هاوڕێ به‌دبه‌خته‌كه‌ی باوكم
به‌م سپێده سارده چاو هه‌ڵدێنم و به‌ر ده‌كه‌م به‌ملادا. ئه‌وی لێ نییه. خه‌مگین چاو له جانتاكانی گه‌شته‌كه‌مان ده‌بڕم و ڕاده‌بم. په‌نجه‌ره‌كه واڵا ده‌كه‌م و له باخچه‌كه دهنواڕم. ئه‌و ده‌بینم له‌ژێر بارانه‌كه به‌دیار جلكه ههڵواسراوهكانمهوه ڕاوه‌ستاوه. وه‌ك هه‌ر ڕۆژێك ده‌ست بۆ ستیان و دهرپێكورتهكهم ده‌بات.
خێرا به‌ره‌و لای ده‌چم و زوو جلكه ته‌ڕه‌كان له تهنافهكه ده‌كه‌مه‌وه. به‌ر له‌وه‌ی بیانبه‌مه ژوورێ، لێیان ڕاده‌مێنێ. منیش له چاوی سه‌وز و تووڕه‌ی ورد ده‌بمه‌وه، ئه‌و چاوانه‌ی مانایه‌كیان به ژیانم به‌خشیوه.
بۆ پێشكێشكردنی چایییهكی تاڵ، ده‌چمه ژووره‌كه‌ی. ڕاوه‌ستاوه و خه‌ریكی پۆرترێتهكهیهتی. له پۆرترێته هه‌ڵواسراوه‌كانی تری ده‌چمه پێش و پاشان دێمه‌وه به‌رده‌می. چاو له‌سه‌ر په‌نجه كورته‌كانی ڕاده‌گرم، كاتێ فڵچه‌كه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ژنێك دێنێ و ده‌بات.
لێوه‌كانم دهجووڵێنمهوه:
- چه‌ند ڕۆژێكه خه‌ریكیت، هه‌ر ته‌واو نه‌بوو؟
وه‌ك ئه‌وه‌ی جاڕس بووبێت، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێت:
- قه‌ت ته‌واو نابێت.
به‌م قسانه‌ی ده‌كه‌ومه یادی ڕۆژانێك، كه گه‌یاندمیانه ئێستا.
كاتێ دایكم مرد، تازه پێڕادهگهیشتم. باوكیشم زێده‌تر له جاران گرنگیی پێم ده‌دا. ئه‌و شه‌وانه‌ی هه‌ستی به ڕاڕاییم كردبا، به‌ر له خه‌وتن ده‌هاته لام. ئهموستهكانی به‌نێو قژمدا ده‌گێڕان و تهوێڵمی ماچ ده‌كرد:
- گوڵی بابه، شازاده‌كه‌م، خوایه قه‌ت نهژاكێی!
ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی ئازاری ده‌دام و له ئاستیدا بێده‌نگ ده‌مام، به‌ڵام شه‌وێكیان ده‌ركه‌وتنی ئه‌و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر، باوكمی كهیفساز كرد. ئه‌وان له كاتی ڕاپه‌ڕین، له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، هاوڕێ و هاوپۆل بوون.
هه‌رچه‌ند باوكم پێنج ساڵ له‌و گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام بارودۆخی ژیان وای لێ كردبوو ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌كه‌ی ببێت و پاشان بگه‌ڕێته‌وه.
