هەیوانی بەرهەتاو

لە نۆروێژییەوە: ئیسماعیل ئیسماعیل زادە

ئه‌مە‌ دیمه‌نێکی دیکه‌یه‌. سه‌فه‌رێکی ته‌واو جیاوازه‌. بووسه‌که‌ش جۆرێکی دیکه‌یه‌. هەڵبەت هێندێک شت هەن کە قەت لەبیری ناچنەوە، زۆر بە جوانیی لەبیری دەمێنێت که‌ ئەم سەفەرە چۆناوچۆن دەبێت. قەت قەت لەبیری ناچێتەوە. ئەو تەنیا کچۆڵه‌یه‌ک بوو. کچۆڵه‌یه‌کی بچووک به‌ڵام بوێر له‌سه‌ر کوشنێکی تایبه‌ت به‌ خۆی له‌ناو بووسێکی قه‌ره‌باڵغدا. دایکی له‌ دواودواوه‌ دانیشتبوو، به‌ڵام ئەم ده‌بوو له‌ پێشه‌وه‌ دابنیشێت، ڕێک لە بەر ده‌رکه‌که‌ی پێش پێشه‌وه‌. بە تایبەتی لە بووسەکاندا. ته‌نیا ئه‌و کوشنه‌ تاک بوو. ئه‌وانی تر هه‌موو جووت بوون. باوکی به‌ پێوه‌ بوو. له‌ ناوه‌ڕاستی بووسه‌که‌دا ڕاوه‌ستابوو و ده‌ستی لەو ئه‌ڵقه‌یه‌ توند کردبوو که‌ له‌ بنمیچی بووسه‌که‌وه‌ شۆڕ بووبووه‌. یان شیش بوو؟ چاک له‌بیری نەماوە، به‌ڵام سه‌رقۆڵه‌ سپییه‌کانی له‌ بیرە. یەکێک لە سه‌رقۆڵە سپییەکان لە گشتیان تایبەتترە، لە کاتی ئاوڕدانەوەدا ئەم سەرقۆڵە سەرنجی ڕاکێشابوو. به‌ ڕێکه‌وت باسک و ده‌ستی ئه‌وی دیت کە توندی کردبوون‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی ئه‌وشانه‌وشانکردن و وه‌رسووڕانی بووسه‌که‌ له‌ جاده‌که‌دا نەکەوێت. ترووسکه‌ی دوگمه‌یه‌ک لە چاوی دا کە به‌ بن قۆڵی چاکه‌تە ڕه‌شه‌کەیەوه‌ بوو. جاری وا بوو‌ له‌وێ بوو و جاری واش بوو که‌ ئاوڕی ده‌داوه‌ لەوێ نەمابوو. هه‌روه‌ها دایکیشی چووبوو، جا بە باوشێک قژی لوولەوە، به‌و چڕوچاو و دەم و لووتەیه‌وه‌! ئه‌م پێی وابوو ئه‌وان دابه‌زیون‌. دەرکەیەکیش له‌ دواوه‌ی بووسه‌که‌ هەبوو. ئه‌وان له‌ بیریان چووبۆوە که‌ ئەم لە پێشەوە دانیشتووە، له‌ بیریان چووبووەوە که‌ ئه‌میان له‌گه‌ڵه‌ و پێش ئه‌وه‌ی بێنە لای، دابه‌زیون. بووسه‌کە ئاخندراوه‌، پاڵەپەستۆیەکە هەر نەبێتەوە. کەس کەسی لەبیر نامێنێت. شتێکی سەیر نییە ئەگەر کەسیك وای بەسەر بێت. زۆر شەکەت بوو، نەیدەویست خه‌وی لێ بەکەوێت، به‌ڵام خۆی بۆ ڕانه‌ده‌گیرا. پاکه‌تێکی پلاستیکی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو بۆ ئەوەی هێڵنج بدات و تێیدا بڕشێته‌وه‌. به‌ڵام نه‌ڕشاوه‌، خه‌وی لێکه‌وت، خه‌و بردییه‌وه‌ و پاکه‌ته‌که‌ به‌ربووهوە‌. وه‌خه‌به‌ر هاته‌وه‌، چاوی ڕەشکەوپێشکەی دەکرد، دایک و باوکی نەدەدیت. ئەوان دیار نەبوون.    

