە مرۆڤ سوودبەخشتر بن، لەناوچوونی تەواوی مرۆڤایەتی هێندەی سێ سەد ڕۆبۆت کاریگەرییان لەسەر جیهان نابێت. ئەو جیهانە چ جیهانێکە کە تێیدا نەتەوەیەکی دەیانمیلیۆنی هێندەی ژیانی سێسەد ئەندازیار گرنگ نەبێت بە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو ئەندازیارانە خزمەت بە بواری بەرهەمهێنان دەکەن ئەگەر ئەو بەرهەمهێنانە وێرانکارترین جۆری بەرهەمهێنانیش بێت؟ بەڵام وەک ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بۆی زیاد دەکات، ناگرنگێتیی لەناوچوونی کورد لەسەر “ئەم ئەستێرە”یە، نەک بە تەنیا گرنگ نییە لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە، بەڵکوو هۆکارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە هەر میللەتێک، لەوانە کورد، “ئامادەگی نەبێت لە دروستکردنی یان لە گەشەدان بە ئەقڵی ئینسانیەتا، وە بە رۆحی ئینسانیەتا”9بەشی یەکەمی گفتوگۆی کەناڵی (NRT) لەگەڵ (بەختیار عەلی)، کە لەم لینکەی یوتوب بەردەستە. دەقەی 23 بۆ 24. https://www.youtube.com/watch?v=lZU6_BM-LgA&t=334s، ژیانی هێندەی دوو سەد ئەندازیار لە بواری تەکنەلۆجیا گرنگ نابێت. ئەو جیهانە جیهانێکی نەخۆش و وێرانکەرە؛ شوێنی ئەو جیهانە ناو هۆشی (بەختیار عەلی)یە و مرۆڤ ناتوانێت لە هیچ شوێنێکی تر بیدۆزێتەوە. جگە لەوە، مەبەستی ئەو نووسەرە لە “ئەقڵی ئیسانیا” و “رۆحی ئینسانیەتا” چییە؟ واتە مرۆڤانێک هەن، لەوانە تەواوی کوردەکان، لە دەرەوەی ئەقڵ؟ لە دەرەوەی “رۆحی ئینسانیەتا”؟ من لەو بۆچوونانەی ئەو نووسەرە تێناگەم، نەک لەبەر ئەوەی ئاڵۆزن، ڕاستییەکەی زۆریش ڕووکەشن، بەڵکوو لەبەر ئەوەی نە پێمان دەڵێت “ئەقڵی ئینسانیا” واتە چی، نە “رۆحی ئینسانیەتا”. وەکوو تر، (بەختیار عەلی) دەیەوێت وێنەیەکی واقیعمان پێشان بدات، وێنەیەک، کە لە هۆشی خۆیدایە. مرۆڤ، وەک بە چڕی لە پەرتووکی (کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت) لەسەری دواوم، بەشێکە لە ململانێی هێزەکان. 10سۆران ئازاد. (2021). کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کوردڕاوم. چاپی یەکەم، ل.48نەک بوونی هیچ مرۆڤێک بە تەنیا، بەڵکوو بوونی هیچ بوونەوەرێک، بە ڕووەکەکانیشەوە، نەک زیادە نین، بەڵکوو پێشمەرج و پێویستێتیی سروشتین بۆ ژیان. ئەوەی ئێستا تاکەکەسی لە کۆمەڵگەکان نامۆ کردوە، ئەو دابڕانەی مرۆڤایەتییە لە سروشتێتیی خۆی و کەمکردنەوەی بەهای مرۆڤ لە بەکارهێنانیدا. ئەوە ڕەوتێکە لە جیهاندا، بەڵام خودی جیهان نییە. ئێمە لە (کیەکەگۆرد)ەوە فێر دەبین، کە ‘کێشەی یەک تاکەکەس کێشەی تەواوی مرۆڤایەتییە و کێشەی تەواوی مرۆڤایەتی کێشەی تاکەکەسە’.11(سۆرن