(دیسانەوە بۆ هاوڕێم، محەمەد تەها حوسێن)
لە تێگەیشتنی دەروونناسییەوە بۆ دەروونناسیی بوونگەرایی، لە (سیگمۆند فرۆید)ەوە بۆ (ڕۆناڵد داڤید لانگ- 1927-1989)، لە قەیرانی خودەوە بۆ قەیرانی بوون… دەتوانین بڵێین دەروونناسی و بە تایبەتی دەروونشیکاریی (فرۆید)ی هەوڵێکی بەردەوام بوو، بۆ دامەزراندنی مانایەکی جێگیر بۆ خودی مرۆڤ و جیهان، بەو مانایەش کەسایەتیی مرۆڤ لای فرۆید لە کێشان و ملمڵانێیەکی بەردەوامی نێوان (ئید -ئیگۆ- سوپەرئیگۆ) دەخولایەوە؛ بەڵام بوونگەراکان و بە تایبەتی (ڕ. د. لانگ) ئەو پرۆژەیان ڕەت کردەوە و نیشانیان دا کە مانا و ناسنامە و کەسایەتیی مرۆڤ مەرج نییە هەر تەنها ئەو سێ بنەمایە بەڕیوەی بەرێت و بوونی مرۆڤ لەخۆیدا قەتیس بکات؛ (لانگ- وەک یەکێک لە پێشەنگە سەرەکییەکانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشکی لە ساڵانی شەستەکاندا) جێگیرنەبوونی مانا و ناسنامەی کەسایەتیی بە قەیرانی بوونەوە بەستەوە؛ بەو مانایە دابەشبوونی کەسایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە نائارامی و دابڕان لە دەوروبەر بکات؛ ئەوەش بانگەشەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنها لەڕووی دوالیزمی (عەقل/ شێتی) نەخوێنرێتەوە، بەڵکە وەک بوونێکی فرە مانا، وەک بوونێکی پڕ لە ترس و نیگەرانی تەماشا بکرێت؛ وەک شێوەیەک لە شێوەکانی بوون لە جیهاندا، نەک تەنها وەک مێشکێکی بایۆلۆژی؛ واتە تێگەیشتن لە مرۆڤ دەبێت لەڕێگای ئەزموونی ژیانەوە بێت، نەک تەنها لەڕێگای توێژینەوەی زانستییەوە.

لێرەداپرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت (نەخۆشیی دەروونی- شێتی) وەک (قەیرانی بوون) سەیر بکەین؟ یان گرفتی (شێتی) لە قەیرانی بوونەوە هەڵگرینەوە؛ ئایا تێکشکاندنی گێڕانەوە گەورەکان بەرەو جێگیرنەبوونی ماناکانمان دەکەنەوە؟ ئایا شتێک بە ناوی خودی یەکگرتوو هەیە؟
قسەکردن لە تیۆریی دەروونشیکاریی فرۆیدی بەرەو سێ ئاستی سەرەکیی کارکردنی مێشکمان دەکاتەوە: (نەست- اللاوعي، هەست- الوعي، و پێشهەست- قبل الوعي)یە؛ فرۆید پێی وابوو مرۆڤ زیاتر لەوەی هەست بەڕێوەی بەرێت، لەلایەن نەستەوە بەڕێوە دەبرێت؛ بەڵام (ڕ. د. لانگ- پزیشکی دەروونی سکۆتلەندی) بە هەموو جیاوازییەکانییەوە بەرەو بەرگریکردن لە بوونی ڕاستەقینە و بوونی ساختەی (هایدگەر) هەنگاو دەنێت و دووبارە دەپرسێ: خود چییە و چۆن لەلایەن کەسانی ترەوە دەبینرێت، ئایا بوونی ڕاستەقینە ئەو بوونەیە کە لەگەڵ کۆمەڵگا دەگونجێ؟! لەو بارەشەوە دژی دیدگای فرۆیدی قسە لە نموونەی نەخۆشی (شیزۆفرینیا) دەکات و پێی وایە شیزۆفرینیا تەنها نەخۆشییەکی مێشک و شێوانی سێ ئاستە سەرەکییەکەی کارکردنی مێشک نییە؛ بەڵکە شیزۆفرینیا دەتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ پاراستنی (خودی ڕاستەقینە) لە ژیانێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و ناتەواوییدا… بەو مانایەش بەرگری لە تێزەکەی خۆی دەکات و مرۆڤ وەک بوونێکی فڕێدراوی نێو جیهانێکی نالۆژیکی دەبینێ و پێی وایە نەخۆشییە دەروونییەکان تەنها کێشەیەکی پزیشکی نیین، بەڵکە زمانێکی فەلسەفیین کە مرۆڤ لەو ڕێگایانەوە قسە لەگەڵ بێمانایی، ترس و ئازادی دەکات؛ بەم جۆرە (ڕ. د. لانگ) لەڕێگای نەخۆشی شیزۆفرینیاوە (دابەشبوونی خود) ڕادەگەیەنێت.