پێشتر لەناو سەیارەدا دڵی تێکەڵ دەهات. زۆر جار وای لێ دەهات. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان نه‌ڕشاوه‌.   ڕێک لەو کاتەدا کە له‌سه‌ر کوشنه‌که‌ دایان نیشاند پێیان کوت کە زۆر زیرەکە. پێکوتبوون – مه‌ڕۆن! به‌ڵام ئه‌وان گوێیان لێ نه‌بوو. – بژی کچی زیرەک، وایانکوت.

ئه‌م جاره‌یان به‌ ته‌نیا سه‌فه‌ر دەکا. جانتاکه‌ی خستۆتە شوێنی تایبەت بە بار، جانتا بچووکه‌که‌شی  ‌لە سەرەوە داناوە. 

پڕ نەبووە. زۆری ماوه‌ پڕ بێت. کوشنەکەی پەنای بەتاڵە. چاکه‌ته‌که‌ی لەوێ داناوە. جوان قەدی کرد و لە پەنای جانتاکەی شانی دانا.

گه‌رمه‌ به‌ڵام زۆر نا، ڕه‌نگه‌ هێدی هێدی گه‌رمتر بێت، هێشتا زووه‌. زووه‌، به‌ڵام ته‌مومژ نییه‌، ئاسمان ساوه‌. 

لەسەرخۆیە. سەر دەکەوێ. ئاخرییه‌که‌ی سەر دەکەوێ.

زۆر شتی له‌بیر ده‌مێنێ. ئاودڕێک له‌گه‌ڵ گه‌می. مانگاکانی ناو مه‌زرا. بەرچاوی دەلەرێتەوە، هەوڵ دەدات دیمەنەکەی لێ نەشێوێت و وێنەکانی هەڵگرێتەوە، واتە شتێک بۆ وەبیرهێنانەوە. نابێ ئه‌وه‌یانی له‌بیر بچێت.

به‌ڵام شتەکان دەلەرێنەوە. هه‌موویان تێکه‌ڵپێکه‌ڵ ده‌بن. لێڵ ده‌بن. ناتوانێ ساغیان بکاته‌وه‌. ناتوانێ لێکیان جیا بکاته‌وه‌. لێیان ورد دەبێتەوە، هێشتاکە ڕوون نین.

ڕێک داده‌نیشێت. ده‌شزانێت که‌ به‌ هۆی ڕێک و قنج دانیشتنەوە کوشنەکە پشتی دێشێنێت. 

فێنک بووە، ئاره‌قه‌ ناکات لەبەر ئەوەی چاکه‌ته‌که‌ی داکه‌ندووه‌. بووسه‌که‌ موسافیری دیکه‌شی تێدایە به‌ڵام لێی نزیک نین، دوور دانیشتوون. ئەو بێ دڵەڕاوکێ دانیشتووە، چاک داده‌نیشێت. لەپی ده‌ستی وشکه‌. هێدی و هێمنە. پاڵ دەداتەوە و ئەرخەیانە.

شوێنەکە دوور نییه‌. پێنج سه‌عات ڕێیە یان که‌متر. پاپۆڕێکی بارهەڵگریش لە ڕێدایە. پێشتر دووان بوون. ئێستاکە یەکیان بووەتە پرد. ده‌یه‌وێ له‌ پاپۆڕە سەیارەهەڵگرەکەدا قاوەیەک بکڕێت. ڕه‌نگه‌ شتێکیش بخوات. بیر ده‌کاته‌وه‌: ڕه‌نگبێ شتێک بکڕم بۆ خواردن، ده‌رفه‌تی چاکه‌.

بووسەکە ڤڕەڤڕی دێت. چەند کەسێک لە دوو کوشنی پشتەوەیڕا قسە دەکەن. زۆری لێ دەڵێن! باسی که‌شوهه‌وا ده‌که‌ن که‌ خۆشه‌، که‌ ده‌مێکه‌ ئاوایە. 

