پیاوی سەهۆڵین

لە ئینگلیزییەوە: دینۆ

یەکەمجار لە هۆتێلی پەناگەی خلیسکانێ بینیم، سەختە وێنای بینینی پیاوێکی سەهۆڵین بکرێت لە جێگەیەکی تر. لە هۆڵی هۆتێلەکە بوو، لە کاتێکدا جمەی دەهات لە ئاپۆڕای کۆمەڵە گەنجێک، ئەو لە گۆشەیەکی دوور لە ئاگردانەکە دانیشتبوو، بە قووڵی نغرۆی خوێندنەوە بووبوو. نزیکەی نیوەڕۆ بوو، بەڵام وا دیار بوو تیشکی پاک و ساردی بەیانیان تەنیا لەسەر ڕووی ئەو دەدرەوشایەوە. هاوڕێکەم چرپاندی: ئەوە پیاوی سەهۆڵینە!

لەوکاتەدا هیچ بیرۆکەیەکم دەربارەی ئەوە نەبوو کە پیاوی بەستەڵەک دەبێت چۆن بێت، هاوڕێکەشم لەو بارەیەوە نەیتوانی کۆمەکیم بکات، هەموو ئەوەی دەربارەی دەیزانی ئەوە بوو کە پیاوێکە بە ناوی پیاوی سەهۆڵین. دواتر درێژەی پێ دا: لەوانەیە لە سەهۆڵ دروست بووبیت بۆیە وای پێ دەڵێن، بە شێوەیەک بوو، وەک ئەوەی لەبارەی پیاوێکی سەهۆڵین نەدوێت، بەڵکوو لەبارەی تارماییییەک یان پەتایەکەوە بدوێت.

پیاوی سەهۆڵین گەنج دیار بوو، هێڵی سپی وەک پاشماوەی بەفر بەدی دەکرا کە بە بەهێزی بە تاڵە مووە لوولەکانی سەریەوە بەسترابووە. باڵای بەرز بوو، چەنەگەی نووکتیژ بوو، وەک کریستاڵی شەختە. پەنجەکانی بە شەختە داپۆشرابوو وەک ئەوە بوو هەرگیز نەتوێتەوە، جگە لەم شتانە بەتەواوی ئاسایی دەهاتە پێشچاو. ئەو زۆر جوان نەبوو، بەڵام بەلای هەندێک کەسەوە سەرنجڕاکێش بوو. شتێک لەودا هەبوو کە دەیتوانی کونەودەرت بکات. بەتایبەتی چاوەکانی و ئەو تەماشاکردنە ڕوون و بێدەنگانەی وەک بەستەڵەکی دەمەوبەیانیانی زستان، وەک کازیوەی بەرەبەیان لەسەر جەستەیدا بریقەی دەدا. بۆ ساتێک لەوێ وەستام و تەماشای پیاوی سەهۆڵینم کرد لەوبەری هۆڵەکەوە لە کتێبەکەی ڕۆ چووبوو. جووڵەی لە خۆی بڕیبوو، وەک ئەوەی بیەوێت باوەڕ بە خۆی بهێنێت کە بەتەواوی تەنیایە. دوانیوەڕۆی دواتر لە هەمان جێی پێشووی دانیشتبوو، کتێبەکەی دەخوێندەوە. کاتێک ڕۆیشتمە ناندێن بۆ ئەوەی نانی نیوەڕۆ بخۆم، تەنانەت هەتا لای ئێوارێ کاتێک لەگەڵ هاوڕێیانم لە خلیسکانێی سەر بەفر گەڕامەوە، هەر لەوێ بوو، لەسەر هەمان چەرپا دانیشتبوو، هەمان کتێبی بە هەمان جۆر چاو پێدا دەخشاند. ڕۆژی دواتریش هەمان شت بوو، نزیکی نیوەڕۆ بوو لە ژوورەکەم دابەزیمە خوارەوە، بەتەنیا دانیشتبوو، بە هێمنی دەیخوێندەوە وەک ئەوە وابوو تەواوی گەردوونی دەوری بەشێک بن لە دیمەنێکی بەستوو. لە دوانیوەڕۆی چوارەم ڕۆژدا، بیانوویەکم دۆزییەوە بۆ ئەوەی خۆم لە هاوڕێیانم دابڕم و نەچم بۆ خلیسکێنە، لە جێی ئەوەدا لە هۆتێل مامەوە لە هۆڵەکەدا بە سەرگەردانی دەخولامەوە. هەموو چووبوونە خلیسکانێ، هۆتێل لە شارێکی تەریک دەچوو، هەوایەکی چەسپاو و جێگیری هەبوو، بەفری بنی پۆتینی ڕێبواران لە نزیک ئاگردانەکە توابووەوە و بۆنێکی نامۆ و وەڕەسکەری دروست کردبوو. لە نزیک پەنجەرەکەوە بینیم پەڕەی ڕۆژنامەیەکی هەڵدەدایەوە. ورەم دایە بەر خۆم لە پیاوی سەهۆڵین نزیک بوومەوە و قسەم لەگەڵدا کرد. من کەسێکی شەرمێونم و بەئەستەم دەتوانم سەری قسان لەگەڵ کەسانی نامۆدا بکەمەوە، بەڵام نەمدەتوانی بەر بە خۆم بگرم، دەبوو قسەم لەگەڵدا کردبایە. ئەوە کۆتا شەوی مانەوەم لەو هۆتێلەدا بوو، ئەگەر لێگەڕابام ئەو دەرفەتەم لەکیس بچێت، هەرگیز بەختی ئەوەم نەدەبووەوە.