ئه‌و ساته ئه‌وان به‌دیار فیلمێكه‌وه سه‌ری قسه‌یان دامه‌زراند. باوكم هه‌ڵیدایه:
- نزیكه‌ی ساڵێكه نهمانبینیویت. پێم بڵێ، ئه‌و ماوه‌یه حاڵت چۆن بوو؟
ده‌ستی به ڕیشه پڕه‌كه‌یدا هێنا:
- بڵێم چۆن بوو؟ خۆم له هه‌مووان ون كرد، تاكو چیتر پێم نه‌ڵێن: چیت كرده‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستگیرانه‌كه‌ت؟
به‌ر له‌وه‌ی باوكم هیچ بڵێت، گوتی:
- ساڵێك تێپه‌ڕیوه به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه ناهه‌مواره‌دا، كه‌چی هه‌ر وا ده‌زانم ئێستایه. ساڵانێك پڕ له ژیان بووم و دوای په‌یمانگه دوو پێشانگه‌م كرده‌وه. له بیرته بڕیار بوو پێكه‌وه بچین سایه‌ی ده‌ستگیرانم ببینین، به‌ڵام تۆ نه‌هاتیت؟ خۆ پێشتریش بۆم گێڕایته‌وه، چی ڕووی دا: له بازگه‌ی دێگه‌ڵه ڕایانگرتین و به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی گومان لێكراوم و به‌و سه‌ر و كه‌لله گه‌وره‌یه و برۆ پڕهمهوه له سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌چم. دوای مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵیاندا، به زه‌بری تفه‌نگه‌كانیان كه له پشتم و سه‌رمیان دا و بوورامه‌وه. له‌و ڕۆژه به دواوه ئومێدم به ژیان نه‌ما. سه‌خت بوو. نه‌مده‌زانی چۆن پێی بڵێم: له‌گه‌ڵ مندا هه‌رگیز نابیته دایك. له یادمه ئه‌و ڕۆژه‌ی پێم گوت: خۆشحاڵ ده‌بم، گه‌ر دوای ژیانێكی دیكه بكه‌وێت و له بیرم بكات، ئیدی هه‌ردووكمان هۆڕ هۆڕ گریاین.
به‌م قسانه باوكیشم دڵی بۆی ته‌نگ بوو. گوتی:
- غه‌درێكی گه‌وره‌یان لێ كردیت، به‌ڵام ژیان ناوه‌ستێت، گرنگه ئه‌و ئازاره‌ت ڕووح بكاته به‌ر تابلۆكانت.
چاوی له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه بڕی. فیلمێكی ڕۆمانسی په‌خش ده‌كرا. دوو ئاشق به جۆش‌وخرۆش یه‌كدییان ڕاده‌مووسی. وه‌ك بڵێی به بینینی وه‌ها دیمه‌نێك سه‌غڵه‌ت بووبێت، برۆكانی وێك هێنانه‌وه و ڕووی وه‌رگێڕا.
ترێ و سێوه‌كانم شۆردنه‌وه و خستمنه سه‌ر سینییه‌كی شووشه. بێ ویستی خۆم له‌ودیو ده‌رگاوه گوێم له باوكم بوو، ده‌یگوت:
- براده‌ر، كه‌س بێده‌رد نییه، ئه‌وه چه‌ند ساڵێكه به ده‌ست ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنم. دكتۆره‌كان پێیان گوتووم، نه ده‌رمانه‌كان شتێك له بارودۆخه‌كه ده‌گۆڕن، نه لێره‌یش چاره‌سه‌ر ده‌كرێم، بۆیه ده‌بێت هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ لانه‌دا، بچمه توركیا. حه‌ز ده‌كه‌م تۆیش له‌گه‌ڵمان بێیت و پشكنین بۆ خۆت بكه‌یت.
- چاره‌سه‌ری چی؟ هیچ كه‌سێك نه‌زانێت تۆ باش ده‌زانیت لێره له‌به‌ر گومانی ئه‌وه‌ی كه من له‌و ده‌چم، خۆشییه‌كانی ژیانیان لێ زه‌فت كردووم. ئه‌دی ئه‌گه‌ر بێمه ئه‌وێ، ده‌بێت چ پارچه‌یه‌كی تری جه‌سته‌م لێ بستێنن!
- من ئه‌و نهێنییه‌ت ده‌پارێزم، به‌ڵام براده‌ر، گه‌ر مه‌رگ ڕێی نه‌دا بچمه ئه‌وێ، با لانه، ئامانه‌تت بێت.
یه‌كڕاست میوهكانم لێ كه‌وتنه خوار. كاتێ دانه‌ویمه‌وه، خوێن له په‌نجه‌م تكا. به ترسه‌وه ده‌ستم بۆ میوه‌كان برد و یه‌كسه‌ر كه‌وتمه یادی ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ی، له ته‌مه‌نی حه‌ڤده‌ساڵیدا، ژیانم بۆ هه‌میشه تێدا ئاڵۆز بوو.