ئەگەرچی هەوا زۆر گەرم بووە بەڵام هەمیشە گوڵەکانی هەیوانێی ئاو داوە. ئاگای لە گوڵەکانی بووە، کودی پێ داون.

چاک بوو کە هەیوانیان هەبوو. له‌مێژ بوو بیری لە شتێکی وا دەکردەوە. ماڵەکەی پێشوویان هەیوانی نەبوو. “هه‌یوانی به‌رهه‌تاو”، له‌ ڕیکلامه‌که‌دا بوو. پێی خۆش بوو کورسییه‌کی ئوتوماتیکی لە هەیوانەکە دابنێ بۆ ئەوەی لەبەر هەتاوەکە خۆی هەڵخا. کورسییەکی وا کە بتوانێ تێیدا خۆێ بە پشتدا بخات. ئا دوو کورسی لەم جۆرە. لێرە جێیان دەبێتەوە. بۆ هه‌رکامێکیان کورسییه‌ک. باشترین کورسی بۆ کاتی حه‌سانه‌وه‌ یان دانیشتن به‌ جلێکی ناسکه‌وه‌ له‌به‌ر هه‌تاو. 

“هه‌یوانی به‌رهه‌تاو”. ڕێک بەم جۆرە ڕیکلامی بۆ کرا بوو.

لە پاپۆڕەکەدا ده‌یه‌وێ قاوەیەک بکڕێت. ڕه‌نگبێ شتێکیش بۆ خواردن. برسییەتی.

حەزیشی لە ئینجانە بوو کە لە هەیوانەکەی دابنێت. ئینجانەیەکی گەورە به‌ گیای خۆراکییەوە.  ده‌شتوانی یەک دوو لقی لێکەیەوە و له‌ خواردنه‌که‌ی بکەی یان له‌گەڵ سالاد و شتی لەم جۆرە بیخۆی  – بچین چه‌ند ئینجانەیەک بکڕین؟ پێشنیارێکی وای کردووە. 

رەنگبێ داوایەکی قۆڕ بێ. هەر زۆر قۆڕ.


له‌ پاپۆڕه‌که‌ زۆر دوور نییه‌، ناکرێ دوور بێت! 

ئه‌گه‌ر کولێره‌ ساجییان هه‌بێت، ئەوە باشە. ئه‌گه‌ریش نا ڕەنگبێ بابۆڵەی په‌نیر یان ڕانه‌به‌راز بکڕێت. ڕانه‌به‌راز خۆشه‌. پێی خۆشە بیخوات، حه‌زی لێیه‌تی. 

باسی ئینجانەکان بوو، باسی خۆراکی گیا و کورسییه‌کانی بەر هەیوانەکە. باس باسی ڕیزی ئینجانەکان بوو لەسەر لێواری هەیوانە بچووکەکەدا. ئینجانەی سپی به‌ گوڵی ئه‌تڵه‌سییه‌وه‌. –  جوان نه‌بوون؟ پرسیاری کردووە. – گه‌وره‌ و جوان؟ – به‌ دڵنیایییه‌وه‌ با، ئەمە وەڵامی هاوژینەکەی بوو. زیاتر له‌ سه‌ری ڕۆییشت. له‌سه‌ر ئینجانە، له‌سه‌ر خۆراکی گیا بۆ سالاد. کوتی نەعنا خۆشه‌، ڕیحانه‌ش. – ته‌نیا به‌ دوازده‌ کڕۆنن. هه‌میشه‌ش شین دەبنەوە و باڵا ده‌که‌ن. 

دیسان باسی کورسییه‌کانی کرده‌وه‌ که‌ نابێ ڕەنگی بەرگی کورسییەکان زەق بن. پێم وابێ شین جوانە، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌یانبێت. شینی تۆخ.

هەمووی ئەوانە خۆی جێبەجێی کردوون.

هاوژینەکەی کوتی: ئەوانەمان پێویستە؟ – پێت وانییە کە کەمێک …تێکتەپیو بن؟ بە نا وەڵامی داوە. ئەمیش دەی باشەیەکی کوت. 

