ڕەهەند:
لە پڕۆژەی ڕۆشنگەریی لیبراڵەوە بۆ پەراوێز و پارادۆکسەکانی بیرکردنەوە

تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

ئەم وتارەی نووسەر (پێشڕەو محەمەد)‌ وەڵامی تەوەرێکی ماڵپەڕی ژنەفتنە دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی».

پێشەکی

چۆن بتوانین باس لە ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگایەکدا بکەین دەستوپەنجە لەگەڵ کۆمەڵە کێشەیەکی کولتووری، سیاسی، ئابووری، هزری و دەروونی نەرم دەکات کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە، سەرەڕای خاڵە هاوبەشەکانی لەگەڵ مێژووی مرۆڤی جیهانی، نەیتوانیوە بەشێکی زۆر لەو گوتار و دیاردانە تێپەڕێنێت کە بە نزیکەیی هەزار ساڵ بەرۆکی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانی گرتبوو؟ لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە عێڕاق بەگشتی و کوردستان بەتایبەت بوو بە ناوچەی ئارامی تاقیکردنەوەی تیۆری نیۆلیبرالیزم، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕۆشنبیرانی کورد و گرنگیی پێگەیان لەناو ئەو قۆناغە تازەیەدا چی بوو؟ ڕۆشنبیرانی کوردستان چۆن لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ڕۆشنبیرانیان دەڕوانی؟ بە مانایەکی دیکە، هەڵوێستیان بەرانبەر بە دیموکراتیزەکردنی بەرهەمهێنانی مەعریفە لە کۆمەڵگایەکی داڕووخاودا چی بوو؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسێکن لە ڕۆڵی ڕۆشنبیران بەگشتی لە کۆمەڵگادا، بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە پڕۆژەی ڕەهەند و گۆڤاری ئەو کۆمەڵە ڕۆشنبیرەوە هەیە کە لە دەوری بازنەی ڕەهەند کۆ بوونەوە، سەرەڕای ئەم پرسانەی سەرەوە، زۆر پرسی دیکەی بنچینەییش سەر هەڵدەدەن: ئەو مۆدێلی مەعریفەیە (ئەگەر مۆدێلێکی دیاریکراویان هەبووبێت) کامە بوو؟ لە کاتێکدا بەشێکیان دەیانویست بەرگری لە ڕۆشنگەری بکەن، کەچی زۆربەی جار دەکەوتنە بەرەی دژە-ڕۆشنگەرەکانەوە. لە لایەکەوە باسیان لە نەبوونی عەقڵ لە سیاسەت و بیرکردنەوەدا دەکرد، کەچی پەنایان بۆ ڕۆشنبیرانی دژە-عەقڵانی دەبرد. ئەگەرچی ڕەنگە نەتوانین خاڵێک یان هێڵێکی دیاریکراوی بیرکردنەوەیان دیاری بکەین، وەک چۆن خۆشیان لەو چاوپێکەوتنانەی ژنەفتن لەگەڵی ئەنجامی داون، ئاماژەیان پێ کردووە، بەڵام دەتوانین سەرسامبوونیان بە پۆستمۆدێرنیزم وەک خاڵ و هێڵی هاوبەشی بیرکردنەوەیان دەست پێ بکەین. ئەگەرچی لەمەشدا هەریەکێک لەوان بەرەو لایەکی پۆستمۆدێرنیزم وەردەچێت: چەپ، ڕاست، ناوەڕاست. ئایدیای دژە-سیاسی و دژە-ئایدیۆلۆژی یان سەردەمی کۆتاییی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا، خاڵێکی دیکەی هاوبەشیانە، بەڵام ئەمەش لە سەرچاوەی جیاوازەوە دێت.

جگە لەوە، لەم ساڵانەی دواییدا هەریەکێک لەو ڕۆشنبیرانە – ئێستا پەرتەوازە و بە ڕادەیەکیش لەڕووی شەخسییەوە دژبەیەکن، بەڵام بێگومان نەک لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە – بەرەو بەکارهێنانی ئایدیالەکانی چەپ وەرچەرخابوون، بەو مانایە لەگەڵ وەرچەرخانەوەی جیهان بەرەو ئاراستەی چەپ، بەشێک لەو ڕۆشنبیرانەش پەنایان بۆ ئایدیالەکانی چەپی لیبراڵ، مارکسیست، پۆست-مارکسیست یان نیۆ-مارکسیست برد. سلاڤۆی ژیژەک و ئەنتۆنیۆ گرامشی وەک دوو بیرمەندی چەپ و مارکسیست لەم نێوەدا دەوەستن. لەبەر ئەوە، پێویستە باس لەوە بکەین چۆن هەڵوێستی گرامشی دەربارەی ڕۆشنبیران و بلۆکی مێژوویی – ئێستا لەلایەن بەشێک لە ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند بۆ ئامانجی ڕاستڕەوی بەکار دەهێنرێت – پەیوەندی بە دیاریکردنی جیاکارییەکانی ئەو بۆ ڕۆشنبیرانی نەریتی و ڕۆشنبیرانی ئۆرگانییەوە هەیە کە لە شیکاری و بەکاربردنەکەی ئەو بازنەیەی ڕەهەنددا لە سیاقی خۆی دەردەهێنرێت و بەرگێکی لەبەردەکرێت پەیوەندی بە گرامشیی مێژووییەوە نییە. خاڵێکی دیکەش کە زۆربەیان دەخاتە ناو بازنەی بیری کۆنزەرڤاتیڤی دژە-ڕۆشنگەرییەوە، هەڵوێستیانە بەرانبەر بە بزووتنەوەی جەماوەری. لەبەر ئەوە، بەگوێرەی پێویست لەم توێژینەوە کورتەدا ئەم پرسانە بەسەر دەکەینەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بڵێم کە ئێمە خۆمان سنووردار ناکەین بۆ نموونەی زۆر کۆنکریتی و گەڕانەوەی ورد بۆ سەرجەمی نووسراوەکانیان ناگەڕێینەوە، چونکە بۆ ئەم مەبەستە توێژینەوەی فراوان و سەربەخۆ و کاتی زۆرمان پێویست دەبێت. لەبەر ئەوە، ئەوەندەی بتوانین هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەکەیان دیاری دەکەین و پاشان لەڕووی کۆنکریتییەوە ئاماژە بە هەردوو پرسی «ڕۆشنبیران»، «سیاسەت» و «ئایدیۆلۆژیا» دەکەین. هەروەها پرسێکی دیکەش، کە بەختیار عەلی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ژنەفتن ئاماژەی پێ کردووە، کورتکردنەوەی پرسی ژن بۆ پرسی مرۆڤ بە گشتی و تێکەڵکردنی پرسی گۆڕانی کەش و هەوا و ژینگە لەگەڵ سروشت وەک دیمەنی سروشتیی شاخ و داخ و دۆڵ و دەشت. جگە لەوەش توێژینەوەکەمان تەنها بۆ دوو نوێنەری سەرەکیی ئەم بازنەیە تەرخان دەکەین، بەختیار عەلی و مەریوان وریا قانع، بەهۆی ئەوەی هەم لە دوای وەستانی گۆڤارەکە لە چالاکیی ڕۆشنبیری بەردەوام بوون و هەمیش ناکۆکییەکانی ئەم ساڵانەی دواییان ئاسانکارییەکی ڕێژەیی بۆ خوێنەران و ڕەخنەگران دەکات زیاتر لێیان تێبگەن.