(قەیرانی بوون/ قەیرانی مانا)
(ژان فرانسوا- لیوتار) لە کتێبی (الوضع ما بعد الحداثي، ترجمة: أحمد حسان)دا باس لە کۆتایییەکان دەکات و پێی وایە هیچ ڕاستییەکی گشتی و چەسپاو بوونی نییە، چونکە خودی مانا ناجێگیر و پەرتەوازەیە، هیچ دەقێکیش لە ناکۆکیی ناوخۆیی و فرە مانایی بەدەر نییە.
دەروونشیکاریی فرۆیدیی کەسایەتیی مرۆڤ لەژێر ململانێی هێزێکی جێگیری ناوخۆییدا دەستنیشان دەکات، نەستی مرۆڤ وەک (شوێن)ی ئارەزووە سەرکوتکراوەکان دەبینێ و گرفتە دەروونییەکان وەک دەرهاویشتەی کێشەی نێوان ئارەزوو و دەسەڵاتی چەسپاو لێکدەداتەوە؛ بەڵام (ڕۆناڵد داڤید لانگ) لە کتێبی (الذات المنقسمة: دراسة وجودية في العقل والجنون- ترجمة: عبدالمقصود عبدالکريم) لە دیدگایەکی (مرۆیی- بوونگەرایی)ەوە بەرەو ڕوانگەکەی (لیوتار) دەچێ و (دڵەڕاوکێی بوون) بۆ وەسفکردنی هەستی ناجێگیری، یان ترس لە ونبوون یان داگیرکردن، دەگێڕێتەوە و شوێنی ئارەزووە سەرکوتکراوەکان بە سەرچاوەی گرفتە دەروونییەکان نابینێ، نەک هەر هێندە، بەڵکە پێی وایە هیچ (ناوەندێک/ شوێنێک) نییە (مانا- عەقڵ) بپارێزێت.
لەنێوان دەروون وەک دەرهاویشتەی سەرکوتکردن و بوون وەک ستراتیژیی پاراستن، یان بە مانایەکی دیکە لەنێوان جێگیربوونی عەقڵ و پەرتبوونی شێتییدا… یەکەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەک کێشەیەکی دەروونی دەبینێت و دووەمیان (خود، مانا، ئارەزوو) وەک قەیرانی بوون تەماشا دەکات؛ بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو جیاوازییانەشەوە: ئایا نەست زمانێک نییە، بۆ دەربڕینی قەیرانەکانی بوون؟ ئەگەر ئەو پرسیارە لە (ژاک لاکان)ەوە ڕووبەڕووی فرۆید بکەینەوە، دەڵێین: ئایا ناخی مرۆڤ لە غەریزە بایۆلۆژییەکان پێکهاتووە، یان ئەلفوبێیەکی هێمایی ڕێکخراوە؟ هەڵبەتە فرۆیدییەکان گرنگییان بە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی منداڵی دەدەن، بەڵام لاکان گرنگی بە “دال” (وشەکان) دەدات.