هەر ڕۆژێکی پێی خۆش بێت دەتوانێ ترۆمبیله‌که‌ وه‌ربگرێت و دوانیوەڕۆیەک به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی لێبخوڕێ که‌ وەکوو ئێرە وایە.

ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌ هیچ جۆرێک له‌وه‌ی پێشوو ناچێت. نازانێ کامەیە! هۆوەش گوندێکه‌. به‌ڵام به‌ربڵاوتر و ته‌خت. جاده‌که‌ ڕێکه‌. بە ڕێگاوە دەتوانێ شت بخوێنێتەوە. له‌ جاده‌ تەخت و ڕێکه‌کاندا مرۆڤی ناو بووس ده‌توانێ بە باشی بخوێنێته‌وه ئه‌ویش‌ بێئه‌وه‌ی شەکەت بێت. ئیتر هه‌روا سووک و ئاسان شەکەت نابێت. پێشووتر ده‌بوو. کتێبێکی پێیه‌. له‌ناو جانتاکه‌ی دایه‌. هەر بۆ ناو جانتا باشە. هەڵبەت پێی خۆشە لەوێدا بێت.‌ 

شێوەرد. ئەمبەر و ئەوبەری جادەکە شێوەردە. هۆوەش مه‌زرایە. به‌شێک له‌ مه‌زراکان داچاندراون. به‌م زووانه‌ ده‌یاندوورنه‌وه‌، باقه‌یان دەکەن و دەیانبەنە کادێن. به‌ر له‌ پاییز. به‌ر له‌وه‌ی ببارێت. ئێره‌ هه‌وروهه‌ڵایه‌ و باران زۆر ده‌بارێ‌. 

به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌واو ساوە. تەنانەت پەڵەهەورێک بە ئاسمانەوە نییە. ڕۆژێکی گەش. بەختەوەرانە عه‌ینه‌کی ڕه‌شی پێیه‌. له‌بیری نەچووە. زۆربه‌ی جاران پێی بووە. ئه‌و جارانه‌ی له‌بیریشی ده‌چوو ده‌یتوانی به‌ قه‌رز لە کەسێکی وه‌ربگرێت. ‌یان بیکڕێت. چاکه‌تێکی پێویسته‌، ڕه‌نگبێ چاکه‌تێکی سووکه‌ڵه‌ی بە خوری چندراو بۆ شان و ملی، بۆ کاتێک که‌مێ ساردی بکات. چاکه‌تێکی سووکه‌ڵه‌تر له‌وه‌ی که‌ پێیه‌تی. 

شۆفیره‌که‌ له‌ پێش ته‌به‌قێک شووشه‌وه‌ دانیشتووه‌. شوشه‌یه‌کی ناسک له‌نێوان خۆی و ئه‌و موسافیرانه‌ی ڕێک له‌ پشته‌وه‌ین. شۆفیره‌که‌ سه‌ری ڕووته‌. کڵاوی ڕه‌سمیی له‌ سه‌ردا نییه‌.  ئێستا زۆر به‌ دەگمەن له‌ سه‌ری ده‌که‌ن. کیژۆڵه‌که‌ له‌ پشت شووشه‌که‌وه‌ سه‌ر و پشتی شۆفێره‌که‌‌ ده‌بینێت. که‌ته‌ پیاوه‌. 

ئه‌م جاره‌یان دایک و باوکی بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لە پشته‌وه‌ی بووسه‌که‌دا بوون. جاروباره‌ ده‌یدیتن. به‌رچاوی به‌ خه‌ڵک گیرا بوو. ئه‌وکات خوشکه‌که‌ی له‌دایک نه‌بووبوو. ته‌نیا ئه‌و هه‌بوو. دایک و باوکی و ئه‌و.

ئەمەی ڕووی دا شتێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو. له‌وێ دانیشتبوو، سریوەی لێوە نەدەهات. نه‌خۆشیش نه‌بوو. دڵی تێکه‌ڵ نه‌ده‌هات. ته‌نیا شتێکی کە هەبوو ئه‌وه‌ بوو که‌ نە ئەوانی دیت و نە زانیشی دابەزیون. 