پێش دەستپێکی بابەتەکە دوو خاڵ هەیە بە خێرایی ئاماژەیان پێ بکەم، یەکەم، ئەوەیە کە لە پرسی ڕۆشنگەرییدا، بۆ ئەوەی هەڵوێستی – هەڵبەت نایەکگرتوو -ی ئەو ڕۆشنبیرانەی بازنەی ڕەهەند بۆ خوێنەر ئاوەڵاتر ببێت، ناچار بووم چەند بڕگە و پەرەگرافی تیۆری-مێژووی بنووسم کە سەرەتا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بازنەی ڕۆشنبیرانی ڕەهەندەوە نییە. دووەم، سەبارەت بە پرسی قۆناغبەندی، وەک لە کۆی ئەم نووسینەدا دەردەکەوێت، ئاسان نییە پۆلێن و قۆناغبەندی بۆ ئەو ڕۆشنبیرانە بکەین کە لەو بازنەیەدا چالاک بوون و ئێستاش چالاکن، چونکە خاوەن گوتارێکی یەکگرتووی فیکریی نین. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت بە خێرایی هەندێک سەرەداو بەدەستەوە بدەین. لە نەوەدەکان و دەستپێکی بازنەکەدا، بەهۆی نزیکبوونەوەیان لە کتێبخانەی فارسی (وەک ڕێبین هەردی لە چاوپێکەوتنی ژنەفتندا ئاماژەی پێ کردووە) دەستیان بە سەرچاوەی هەندێک لە پۆستمۆدێرنیستەکان دەگات، سەرەتاکانی تیۆری دژە-مارکسیستیی دادەڕێژن. کە دێینە ناو دووهەزارەکانەوە، هەریەکێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو بازنەیە – هێشتا لەناو پۆستمۆدێرنیزمدا – ئاراستەی جۆراوجۆر دەگرن، یەکێک بەرەو نیۆلیبرالیزم، یەکێکی دیکە بەرەو تیۆری ڕەخنەیی و یەکێکیش بەرەو کۆنزەرڤاتیڤیزم. لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان و دەرکەوتنی چەپی نوێی پۆست-مارکسیست لە کوردستان لە ڕێگای ئێرانەوە، بەتایبەت ژیژەک، ئالان بادیۆ و لاکلاو، ئەم بازنەیە زیاتر دابەش دەبێت و بەختیار عەلی بەرەو جۆرێک چەپی نامارکسیست دەڕوات و لەوێوە ململانێکانی لەگەڵ مەریوان وریا قانع دەست پێ دەکات، بەتایبەت ناکۆکییان لەسەر شیکردنەوەی پرسی فاشیزم، ڕووداوەکانی ڕۆژاڤای کوردستان و هتد.

دوو؛ ئەمەش دوو کێشەی زۆر بنچینەیی دەخاتە بەردەم هەر خوێنەر، ڕەخنەگر و لێکۆڵەرێک، بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی ڕوونەوە لە دەستپێک و دوای دابڕانیش، نەتوانن بەئاسانی شوێنیان دیاری بکرێت. جارێک وەک پۆستمۆدێرنیست ڕەخنە ڕەت دەکەنەوە، جارێک وەک لیبراڵ، جارێک وەک چەپ، جارێکیش وەک کۆنزەرڤاتیڤ. کێشەی یەکەم نەبوونی میتۆدێکی دیاریکراوی زانستییە بەو مانایە تۆ بتوانیت هێڵێکی بیرکردنەوە بگریتەبەر و ئاراستەی لێکۆڵینەوەکەت دیاری بکەیت، لە نووسراوی هەر یەکێک لەو بازنەیەدا دەیان میتۆد و هێڵی فیکری – زۆرجار بە شێوەی نازانستی – تێکەڵ کراون سەر لە خوێنەر دەشێوێنێت. و دووەمیش پرسی بەکارهێنانی زمان و ڕیتۆریک و بەلاغە. ئەمە وای کردووە چەمکەکان هێندە خز و نەگیراو بن بە هیچ شێوەیەک شایانی ناسینەوە نەبن، واتا ئاماژەکردن بە هەر چەمکێک لە نووسراوی ئەواندا مەترسی ئەوەی لەسەرە بەوە ڕەت بکرێتەوە کە مەبەستیان ئەو شتە نییە ڕەخنەگر یان خوێنەر باسی کردووە. مادام هەموویان بە فراوانی پشت بە بیرکردنەوەی خۆرئاوایی دەبەستن، پێویست بوو لە کاتی گواستنەوەی چەمک و بیرۆکەکاندا، سەرچاوە یەکەمەکان و چەمکەکان بەو زمانە دابنرێنەوە تا خوێنەر و ڕەخنەگران هەم بزانن مامەڵە لەگەڵ چیدا دەکەن و هەم ئەگەر ویستیشیان بگەڕێنەوە سەر سەرچاوە یەکەمەکان ئاسانکارییان بۆ بکرێت، ئەمە لای ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند بە فراوانی غائیبە.

وەک تێبینیی کۆتایی، ڕەنگە خوێنەران و ڕەخنەگران پرسیاری ئەوەیان لا دروست بێت، پڕۆژەکەی ژنەفتن تەرکیز دەکاتە سەر گۆڤاری ڕەهەند، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنها پشتی بە مەودای زەمەنی گۆڤارەکە نەبەستووە، واتا ئەو سەردەمەی گۆڤارەکە سەری هەڵداوە و پاشان نەماوە، بەڵکوو هاتووەتە ئێستا و دوایین نووسینەکانی بەسەر کردووەتەوە. نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەیە لەڕووی میتۆدۆلۆژییەوە پێی وایە کە هیچ فیکر و بیرکردنەوەیەک دابڕاو نییە لە ڕۆژگاری ڕابردووی خۆی و هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین کە ڕاستە گۆڤارەکە وەک بازنە کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام فیکر، ناوەرۆک، فۆرم، ستایل و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای نووسەرانی ئەم بازنەیە وەک خۆی ماوەتەوە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامە. خوێنەر بە خوێندنەوەی دوایین چاوپێکەوتن تێدەگات ئەم تێما و ناوەرۆکانە بیست ساڵ پێش ئێستاش هەر بەم جۆرە بوون. ناکرێت ڕەهەند تەنها وەک گۆڤارێک بخوێنرێتەوە کە لە مێژوویەکی تایبەتدا لەدایک بووە و مردووە، نەخێر ڕۆشنبیرانی ئەم بازنەیە هێشتاش درێژە بە هەمان بیرۆکەکانیان دەدەن و وەک خاڵێکی کۆنکرێتییش ئەگەر سەیر بکەین کۆی نووسراوەکانی ئەوکاتیان، ئێستا کۆیان دەکەنەوە و لە فۆرمی کتێبدا چاپیان دەکەنەوە. واتا ئەم پرۆسەیە هێشتا بەردەوامە.

پێشڕەو محەمەد

لە پڕۆژەی ڕۆشنگەریی لیبراڵەوە بۆ دژە-ڕۆشنگەری

یەکێک لەو گوتارانەی ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند بە فراوانی و بەردەوام بەکاریان هێناوە، (گوایە) بەرگریکردنیانە لە پڕۆژەی ڕۆشنگەری. واتا هەر توێژەر، نووسەر و خوێنەرێک دەتوانێت بە فراوانی شوێنپێی چەمکی ڕۆشنگەری لەناو ڕۆشنبیرانی ئەم بازنەیەدا هەڵبگرێتەوە (بۆ نموونە تەنانەت وتارەکەی ئەمانوێل کانت بە ناوی ‘ڕۆشنگەریی چییە’ بەختیار عەلی لە عەرەبییەوە – یان فارسییەوە – وەرگێڕاوە بۆ کوردی). جگە لەوەی تێگەیشتنێکی یەکگرتوو، چوونییەک و ڕوونمان بۆ پڕۆژەی ڕۆشنگەری دەست ناکەوێت، بەڵام جێی خۆیەتی، پێش ئەوەی باس لە سەرهەڵدانی ئایدیای دژە-ڕۆشنگەری بکەین، سروشتی ئەو ڕۆشنگەرییە دیاری بکەین کە ڕۆشنبیرانی ئەو بازنەیە لایەنگری بوون.