لێیم پرسی: تۆ خلیسکێنە ناکەیت؟ هەوڵم دا دەنگم ئاسایی دەربکەوێت. پیاوی سەهۆڵین بە هێواشی سەری بەرز کردەوە ڕاما وەک ئەوەی گوێی بۆ دەنگی بایەکی دوور هەڵخستووە، بە وردی لێمی ڕوانی، دواتر بەخێرایی سەری بادا و گوتی: نەخێر نایکەم. تەنیا دەخوێنمەوە و سەیری بەفر دەکەم. وشەکانی وەکوو هەوری سپی لە هەوادا پەراگەندە بووبوون. هەر وشەیەکی لە پێش چاوم شکڵی وەردەگرت و دەمبینی. ئەو بە نەرمی وردە شەختەی سەر پەنجەکانی تەکاند. نەمدەزانی بەنیازە چی تر بڵێت، وەستابووم، وەک ڕەگ لەجێی خۆم چەقیبووم و سوور بووبوومەوە. تەماشای چاوەکانمی کرد و بزەیەکی خستە سەر لێوانی، ئایا بزەی کردبوو؟ ئایا بەڕاستی خەندی بوو؟ لەوانەیە تەنیا وێناکردنێکی خۆم بووبێت! گوتی: حەز دەکەیت دانیشیت؟ دەزانم دەربارەی من کونجکاویت، با هەندێک قسان بکەین. دەزانم دەتەوێت بزانیت پیاوی سەهۆڵین چۆن پیاوێکە، دروستە؟ پێکەنی و درێژەی پێ دا: ئەوە ئاسایییە، هیچ شتێک نییە لێی بترسیت، کچێ خۆ تەنیا بە قسەکردن لەگەڵمدا سەرمات نابێت!

لە گۆشەیەکی هۆڵەکەدا لەسەر قەنەفەیەک دانیشتین بە دوودڵی قسەم لەگەڵدا دەکرد و تەماشای بەفرەکەمان دەکرد، کە لە دەرەوە خولی دەخوارد. من داوای کۆکایەکی گەرمم کرد، بەڵام ئەو هیچی نەخواردەوە. ئەویش بە قەدەر من شەرمی دەکرد. لەبارەی هەندێک شتی ئاسایییەوە دواین، سەرەتا لەبارەی کەش و هەواوە، دواتر لەبارەی هۆتێلەکەوە ئاخڤین. لێم پرسی: بەتەنیا هاتوویتە ئێرە؟ وەڵامی دامەوە: بەڵێ.

پرسی: حەزت لە خلیسکێنە هەیە؟

وەڵامم دایەوە: بەتەواوی نا، هەندێک لە دەستەخوشکانم منیان هێناوەتە ئێرە. من لە خلیسکێنە خراپم.

مەراقم بوو زیاتر لەبارەی پیاوی سەهۆڵینەوە بزانم، ئایا بەڕاستی لە بەفر دروست بووبوو؟ چی دەخوات؟ لە هاوینان لە کوێ دەژی؟ ئایا خانەوادەی هەیە؟ بەداخەوە ئەو لەبارەی خۆیەوە نەدوا، منیش بوێری ئەوەم نەبوو لەبارەی ئەو پرسیارانەوە لێی بپرسم، کە لە سەرمدا دەسووڕانەوە، وامزانی حەز ناکات لەبارەی ئەو شتانەوە بدوێین.

لەجێی ئەوە لەبارەی منەوە قسەی دەکرد. لەبارەی ئەوەوەی من کێم و چیم، باوەڕنەکردەیە، بەڵام ئەو هەموو شتێکی لەبارەی منەوە دەزانی، خانەوادەکەم کێن، تەمەنم، خولیاکانم، تەندروستیم، ئەو قوتابخانەیەی لێی بووم، هاوڕێکانم، هەموو ئەو شتانەی دەزانی، تەنانەت هەندێک لەو شتانەی خۆشم بیرم نەمابوون…

من لەوە نەدەگەیشتم، سوور بووبوومەوە، هەستم دەکرد لەبەرچاوی خەڵکی ڕووتوقوت کراومەتەوە. پرسیم: تۆ چۆن ئەو هەمووە لەبارەی منەوە دەزانیت؟ تۆ پەنهانزانیت(غەیبزان)؟

وەڵامی دامەوە: نەخێر، من ناتوانم مێشک بخوێنمەوە، تەنیا کاتێک سەرنجت لێ دەدەم وەک ئەوە وایە لە قالبێک بەفری ڕوون بڕوانم و هەموو ئەو شتانەی تێدا ببینم و لەب ارەیانەوە بزانم.

پرسیم: دەتوانیت ئایندەشم ببینیت؟

بە نیگایەکی خاڵی وەڵامی دامەوە: نەخێر لەبارەی داهاتووەوە نازانم.

بە نەرمی سەری لەقاند و درێژەی پێ دا: من حەزم لە ئایندە نییە، من هیچ زانیارییەکم لەبارەی ئایندەوە نییە. بەفر هیچ ئایندەیەکی نییە، تەنیا ڕابردووی هەیە. ڕابردوویەک ڕۆیوە و بڕاوەتەوە. هەموو شت لە دونیا بە هەمان شێوە هەڵدەگیرێن ڕوون و دیاریکراو، بەفر دەتوانێت هەر شتێک بەو شێوە ڕوون و خاوێنە هەڵبگرێت، ئەوە کڕۆکی سەهۆڵە و ئاوا ڕۆڵ دەگێڕێت. خەندەیەکم بۆ کرد و وەڵامم دایەوە: خۆشحاڵم لەبارەی ئایندەمەوە نازانیت، ئاسوودە بووم، کە هیچ ڕێگەیەک نییە و نامەوێت لەبارەی ئایندەمەوە بزانم.