کورسییه‌ ئوتوماتیکیه‌‌کان له‌به‌ر هه‌یوانن. لە ناخی دڵییەوە پێیان دڵخۆش بوو. لە یەکێک لە کورسییەکاندا پاڵ کەوتبوو. ڕه‌نگبێ مێزێکی بچووکیش له‌ په‌نایان دابنێت. ڕێک جێیه‌ک بۆ جووتێک کوپ یان په‌رداخ. که‌مێک زیاتر به‌ره‌و دواوه‌ پاڵی داوه‌. به‌ سەری ڕووته‌وه‌‌ له‌به‌ر سووره‌تاوی هه‌یوانه‌ ڕازاوەکەیدا. چوار دەوری هەیوانەکە کەمێ بەرز کراوەتەوە و ڕیزێک ئینجانەی لە سەر دانراوە. ئه‌وێ هێشتا به‌ری ئاواڵایه‌ و لە دەرەوەڕا تا ڕادەیەک دیارە. تا ڕاده‌یه‌ک چاوی لە سەرە. به‌ڵام وەبیری نایەتەوە کە ئەو چاولەسەربوونە بیتاقەتی کردبێ. بەس لەوێ دادەنیشێ. قاوەیەک یان شتێکی تری وەکوو شەڕاب یان چایی پێیە. هیچ هۆیەکیش نەبووە کە بیر لە شتێکی وا بکاتەوە.‌


زۆر شت هه‌ن‌ که‌ ئه‌و بیری لێ نه‌کردوونه‌ته‌وه‌.

نیگای ئەوی لێ دیارە. ئەمیش لێی دەڕوانێ. ئەمەی لە بیرە. له‌بیری ده‌مێنت ئیتر‌. 

شه‌وێکیان چووبوون بۆ شانۆییه‌ک. ئەم پێشنیاری کردبوو. هاوژینەکەی که‌مێک بێمه‌یل بوو، به‌ڵام لەگەڵی چوو. له‌ کاتی پشووداندا چاویان به‌ ژن و شووەکەی ئاپارتمانه‌کەی خۆیان که‌وت، هاوتەمەنی خۆیان بوون، جاروبارە پێکەوە قسەیان کردبوو. لە کاتی هەرەوەزی یان کاتی دیکە. کەسی زۆر باشن. به‌ڵام له‌وێ، له‌ هۆڵی پشوودانەکەدا، هاوژینەکەی ئەم زۆر بە ڕوونی هه‌وڵی دا خۆی له‌وان لادات. ئه‌وکات ئه‌وان که‌ ده‌یانویست لە کاتی هاتنە ژوورەوەدا یاریدەی بدەن، کاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی کردبوو. لەوێ چەقیبوو! خۆی به‌ بلیته‌کانه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردبوو.

پاش شانۆییه‌که‌ دراوسێکە پێی خۆش بوو بە ترۆمبیلەکە بیانباتەوە، بۆیە ترۆمبیله‌که‌ی ڕاگرت، فەرمووی کردن. – هاوژینەکەی وەڵامی داوە: سوپاس، ئێمه‌… ئێمه‌ پێمانخۆشە بە پێ بڕۆیین. زۆر خێرا وای کوت. بروسکه‌ئاسا. ئەمیش هەر فریا نەکەوت دەم بکاتەوە به‌ڵام زه‌رده‌ که‌وته‌سه‌ر لێوی و سوپاسی کردن. پێی وابوو ڕێز بۆ هه‌رکیان دابنێت. لەگەڵ ڕۆیشتنی  ترۆمبێلەکە بە بزەوە ده‌ستی بۆ هه‌ڵێنان. هه‌روه‌ها ژنی ناو ترۆمبیله‌که‌ش بزه‌ی له‌سه‌ر لێو بوو. 

لە کورسییه‌کان خۆش نه‌بوو. ویستی بۆ ئاسودەیی خۆی بەکاریان بێنێ. خۆی ڕووت کرده‌وه‌. بلوز و تیشێرتەکەی داکەند. سوورەتاوێک بوو هەر نەبێتەوە.  دانیشت، بەس سوخمەکەی لەبەردا مابوو. دەنا ڕووتوقوت بوو. 