ڕۆشنگەری وەک پڕۆژەیەکی ڕادیکاڵی ڕەتکردنەوەی سەرجەمی بەها کۆنەکانی چەند هەزار ساڵی ڕابردوو، بە دیاریکراوی لەناو بەشێک لە بیرمەند و ڕۆشنبیرانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕی فەڕەنسی و لە ناویاندا ژان ژاک ڕۆسۆ و ئەوانی دیکە سەری هەڵدا. بەڵام بەبێ گومان پڕۆژەی ڕۆشنگەری وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی مرۆڤ، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی خوا لە بەڕێوەبردنی مرۆڤدا، بانگەواز بۆ ئاشتەواییی جیهان، هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆیلایەتی و دامەزراندنی چەمکەکانی «کەرامەتی مرۆڤ» و «کەرامەتی کار» و پاشان هاندانی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگا دژی دەسەڵاتدارە نوخبە ئەریستۆکرات، فیودال و ڕۆحانییەکان، هەر لە ڕۆژگاری خۆیدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی کوشندە و توند بووەوە. لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسییدا نەیارانی ڕۆشنگەری و شۆڕشەکە لەنێو خوێندەوارترین ڕۆشنبیرانی کۆنزەرڤاتیڤ، هەرە دیارترینیان، ئێدموند بێرک (١٧٢٩-١٧٩٧) و ژۆزێف دو مایستە (١٧٥٣-١٨٢١) لە دیارترین نوێنەرانی ئەو بیرمەندانە بوون پەلاماری هەر شتێکیان دەدا مۆدێرن، ڕۆشنگەر و پاڵنەری شۆڕشی فەڕەنسی بووبێت. بە کورتی، ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ و شۆڕشی فەڕەنسی، بە دیاریکراویش حوکمە جەماوەرییەکەی شۆڕشەکە بە ڕابەرایەتی ڕۆبسپێر، خاڵی هاوبەشی دژە-ڕۆشنگەرەکان بوو. کتێبی «چەند ڕامانێک دەربارەی شۆڕشی فەڕەنسی» (١٧٩٠) نووسینی بێرک و «چەند ڕامانێک دەربارەی فەڕەنسا» (١٧٩٦) نووسینی دو مایستە، دەبنە مانیفێستی سەرجەمی ڕۆشنبیرانی کۆنزەرڤاتیڤ لەو قۆناغەدا و هەر زوو بۆ زمانە جیاوازەکان وەردەگێڕدرێن.

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی شۆڕشەکە بە ڕەهایی، نیشانەی یەکەمی هێرشەکەی ئەوان، لە ڕاستیدا حوکمی ژاکۆبنەکانە، لای دو مایستە، شۆڕشەکە، «وچانێکی کەلەڕەقی دڕندانە»ی ناو مێژووی نەتەوەیی بوو. شۆڕش سزایەک بوو بەسەر خەڵکدا باری. وەک «تەمێکردنێکی خوایی» شۆڕش فەڕەنسای خاوێن کردبووەوە. دو مایستە بە دانانەوە و جێگرکردنەوەی مێژووی خۆی لە ڕوانگەی زاراوەی حوکمە یەزدانییەکانەوە، دەنگدانەوەی ڕوانگەی بێرک بوو بۆ نێو خەسڵەتی خۆ-شیفابەخشی وەهمی شۆڕشگێڕی[1]. بێرک پێی وایە لای ژاکۆبنەکان، شۆڕش خۆی، «تەنها سزایەکی سەرکەوتنیان» بوو. گومانی تێدا نییە لیبراڵەکانی دەیەی ١٨٣٠ و ١٨٤٠، ئەم تێزەی بیرمەندە کۆنزەرڤاتیڤەکە دەکەنە دروشمی هێرشەکانیان بۆ سەر شۆڕشی فەڕەنسی[2]. هەم بێرک و هەم دو مایستە لەو ڕوانگەیەوە شۆڕش ئیدانە دەکەن کە شۆڕشەکە دەیەوێت حوکمی جەماوەری و خەڵک دابمەزرێنێت، لە کاتێکدا بەهۆی ئەوەی مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێکی خراپە، ئەوا نە توانای خۆبەڕێوەبردن و نە بەڕێوەبردنی حوکمڕانیشی هەیە. خەڵک ناتوانن حوکمی خۆیان بپارێزن، بۆیە پێویستیان بە دیسپلینی توند و ئیمانێکی بەهێز و تۆقێنەر هەیە کە هەڕەشەی سزای قیامەتی لەگەڵدا بێت. بێرک هەروەها لە ئەنترۆپۆلۆژیا سیاسییەکەی خۆیدا، باوەڕی بە «گوناهی یەکەم» (original sin) هەیە بۆ مرۆڤایەتیی و لای ئەو، سەرهەڵدانی حوکمی ژاکۆبنەکان تووڕەبوونی خوایە لەوەی مرۆڤایەتی لە سروشتی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە. هەم بێرک و هەم دو مایستە، باوەڕیان بە نەریتێکی کۆن هەیە بۆ حوکمڕانی کە ڕیشەی لە حوکمی خواوەندیدا هەیە و بێ پێچ و پەنا، پاشا وەک نوێنەری خوا دەزانن. لەبەر ئەوە، هەر خێرا ئایدیاکانی بێرک و دو مایستە بەپاڵ یەکەوە دەچنە نێو نەریتی بیری کۆنزەرڤاتیڤەوە کە پاشان دەبێتە نەریتێکی توند دژە-عەقڵانی. دو مایستە دەڵێت تیرۆری شۆڕشگێڕی (مەبەست حوکمی ژاکۆبنەکانە) سزای خوا بوو چونکە ڕۆشنگەری نکوڵی لە ئیمان کردبوو. کاتێک جۆگەلەی خوێن فەڕەنسای تەنییەوە، ئەو وڵاتەدا پاک بووەوە.

هەڵبەت شەڕ دژی ئایدیالەکانی ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕەنسی و هەرسێ دروشمەکەی «برایەتی، یەکسانی، سەربەستی» و جەنگ دژی کۆڵۆنییەکان، یەکێتیی موقەدەسی نێو هەموو بیری کۆنزەرڤاتیڤ و لیبراڵی سەدەی نۆزدەی پێک دەهێنا. بەڵام بەبێگومان ئەمە هەموو حیکایەتەکە نەبوو. ڕۆشنبیرانێکی زۆر هەبوون لە ئەوروپا و بە دیاریکراوی لە ئەڵمانیا، بە فراوانی پێشوازییان لە شۆڕش دەکرد و بە فەیلەسوفانی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەری ناسرابوون. لە نێویاندا: فریدریش هێگل، فریدریش هۆڵدەرلین، فریدریش ڤیلهێلم شێلینگی سەرەتا، هاینریش هاینە و کاڕڵ مارکس. پاشان لە ئەڵمانیا بەرەی چەپە هێگلییەکان دروست بوو کە بە فراوانی خۆیان بە نوێنەرانی ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ و بەردەوامبوونی شۆڕش دەزانی. بۆ ئەوان شۆڕشی فەڕەنسی، شۆڕشی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییان، چەندین دەستکەوتی گەورەی بەدواوە بوو، ڕژێمی فیودالی و پاشایەتی بە تەواوەتی هەڵگرت، سیستەمی کۆیلایەتی لە ناوخۆ و تەنانەت لە کۆڵۆنییەکانیشدا هەڵوەشاندوە، تەنانەت شۆڕشێک هیچ سازشێکی بەرانبەر بە دەرەبەگ و سەروەرەکان و کڵێسا نەدەکرد.

شۆڕشی فەڕەنسی، دەربڕین و بەرجەستەبوونی بەرەنگاریی جەماوەری بوو بەرانبەر بەو فۆرمە سەرمایەدارییانەی پێشتر وەک «ئابووریی سیاسیی ستەمکاری» (tyrannical political economy) لێک دەدرانەوە، و لە بەرانبەردا خواستی «کەرامەتی کار»ی بۆ ئاستی کارکردنی «ئابووریی سیاسیی خەڵک» (people’s political economy) بەرز کردبووەوە. شۆڕشی فەڕەنسی هەروەها ئەزموونێکی نوێی خوڵقاندنی دیموکراسی بوو کە دروشمەکەی بانگەواز بوو بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییان و وەک پێشتر باس کرا، چەمکی «کەرامەتی مرۆڤ» وەک داهێنراوێکی ئەو شۆڕشە، پڕیشکی خۆی فراوان کرد. ئەم داهێنراوە، واتا دیموکراسی، بە ئەرکێکی گەورە بۆ دامەزراندن و بونیادنانی حاکمییەتی جەماوەری دەناسرایەوە، کە دەیویست بوارێکی گشتیی دیموکراتی فراوان بکات، بونیادنانی دەسەڵاتێکی یاسادانانی باڵا و مافێکی هاووڵاتیبوون کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە نووسینەوەی یاساکاندا بینی. خاڵێکی دیکەی گرنگی شۆڕشەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا شۆڕشی فەڕەنسی بە سەردەمی ڕزگاربوونی جوولەکەکان دەناسرێتەوە، چونکە مافی هاووڵاتیبوونیان لە دەرەوەی هەموو ڕەهەندێکی ئایینی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە پێ بەخشرا و پرسی ڕزگاریی جوولەکە بە ماوەیەکی کەم دوای شۆڕشەکە، لە سەردەمی فراوانخوازیی ناپۆلیۆن بۆناپارتدا دەگاتە ئەڵمانیا.