کیەکەگۆرد) لە پەرتووکی (چەمکی نیگەرانی) بە چڕی ئاماژە بەو خاڵە دەدات، کە چۆن تاکەکەس و مرۆڤایەتی لەیەکتر دابڕاو نین، بەڵکوو ئەوە تاکەکەسە مرۆڤایەتی پێک دەهێنێت و ئەوە مرۆڤایەتییە، کە بەرهەمی تاکەکەسەکانە. لەو ڕووەوە، پێچەوانەی تێگەیشتنی ئایینی بۆ چیرۆکی (ئادەم و حەوا)، بە دیدی (کیەکەگۆرد)، لەو کتێبەیدا، تاوانی هەر تاکەکەسێک لە (ئادەم)ەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو، ئەگەر تاوانێکی ئایینی هەبێت، ئەوا لە خودی ئەو تاکەکەسەی هاتووەتە بوون، دەست پێ دەکات. لەو ڕووەوە، بوونی هەر کەسێک گەورەترین نوێنەرایەتیکردنی بوونی تەواوی مرۆڤایەتی و خودی بوونە.بڕوانە: Kierkegaard, Søren.(2014 [1844]).The Concept of Anxiety: a Simple Psychologically Orienting Deliberation on the Dogmatic Issue of Hereditary Sin(Alastair Hanny, Translation). LIVERIGHT, p.36-42 بەدرێژاییی مێژوو ڕەوتی و ململانێی جیاواز هەمیشە ویستوویانە گوتاری هێزی خۆیان زاڵ بکەن. لەو جۆرە زاڵکردنانەدا، ویستی سڕینەوەی ئەوانی تر بەشێک بووە لە مێکانیزمی هێز و ڕووبەڕووبوونەوە. ئەوەی بە دڕندەییەکانی (داعش) تۆقاوە، ڕەنگە نەزانێت لە مێژوودا چەندە ئایین و کەمایەتی بە داگیرکارییەکان یان ‘فتوحاتی’ ئیسلامی لەناوچوون. بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو کەمایەتی، نەتەوە و ئایینانە لە دیدی ‘موجاهیدان’ەوە زیادە بوون، پێوەری هیچێتی و ناپێویستێتیی ئەوان نییە، بەڵکوو ئاکامی هیچێتی و نەریتی وێرانکەری ئەو ئایدۆلۆجیا و گرووپانەیە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر ویستی سڕینەوە دامەزراون. ئەو جیهانەی (بەختیار عەلی) لە هۆشی خۆیدا وێنای کردووە، جیهانێکی وێرانکەرە و لەسەر ویستی سڕینەوە دامەزراوە. ئەگەرنا، هەموو کۆمەڵگاکان جیهانین. چەندان کۆمەڵگەی جیهان لە دەرەوەی پەرەسەندنەکانی بواری تەکنەلۆجیا و زانستن، بەڵام تەکنەلۆجیا و زانست پێوەری بەهای بوون، ژیان و جیهانێتیی کۆمەڵگاکان نین؛ ئەوەی پێوەری ژیان و بوونە هێزی خۆڕسکی کۆمەڵگەکانە. کایەکانی هێز لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پێشبینی نەکراون، چونکە هێز بەردەوام لە خۆگواستنەوەدایە. چەقی هێز، لەوانە هێزی ئابووری، تەکنەلۆجی و دارایی، دەشێت ئێستا خۆرئاوا بێت و لە ئاییندە هەرێمێکی تر، بەڵام ئەوانە تەنیا چەند فۆڕم و مۆدێکی هێزن، چونکە هێز هیچ کاتێک لە مۆد و فۆڕمەکانی کورت نابێتەوە، بەڵکوو پێوەندیی بەو سەرچاوانەوەیە هەیە، کە بەردەوامی و پەرەسەندنی بۆ فەراهەم دەکەن. لاوازیی دۆخێک ئاماژە نییە بە لاوازیی تەواوی دۆخەکانی ئەو هێزە.