کاتێک بیری لێ ده‌کاته‌وه‌ موچڕک به‌ له‌شیدا دێت. خراپ هەڵدەلەرزێ، پێوەی دیارە. پیاوەکەش دەیبینێ. دیتوویه‌تی. لەبەر چاوە. نه‌یده‌ویست بەم جۆرە ببیندرێت.

به‌ڵام کەس لێرە نییە. بە تاکی ته‌نیایه‌. کاتێک هه‌ناسه‌ی قووڵ هه‌ڵده‌کێشێ، هێدی ده‌بێته‌وه‌.


ئەرێ، ده‌بێ کەیفی ساز بێت لەوەی که‌ کەسی تر کورسییه‌کانی نه‌کڕیوه‌. 

لەوە خۆشحاڵ بێت که‌ ژنی دراوسێکە نەیتوانیوە لە هەموو جۆرە گیاخۆراکییەک بچێنێت.

پێشتر بیری لەوە کردبووەوە مێزە بچووکەکە ڕەنگ بکات. خۆشحاڵ بوو که‌ ئه‌و کاره‌ی نەکردووە. له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ، له‌وێ، له‌ هه‌یوانه‌که‌، به‌ فڵچه‌یه‌که‌وه‌ نووقمی ئاره‌قه بوو‌. 

ده‌بێت خۆشحاڵ بێت بۆ هه‌مووی ئه‌مانه‌. 

له‌ ده‌ره‌وه‌ بای نایه‌ت. له‌ بنچکه‌گیاکانیشدا هیچ جووڵه‌یه‌ک نییه‌. مه‌زراکانیان به‌جێ هێشتووه‌. مه‌زرای زەردی گه‌نمەشامی. زیاتر ته‌پۆڵکه‌یه‌. هه‌وراز و نشێوه‌. شاخه‌که‌ی سه‌رڕێی جاده‌که‌ هه‌ره‌سی هێنابوو. ڕێگایه‌کی ته‌سک. تونێلێکی تاڕاده‌یه‌ک درێژ. پێشەوەی پاپۆڕەکە کورت ده‌نوێنێ. بەڵام دەکرێ خۆی بە پەیژەکانەوە بگرێ و لە بەر هه‌تاو ڕاوەستێ. لە کاتی دابەزین لە بووسەکەدا لە بیری دەبێت کە چاکەتەکەشی هەڵگرێت.

به‌ڵام ئه‌و ده‌بێ شتێک بخوات. ئه‌و ده‌بێ بچێته‌ هۆڵه‌که‌ی خواره‌وه‌، شتێک بکڕێت.

منداڵێک گڕوو دەگرێ چلووره‌. بابۆڵەی پەنیر نا، چلووره‌ی ده‌وێت. دایکی توند پیلی مێرمنداڵه‌که‌ی دەگرێت. له‌ فرۆشگەکە دوور دەکەوێتەوە و لەولا بە تووڕەیی لە سەر یەکێک لە کورسییەکان دادەنیشێت.

 ‌قاشە که‌یکه‌که‌ بۆ زاری گەورەیە. دەبێ بچێتە دەرەوە. هەستێت و بچیتە دەرەوە. ئەوێ هه‌تاوێکی خۆشە.

سەری لە گێژەوە دێت. ‌پیاوێکی به‌ساڵاچوو ڕێک له‌ پشته‌وه‌ دێت و پیلی ده‌گرێت.


لێی پرسی: تێکچووی؟

نا (وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌) باشم، سوپاس … سوپاست ده‌که‌م. ڕەنگبێ       کەمێک بە پەلە هەستابێتمە سەر پێ.

پیلی هەروا توند گرتووە. که‌مێک زیاتر ڕایده‌گرێت.

پاشان به‌ری دا.  

پێشەوەی پاپۆڕەکە شەپۆلە.. کەفێکی سپی و جوان. تەنگاوەکە دەدرەوشێتەوە. که‌فه‌ سپییه‌کان ڕێک خۆ به‌لایه‌کی پاپۆڕه‌که‌ داده‌ده‌ن و شه‌پۆله‌کانیش دەکشێنەوە‌.