بەڵام هەرچۆنێک بێت خەباتی ڕۆشنگەری بووبوو بە ڕووداوێکی حەتمی و دەبوو دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم بکرێت. لیبرالیزم لەم سەردەمەدا ویستی ڕۆشنگەری لەغاو بکات و کۆنتڕۆڵی کاروبارەکان بگەڕێنێتەوە دەستی خۆی. مۆدێلێکی ڕۆشنگەری پێشکەش بکات لەبری شۆڕش، باوەڕی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (هەڵبەت بۆ نوخبەی خاوەن سامان و سەرمایەی ئەریستۆکرات) هەبێت، لە نوێنەرە دیارەکانی ئەم ڕەوتە هەردوو بیرمەندی فەڕەنسی، ئەلێکسی دو تۆکڤیل و بنجامین کۆنستان بوون. ئەوان ترسی خۆیان لە دیموکراسی نەدەشاردەوە، بەڵام دەشیانزانی مێژوو بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشتووە ناگەڕێتەوە دواوە، کەواتە باشترین ڕێگا ئەوەیە لیبرالیزم نوسخە و ڕەچەتەی خۆی بۆ ڕۆشنگەری پێشکەش بکات کە لە فەڕەنسا دوای شکستی ڕۆبسپێر و لەسێدارەدانی، بە حوکمی ژیرۆدییەکان ناسراوە، لەڕووی باوەڕبوون بە ڕۆشنگەریشەوە، خۆیان بە ڕۆشنگەریی میانەڕەو (Moderate Enlightenment) ناویان دەبرد. ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ (Radical Enlightenment) پشتڕاست کردنەوە و سەلماندنێکی سازشنەکەرانەی بەرگریکردن بوو لە عەقڵ؛ نەیدەویست بەپاڵ تەخت یان میحرابەوە بژیت. بە پێچەوانەی کەمپی میانڕەوەوە، کەمپی ڕادیکاڵ بە فراوانی بەرگری لە سیکۆلاریزم، دیموکراسی، ماتریالیزم، یەکسانیخوازی و هەروەها یەکسانیی جێندەری دەکردەوە. هەڵبەت مێژوونووسێکی بەناوبانگی وەک جۆناسان ئیسرائیل، کە بە گەورە بەرگریکاری میراتی ڕۆشنگەری ناسراوە، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی کەمپی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەری و بەرگریکردن لە کەمپی لیبرالیزم، بارۆخ سپینۆزا وەک پێشەنگی ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ و ماتریالیست و هاوکات وەک پێشینەی ماتریالیزمی نوێی دەزانێت کە ڕۆشنگەرە ڕادیکاڵەکانی دواتر لەژێر عەباکەی ئەوەوە سەریان هەڵدا.[3] بە کورتی، کەمپی میانەڕەو دەیویست تا ئەو شوێنە بەرگریی لە عەقڵ بکات کە مەترسی بۆ کۆی سیستەمەکە دروست نەکات، بەڵام وەک ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردووەتەوە، کەمپی ڕادیکاڵ دەیگوت ئیشی عەقڵ ئەوەیە بە جووڵەی شۆڕشگێڕی، کۆی نەزمی کۆن قڵپ بکاتەوە و لە شوێنی نەزمی نوێ دابمەزرێنێت. ئیسرائیل لە کتێبەکەی دیکەیدا بە ناوی ڕۆشنگەریی دیموکرات، دەنووسێت «سەرجەمی ڕۆشنگەری بە پەیوەندییە نزیکەکەی بە شۆڕشەوە پێناسە دەکرێت»[4]. لەم ڕووەوە سێ دروشمەکەی شۆڕشی فەڕەنسی، کە لە منداڵدانی ئایدیا ڕۆشنگەرییەکانەوە سەری هەڵدابوو، ئەوەی پیشان دا، کە ڕزگاربوون و سەربەستیی گەردوونی هەموو خەڵکی جیهان دەکرێت ڕوو بدات. تەنانەت بە غەمگینییەوە بێرک، گەورە دوژمنی شۆڕشی فەڕەنسی هاوارەکەی ڕۆبسپێری نوێنەری کەمپی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەری پشتڕاست دەکاتەوە «کۆڵۆنییەکانتان هەڵوەشێننەوە»[5].

لیبرالیزم ئێستا کە لەوە دەترسا بەهۆی حوکمی جەماوەریی کەمپی ڕادیکاڵی ڕۆشنگەرییەوە، هەموو میراتی کۆڵۆنیالیزمەکەی لەدەست بدات، چونکە کە بەتازەیی سەرمایەداری گەشەی کردبوو و وەک لۆژیکی ناوەکیی خۆشی پێویستی بە تاڵانی وڵاتانی کۆڵۆنیزەکراو هەبوو، ناچار بوو کۆنتڕۆڵی ڕووداوەکان بەدەستەوە بگرێتەوە بەڵام بە دامەزراندنی کەمپێکی میانەڕەوتر. ئەوەی لەم پرۆسەیەدا ڕێگەی بۆ خۆش کرا، دواجار سەرهەڵدانی ئایدیای دژە-ڕۆشنگەری (Counter-Enlightenment) بوو کە وەک زییف شتێرنهێل، مێژوونووس و فەیلەسوفی فەڕەنسی باسی دەکات، لە فاشیزمی سەدەی بیستدا دەگاتە لوتکە.

دەکرێت ناو لە دژە-ڕۆشنگەری بنێین سیستەمی مێژووی بەهایی، کە تەنها ئایدیایەک نییە بڕوای وابێت گۆڕانی کۆمەڵگاکان پێویستە هێمن و لەسەرخۆ بێت و میانەڕەوانە بڕوات، بەڵکوو بەپێچەوانەوە کتومت سیستەمێکی سەربەخۆی بەهایی (کولتووری، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی) دادەمەزرێنێت پێچەوانەی هەموو ئەو ئایدیالانە بێت کە ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ بانگەوازی بۆ کردوون و خەباتی لە پێناودا کردوون. دوژمنێکی سەرسەختی ڕۆشنگەری وەک ژۆزێف دو مایستە، بەبێ هۆ نییە لە سەدەی بیستدا بە فراوانی دەبێتە پێشەنگی فاشیزم، بەتایبەت نوسخە ئیتاڵییەکەی. دژە-ڕۆشنگەری وەک نەریتێکی فیکری و ڕۆشنبیری نەک تەنها ڕێگای بۆ سەرهەڵدانی فاشیزم خۆش کرد، بەڵکوو هەروەها، وەک زییف شتێرنهێل، لە کتێبەکەیدا بە ناوی نەریتی دژە-ڕۆشنگەریی، باسی دەکات، «ڕاپەڕینێکی خوڵقاند کە بەردەوامە لەوەی کاریگەریی قووڵی لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەبێت»[6]. تەنانەت ئایدیای «داوەشانی کولتووری» لە فاشیزم، بزووتنەوە ڕاستڕەو، ناسیۆنالیزم و کۆنزەرڤاتیڤەکانیشدا دەبەسترێتەوە بە ڕۆشنگەری و شۆڕشی فەڕەنسییەوە. بێگومان فاشیزم سوێندی خواردبوو کە کۆی میراتی ڕۆشنگەری لەناو دەبات. بانگەشەکردن بۆ ڕۆشنگەری لەلایەن بزووتنەوە جەماوەرییەکان و مارکسیستەکانەوە لای فاشیستەکان وەک حیکایەتێکی گەورەی تایبەت دەبینرا کە دەبوو کۆتایی بەو حیکایەتە گەورەیە بهێنرێت[7].