ئەگەر پێمانوابێ کە زمان لە نەست ڕسکاوە! کەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) دروستکراوی گوتراوە جیاوازەکان و قەیرانەکانی زمانە… لێرەدا مرۆڤ لەنێوان پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نەستی زمان و قەیرانی گوتراوە جیاوازەکاندا، لەنێوان مانا بێکۆتایییەکان و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامیدا، دەتوانێت نەستی زمان وەک (دۆخ)ێکی داهێنەرانە ببینێت کە مرۆڤ تێیدا هەوڵی نوێ بۆ مانای بەردەوام و گۆڕانکاری بەردەوام دەدات، بە دیوەکەی دیکەش تیۆرییەکی فیکری بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ لە ناو جیهانی زمان و قەیرانەکانی بووندا گەڵاڵە دەکات؛ بەو مانایەش بەردەوام نەست لە شوێنەوە بەرەو دۆخێکی گۆڕاو دەچێت.
(خودی شکاو)
(خودی دابەشبوو: لێکۆڵینەوەیەکی بوونگەرایی لە عەقڵ و شێتی) ناوی کتێبەکەی (ڕ. د. لانگ)ە؛ لە لێکدانەوەی ئەو کتێبەدا خود تەنها واتایەکی دەروونناسیی سادەی نییە، بەڵکە ناوەندی ئەزموونی بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی مرۆڤە بە جیهانەوە! لێرەدا (من هەم) بە شێوەیەکی (ڕاستەقینە) دەتوانێ پەیوەندیی ڕاستەقینەی (خێزانی، کۆمەڵایەتی) دروست بکاتەوە، بەبێ ماسک و دەستکردی کۆمەڵایەتی بژیت؛ بەڵام کاتێک خودی ڕاستەقینە لەژێر هەر پەردەیەک دەشاردرێتەوە، ئەوە خودی ساختە (ماسککراو) دەردەکەوێت؛ خودی ساختە: هەڵگری هەستێکی نامۆ و دابڕاو و پڕ لە ترس و نیگەرانییە، هەموو ئەو هەستانەش وەک خۆپارێزی بەرز دەکاتەوە! واتە هەموو ئەو هەستانە هەوڵدانە بۆ پاراستنی خودی ڕاستەقینە… خودی ڕاستەقینە (ژیانی ڕاستەقینە)، یەک پارچەیە؛ خودی ساختە (خودی دابەشبوو)، ئەو خودەیە کە دابڕاوە و سنوورەکانی بوونی شکاون، یان ڕۆڵێکە (ماسکێکە) کە مرۆڤ بۆ گونجان لەگەڵ کۆمەڵگادا دەیگێڕێت؛ کەواتە مرۆڤ بوونێکی هەستیار و پەیوەندیدارە، کە ئەگەر (ئاساییبوونی) لەدەست بدات، خودی دابەش دەبێت، بەو مانایەش (شێتی) وەک هەوڵێکی مانادار بۆ پاراستنی خود دەردەکەوێت.
لێرەدا دەمەوێ چەمکی خودی ڕاستەقینە و خودی ساختە بۆ خودی جێگیر و خودی گۆڕاو تەرجەمە بکەم و لەوێشەوە هەوڵ دەدەم لێکدانەوەیەکی (زمانی- بوونگەرایی) بۆ دۆخی گۆڕاوی (نەستی زمان) دابمەزرێنم، بەو مانایەش نائاساییبوونی زمان ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە سەقامگیریی بوونی خۆی ناکات، بۆیە مرۆڤ هەمیشە لەنێو زماندا لە دۆخی: ونبوون، داگیرکردن، شپڕزەییدا دەژیت؛ لەو کاتەشدا کە زمان ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاسایی جێگیر بێت، لە بەرانبەردا بوونی گۆڕاو دەبێتە ئەو خودەی کە بەردەوام دەگۆڕێت و پەیوەندیی نوێ دروست دەکاتەوە و هیچ ناوەندێکی جێگیر شک نابات! لەو بیرۆکە (سارتەر)ییەدا، بوون پێش ماهیەت دەکەوێت (واتە مرۆڤ سەرەتا هەیە، پاشان دەبێتە خاوەنی خود).