پێشوازیی لێ دەکرێت. ئه‌و هه‌میشه‌ پێشوازیی لێ دەکرێت. خوشکه‌که‌ی به‌م جۆره‌ ده‌ریده‌بڕێ: وەرە، هەر کاتێ پێت خۆش بوو وەرە. 

ماڵی خۆشەکەکەی بوو و پێشتریش لەوێ مابۆوە. هەڵبەت بۆ ماوه‌یه‌کی کورت. له‌ پشووی کۆتایی حه‌وتوودا. پشوویەکی کچانە. هاوژینەکەی بانگی کرد. به‌ نیشانه‌ی ماڵئاواییکردن ڕوومه‌تی ماچ ده‌کرد. بای بای لێ کرد. ترۆمبیله‌که‌ی وه‌رگرت. شووەکەی کوتی کە پێویستی پێی نییە. دەنا ده‌بوو له‌ ماڵێ بێت. هاوژینەکەی کوتی ماڵئاوا – جوان لێخوڕه‌.

پاش ئەم سه‌فه‌ره‌ نه‌یتوانی نه‌عله‌کانی بدۆزێته‌وه‌. دوای چه‌ندین ڕۆژی دیکه‌ دۆزینییه‌وه‌. له‌نێو دۆڵابه‌که‌یدا بوون. 

پرسی: ئەوە دۆڵابەکەت هەڵوەژاردووە؟ که‌مێک بێتاقه‌ت بوو.

هاوژینەکەی پێکه‌نی. 

دەستێکی بەوێدا هێنابوو. به‌ڵام شتی زۆر زیاتری لێ بوو. نه‌عله‌کانی هیچ شتێکیان نەدەگۆڕی. بڕواکردن به‌مه‌‌ تاڕاده‌یه‌ک گه‌مژانه‌یه‌. کەس بڕوا ناکات. ئه‌مه‌ شتێکی دیکه‌‌ بوو. ئاخنرابوو. هه‌مووی. هه‌موو ژووره‌کان. له‌ شتی گه‌وره‌ و بچووک. له‌ گوڵدانه‌وه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گاته‌ کرێم، باڵنج، جل، قوتووی خشڵه‌کانی. کاتێک که‌ منداڵ بوو دایک و باوکی ئەم قوتووی خشڵەیان پێدا بوو…

چوو بۆ حه‌مام و خۆی شارده‌وه‌. ده‌ست و دموچاوی شارده‌وه‌. پیاوه‌که‌ هات و ویستی دەرکەکە بکاتەوە به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵینه‌گرت.

پێی کوتبوو: هاروهاج‌. دواتر پێکەنی بوو. کاتێک پێدەکەنێ هه‌میشه‌ سووچێکی لێوی دەلەرزێ. ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ که‌ سه‌رنج به‌وه‌یان ده‌دات‌. بەوە ناسراو بوون. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سه‌ت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، شتێکی وا. له‌وه‌ ده‌چوو سه‌رنجڕاکێش بێت. کاتێک بزه‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر لێوی، زۆر جوان ده‌بوو. 

کاتێک خۆی به‌ په‌یژه‌ی پاپۆڕه‌که‌وه‌ دەگرێ دەبینێ کە کەفی شەپۆلەکان بەرەوە پاپۆڕەکەن. ده‌بینێ که‌فه‌ مروارییەکان له‌سه‌ر ده‌ریاوه‌ چۆن هەڵدەکشێنە سه‌ر پاپۆڕه‌که‌. ناسک و سپی. پاپۆڕه‌که‌ ده‌ریای شین و ئارام و قووڵ له‌ت ده‌کات.

ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ چاوەڕوانی بوو. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بیری بمێنێت. ده‌بێت له‌م سه‌فه‌ره‌دا ئه‌م وێنه‌یه‌ی پێبێت. پێی خۆش نییە قه‌ت ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌بیر بکات. 

ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌کی ده‌گمه‌نه‌. دەترووسکێتەوە.