فاشیستەکان و نازییەکان بە ڕاشکاوی وەک ئەرکی شارستانیی سەرشانی خۆیان دەبینی ڕەوتی ڕوولەپێشی ڕۆشنگەری ڕابگرن. وەک کاتێک یۆزێف گۆبڵز، وەزیری پروپاگەندەی نازی، لە بەرنامەیەکی ڕادیۆییدا بە شێوەیەکی جەژنئاسا لە ١٩٣٣دا ڕایدەگەیەنێت کە «ساڵی ١٧٨٩ لێرەوە لەسەر سەکۆی مێژوو دەسڕدرێتەوە»[8]. ئەمەش خەسڵەت و تایبەتمەندییەکی بنچینەیی فاشیزم بوو هەر لە ساتی دەستپێکردنییەوە. لە وتارێکی گرنگدا کە هەشت مانگ پێش ڕێپێوان بەرەو ڕۆما (Marcia su Roma) لە ئۆرگانی فاشیستی بە ناوی گێراچیا (هیرارشی) بڵاو بووەوە، بێنیتۆ مۆسۆلینی دەپرسێت: «جیهان بەرەو کوێ مل دەنێت؟» لای مۆسۆلینی، شەڕ لەنێوان چەپ و ڕاست، کە لە ڕۆژگاری شۆڕشی فەڕەنسییەوە بەردەوامە لە دەنگدانەوە، ئێستا جەنگەکە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن هێزەکانی بەرەی ڕاستەوە بردراوەتەوە. مۆسۆلینی پێشبینی ئەوە دەکات کە ئەم سەرکەوتنە تا دوایین وێستگەی خۆی بەردەوام دەبێت و «سەدەی بیست وا دەردەکەوێت ببێتە سەدەی گەڕانەوە و زیندووبوونەوەکان. لە دوو ساڵی ڕاستەوخۆی سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کە تێیدا ئاراستەگرتن بەرەو چەپ گەیشتبووە لوتکەی خۆی، بووبووە دوایین ساڵەکانی ناو ئەو زنجیرەیەی ١٧٨٩ دروستی کردبوو». سەرەڕای ئەوەش، بەگوێرەی دیکتاتۆرە ئیتاڵییەکە، ئێمە بەها تایبەتەکانی چەپین؟ لای مۆسۆلینی، وەک دەڵێت، چەپەکان «دینامیزم، شۆڕش، دیموکراسی و لە سەرووی هەموویەوە، پێشکەوتن و ڕۆشنگەریین»[9].

هەڵبەت ئەم بیرۆکە دژە-ڕۆشنگەرییانە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش ماونەتەوە. لە دۆناڵد ترەمپەوە تا ڤیکتۆر ئۆربان هەموو بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان گاڵتە بە ئایدیا و بەهاکانی ڕۆشنگەری دەکەن. بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە لێرەدا گرنگە لە پەیوەندیدا بە پڕۆژەی ڕەهەندەوە قسەی لەسەر بکەین، بریتییە لە کورتکردنەوەی پڕۆژەی ڕۆشنگەری بۆ پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی تا بێبەهای بکەن یاخود بینینی ڕۆشنگەری نەک وەک واقیعێکی ڕووداوی دەستەجەمعیی مرۆیی دوای ئەوەی مرۆڤ وەک بکەرێکی سیاسی داوای مافی خۆی دەکات، بەڵکوو دابەزاندنی بۆ ئاستی وەهم و خەیاڵاتیش. بۆ نموونە، مەریوان وریا قانع، لە کتێبی دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەریدا دوای ماوەیەک هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی ڕۆشنگەری، دەنووسێت: «بێگومان ڕۆشنگەری وەک کۆمەڵێک گریمانەی ئایدیۆلۆژی و وەک کۆمەڵێک چاوەڕوانی و پرۆژەی ئایدیۆلۆژییانەی مێژوویی کۆتایی پێ هاتووە»[10]. جگە لەوەی ناونانی ئایدیالەکانی ڕۆشنگەری بە خەون و خەیاڵ و گریمانەی ئایدیۆلۆژی شتێکی تازە نییە و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ژۆزێف دو مایستە، ئێدموند بێرک، فریدریش نیچە، ئەدۆلف هیتلەر، یۆزێف گۆبلز، بێنیتۆ موسۆلینی، فریدریش فۆن هایک و بە فراوانی، پۆستمۆدێرنیستەکان، بەڵام ئەگەر خۆمان لە هەموو ئەو پارادۆکس و دژبەریانە لا بدەین کە نووسەری کتێبی دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەری لە پەیوەندیدا بەوەی لەسەر دووڕیانێک وەستاوە نازانێت نە لای ڕۆشنگەرانی ڕادیکاڵ بگرێت (هەڵبەت ئەم ناوە بەکار ناهێنێت) نە دژە-ڕۆشنگەران و لە یەک کاتدا گوتە لە هەموو ئاراستەکان دەگوازێتەوە، بۆ نموونە نیچە بە فراوانی ئامادەیی هەیە کە مێژوو سەلماندوویەتی هیچ بیرمەندێک هێندەی نیچە دژە-ڕۆشنگەری نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین هەوڵێکی بچووک بدەین و ناو لە ئاراستەکەی مەریوان وریا قانع بەرانبەر ڕۆشنگەری بنێین «ڕۆشنگەریی کۆنەپارێز»، بەوەدا کە نە دەیەوێت ڕۆشنگەری ڕەت بکاتەوە نە قبوڵی ئایدیاکانی بکات، بەڵام دەیەوێت جۆرێک ڕۆشنگەری بپارێزێت کە سەروکاری لەگەڵ لەگەڵ شۆڕش، ڕادیکاڵیزم، بزووتنەوەی جەماوەری، نوسخەی سۆسیالیستی و هتدا نەبێت، بەڵکوو نوسخەیەکی نوخبەگەری و ئیلیتستی ڕۆشنگەرییدا، واتا جۆرێک ڕۆشنگەریی دژە-ڕۆشنگەرییە بەڵام ناشتوانێت بە ئایدیۆلۆژیا بەر بە بڵاوبوونەوەی ڕۆشنگەری لەسەر بنەمای گەشەی ئایدیا بگرێت، بەڵکوو دەیەوێت ڕەوتی مێژووی ڕوولەگەشەی ڕۆشنگەری بۆ بەدیهێنانی سەربەستیی مرۆیی ڕابگرێت. ئەم ڕەوتە.

ئەم جۆرە ڕۆشنگەرییە دژە-شۆڕشە بە فراوانی پشت بە ئایدیاکانی ڤۆڵتێر، نیچە و پۆستمۆدێرنیستەکان دەبەستێت بۆ بێبەهاکردنی ئایدیالەکانی ١٧٨٩، بەتایبەت حوکمی ژاکۆبنەکان، حوکمی جەماوەریی بنکەفراوانی خەڵک، و لە قوڵاییی خۆیدا دژی ڕۆسۆ و دژی هێگلە. ڕۆسۆ و هێگل وەک دوو ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ لەناو بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا دەرکەوتبوون کە پێیان وابوو ڕۆحی ڕەهای هێگل بەرەو سەربەستی، بریتییە لە زیاتر ڕادیکاڵیزەکردنی ئایدیالەکانی ڕۆشنگەری. ئارنۆ مایەر، مێژوونووسی بەناوبانگی ئەمریکی، لە کتێبی شێتگیرییەکانیدا دەنووسێت:

«لە لای خۆیەوە هێگل ستایشی شۆڕشی فەڕەنسی وەک ڕووداوێکی ‘مێژووی جیهان’ کتومت لەبەر مامەڵەکەی لە بەرژەوەندیی مرۆڤ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین یان نەتەوە، دەکات. پێویست بە گوتن ناکات، مارکس و ئەنگڵس لە ڕۆژگاری خۆیاندا، بەتەواوی ئەم ڕوانگەیەیان هەڵگرتەوە»[11].