تا ماوه‌یه‌كی درێژ خه‌وم خراپ بوو. قسه‌كانی خه‌یاڵیان ههڵدهفڕاندم. باوكیشم شه‌وێك ده‌رگای ژوورهكهمی نه‌ترازاند. دڵم خێرا لێی ده‌دا. ده‌مزانی دۆخی خراپه. ڕابووم و به‌ره‌و ژووره‌كه‌ی جووڵام. له‌سه‌ر گازهرای پشت ڕاكشابوو. بانگیم كرد و وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه. دڵم كه‌وته خورپه، به ترسه‌وه لێی چوومه پێش. بێهه‌ست چاوه سه‌وزه‌كانی لێمیان ده‌نواڕی. سه‌رم لێی برده پێشه‌وه. هه‌ناسه‌ی نه‌ده‌دا و خۆری ژیانی ئاوا بووبوو. وام ده‌زانی پیاوه‌كان ناڕۆن.
چه‌ند مانگێك دواتر، ڕێك كه‌وتین هاوسه‌رگیری بكه‌ین.
له قۆناغی ناوه‌ندی بووم. ڕۆژێك له خوێندنگه ده‌گه‌ڕامه‌وه. به مه‌ڵامه‌تی وه‌رگرتنی كتێبێكه‌وه، كه به‌یانییه‌كه‌ی تاقیكردنه‌وه‌م تێیدا هه‌بوو، به دڵ و هه‌ستێكی پاكه‌وه چوومه ماڵی هاوپۆلێكم. ئه‌ویش چوڵبوونی ماڵه‌وه‌یانی قۆسته‌وه و له ژوورێك ده‌رگه‌ی له‌سه‌ر داخستم. سه‌ره‌تا ویستیی ماچم بكات، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ی شكاند. جلكهكانمی داكه‌ندن و چه‌شنی گورگێكی برسی په‌لاماری دام. پاكیزه‌ییم خه‌تێكی ڕه‌شی به‌سه‌ر چارهنووسمدا هێنا.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قایل بوو به‌مه، منیش قایل بووم له تهكی دابم. ته‌نیاییمان بڕه‌وێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئاساییش وه‌رم گرت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ له نێوانماندا ڕوو بدات، هاوسه‌ری یه‌كدی ده‌بین.
نیگام له‌سه‌ر شانه‌كانی وێنه‌كه لا ده‌ده‌م. بۆ ئاماده‌كردنی فراڤین ده‌چمه ناندین و ئه‌ویش ده‌ست هه‌ڵده‌گرێت. خواردنه‌كان له ساردكه‌ره‌وه‌كه ده‌رده‌هێنم و له‌سه‌ر مێزه‌كه دایانده‌نێم. گێزه‌رێك ده‌گرمه ده‌ستم و ده‌مهه‌وێت وردی بكه‌م، كاتێ سه‌رنجی ده‌ده‌مێ، زه‌ق زه‌ق چاوی له گێزه‌ره‌كه بڕیوه! له‌سه‌ر كورسییه‌ك داده‌نیشێت. ده‌ست بۆ سێوێك ده‌بات و گازی لێ ده‌گرێت.
موچوركهیهك دهمتهزێنێت!
وه‌ك زۆرینه‌ی ژه‌مه‌كان بله‌ز خواردنه‌كه‌ی ئاودیو ده‌كات و گه‌ره‌كیه‌تی بچێته‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی.
به ناڕهزایییهكهوه لێوه‌كانم ده‌بزوێنم:
- په‌له‌ی چیته؟ ئه‌مڕۆ نا، سبه‌ی!
به‌ده‌م خوراندنی قژه ئاڵۆسكاوهكهیهوه ده‌ڵێت:
- نازانم. ده‌مهه‌وێت به‌ر له‌وه‌ی بڕۆین ته‌واوی بكه‌م.
وه‌ك كیژێكی بچووك، سه‌ر لار ده‌كه‌مه‌وه بۆی:
- هیواخوازم بتوانین بچین.
لێوه‌كانی گرژ ده‌كات و ده‌ڵێت:
- هه‌نووكه وڵات ئارامه و ده‌چین، به‌ڵام به‌رگی گه‌رمت له بیر نه‌چێت!
- خه‌می ئه‌وه‌ت نه‌بێت، بۆ هه‌ردووكمانم داناوه.
چاویلكه‌كه‌ی له‌سه‌ر لووتی لا ده‌دات. جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێت و له خواردنه‌كه ده‌كشێته‌وه. مژێكی قووڵی لێ ده‌دات و ده‌چێته باخچه‌كه. چاو له شه‌قاوه‌كانی ناترازێنم. به‌دیار گوڵه‌كانه‌وه ڕاده‌وه‌ستێت و لووتی له‌نێویان ون ده‌كات. جگه‌ره‌كه‌ی فڕێ ده‌دات و یه‌كه‌وڕێ تا ژووره‌وه ناوه‌ستێت.