دوای ئەوەی گەڕاینەوە تۆکیۆش چەند جارێک یەکمان بینی. لەو ماوەیەدا هیچ ژوانێکی تایبەتیمان نەبوو، بچین بۆ بینینی فیلم، یان بچینە قاوەخانە، یان لەدەرەوە نانێک بخۆین، ئەو زۆر بەکەمی دەیتوانی شت بخوات، لەجێی ئەو شتانە کاتەکانمان لەسەر چەرپای باخچەکان بەسەر دەبرد، بەرانبەر یەکتری دادەنیشتین و قسەمان دەکرد، لەبارەی هەموو شتێکەوە گفتوگۆمان دەکرد. پیاوی سەهۆڵین تەنانەت جارێکیش لەبارەی خۆیەوە نەدوا. ڕۆژێک لێیم پرسی: بۆچی بەم شێوەیەی؟ بۆچی هەرگیز لەبارەی خۆتەوە قسانم بۆ ناکەیت؟ من دەمەوێت زیاتر لەبارەی پیاوی بەستەڵەکەوە بزانم، بزانم لە کوێ لەدایک بوویت، چ جۆرە خانەوادەیەکت هەیە، چۆن بوویتە پیاوی سەهۆڵین؟

بۆ ساتێک لێم ڕاما دواتر سەری بادا، بە ئارامی و ڕژدی وەڵامی دامەوە: من وەڵامی ئەو پرسیارانە نازانم!

هەناسەیەکی سپی سەنگینی دایەوە. درێژەی پێ دا: من ڕابردووم نییە، ڕابردووی هەموو شتێکی تر دەزانم و لەلای خۆم هەڵیان دەگرم، بەڵام خۆم ڕابردووم نییە، هیچ بیرۆکەیەکم لەبارەی شوێنی لەدایکبوونمەوە نییە، نازانم خانەوادەکەم چۆنچۆنین، ئایا من تەمەنم چەندە، یان تەنانەت تەمەنم هەیە؟ وەک پارچەیەکی بەستەڵەک بوو لە تاریکیدا. بە قووڵی هەستم بە خۆشەویستیی ئەو دەکرد. ئەویش منی خۆش دەویست. بووە ئێستام، نە ڕابردووم و نە داهاتووم. لەبەر ئەوە پیاوی سەهۆڵینم لەبەر ئەوەی ئێستا هەبوو خۆش دەویست، جیا لەهەر ڕابردوو و داهاتوویەک، پێم شتێکی جوان بوو. لەبارەی هاوسەرگیرییەوە دواین. من تازە بووبوومە بیست، پیاوی سەهۆڵین یەکەمین کەس بوو بەڕاستی خۆشم ویستبوو. ئایا خۆشەویستیی ئەو لەو کاتەدا لای من مانایەکی هەبوو؟ ئەوە ڕاستەقینە بوو تەنانەت ئەگەر پیاوی سەهۆڵین بوونیشی نەبووایە.

دایکم و خوشکە گەورەکەم بەتەواوی دژی هاوسەرگیریی ئێمە بوون، دەیانگوت: تۆ زۆر بچووکی بۆ هاوسەرگیری، تۆ تەنانەت هیچ لەبارەی ڕابردووی ئەو پیاوەوە نازانیت، تەنانەت نازانیت کەی و لە کوێ هاتووەتە دونیا! ئێمە ئەوە چۆن بۆ خزم و دۆستانمان ڕوون بکەینەوە، گوێ بگرە، درێژەیان پێ دەدا: ئەو پیاوی سەهۆڵینە، چی ڕوو دەدات ئەگەر بتوێتەوە؟ پێناچێت تۆ لەوە تێبگەیت، بەڵام کاتێک مارە کرایت هەندێک بەرپرسیاریەتیت دێتە سەر. پیاوی سەهۆڵین چۆن دەتوانێت ئەرکەکانی وەک پیاوێک بەباشی بەجێ بهێنێت؟