ئەوەی من پێداگریی لەسەر نەکەم، لایەنی مرۆڤایەتییە. ئەو چەمکە خۆی جێگەی مشتومڕێکی گەورەیە و پێویستە لەو میللیبوونە ڕزگار بکرێت. چەمکی مرۆڤایەتی لە زۆر کۆنتێکستدا، کە بە کار دەهێنرێت، واتای بەزەیێتی دەگەیەنێت. ئەوەی من پێداگری لەسەر دەکەم ڕاستەقینەی بوونە؛ لە سەرجەمی جیهان و بووندا، هیچ بوونەوەرێک و نابوونەوەرێک نییە خاوەنی هێز نەبێت. ئەو هێزداربوونە وای لێ دەکات بوونی پێویستێتی بێت، چونکە هۆش، یان ئەقڵ ناتوانێت لە سەرجەمێتیی سروشتی بوون تێ بگات، هەر حوکمێک، کە دەیدات، ئاکامی ناتەواوەتیی خۆیەتی. قەیرانەکانی ئەقڵ لەڕادەبەدەرن. هەر خودی دامەزراندنی زانین لەسەر بنەماکانی ئەقڵ لای فەیلەسووفە گەورەکان، لە (نیتشە)ەوە بۆ (ڕۆم ڕای باسکار)، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبنەوە. تەنانەت بۆ (نیتشە)، ئەو مرۆڤەی هێزدارە دەستبەرداری ئەقڵ دەبێت. من ئەو ڕەخنانەم بە چڕی لە نووسینەکانی ترم خستوونەتەڕوو، تەنانەت خودی (بەختیار عەلی)یم لەو هەڵە زەقانە و زمانە پڕ ئاوەڵناوەکانی، وەکوو “گەمژە”، “خۆگێلگەر”، “نەزان” و چەندانی تر، لە ڕێگەی نامەیەکی دۆستانە ئاگادار کردووتەوە، بەڵام ئەو لە وەڵامەکانیدا بەرگری لەو جۆرە زمانە میللیە و تێگەیشتنە ڕووکەشانە دەکرد.12خوێنەران دەتوانن خودی نامەکە لە سایتی دەنگەکان، لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێنەوە: http://dengekan.ca/archives/27391بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم ئەو ڕەخنانە دووبارە بخەمەوە ڕوو، بەڵام مەبەستمە پێداگری لەوە بکەم، کە خودی (بەختیار عەلی) تێگەیشتنەکانی سەبارەت بە ئەقڵ لە تێگەیشتنی میللییەوە هاتوون، نەک زانستی. وەک چۆن لە زمانی میللی، خەڵک هەیە بە یەکتر دەڵێن، گەمژە، خۆگێلکەر، ئاقڵ، زانا، زۆرزان و چەندین ئاوەڵناوی تر، بە هەمان تێگەیشتن چەمکی ئەقڵ بە کار دەهێنێت. بەڵام گریمان ئەو جیهانەی (بەختیار عەلی) جیهانی ڕاستەقینەی ئێمەیە. ئەو نووسەرە چۆن گەیشت بە وەها ئاکامێک؟ چەند توێژینەوەی لەو بارەوە کردوون؟ چەند نەتەوە و دانیشتووانی جیهانی وەکوو نموونە وەرگرتوون؟ لە چەند فاکتۆر و گۆڕاو (variable)ی کۆڵیوەتەوە؟ چەند جۆر ئابووریی جیهانی وەکوو پێوەر بە کار هێناوە؟ بە چەند کۆمەڵگە بەراوردی کردوون؟ کامانەن ئەو فاکتۆرانەی بوونی نەتەوەیەک بێسوود و بێبەها دەکات؟ بە چ لۆجیکێک؟ ڕاستییەکەی بۆ ئەوەی مرۆڤ بگات بە وەها حوکمێک سەبارەت بە جیهانێکی وەها وەهمی، پێویستی بە چەند سەدەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، تا وەها گریمانەیەکی بێبنەما بە لایەکدا بشكێنێتەوە. دەبینین خودی ئەو نووسەرەی ستایشی ئەقڵ دەکات، بە زمانێکی ئەقڵانی بیر ناکاتەوە و نانووسێت. گریمان تێگەیشتنەکانی (بەختیار عەلی) ڕەها و دروستن. خودی ئەو چ شتێکی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە؟ چەند ئامێری داهێناون؟ چەند چەمکی زانستی داهێناون و چەند لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش بە جیهان کردووە؟ وەڵامەکە ئەوەیە هیچ یەکێک لەو شتانەی نەکردوون، بەڵام ئایا ئەوە وا دەکات، کە بوونی (بەختیار عەلی) لە جیهاندا زیادە بێت؟ وەڵامەکە نەخێرە.