داده‌مێنم و ده‌كه‌ومه داڵغه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی شته‌كان ئاسایی نه‌بوون.
خۆر له ناوه‌ڕاستی ئاسمانه‌وه ده‌دره‌وشایه‌وه، به توێی فانیله‌یه‌كی بێقۆڵ و شۆرتێكه‌وه له ژووره‌كه‌دا بووم. پاش ئه‌وه‌ی مووه‌كانی جه‌سته‌مم لێ كردنه‌وه، چوومه به‌رده‌م ئاوێنه و ده‌ستم به خۆمدا هێنا. له سه‌ر و سیمامم نواڕی. هێنده‌ی نه‌خایاند هاته ژووره‌وه. تاوێك لێم ڕاما، وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌رم بكات، سوور هه‌ڵگه‌ڕا. ته‌ماشایه‌كی زه‌وییه‌كه‌ی كرد و له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ندێك وشه‌ی په‌نهانی ده‌ربڕین. كه‌مێك خۆی به تاكی كهنتۆرهكهیهوه خه‌ریك كرد. جلكهكانی هێنانه ده‌ر و به‌ره‌و گه‌رماوه‌كه ڕۆیشت.
پاش ئه‌وه‌ی به ڕۆبهكهوه هاته ده‌رێ، هاڵاوی گه‌رماوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌نێو ژووره‌كه‌دا بڵاو كرده‌وه. تا نزیك بووه‌وه، سه‌رنجم له‌سه‌ر مووه‌كانی سه‌ر سینه‌ی لانه‌برد. لای ئێواره‌كه‌ی به تیشێرتێكی بێقۆڵهوه له‌سه‌ر كهرهوێـتهكه له تهكی ڕۆنیشتم. بۆنێكی یه‌جگار خۆشی لێ ده‌هات، جیا له‌و بۆنه‌ی پێشتری كه له هیی باوكم ده‌چوو.
چاوم له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ی نێو ده‌ستی بڕی و ئه‌ویش خه‌ریكی كێشانی ده‌موچاوم بوو. ویستم پێی بڵێم: لات وایه بۆت ته‌واو بكرێت؟! به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ساته‌ی ویستم لێی نزیك ببمه‌وه، هه‌مان شڵه‌ژان و سووربوونهوهیم ده‌رك پێ كرد.
نیوه‌شه‌و جووڵه نائاسایییەكانی له خه‌و ڕایچڵه‌كاندم. ده‌ستێكی له سه‌رینه‌كه‌ی ژێر سه‌ری گیر كردبوو ئه‌وه‌ی دیكه‌یشی به‌نێو كێر و گونی پووتبوویدا ده‌خشاند و بزه‌ی ده‌هاتێ. له‌گه‌ڵ تهكاندانیدا سه‌رینه‌كه‌ی توندتر ده‌گوشی. پاشان له خه‌و ڕاپه‌ڕی.
ورده ورده له په‌نجه‌ره‌ی فڕۆكه‌وه ڕووناكییه‌كانی شار كز ده‌بن. به ئاسمانه‌وه هێشتا پڕ له ژیان له هه‌وره چڕه‌كان ورد ده‌بمه‌وه. ده‌مهه‌وێ بۆی بدوێم، كه‌چی له پاڵمدا خه‌وی لێ كه‌وتووه. مووه سپییه‌كانی چه‌ناگه‌ی هه‌ڵگری خه‌مێكی نه‌بڕاوه‌ن.
كاتێ به‌ره‌و دوورگه‌ی شازاده ده‌جووڵێین، هه‌تاو چه‌شنی یاقووتێكی زه‌ردباو ده‌یدا له (بۆسفۆڕ) با بههێزهكهیش بنگوێمان ده‌ته‌زێنێت. ئه‌و به ملوانی چاكێته‌كه‌ی گوێكانی داده‌پۆشێ. لێی ده‌چمه پێش و سه‌ر به شانی ده‌كه‌م. به هه‌ناسه‌دانێكی درێژه‌وه ده‌ست له شانه‌كانم ده‌خشێنێت و بهلهمهكهیش جۆلانهئاسا ده‌هه‌ژێته‌وه.