ترسەکانیان بێبنەما بوو، چونکە پیاوی سەهۆڵین بەڕاستی لە سەهۆڵ دروست نەکرابوو، ئەو تەنیا وەک بەفر سارد بوو، تەنانەت ئەگەر گەرمیش بووایەتەوە نەدەتاوایەوە. دروستە ئەو ساردبوو، بەڵام ئەو نیازی دزینی گەرمی جەستەی ئەوانی تری نەبوو. ئێمە هاوسەرگیریمان کرد، هیچ کەسێک بەو بۆنەیەوە ئاهەنگی نەگیڕا، نە هیچ کەسێک، نە هاوڕێیەک، نە خزمانم، تەنانەت خانەوادەکەشم، دڵخۆش نەبوون بەو هاوسەرگیرییە. ئێمەش ئاهەنگی هاوسەرگیریمان نەگێڕا… پیاوی سەهۆڵین تۆماری خێزانی نەبوو، بۆیە مارەکردنی دادگاشمان ئەنجام نەدا. هەردووکمان بەسادەیی بڕیارمان دا هاوسەرگیری بکەین، کێکێکی بچووکمان کڕی و پێکەوە خواردمان، ئاهەنگەکەی ئەوەندە بوو. لە باڵەخانەیەکدا شوێنێکی بچووکمان بەکرێ گرت. پیاوی سەهۆڵینیش لە کۆگایەکی گۆشتی بەستوودا کاری دۆزیەوە. بەڕێوەبەرەکەی زۆری بە دڵ بوو؛ چونکە ساردی بێزاری نەدەکرد، ئیشەکانی هەرچەند سەخت بووایە ئەو ماندوو نەدەبوو، ئەنجامی دەدان، هەرگیزیش زۆری نەدەخوارد، بۆیە لە هاوکارانی زیاتری پێ دەدا. پێکڤە ژیانێکی هێمنمان هەبوو، هیچ کەسێک بیزاری نەدەکردین، هیچ یەکێک کیشەی بۆ دروست نەدەکردین. کاتێک جووت دەبووین، من وێنای تۆپەڵە بەفرێکی ڕەقم دەکرد، ئەوەندە ڕەق کە لە توانای بەستەڵەکێکدا بێت، گەورەترین پارچەی سەهۆڵ لە هەموو جیهاندا، لە شوێنێکی دوور دوور. لەوانەیە پیاوی سەهۆڵین زانیبێتی ئەو پارچە بەستەڵەکە لە کوێیە، و چ جۆرە یادەورییەکی بەفری هەڵگرتووە. سەرەتاکان لە کاتی جووتبووندا من سەرم لێ دەشێوا، بەڵام بەرەبەرە پێی ڕاهاتم و توانیم چێژ لەو کاتانە وەرگرم کە لەنێو قۆڵەکانیدا منی دەگوشی. وەک هەمیشە و هەرگیز هیچی لەبارەی خۆیەوە نەگوت، تەنانەت لەبارەی ئەوەوە بۆچی بووەتە پیاوی سەهۆڵین، منیش هەرگیز لێیم نەپرسییەوە. بەسادەیی لە تاریکیدا یەکتریمان ڕادەمووسی و بەستەڵەکێکی مەزنمان لەنێوان خۆماندا بەش دەکرد، بەستەڵەکێک لە ناوجەرگەی ڕابردووی جیهانەوە، ئەوە سەرووتی ملیۆنان ساڵی ئەم زەمینە بوو ئێمە هەڵمان دەگرت و مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرد.

ژیانی هاوسەریمان باش بوو، یەکتریمان خۆش دویست. خەڵکانی تریش ئێمەیان بەتەنیا جێ هێشتبوو. سەرەتا خەڵکی بەلایانەوە سەخت بوو، لەگەڵ پیاوی سەهۆڵین هەڵکەن، بەڵام دواتر بەرەبەرە قسەوباسیان لەگەڵدا کردەوە. پیاوی سەهۆڵین زۆر لەوانی تر جیاواز نەبوو، لە کۆتاییدا لەوە گەیشتن، بەڵام دەمزانی لە ناخی دڵیانەوە پەسندیان نەکردووە، هاوسەرگیریی منیشیان لەگەڵیدا پەسند نەکردووە. ئەوان پێیان وابوو ئێمە لێیان جیاوازین و ئەو کەندەڵانەی لە نێوانماندایە هەرگیز پڕ نابیتەوە.

ئێمە هەوڵمان دا منداڵ دروست بکەین، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، لەوانەیە بەهۆی جیاوازیی بۆهێلی نێوان مرۆڤێک و پیاوێکی سەهۆڵینەوە بووبێت، کە دروستکردنی منداڵ سەخت بوو. لەبەر ئەوەی منداڵمان نەبوو، هیچ شتێکی وا نەبوو پێیەوە بخافڵێم، کاتێکی زۆر دەستم بەتاڵ بوو، بەیانیان ناوماڵم ڕێک دەخست، بەڵام پاشان هیچ شتێک نەدەما پێیەوە بخافڵێم. هیچ هاوڕێیەکم نەمابوو قسەی لەگەڵدا بکەم، یان لەگەڵیدا بچمە دەرەوە، هیچ دراوسێیەکیشم نەدەناسی. دایک و خوشکم هێشتا لێم دەهری بوون، ڕەتیان کردەوە پێوەندییان لەگەڵمدا بەردەوام بێت، من مراوییە ناشیرینەکەی خێزانەکەمان بووم[1] ئەوەش شەرمەزاری دەکردن. هیچ کەسێکم شک نەدەبرد قسەی لەگەڵدا بکەم، تەنانەت بە تەلەفۆنیش.

کاتێک پیاوی سەهۆڵین لە کۆگاکەدا کاری دەکرد من بەتەنیا لە ماڵەوە بووم، دەمخوێندەوە و گوێم لە مۆسیقا دەگرت. بووبوومە ژنی ماڵەوە، گەنج بووم چیتر بەرگەی ئەو ژیانە سواوەم نەدەگرت. بێزاری لە دووبارەبوونەوەی ڕۆژەکان تەنگی پێ هەڵچنیبووم. هەستم کرد هیچ نیم جگە لە سێبەری پاتەبوونەوە لەو ڕۆژە سواوانەدا. ڕۆژێک پێشنیاری گەشتی شوێنێکم بۆ هاوسەرەکەم کرد تاکوو کەمێک لەو ژیانە دووبارەیە بێینە دەرەوە.