پێی خۆشە کە دەگاتە ئەوێ، ئەویش لەوێ بێت. ئه‌و کیژە مێهره‌بانه‌ خوشکه چکۆلەکەیەتی. گه‌وره‌یه‌ ئێستا. لە ماڵێیە. چاوه‌ڕێیه‌تی. بووسه‌که‌ دوانیوەڕۆ دەگاتێ. ده‌توانن پێکەوە له‌ هه‌یوانه‌که‌ دانیشن. هه‌ر که‌سێ له‌سه‌ر کورسیی خۆی. ئه‌گه‌ر هه‌تا ئه‌وکات ئاسمان هه‌روا ساو بوو، ده‌توانێ جله‌کانی داکه‌نێت. تیشێرته‌که‌ی به‌ره‌و لای سه‌ری هه‌ڵکێشا. بێده‌نگ داده‌نیشێت، ته‌واو به‌ هێمنی. ‌شتێکی وای له‌به‌ردا نییه‌، کورسییه‌که‌ به‌ره‌و پشته‌وه‌ ده‌چه‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیشکی گه‌رمی هه‌تاو له‌ له‌شی بدات.  

  ¤¤¤

لە بارەی نووسەرەوە:

«لەیلا ستین»چیرۆکنووس، شاعیر و وەرگێڕی ئەدەبیاتی سامەکان، ساڵی ١٩٤٦ لە ناوچەی «هێمنێس»ی نۆروێژ لەدایک بووە. یەکێکە لە نووسەرە مۆدیرنەکانی نۆروێژ کە بە کورتەچیرۆکەکانیەوە ناسراوە. تا بە ئێستا زیاتر لە بیست کتێبی لێ بڵاو بووەتەوە و نۆ جار بە بۆنەی بەرهەمە سەرنجڕاکێشەکانییەوە خەڵاتی جۆراوجۆری ئەدەبیاتی پێدراوە.

لەیلا لە بەرهەمەکانیدا هەوڵی داوە لە ڕوانگەی خەڵکی ئاساییەوە دنیا وێنا بکات. کورتە چیرۆکەکانی دەپەرژێنە سەر ئەو ڕووداو و بابەتە بچووکانەی کە لە لای خەڵکی ئاسایی بوونەتەوە یان لەبیر کراون. زمانی ڕاستەوخۆ یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نووسینی لەیلا کە لە کورتەچیرۆکی «هەیوانی بەرهەتاو»دا بە جوانی دەینوێنێ. ئەم چیرۆکە یەکێکە لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی نووسەر بۆ جێگیربوون لە ئەدەبیاتی مۆدێرنی نۆروێژدا.

کورتەچیرۆکی «هەیوانی بەرهەتاو» باسی ژنێک دەکات کە بە بووس دەچێت بۆ لای خوشکەکەی. بەڵام سەفەرەکەی ئاوێتە دەکرێ بە ژیانێکی هاوبەش بە شەڕەدندووکەی ڕۆژانە و تەنیاییەک کە هەست سڕ دەکات. ئەمەش بۆتە کەشی زاڵی چیرۆکەکە. هەروەها بە فەلاشباک ئێستا بە کاتی منداڵییەوە گرێ دەدات، ئەمەش ڕێک دەبێتە هۆی جیاوازبوونی ئەم سەفەرە. لەم سەفەرەدا وەکوو کەسێکی گەوەرە لە شتەکان ورد دەبێتەوە بەڵام هەمیشە تووشی کیژۆڵەیەک دەبێتەوە کە بەردەوام دەترسێ؛ ترس لە بەجێمان، تەنیا بوون، هیوابڕاویی یان کارەساتێک کە ئێستا نا ئێستا دەقەومێ.ئەم ترسە دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان ژنەکە و کیژۆڵەکە. ئەم چیرۆکە نووسینێکی ڕاستەوخۆیە بەڵام دراماتیک کە لە ژیانی فەرامۆشکراو یان ئاسایی ڕۆژانەدا دەبیندرێ. نووسینێک کە خوێنەر بەشدار دەکات لە سەفەرکردنەکەدا بۆ ئەوەی ببیستێ، ببینێ و هەست بە دەوروبەر و هاوچەشنی خۆی بکات.

………………………………………………………………………….

سەرچاوە

Norske mester noveller, 50 norske forfattere har kåret Norges beste noveller, De norske bokklubbene A/S 2004.