سپێدهكهی كۆڵانه فراوانه‌كانی دوورگە ده‌بڕین. به دیتنی خانووه بهگوڵداپۆشراوهكان، بیره‌وه‌ریی ڕۆژێك ده‌مخاته داڵغه‌وه.
ڕۆژێك له‌و ساڵانه‌ی، كه باوكم لاو بوو، بێهێز و كه‌نه‌فت هێشتا چێژی ئاوپڕژێنی گوڵه‌كانی هه‌بوو. له نێزیك یه‌كدییه‌وه دانیشتبووین. به كامی دڵ بۆنی هه‌ڵده‌مژی و هه‌ناسه‌سوار ڕووی ده‌می لێ كردم:
- زۆرم ئه‌زیه‌ت بردووه بۆ پێگه‌یاندنیان، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك بقرتێن، بێ‌ئومێد ده‌بم.
دامام و له دڵی خۆمدا گوتم: ده‌مویست بیانپارێزم، به‌ڵام نه‌متوانی.
تیژ هه‌نگاوه‌كانم ده‌بڕم و ئاوڕێكی لێ ده‌ده‌مه‌وه، به‌ده‌م سڕینی چاویلكه‌كه‌یه‌وه له به‌رده‌رگای خانووێك دانیشتووه و قاچه‌كانی لێ ڕاكێشاون. هه‌ناسه‌سوار ده‌ڵێت:
- تۆیش وه‌ره كه‌مێك پشوو بده، تا باشتر كۆڵانه‌كان تهی بكه‌ین!
هه‌نگاوه‌كانم دهكشێنمهوه و تاوێك لێی ڕا ده‌مێنم:
- هه‌ر ده‌ڵێی باوكمیت، زوو هه‌ناسه‌ت سوار ده‌بێت.
چاویلكه‌كه‌ی ده‌خاته‌وه چاوی و به نیگهرانییهكهوه ده‌ڵێت:
- نازانم تا كه‌ی ده‌بێت له باوكت بچم!
شه‌وێكی فێنكه، به بلووزێكی ته‌نكه‌وه ڕاكشاوم. نه‌سیم له په‌نجه‌ره‌كه‌وه خۆی خزاندووه‌ته ژووره‌وه، كه‌چی خه‌و ناچێته چاوم، نیگا له ده‌رگا ده‌بڕم و په‌یدا نابێت. ده‌سته‌كانم له‌سه‌ر ئه‌م شان و ئه‌و شانم داده‌نێم. هه‌ناسه‌یه‌كی درێژ ده‌ده‌م و بێئۆقره به‌نێو ژووره‌كه‌دا هامشۆمه.
- ده‌زانم ئه‌مشه‌ویش نایه‌ت، تێپه‌ڕینی دوو ساڵ ئاسان نه‌بوو. له من وا بوو گرتنی په‌نجه كورته‌كانی ئاره‌زووه‌كانم تێر ده‌كات، به‌ڵام نه‌مزانی هه‌بوونی دهستهكانمم به‌سه.
ده‌چمه ژووره‌كه‌ی، به سه‌رنجێكی خێراوه هه‌ر ته‌نیا بزه‌یه‌كم بۆ ده‌كات. لێی نزیك ده‌بمه‌وه و ده‌ستی گه‌رمی ده‌گوشم. پاشان ده‌مهه‌وێت قۆپچه‌كانی بترازێنم و لێویشم له‌سه‌ر لێوی ئه‌ستووری دابنێم. ده‌ركی پێ ده‌كه‌م هه‌مان شڵه‌ژانی هه‌یه. سوور ده‌بێته‌وه و خۆی به دوور ده‌گرێت. منیش دڵم پڕ ده‌بێت و لێی ده‌كشێمه‌وه. ده‌چمه ده‌رێ. هێنده نابات، به چه‌شنێك ده‌قیژێنێت، نێو ماڵه‌كه پڕ ده‌كات. ده‌چمه‌وه ژوورێ. سه‌یر ده‌كه‌م پۆرترێته‌كه‌ی كه‌رت كردووه. خۆیشی به‌دیاریه‌وه داماوه. ده‌ستی به سه‌ریه‌وه گرتووه و ده‌ڵێت:
- بمبووره!
وه‌ك دایكی توند ده‌یگرمه ههمبێزم و گریان شانهكانمان ده‌هه‌ژێنێت.