پرسی: گەشت؟ چاوەکانی بچووک کردنەوە: بۆچی حەزت لە گەشتە؟ لەگەڵ من خۆشحاڵ نیت؟ خۆشحاڵ نیت تەنیا خۆمان دوو قۆڵی دەژین؟ وەڵامم دایەوە: نەخێر بەو شێوەیە نییە، من بەتەواوی دڵخۆشم، پێکڤە باشین، تەنیا مەبەستم ئەوە بوو کەمێک بیزارم، حەز دەکەم گەشتێک بکەین و چەند شوێنێکی تر ببینم، لەوێ هەندێک شت ببینم پێشتر نەمبینیبێت، هەندێک شتی نوێ تاقی بکەمەوە، لە مەبەستم تێدەگەیت؟ جگە لەوەش ئێمە تا ئێستا نەڕۆیشتووینە مانگی هەنگوینی. بەپێی پێویست پارەمان پەیا کردووە و تۆیش مۆڵەتی کۆکراوەت هەیە، خۆش دەبێت بۆ جارێکیش بێت گەشتێک بکەین و کاتێکی خۆش بەسەر بەرین.

پیاوی سەهۆڵین نیگایەکی قووڵ و بەستێنەری تێگرتم، کریستاڵی بەفرم لە هەوادا دەبینی.

دواتر پەنجە شەختاوییەکەی لەنێو کۆشیدا گرمۆڵە کرد و گوتی: باشە، مادام تۆ ئەوەندە حەزت لە گەشتە، ناتوانم ڕێگر بم. پێم وا نەبوو گەشتکردن هێندە خۆش بێت، بەڵام مادام دڵخۆشت دەکات سەرچاوانم ڕێکی دەخەم. هەرکوێت دەوێت دەچین، من ماوەیەکی باشە بە ڕژدی لەو کۆگایەدا کار دەکەم، دەبێت بۆم هەیە ماوەیەک مۆڵەت وەرگرم و ئەوە نابێتە کێشە، بەڵام حەزت لێیە بۆ کوێ بچیت؟

گوتم: جەمسەری باشوورت پێ چۆنە؟

من جەمسەری باشوورم هەڵبژارد چونکە پێم وابوو پیاوی سەهۆڵین ئەوێی پێ خۆشە، ڕاستییەکەش ئەوەیە خۆشم هەمیشە حەزم کردووە بچم ئەوێ لە نزیکەوە ببینم، لە نزیکەوە شەبەنگە[2] درەوشاوەکانی ئاسمانی ئەوێ و بەتریقەکان ببینم. ئەو وێنە جوانەی خۆمم دەهێنا خەیاڵ بە قەمسەڵەیەکی فەروو لەژێر ئاسمانی ڕووناک و درەوشاوە و ڕەنگینی جەمسەری باشوور، یاری لەگەڵ بەتریقەکاندا دەکەم.

پیاوی سەهۆڵین بە قووڵی و بێ تروکان چاوی لە چاوم بڕی، ڕوانینەکەی وەک شووشەسۆڵ نووک تیژ بە قووڵی لە مێشکم ڕاچوو. بۆ ساتێک بێدەنگ بوو، بیری کردەوە، دواتر گوتی: زۆرباشە! ئەگەر تۆ بە ڕاستی دەتەوێت بچین بۆ جەمسەری باشوور، با بچین، دڵنیایت ئەوە ئەو شوێنەیە دەتەوێت بۆی بچیت؟

لەرزەیەک لە دەنگیدا بوو.

سەرم لەبەرخۆم نا.

درێژەی بە قسەکانی دا: لە ماوەی دوو هەفتەدا دەتوانم گەشتێکی دریژ ڕێک بخەم، ئەگەر ئەوە بۆ تۆ باشە پێویستە لەسەرت لەو ماوەیەدا هەموو شتێک ئامادە بکەیت بۆ گەشتەکەمان.

نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە، نیگا شەختاوییەکەی مێشکمی بەستابوو، نەمدەتوانی بیر بکەمەوە. چەند ڕۆژێک تێپەڕی پەشیمان بوومەوە لەوەی بیرۆکەی گەشتی جەمسەری باشوورم خستە مێشکی پیاوەکەمەوە، دڵنیا نەبووم لەبەرچی، بەڵام لەو کاتەوەی ناوی جەمسەری باشوورم لەلای هێنابوو ئەو گۆڕابوو، نیگاکانی تیژترن و زیاتر لەپێشتر لە شووشەسۆڵ[3] دەچوون، هەناسەی سپیتر بوو، پەنجەکانی بە شەختەی زیاتر داپۆشرابوون، بێدەنگترە لە پێشان و کەللــەڕەقتریش بووبوو، هیچی دیکەیش خواردنی نەدەخوارد. ئەو شتانە منی نیگەران کردبوو. پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی بڕۆین، بڕیارم دا هەندێک شتی پێ بڵیم. گوتم: وەرە با نەچین بۆ جەمسەری باشوور، ئەوێ زۆر ساردە و لەوانەیە بۆ ئێمە گونجاو نەبێت. لەوانەیە باشتر بێت بۆ هەندێک شوێنی دی بچین، ئەوروپا بێ ئیسپانیا بێ، هەرجێیەکی دی بێت. دەتوانین پایلا[4] بخۆین و شەڕاب بخۆینەوە و تەماشای شەڕەگا بکەین. هاوسەرەکەم گوێ پێم نەدا. کەمێک نیگای لە دوور بڕی. دواتر سەری بەلای مندا سووڕاند و بە قووڵی لە چاوانمی ڕوانی. نیگای زۆر قووڵ بە ناخمدا ڕۆ چوو، هەستم کرد جەستەم لە شوێنێک ون کردووە. پیاوەکەم  بێهەست وەڵامی دامەوە: نەخێر! من حەزم لە ئیسپانیا نییە. بمبەخشە، بەڵام ئەوێ زۆر گەرمە و تۆزوخۆڵی زۆرە، خواردنەکانیان زۆر تیژە و من بلیتی گەشتەکەشمانم بۆ جەمسەری باشوور بڕیوە، قەمسەڵەیەکی فەروو و پۆتینێکی خووریشم بۆ کڕیویت، نابێ ئەوانە بە فیڕۆ بدەین، ئێستا ناتوانین پەشیمان ببینەوە.