لێرەوە خودی گۆڕاو (عاقڵ) هەڵگری هیچ مانایەکی پێشوو نییە، بەڵکە لە کردارەکانیدا (لە داهێنانەکانیدا) (شێتی) دروست دەکاتەوە؛ ئەو بیرۆکە (سارتەرییە- لانگییە) لە نائاساییبووندایە، لە ونبوونی سنوور و شکاندنی یەکگرتوویی خودەوەیە! لانگ- بە شێوەیەکی سارتەرییانە لەو کتێبەدا پێی وایە مرۆڤ هیچ پلانێکی پێشووی نییە، بەڵکە سەرەتا دەچێتە نێو جیهان (بوون) و پاشان لەڕێگای کردارەکانی (داهێنانەکانی) خۆی ماهیەتی خۆی بونیاد دەنێتەوە؛ لەو بیرۆکەیەدا مرۆڤ بە ئازادی مەحکومە و بەرانبەر هەموو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەرپرسیارە… لێرەدا پرسی ئایا ماهیەت جێگیرە، جەختکردنەوەیە لە چەسپاندنی عەقڵ؟ بۆیە لە پرسیارەکە زیاتر ناڕۆین، ئەگەر ڕەفتاری ئەو بەناو عاقڵانە لەبەرچاو بگرین، کە شەڕ و ململانێ هەڵدەگیرسێنن و برسێتی و پەتای کوشندە لە دەستی ئەواندا گەشە دەکەن، ڕەنگە سەرلێشێواویمان بەرانبەر بەو پرسیارە (سارتەری-لانگی)یە زیاتر نەبێت و پێداگری لە عەقڵ چییە؟ شێتی چییە؟ زیاتر نەکەین و کەمەکێک لەو پرسە دوور کەوینەوە، لەوێوە هەوڵ دەدەم تەواوی خوێندنەوەکەم لەبارەی (دابەشبوونی خود) و (زمانی بوونگەرایی) بۆ ترسی مانا و قەیرانی مانا و چەمکی جێگیرنەبوون درێژ بکەمەوە، هەتا بتوانم بۆ جارێکی دیکە (خود، مانا، ئارەزوو) لە (بوون بە) دابڕێژمەوە.
کەواتە خودی ڕاستەقینە (خودی جێگیر) پاراستنی بوون دەگەیەنێت و خودی ساختە (خودی گۆڕاو) بەردەوامی بوون و (ناجێگیربوونی خود) نمایان دەکات؛ بەم جۆرە هەردووکیان بە دوو شێوەی جیاواز، نائاسایی (بوون)یان هەڵگرتووە، بە مانایەکی ڕوونتر مرۆڤ بە هەردوو ڕووی (عاقڵ و شێتی) گوزارشت لە بوون دەکات: ڕووی یەکەمیان بە داخستنی (بوون) و ئەویدیکەیان بە کرانەوەی (بوون)، یەکەمیان بە داخستنی (مانای چەسپاو) و ئەویدیکەیان بە کرانەوەی (خەیاڵی زمان) بەو مانایەش تێکچوونی یەکگرتوویی خودی ڕاستەقینە بۆ خودی ساختە، یان (بوونی یەکگرتوو) لە زماندا دەتوانێت دۆخی گۆڕاوی ژیان (سەیرورە- بوون بە) نیشان بداتەوە.
لە کۆتاییدا (خودی دابەشبوو) دەتوانێت وەک دەقێکی سەرەکی لە تێگەیشتن لە (عاقڵ و شێتی) بوونی یەکگرتوو لەڕێگای قەیرانەوە بخوێنێتەوە، بەو مانایەش مرۆڤ شتێکی دیاریکراو نییە، عاقڵە و شێتە، بەردەوام لەنێوان جێگیربوون و پێویستی گۆڕاندا دەژی! بەڵام کاتێک ئەم دوو شێوە (نائاساییەی بوون) بەیەکەوە وەک بوونێکی یەکگرتوو هەڵناکەن، قەیران دروست دەبێت.