بەبێ هۆ نییە فاشیستەکان و نازییەکان بەقووڵی ڕقیان لە هێگل بوو. بۆ نموونە هیتلەر، لە ڕۆژی ١٦ی ئایاری ١٩٤٤، لەو گفتوگۆیانەی بە «گفتوگۆکانی سەرمێز» ناسراون، کاتێک باس لەوە دەکات ئەڵمانیا خاوەن دوو فەیلەسوفی مەزنی وەک نیچە و شۆپنهاوەرە و دەڵێت کاتێک لە جەنگی جیهانیی یەکەم عەریف بووە کتێبی نیچە و شۆپنهاوەری لەگەڵ خۆی بردووە «و شتی زۆر مەزن لە شۆپنهاوەرەوە فێر بوون»، خۆشحاڵە بەوەی کە «شۆپنهاوەر فەلسەفەی ئامرازی هێگلی تەفروتونا کرد»[12]. گیۆرگ لۆکاچ لە وتارێکیدا بە ناوی «فاشیزمی ئەڵمانی و هێگل» دەنووسێت: «لە بنەڕەتدا، پەیوەندیی فاشیستەکانی هیتلەر بە فەلسەفەی هێگلەوە زۆر سانا و سادەیە: ئەوان فەلسەفەی هێگل لە بن و بنچینەوە ڕەت دەکەنەوە. ئەلفرێد ڕۆزنبێرگ [سەرەکیترین فەیلەسوفی نازی]، لە پەیوەندیی نێوان هێگل و مارکسدا هۆکارێکی سەرەکی دەبینیێتەوە تا فەلسەفەی هێگلی وەک دوژمنی «نازیزم» پێناسە بکات، کە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دژی دەوەستێتەوە. ڕەتکردنەوەی هێگل لای نازییەکان، تەرکیز دەخاتە سەر ئاراستەی هێگل بۆ عەقڵانییەتی جیهان، سەر ڕێباز و تیۆری هێگل بۆ گەشەسەندن»[13]. لێکۆڵینەوە لە پرسی ڕەتکردنەوەی هێگل لەلایەن هەموو بزووتنەوە کۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوەکان هەر لە سەدەی نۆزدەوە تا هیتلەر و موسۆلینی و تا ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ و پۆستمۆدێرنیستەکان، پێویستی بە بوارێکی سەربەخۆ هەیە و لێرەدا جێی نابێتەوە. بەڵام هێگل ڕووخساری ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ بوو، ڕۆحە شۆڕشگێڕییەکەی، کە دەبوو دژە-ژەهرێک بەرانبەری دروست بکرێت. ئەوەندە بەسە بڵێین لە سەدەی نۆزدەدا بە فراوانی سۆسیالیزم وەک نوێنەری ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ دەبینرا و هیتلەر و موسۆلینیش هیچ کات نەیانشاردووەتەوە، تەنانەت گۆبڵز مارکسیزم وەک ڕۆحە تۆقێنەر و دڕندەکەی ڕۆشنگەری دەبینێت.

بەڵام دیاریکردنی هەڵوێستی مەریوان وریا قانع بەرانبەر بە ڕۆشنگەری ئاسان نییە، چونکە، وەک پێشتر باسمانکرد، پڕیەتی لە پارادۆکس و دژایەتیی کە هیچ لێکۆڵەرێک کاتێکی زۆریش تەرخان بکات، ناتوانێت هەموو هەڵوێستە ناکۆک و دژەکان بگەڕێنێتەوە سەر سیاقی دروستی خۆیان و بێگومان خوێنەران و نووسەران تووشی جۆرێک لە سەرلێشێوان و ئاڵۆزی دەبەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو میتۆدە ئاڵۆزە گوڵچینییە هەڵبژاردەیەی ئەم نەوەیەی ڕۆشنبیران لە کوردستان گرتوویانەتە بەر، بەو مانایە لە هەر شوێنێک، گرنگ نییە کوێ بووبێت، ڕستەیەک و بیرۆکەیەک سەرنجی ڕاکێشابن، کێشیانکردووەتە ناو نووسراوەکانیانەوە، بەڵام بۆیان گرنگ نەبووە، ئاراستە و ئایدیۆلۆژیای سەرچاوەی ئەم ڕستانە لە کوێن، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ڕاستەوخۆ هێرشیان نەکردووەتە سەر ڕۆسۆ و ڕۆشنگەریی ڕادیکاڵ، بەڵام لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا واتا هێرش بۆ سەر مارکسیزم، ئەم کارەیان ئەنجام داوە و لێرەشدا دیسان خوێنەر تووشی سەرلێشێوان دەبێت کە وابزانێت ئەم ڕۆشنبیرانە بەرگری لە ڕۆشنگەری دەکەن، کە لەگەڵ ئەوەشدا شتێک نییە بەناوی ڕۆشنگەری وەک کاتیگۆرییەکی گشتی، بەو جۆرەی لە سەرەوە پیشانمان داوە. ئەم جۆرە گوتارەش خۆی لە گاڵتەکردن بە چەمکی دادپەروەریی جەماوەریدا دەبینێتەوە و خەباتە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بە سووک و ڕسوا دەبینێت. یان لە باشترین حاڵەتدا باسی ناکات و لەژێر ناوی تیۆری نوخبەگەریدا، ناڕاستەوخۆ گاڵتەی پێ دەکات. ئەم ڕۆشنگەرییە، هاوپەیمانی خەباتی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتیی بزووتنەوەی جەماوەری و خەڵکانی ژێردەستە، بەڵکوو هەمیشە هاوسۆزی بۆ سەردەستەکان هەبووە، بەوەدا هەمیشە بە وشەگەلی گاڵتەئامێز و سووکایەتییەوە ناوی خەڵکانی خوارەوەی کۆمەڵگای بردووە «گاگەل، مێگەل، عەوام، گەمژەکان، و هتد».

لە دژە-سیاسەتی دژە-ئایدیۆلۆژییەوە بۆ سیاسەتی ئایدیۆلۆژی

یەکێک لە لایەنە زۆر بنچینەییەکانی گوتاری ئەو ڕۆشنبیرانەی لە دەوری بازنەی ڕەهەند کۆبوونەوە، بەرزکردنەوەی گوتاری «دژە-ئایدیۆلۆژیا» بوو. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سەردەمی ئایدیۆلۆژیاکان تێپەڕیوە و ئێستا لە سەردەمی نائایدیۆلۆژیادا دەژین. هەڵبەت جگە لەوەی ئەم گوتارەش هاوشێوەی گوتارەکانی دیکەیان تازە نییە و کۆنە و جۆرێک هاوردە کراوە، بەڵام پێویستە ڕیشەکەی هەڵبگرینەوە و بزانین لە کوێدا ئەم گوتارە کە بانگەشەی دژە-ئایدیۆلۆژیا و ناسیاسیبوون دەکات، لە جەوهەردا گوتارێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە. ئەم بازنەیەی ڕۆشنبیران، هەمیشە بۆ بێبەهاکردنی گوتار و ڕەوتە سیاسی، فیکری، فەلسەفی، هونەری و کولتوورییەکانی دەرەوەی خۆیان، دەستەواژەیەکی حازربەدەستیان پێ بووە لە هەموو دۆخێکدا بەکاریان هێناوە «ئایدیۆلۆژیست». هەڵبەت زۆر هۆکار هەن بۆچی کەس لە ڕابردوودا هەوڵی نەدابوو سەرچاوەی ئەم گوتارە ئایدیۆلۆژییە دیاری بکات، یەکێک لەو هۆکارانە کۆنتڕۆڵی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە، واتا میدیا و چاپەمەنی بووە، کە بەسانایی ڕێگە نەدراوە هیچ فیکرێکی دەرەوەی ئەم بازنەیە دەرفەتی دەرکەوتنی هەبێت، هۆکارێکی دیکەش، ئەو شتەیە سۆران ئازاد لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی بازنەی ڕەهەند دەستنیشانی کردووە: «کێشەی گەورەی ئەو نووسەرانە ئەوەیە، کە خاوەن نەیار و بەرانبەری لاوازن، لەوانە کادیری سیاسی. بە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەوان و دەستەڵاتداربوونیان، ئەو نووسەرانە ویستوویانە ئەو پێگە جەماوەرییەی بە کادیری سیاسی بەخشراوە، بە خوێندەواری وەکوو خۆیان ببەخشرێت»[14]. خاڵی دیکەش زۆرن، وەک وەرگێڕانی خراپی بەرهەمە فیکرییەکان، گرنگینەدانی دەزگاکان بە چاپکردنی کتێبی بیری ڕەخنەیی و هەوڵدان بۆ پەرەدان بە ئەدەبیات و کولتووری زبڵ تا هەرگیز نەبێتە ئەڵتەرناتیڤی بازنەی ئەو ڕۆشنبیرانەی دەزگاکان بە بیرکەرەوەی خۆیانیان دەزانن.