ئەگەر ڕاستیت دەوێت من دەترسام، هستم دەکرد ئەگەر بچین بۆ جەمسەری باشوور لەوانەیە شتێکی خراپمان بەسەردا بێت، من هەموو شەوێ هەمان خەونی تۆقێنەرم دەبینی؛ من لە جێیەک بەڕێدا دەڕۆیشتم کە بەر دەبوومەوە ناو چاڵێکی قووڵ، هیچ کەسێک نەیدەدۆزیمەوە و منیش ڕەق دەبمووەوە و دەیبەستام، تەماشای ئاسمانم دەکرد بەئاگا دەهاتمەوە، بەڵام نەمدەتوانی یەک تۆزقاڵ بجووڵێم، ئەوە ئەو هەستە سەیرەمە، لە هەر چرکەیەک کە تێدەپەڕێت دەبم بە بەشێک لە ڕابردوو، هیچ داهاتوویەکم نییە، تەنیا ڕابردووە و لەسەریەکتری کەڵەکە بووە. هەمووان سەیری ئەوە دەکەن کە بەسەر مندا دێت، ئەوان تەماشای ڕابردوو دەکەن تەماشای خزانی زیاتر و زیاتری من دەکەن بۆ خوارەوە.

دواتر بەئاگا دەهاتمەوە و پیاوی سەهۆڵینم لە پاڵمدا دەبینی. ئەو کاتێک دەنوێت زۆر بێدەنگە، وەک شتێکی مردووی بەستوو، خۆشم دەویست. دەستم دەکرد بە گریان، فرمێسکەکانم گۆناکانی تەڕ دەکرد. ئەو بەئاگا دەهاتەوە و لە باوەشی دەگرتم. پێیم دەگوت: خەونێکی ترسناکم بینی. ئەو لە تاریکیدا سەری دەلەراندەوە و دەیگوت: ئەوە تەنیا خەونێکە، خەون لە ڕابردووەوە دێن نەک ئایندە، خەون ناتوانێت تۆ پێبەست بکات، تۆ دەتوانیت دەستەمۆی بکەیت.

پێم دەگوت: ڕاست دەکەیت، بەڵام من ناتوانم بە تەواوی لەوە دڵنیا بم.

نەمدەتوانی هۆکارێک بێنمەوە بۆ ڕەتکردنەوەی گەشتەکەمان، بۆیە لە کۆتاییدا بە فڕۆکەیەک بەرەو جەمسەری باشوور فڕین. فڕۆکەوانەکان و بەڕێوەبەرانی فڕۆکەکە بە درێژاییی گەشتەکە وشەیەکیان نەگوت. من کاتێک بەڕێ کەوتین هیوام دەخواست چێژ لە دیمەنەکان ببینم، بەڵام هەورێکی چڕ بوو نەمدەتوانی هیچ ببینم. زۆری نەخایاند پەنجەرەی فڕۆکەکە بە چینێکی ئەستووری بەفر داپۆشرا. بە درێژاییی ئەو ماوەیە پیاوەکەم بە هێمنی دانیشتبوو، کتێبی دەخوێندەوە. من هەستم بە هیچ ورووژان و سەرگەرمییەکی ئاسایی نەکرد وەکوو چۆن ئێوە دەیکەن.

بە تەنیا هەستم بەوە دەکرد ئێمە دەمانویست یەکێک لە بڕیارەکانمان جێبەجێ بکەین.

کاتێک لەسەر پەیژەی فڕۆکەکە دابەزیم و  یەکەمجار پێم لەسەر بەستەڵەکی باشوور دانا، هەستم بە پیاوەکەم کرد تەواوی جەستەی دەلەرزێت، لەگەڵ چاوتروکانی لێکدا لێکدای. دەربڕینەکانی هیچیان نەگۆڕی، جگە لە من کەسی تر تێبینیی ئەو گۆڕانانەی نەکرد. هەندێک شت لە ناوەوە بە لەرزەیان هێنابوو. لە ڕووخساریم ڕوانی، لەوێ وەستابوو، لە ئاسمانی دەڕوان، دواتر لە دەستەکانی خۆی ورد بووەوە و هەناسەیەکی درێژی دایەوە. تەماشامی دەکرد و دەخەندی. پرسی: ئیرە ئەو شوێنە بوو دەتویست بۆی بێیت؟

وەڵامم دایەوە: خۆیەتی.