ئەو جۆرە نموونانە لەژمارەنەهاتوون، بەڵام باسی بنەڕەتی ئەوەیە ڕەهەند، کە لەسەر ئەو جۆرە بیرکردنەوە میللییانە دامەزرا، دەیتوانی چیتر بکات جگە لە میللیبوون؟ با واز لە ڕەهەند بێنین، نووسەرە دامەزرێنەکانی ڕەهەند توانیویانە چ زمانێکی جیاواز دابهێنن جگە لە چەسپاندنی زمانی میللی لەناو نووسیندا؟ ئێمە لەناو ڕەهەند و لەنێو نووسەرانی ڕەهەند، قەیرانی نەبوونی بیریارمان هەیە. کاتێک بیریارێک بوونی نەبێت، داهێنەرێک بوونی نییە، واتە جگە لە زمانی میللی، زمانێکی تر نانووسێت و نادوێت. من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ نووسەرانی میللیدا نییە مادام خواست لەسەر بەرهەمی میللی لەبرەودایە. بە هیچ شێوەیەک نکۆڵی لە ڕۆڵی گرنگی نووسەرە میللییەکان ناکەم بۆ خوێنەرانی هەوادار. گەورەییی جیهان و بوون لەوەدایە، کە هیچ شتێک نە زیادەیە نە کەم؛ دەشێت لە دیدی تۆ و منەوە زیادە بن، بەڵام دیدی ئێمە لە ئاست بوون و جیهاندا چییە؟ نەک بە تەنیا دیدی تۆ و من، بەڵکوو دیدی تەواوی مرۆڤایەتی لە ئاست ئاڵۆزیی و گرێداریی جیهان، ژیان و بووندا کەمتوانایە. کایەی زانین، واتە زانینێک، کە بۆ تێگەیشتن نییە لە بوون، بەڵکوو بۆ وەبەرهێنانە، وەک پێشتر ئاماژەم پێی دا، تەنیا کایەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەو کۆمەڵایەتیبوونە خەسڵەتی سروشتیبوونی پێ دەبەخشێت. ئەو مرۆڤەی دەچێتە سەر مانگ هیچ مەرج نییە هێندەی باڵندەیەک پێوەندییەکی خۆڕسک و سروشتیانەی لەگەڵ ژیان و بوونیدا هەبێت، واتە پێوەندییەکی هاڕمۆنی.

٧

هەموو ئەو شتانەی باسم کردوون، سەرەباسی کورتن، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتا گرنگن بۆ ئەوەی دەروازە و ئاڕاستەی ڕەخنە بەڕووی ئەوانی تردا بکرێتەوە و سەروەرێتیی بیرکردنەوەکانی خۆیان پێشەنگی هەر جۆرە وەهمێک بێت. ئاییندە ئاییندەی ئاڕاستەی ڕەخنەکارییە، بەڵام ئەو ئاڕاستەیە وا دەخوازێت ڕاستگۆی لە نووسیندا پێگەی خۆی بگرێت. ڕاستگۆیی لە نووسیندا نەک بە تەنیا پێشمەرجە، بەڵکوو پێویستییەکی هەرە بنەڕەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەلومەرج و وەهمانەی ڕێگەی بیرکردنەوەی قووڵ و تێگەیشتنمان لێ دەگرن. ڕاستگۆیی (integrity) ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرێت، کە ئێمە نووسین وەک ئامرازێکی تاکەکەسی بە کار بهێنین. ڕاستگۆیی لە هەمان کاتیشدا دوورمان دەخاتەوە لەو مەترسییەی، کە ئێمە لەسەر خەرجیی ئەوانی دیکە پێگەی خۆمان بەهێز بکەین. بەڵام ئەو جۆرە ڕاستگۆییە ناکەسێتییە ڕێک ئەو شتەیە، کە (ڕەهەندییەکان) دژایەتییان بەرانبەر بەرپا کردووە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی (ڕەهەندییەکان) دەریان بڕیووە و دەری دەبڕن لە بیرکردنەوەی بەرتەسکیی کەسیانەی خۆیان تێنەپەڕیووە. بۆ ئەوانەی لە هێزی بیرکردنەوە تێگەیشتوون، هیچ بەربەست و دژایەتییەک ناتوانێت بیانترسێنێت. ئێمە دەبێت دەستبەرداری مردووەکانمان بین، چونکە مردن پاراستنی شکۆمەندیی و وزەداریی ژیانە.