بە درێژاییی سی ساڵی ڕابردوو کەمینەیەک کۆنتڕۆڵی کۆی کایەی بەرهەمهێنانی کولتووری کردووە و ڕێگەی نەداوە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا یان دەربکەون یاخود بۆ ئاستە بەرزەکانی مەعریفە هەڵبکشێن،

خاڵێکی دیکە گرنگە ئاماژەی پێ بکەین، دیموکراتیزەنەبوونی مەعریفەیە. بەو مانایە، لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەر تەکنیک و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوەی هونەر و کولتوور بە شێوەیەکی یەکسان دەرفەتی ڕەخساند بۆ تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە، پرسی دیموکراتیزەبوونی مەعریفە دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ هەر تاکێک بەگوێرەی خۆی بەشداری لە پێشخستنی کولتووری ئەو کۆمەڵگایەدا بکات. بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگای ئێمە هەمیشە لەژێر هێڵی گەشەسەندووییدا ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە پەروەردە و کولتوور و کۆی کایەی مەعریفە هاوشێوەی کایەی سیاسی و ئابووری لە دەستی کەمینەیەکدا بووە و وەک چۆن سیستەمی سیاسی و ئابووری بە بنەماڵەیی بووە، ئەم نەخۆشییە هەمان کایەی مەعریفەشی گرتووەتەوە. بە درێژاییی سی ساڵی ڕابردوو کەمینەیەک کۆنتڕۆڵی کۆی کایەی بەرهەمهێنانی کولتووری کردووە و ڕێگەی نەداوە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا یان دەربکەون یاخود بۆ ئاستە بەرزەکانی مەعریفە هەڵبکشێن، بووەتە هۆی ئەوەی ئەو کەمینەیە بانگەشەی جۆرێک لە نوخبەی بلیمەت و تەنها هەمووشتزانی ناوچەکە بکات و گەشەنەسەندنی هاوسەنگانەی تاکەکانی دیکەش، کە دیاردەیەکی مێژووییە، وەک دیاردەیەکی سروشتی لێک بداتەوە و ئەو بیروباوەڕە باوە دروست ببێت، کە ئەوەی لە دەرەوەی بازنەی ئەوانەوە هەیە هیچ نییە جگە لە کۆمەڵە لاساییکردنەوەیەکی پێکەنیناوی. بەبێ هۆ نییە بازنەی ئەم ڕۆشنبیرانە بە بەردەوامی کۆی هەوڵەکانی دەرەوەی خۆیان بە «گەمژە» زانیوە. ئەگەر ڕۆژێک لێکۆڵینەوەیەکی ئاماری لەسەر کۆی نووسراوی ئەو ڕۆشنبیرانە ئەنجام بدرێت، دەکرێت بەر ژمارەی باوەڕپێنەکراوی بەکارهێنانی وشەی «گەمژە» لە هەموو فۆرم و سیاقە جیاوازەکانیدا بکەوین. ئەمە هەر دیاردەیەکی سیاسی نییە و بگرە سۆسیۆلۆژیشە و هیواخوازم لێکۆڵەرانی داهاتوو ئەم کارە ئەنجام بدەن و مانا کولتووری و سیاسییەکانی ئەم بەکارهێنانە بۆ نەوەکانی داهاتوو شی بکەنەوە. ئێستا پێویستە بچینە ناو شیکردنەوەی بابەتی ناوونیشانەکەمان.

بەڵام با ئێمە بپرسین گوتاری ئەنتی-ئایدیۆلۆژیا لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەهەند و بنچینە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەم گوتارە دژە-ئایدیۆلۆژییە چییە؟ وا دەردەکەوێت گوتاری دژە-ئایدیۆلۆژی، یان نا-ئایدیۆلۆژی لەگەڵ کۆتاییی جەنگی سارد سەر هەڵبدات، کاتێک چیتر بلۆکی خۆرهەڵات بەرانبەر بە بلۆکی خۆرئاوا نامێنێت، بەڵکوو ئەم جارە سەرمایەداری بە فراوانی دەبێتە سیستەمێکی جیهانی و هیچ کێبڕکێیەک بەرانبەر خۆی نابینێتەوە. سەرمایەداری ئێستا بە فراوانی بانگەواز بۆ بەجێهێشتنی سەردەمی ئایدیۆلۆژیا و کۆتاییی سیاسەت دەکات. ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت تایبەت بوو بە سەردەمێک کە ئەو دوو بلۆکە بەرانبەر بە یەک وەستابوون، ئێستا کە ئیتر کێبڕکێکار نەماوە، سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاش باوی نەماوە. بەڵام ئەم بیرۆکەیەی سەردەمی کۆتاییی سیاسەت بۆ پێش ڕووخانی بلۆکی سۆڤێت دەگەڕێتەوە، بۆ کەش و هەوایەکی ژینگەی نیۆلیبرال و پۆستمۆدێرنیست، کە میشێل فوکۆ، ئەو کاتەی وردە وردە لە ڕێگای ڕەخنەگرتن لە لیبرالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی کۆنتڕۆڵکاری بازاڕ، بەرەو نیۆلیبرالیزم وەردەچەرخا، بە دروستیی ئەم سەردەمەی فۆرمولە کردووە:

«ئێمە بە ئەگەرێکەوە لە سەردەمی کۆتاییی سیاسەتدا دەژین. چونکە ڕاستە کە سیاسەت ئەو مەیدان و شوێنەیە پێشتر لە ڕێگای ئەزموونی شۆڕشەوە کرابووەوە و ئەگەریش لەم ڕوانگەیەوە چیتر دەستنەدات پرسیاری شۆڕش بکرێت، ئەوا مەترسی ونبوونی سیاسەتیش لە ئارادایە»[15].

blank
مەریوان وریا قانع (١٩٦١- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد

دیسان ئەم گوتارە خۆی کۆنە و زۆر پێش دیاگنۆس و دەستنیشانکردنەکەی فوکۆ دەستپێدەکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە. لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا، لەگەڵ ئەوەی سیاست زیاتر بە ناو کۆمەڵگادا بڵاو دەبووەوە و سەرمایەداری – بەهۆی ناکۆکییەکانی خۆیەوە – مەیدانی بۆ گەشەی زیاتری دیموکراسی خۆش دەکرد، چینە بەجێماوەکانی سەردەمی فیودالیزم، ئەریستۆکراتەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکان پەرەیان بە ڕەوت و ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییدا کە پێی دەگوترێت «دژە-سیاسەت» یان «دژە-سیاسی» و ئامانجی ئەم ئایدیۆلۆژیایەش گاڵتەکردن و بێبەهاکردنی سیاسەت و دیموکراسیی جەماوەری و گەڕاندنەوەی سەروەریی کەمینەی ئەریستۆکرات بوو بۆ دەسەڵات و باڵادەستی. ئەم ڕەوتە کۆی کۆمەڵگای مۆدێرن و سیاسەتەکەیان بە ئایدیۆلۆژیست و بەسیاسیکردن دەبینی و بڕوایان بە داهێنانی بزووتنەوەیەکی پێچەوانە هەبوو بتوانێت کۆتایی بە سیاسەتی جەماوەری، دیموکراسیی جەماوەری و ئایدیۆلۆژیاکانی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری: لیبرالیزم، سۆسیالیزم و یەکسانیخوازیی بهێنێت. ئەم ڕەوتانە پەنایان بۆ جۆرێک لە فەلسەفەی ناعەقڵانی (Philosophie des Irrationalismus) دەبرد کە لە ئەڵمانیادا بەتایبەت گەیشتبووە لوتکە و گەورەترین دەرکەوتەی خۆی پێشتر لە فەلسەفەکانی یۆهان گیۆرگ هامان[16]، و پاشان ئارتور شۆپنهاوەر و فریدریش نیچەدا دۆزیبووە و لە نیچەدا بەڕاشکاوی دەگاتە ئەوەی بڵێت «من دوایین دژە-سیاسیی ئەڵمانیم»[17]. بەڵام هەروەها نیچە لە نامەیەکی هاوکاتدا بۆ هاوڕێکەی، هاینریش کوێزەلیتز (پیتەر گاست)، دژە-سیاسەتی خۆی بەم جۆرە شی دەکاتەوە:

«سیاسەت ئێستا ئۆرگانی گشتێتی و سەرتاپایی بیرکردنەوەیە. ڕووداوەکان سڕیان کردووم. […] بسمارک لە ڕادەبەدەر شادم دەکات. خوێندنەوەی گوتارەکانی، بۆ من، لە خواردنەوەی شەرابێکی بەهێز دەکات، و هەوڵ دەدەم زۆر بەخێرایی نەخۆمەوە تا بتوانم چێژ لە تامەکەی وەربگرم»[18].