دەمزانی جەمسەری باشوور شوێنێکی چۆڵە، بەڵام ئەوێ چۆڵەوانییەک بوو کە پێشتر هەرگیز وێنایم نەکردبوو. جێی ژیان نەبوو، ئەوێ تەنیا شارۆچکەیەکی بێخاسیەت بوو، هۆتێلێکی پەڕپووتی لێ بوو. ئەوێ شوێنێکی گەشتیاری نەبوو، هیچ بەتریقێکیشی لێ نەبوو، تەنانەت هیچ ئاوڕایەکی(شەبەنگی ڕەنگینی ڕووناکی)شم لەوێ نەبینی. جارجار کەسێکم ڕادەگرت و پرسیاری شوێنی بەتریقەکانم لێی دەکرد، بەڵام ئەوان تەنیا سەریان با دەدا، هیچ لە من تێنەدەگەیشتن، بۆیە وێنەی بەتریقم لەسەر پەڕەیەکدا دەکێشا و پیشانم دەدان، بەڵام هەمووجارێ هەمان وەڵامم وەردەگرتەوە، بێدەنگی و سەرجووڵاندن. زۆر هەستم بە تەنیایی دەکرد، لە دەرەوەی شارۆچکەکە هەتا چاو بڕ دەکا هەر بەفرت دەبینی، هیچ شتێکی ترت نەدەبینی، نە درەختێک، نە گوڵێک، نە ڕووبارێک نە گۆمێک، لە دوورەوە خاکێکی بەستووی وێرانە دیار بوو.

لەلایەکەی ترەوە پیاوەکەم بەو هەناسە سپییانەی، پەنجە شەختەگرتووانەی، ئەو ڕوانینە دوورانەی و جووتە چاوە شووشەسۆڵانەی، ماندوونەناسانە دەهات و دەچوو لەمسەری بۆ ئەوسەر. زۆری نەخایاند زمانی خەڵکەکە فێر بوو، لەگەڵیاندا کەوتە دوان، بەو تۆنە سەهۆڵین و قورسەیەوە چەندین کاتژمێر دەئاخاوتن.

پیاوەکەم خۆی بە هەموو کونجێکی شوێنەکەدا دەکرد، هەندێک شت بەلای ئەوەوە سەرنجڕاکێش بوون. ئەوە لە سەرەتادا بێهیوای کردم، وامدەزانی ناپاکیم لێ کراوە و جێ هێڵراوم. لە کۆتاییدا لەنێوان ئەو شارە بێدەنگ و سەهۆڵینە بەتەواوی هێزم لێ بڕا، و بێهیوای کردم، بە جۆرێک هەست و سۆزم لەدەست دا، ئاڕاستەکان و کاتم ون کرد، یان ئایا من کێ بووم. بیرم نەماوە کەی ئەوە دەستی پێ کرد و کەی کۆتایی هات، بەڵام پێش ئەوەی بزانم قوفڵی کردبووم، بەتەنیا و سڕ لەنێو زستانێکی بێکۆتا لەو جیهانە بەستەڵەکەدا. هەرچەندە هەموو هەستەکانیشم لەدەست دابوو، هێشتا شتێکم دەزانی ئەویش ئەوەبوو ئەو پیاوەی جەمسەری باشوور هەمان ئەو پیاوە نەبوو من دەمناسی. ناتوانم بە تەواوی بڵێم چۆنچۆنی گۆڕا، ئەو وەک هەمیشە ژیر بوو، لەگەڵ منیشدا میهرەبانانە دەدوا، دەشمزانی ڕاستگۆیە لەگەڵمدا، بەڵام هەر هەستم دەکرد ئەو پیاوە سەهۆڵینەی بەرەوڕووم بوو هەمان پیاو نەبوو، کە لە پەناگەی خلیسکێنەکە بینیبووم. بەڵام دەبوو لەگەڵ کێ دەردەدڵ بکەم؟ هەموو خەڵکی ناوچەکە زۆر ئەویان خۆش دەویست و لە وشەکانی منیش حاڵی نەدەبوون، بە هەناسەی سپی و دەموچاوی شەختاوییەوە؛ دەدوان، گاڵتەیان دەکرد، بەو زمانە سەیرەیانەوە لە ناخی دڵیانەوە گۆرانییان دەچڕی. من لە ژوورەکەمان لە هۆتێل خۆم بەند کردبوو، لە ئاسمانی خۆڵەمێشیم دەڕوانی، کە چەندین مانگ ڕوون نەدەبووەوە. کێشەم هەبوو لەگەل رێزمانە ئاڵۆزەکەی زمانەکەیان، بۆم دەرکەوت هەرگیز شارەزای زمانەکەیان نابم.

فرۆکەخانە هیچ فڕۆکەیەکی لێ نەمابوو. دوای ئەو فڕۆکەیەی ئێمەی گەیاندە ئەوێ هیچ نیشتنەوەیەکی دیکەیان نەبوو. لەوکاتەدا ڕێڕەوی فڕینەکە بە چینی گەورەی بەفر داپۆشرابوو، ڕێک وەک دڵی من.

پیاوەکەم پێی گوتم: زستان هات، زستانێکی دوور و درێژمان لەپێشە، هیچ فڕۆکەیەک نایات، هیچ کەشتییەکیش، هەموو شتێک دەیبەستێت، ئەوەی لەدەستمان دێت تەنیا ئەوەیە چاوەڕێی بەهار بکەین.