کەواتە (خود، مانا، ئارەزوو) نە شتێکی سەقامگیرە و نە گۆڕاو، بەڵکە (ئەزموونی ژیان) مەیدانی شپڕزە و ئاڵۆزی نێوان ئەم دووانەی لەخۆ گرتووە؛ هەمیشە (ئەزموونی ژیان) دەیەوێت خۆی وەک شتێکی سەقامگیر پیشان بدات، بۆ ئەوەی لە (ئازادیی ترسناک) هەڵگەڕێتەوە؛ چونکە مرۆڤ خاوەنی تەواوی خۆی نییە، بەڵکە ئەنجامی گوتار و دەسەڵاتە و هەمیشە خۆی لە ناو تۆڕێکی واتای زمانیی و دەسەڵاتدا دەبینێتەوە؛ دەرئەنجامی (تۆ خۆت) دروست ناکەیت، بەڵکە زمان دروستت دەکات، ڕاستەوخۆ ڕەخنەیە لە بیرۆکەکانی سارتەر و لانگ؛ بەڵام بوونگەراکان باوەڕیان بە خود لەق نابێ، وەک چۆن لانگ باوەڕی بە خودی دابەشبوو هەیە و ئەو دابەشبوونە وەک شکستی نێو جیهانێکی نالۆژیکی دەبینێ، نەک وەک بەرهەمی گوتار و شکستی سیستەمی واتاسازی.
هەڵبەتە قەیرانەکانی خود، مانا، ئارەزوو، وەک لانگ و بوونگەراکان تێیگەیشتوون، قەیرانی بەرپرسیاری ئازادی نییە، بەڵکە قەیرانی نەبوونی بنەمایە؛ چونکە مرۆڤ نەک هەر نازانێت چییە، بەڵکە نازانێت ئایا دەتوانێت هەرگیز بزانێت یان نا. بەو مانایەش مرۆڤ بوونێکی ئازاد و خۆدروستکار نییە، بەڵکە مرۆڤ لە قەیرانێکی قووڵتردا دەژی، ئەویش قەیرانی زمان و قەیرانی مرۆڤایەتییە، چونکە ناتوانێت بە تەواوی خاوەنی مانا بێت؛ مرۆڤ بوونەوەرێکی ناتەواوە!
بەم جۆرە دابەشبوونی (خود، مانا، ئارەزوو) تەنها قەیرانی ئەزموونی ژیان نییە، تەنها قەیرانی زمان نییە، بەڵکە ئەنجامی جیهانێکە کە مرۆڤ تێیدا شکاوە و گومان لە خودی خۆی و لە ئازادیش دەکات. پرسیارەکە ئەوە نییە، مرۆڤ کێیە، زمان چییە؟ پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا (مرۆڤ- زمان) هێشتا دەتوانێت هەبێت؟ هەرگیز ئەو پرسیارە، پرسی دۆخی زمانی داهێنەرانەی لەخۆ نەگرتووە، تەنها دۆخێکی گۆڕاو نییە، بەڵکە دۆخی سەرەکیی مرۆڤی ونبووە.
هەڵبەتە (ڕۆناڵد داڤید لانگ) وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی ڕەوتی دژە- دەروونپزیشکی، هەوڵیداوە سنوورە باوەکانی نێوان ئاسایی و نائاسایی لە سنوورەکانی قەیرانی خود و قەیرانی بوون، قەیرانی زمان و قەیرانی ئازادی، نزیک بکاتەوە؛ هەر کاتێک ئەم سنورانە ناسەقامگیر دەبن، مرۆڤ دەچێتە دۆخێکی نێوانی، کە تێیدا: هەم دەتوانێت مانای نوێ بدۆزێتەوە و هەم دەتوانێت بە تەواوی لە ناو بێماناییدا ون بێت، هەم دەتوانێت عەقڵ بێت و هەم شێت.
هەولێر 4/4/2026