پەراوێزەکان

  • 1
    Nietzsche, F. (1984, 1986 [1878]). Human, All Too Human: a book for free spirits (Marion Faber&Stephen Lehmann, Translation). University of Nebraska Press. P. 123, aphorism: 201
  • 2
    Saussure, F. (2013 [1916]). Course in General Linguistics (Trans. Roy Harris). London, UK: Bloomsbury Publishing Plc. ISBN: PB: 978-1-4725-1205-5, p. 18
  • 3
    Sloterdijk, P. (2013[2009]). You Must Change Your Life (Wieland Hoban, Trans.). UK: Polity Press. p. 156
  • 4
    fornet-betancourt,  raúl, becker,  helmut, gomez-müller,  alfredo, & gauthier,  j. d. (1987). the ethic of care for the self as a practice of freedom: an interview with michel foucault on January 20, 1984. Philosophy & Social Criticism, 12(2–3), 112–131.https://doi.org/10.1177/019145378701200202
  • 5
    Rahand No. 16 & 17 2004، ل٥٧
  • 6
    Weber, Max. (1978[1922]). Economy and Society: An outline of interpretive sociology. Vol. 1. (Roth, Guenther, & Wittich, Claus. Trans.). Berkeley: University of California Press
  • 7
    Rahand No. 16 & 17 2004,l115.
  • 8
    Rahand No. 9 &102000, l36
  • 9
    بەشی یەکەمی گفتوگۆی کەناڵی (NRT) لەگەڵ (بەختیار عەلی)، کە لەم لینکەی یوتوب بەردەستە. دەقەی 23 بۆ 24. https://www.youtube.com/watch?v=lZU6_BM-LgA&t=334s
  • 10
    سۆران ئازاد. (2021). کایەکانی هێز: سەبارەت بە مرۆڤی سروشت. لە بڵاوکراوەکانی دەزگای کوردڕاوم. چاپی یەکەم، ل.48
  • 11
    (سۆرن کیەکەگۆرد) لە پەرتووکی (چەمکی نیگەرانی) بە چڕی ئاماژە بەو خاڵە دەدات، کە چۆن تاکەکەس و مرۆڤایەتی لەیەکتر دابڕاو نین، بەڵکوو ئەوە تاکەکەسە مرۆڤایەتی پێک دەهێنێت و ئەوە مرۆڤایەتییە، کە بەرهەمی تاکەکەسەکانە. لەو ڕووەوە، پێچەوانەی تێگەیشتنی ئایینی بۆ چیرۆکی (ئادەم و حەوا)، بە دیدی (کیەکەگۆرد)، لەو کتێبەیدا، تاوانی هەر تاکەکەسێک لە (ئادەم)ەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو، ئەگەر تاوانێکی ئایینی هەبێت، ئەوا لە خودی ئەو تاکەکەسەی هاتووەتە بوون، دەست پێ دەکات. لەو ڕووەوە، بوونی هەر کەسێک گەورەترین نوێنەرایەتیکردنی بوونی تەواوی مرۆڤایەتی و خودی بوونە.بڕوانە: Kierkegaard, Søren.(2014 [1844]).The Concept of Anxiety: a Simple Psychologically Orienting Deliberation on the Dogmatic Issue of Hereditary Sin(Alastair Hanny, Translation). LIVERIGHT, p.36-42
  • 12
    خوێنەران دەتوانن خودی نامەکە لە سایتی دەنگەکان، لەم لینکەی خوارەوەدا بخوێنەوە: http://dengekan.ca/archives/27391