سێ مانگ دوای ئەوەی گەیشتینە جەمسەری باشوور من دڵنیا بوومەوە سکم هەیە، یەک شتم بۆ دەرکەوت؛ ئەو منداڵەی بەنیازم بە دونیای بێنم پیاوێکی سەهۆڵینی بچکۆلەیە. منداڵدانم بەستوویەتی، چینێکی بەفر لەناوەوە لەگەڵ شلەی منداڵدانم تێکەڵ بووە، دەتوانم لە قووڵاییی سکمدا هەست بە ساردی بکەم. هەروەها ئەوەش دەزانم؛ منداڵەکەم هەمان نیگای سەهۆڵینی باوکی هەیە، هەمان پەنجەی شەختەگرتوو. شتێکی دیش دەزانم؛ خێزانە بچووکەکەمان هەرگیز پێ لە خاکی بەستەڵەکی باشوور نانێتە دەرەوە، تووڕەییی ترسناک و نەمری ڕابردوو ئێمەی پەلکێش کردووە و بەنیاز نییە ڕێگامان بدات دەرچین. هیچ شتێک لە دڵمدا نەماوەتەوە، گەرمایەک کە سەردەمانێک هەمبوو، بۆ جێیەکی دوور پەراوێز خراوە، تەنانەت هەندێک جار بیرم دەچێتەوە هەرگیز گەرما هەبووبێت، هەڵبەتە هێشتاش دەتوانم بگریم، بەتەواوی تەنیام، لە ساردترین و چۆڵەوانیترین کونجی زەمین. کاتێک دەگریم، پیاوەکەم کوڵمەکانم ماچ باران دەکات، فرمێسکەکانم دەبنە بەفر، کڵۆبەفرەکان ڕادەماڵێت، دەیانخاتە سەر زمانی و دەڵێت: دەزانیت زۆرم خۆش دەوێیت؟ دڵنیام ڕاست دەکات و پیاوی بەستەڵەک منی خۆش دەوێت، بەڵام با هەڵ دەکات و وشە بەستووەکانی زیاتر و زیاتر دەچنە نێو ڕابردووەوە، منیش زیاتر گریە و ناڵین دەکەم، فرمێسکی سەهۆڵین تا ئەبەد لە ژوورە بچووکەکەمان لە بەستەڵەکی باشوور کەڵەکە دەبێت…

…..

تێبینیی وەرگێڕ:

*(پیاوی سەهۆڵین)مان بەکار هێناوە، چونکە وەرگێرە ئینگلیزییەکەش وشەی ئایسی بەکار هیناوە نەک سنۆو هەروەک مانای بەفر کە لە سەهۆڵ جیایە ئەویان لە گازییەوە چڕ بووەتەوە و بووەتە بەفر و کەمێک نەرمە و دەنکۆڵەیییە ئەوەی دیکە لە ئاوەوە بەستوویەتی و ڕەق بووە، وەرگێڕە ئینگلیزییەکە بە درێژاییی دەقەکە تەنیا وشەکانی سەهۆڵ و شەختە و شووشەسۆڵی بەکار هێناوە و هەرگیز خۆی لە بەکارهێنانی وشەی بەفر نەداوە بەڵام ئێمە پێمان وابووە لە هەندێک جێدا وشەی بەفر یان دەستەواژەی بەفر دایپۆشی گوزارەیەکی گونجاوتر و هونەریترە بۆ ئەو دیمەنەی لە خەیاڵی خوێنەردا دەینەخشێنێت، تەنیا لەوجێیانە و بەو مەبەستانە ئەو وشانە گۆڕدراون.

*وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە ژێرناونیشانێکیشی هەیە، بەناوی (پیاوەکەم پیاوێکی سەهۆڵینە). بەڵام ئیمە لەم چیرۆکەدا لەسەرەوە لامان بردووە چونکە پێمان وابووە ناونیشانە سەرەکییەکە خۆی لە خۆیدا هێندە هونەری و سەرنجڕاکێشە پێویستی بە ناونیشانەکەی تر نییە، بگرە لەوانەیە بۆ هەندێک خوێنەری تایبەت چێژی چیرۆکەکەش کەم بکاتەوە، بە دەرخستنێکی پێشوەختی هەندێک ڕووداو…

*لەبەرئەوەی پێکهاتەی زمانی ئینگلیزی لە زمانی کوردی جیاوازە بۆیە لە زۆر جێدا هەوڵمان داوە دەقەکە بەکوردی داڕێژینەوە و گوێ نەدەین بە وەرگێڕانی وشە بە وشە،  مەبەستمان دووبارە خولقاندنەوەی چیرۆکەکەبووە بە کوردی، ئەگەر لەکاتی خوێندنەوەیدا چێژی چیرۆکێکی ئەدەبی بە خوێنەران بەخشی ئەوا ئێمە ئامانجی خۆمان پێکاوە.

سەرچاوە:

– Blind willow, Sleeping woman;Haruki Murakami

The Ice  Man / translated by : Philip Gabriel


[1] لە دەقە ئینگلیزییەکە دەستەواژەی (مەڕە ڕەشەکە) بەکارهاتووە، بەڵام ئیمە لە کوردیدا (مراوییە ناشیرینەکە)مان پێ گونجاو بوو، کە هەمان مانا دەدات و لێرە هەمان مانا هەڵدەگرێت.

[2] *Aurora:

دیاردەیەکی سروشتییە لە جەمسەرەکانی زەویدا ڕوو دەدات بەهۆی هەندیک وزەی کارەبایی کۆمەڵێک ڕەنگی درەوشاوە لە ئاسماندا پەخش دەبن و دەدرەوشێنەوە.

[3] icicle:

شووشەسۆڵ: چلورە، گلیلە و سوولەڕمەشی پێ دەڵێن، واتە ئەو ئاوە بەستووەی لە سەقفی ئەشکەوتەکان یان خانووی ماڵەکان هاتووەتە خوارەوە و بەستوویەتی و بووەتە شەختە.

[4] *Paella

خواردنێکی ئیسپانییە لە برنج و لۆبیا و گۆشت، مریشک یان گیانەوەرە دەریایییەکان و هەندێک داودەرمانی گیایی(بەهارات) پێک دیت، لە بریانی دەچێت…