و پاشان لە کتێبە خۆژیننامەنووسییەکەیدا، ئەمەیە مرۆڤ، بەڕاشکاوی دژە-سیاسەت وەک سیاسەتی مەزن پێناسە دەکات و دەڵێت: «تەنها بە دەستپێکردن لەگەڵ مندا زەوی سیاسەتی مەزن دەناسێت»[19]. ئەم بزووتنەوە دژە-سیاسییە بە باشترین شێوە خۆی لە جەنگی جیهانیی یەکەم، بەتایبەت لە ئەڵمانیادا دەردەخات. زۆربەی ئەو ڕۆشنبیر و بیرمەندانەی پشتیوانیان لە جەنگی ئیمپریالیستیی ئەڵمانیا دەکرد، لەژێر ناوی «کۆتایی سیاسەت یان دژە-سیاسەت» و «ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا»دا بەرگرییان لە جەنگ دەکرد. ڕەنگە خەڵکانێک تووشی سەرسامی ببن ئەم ناوانە ببیستن: ماکس ڤێبەر، ڤێرنەر زۆمبارت، تۆماس مان، ڤیلهێلم دێلتای، ئێدموند هوسەرل، مارتین هایدیگەر، ئۆزڤالد شپینگەر، ئێرنست یونگەر و هتد لە ئەڵمانیا و لە ئیتاڵیا بینیتۆ کرۆچە، جیۆڤانی جێنتل و هتد. لەبەر ئەوەیە کاتێک تۆماس مانی کۆنەرڤاتیڤی جەنگخواز، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٨دا ڕەخنە لە ڕابردووی خۆی دەگرێت و ئێستا خۆی وەک دیموکراتیخواز لە قەڵەم دەدات، بۆ وەسفکردنی ئەم قۆناغە و جۆش و خرۆشی دژە-سیاسیی ڕۆشنبیران، چەمکی ئایدیۆلۆژیای جەنگ (Kriegsideologie) دروست دەکات کە خەسڵەتەکانیشی دیاری دەکات: چارەنووسی کۆیی (Schicksal)، مەرگ (Tod) و کۆمەڵ دژی کۆمەڵگا (Gemeinschaft gegen Geselschaft)، و ئەم دژە-سیاسیبوونەش بەڕاشکاوی بە جۆش و خرۆشی کەمینە ئەریستۆکراتە دژە-دیموکراتییەکانی ئەڵمانیاوە دەبەستێتەوە و لە کتێبی ڕامانەکانی ناسیاسییەکدا دەنووسێت:

«بە باوەڕی قووڵەوە ڕایدەگەیەنم کە گەلی ئەڵمانیی هەرگیز ناتوانن دیموکراسییان خۆشبوێت، بە سادەیی لەبەر ئەوەی ناتوانن خودی سیاسەتیان خۆش بوێت، و ‘دەوڵەتی دەسەڵاتخواز’ (Obrigkeitsstaat)ی ڕسوا تەنها فۆرمی گونجاوی دەوڵەت بوو و بەم جۆرەش دەمێنێتەوە و ئەمەش یەکسانە بە گەلی ئەڵمانی، ئەو [دەوڵەتەی] ئەوان لە قوڵاییی دڵیاندا دەیخوازن»[20].

ئەم ڕەوت و بیرکردنەوەیە لای زۆر بیرمەندی دیکە دەردەکەون، لەوانە مارتین هایدیگەر، کاڕڵ شمیت و هتد، شمیت پێی وایە کە دیموکراسیی جەماوەریی لە سەردەمی سەرمایەداریدا جۆرە سیاسەتێکی جەماوەریی پەرلەمانی دروست کردووە کە تەنها بە دژە-بزووتنەوەیەکی دژە-سیاسییەوە دەکرێت وەڵام بدرێتەوە کە کۆتایی بە سەردەمی سیاسەتی دیموکراسی بهێنێت و گومان لەوەدا نییە شمیت دژە-سیاسەتی خۆی لەژێر چەمکی «سیاسی»دا ئەنجام دەدات. بەڵام هەروەها بە فراوانی زانراوە و تۆمارکراوە کە هیتلەر و موسۆلینی دەیانگوت بزووتنەوەیەکەیان وەک بزووتنەوەی دژە-نیهیلیزیم لە قوڵاییی خۆیدا بزووتنەوەیەکی دژە-ئایدیۆلۆژی و دژە-سیاسییە، بەڵکوو هیتلەر و موسۆلینی هەردووکیان دەیانگوت ڕژێمەکانیان بریتین لە دوو ڕژێم وەک بەرهەمی هونەری. یاخود ئەوەی واڵتەر بنیامین ناوی لێ ناوە «بەجوانیناسیکردنی سیاسەت»[21]. هێرمان ڕاوشنینگ، ئەندامی پارتی نازی و سەرۆکی شاری ئازادیی دانتزیگ (ئێستا گدانسک لە پۆڵەندا) لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ هیتلەر هۆکاری چوونە ناو نازیزم و بۆچوونی هیتلەریش پشتڕاست دەکاتەوە:

«لێرەش دیاردەی جەماوەر بە فراوانی هەبوو. چۆن دەکرا هەم وەک هێزێکی سیاسی و هەم وەک جەنگێک بەرانبەر هەر نەزمێکی سیاسی، لەدەستی ڕزگارمان بێت؟ لە نازیزمدا ئومێدمان بەوە هەبوو سیاسەت کۆتایی دێت»[22].

موسۆلینی لە وتاری «ڕێژەگەرایی و فاشیزم» (١٩٢١)دا فەلسەفەی دەسەڵات دەباتە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتەوە و فاشیزمی ئیتالی وەک مەزنترین دروستکراوی ویست بۆ دەسەڵاتی دژە-سیاسی پیشان دەدات. هەم موسۆلینی و هەم هیتلەر، هەموو ڕەوت و بزووتنەوەیەکی دەرەوەی خۆیان بە بزووتنەوەی ئایدیۆلۆژیست و سیاسی دەبینی و تەنها بزووتنەوەکەی خۆیان وەک دژە-ئایدیۆلۆژیا و وەک دژە-سیاسەت لە قەڵەم دەدا، ئامانجیشیان ئەوە بوو کە لە سەردەمی ئاوابوونی سیاسەتدا، دەتوانن سیاسەتە چینایەتییەکان، دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان و هتد کۆتایی پێ بهێنن و کۆی گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا لەژێر کاتیگۆریی نەتەوەدا یەک بخەن، لەبەر ئەوە هیتلەر چەمکی جەماوەر (Masse) دەگۆڕێت بۆ گەل (das Volk) و پرۆلیتاریا وەک چین دەگۆڕێت بۆ کاتیگۆریی ئەفسانەیی «ڕەگەزی ئاری» (arische Rasse) و موسۆلینیش بە هەمان شێوە، تەنانەت جەماوەر بە شتێکی ژنانەیی ناو دەبات و بە گاڵتەوە باس لەوە دەکات کە چەمکی جەماوەر بە ئامرازی مێینەی ناساندن دەناسرێتەوە، بەڵام فاشیزم و گەل نێرینەن. لە زانستی نوێی سیاسەتدا ئەمڕۆ بەم مۆدێلەی کۆکردنەوەی گروپە زۆر و زەوەندە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر یەک چەتردا بەڵام دەبێت بەرژەوەندییەکانیان فەرامۆش بکەن، دەگوترێت «پۆپۆلیزم». ئەم ڕەوتە کە لە سەردەمی نیۆلیبراڵیزمدا بەقووڵی گەڕاوەتەوە، دیسان پۆپۆلیزم باس لە ئاوابوونی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا دەکات و دەیەوێت پرسە گرنگەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ: گۆڕانی کەش و هەوا، جەنگ، هەژاری، دابەشکارییە چینایەتییەکان، هارتربوونی سەرمایەداری و هتد لەژێر ناوی دوژمنێکی وەهمیدا یەک بخات و چاو لەسەر پرسە سەرەکییەکان لا ببات. ئەگەر بەوردی ڕوانینی ئایدیۆلۆژیستە فاشیستەکانی ئەمڕۆ بخوێنینەوە، گوێ لە گوتارەکانیان بگرین، بۆ نموونە ڕیچارد سپێنسەر، ستیڤ بانن، نیک لاند، ئالان دوبۆنوا، پیتەر سلۆتەردایک، مارک یۆنگن، ئەلێکساندەر دوگین و هتد بخوێنینەوە بە فراوانی لای هەمووان ئایدیای «ئاوابوونی سیاسەت» و «کۆتاییی سەردەمی ئایدیۆلۆژیا» دەبینین.

تەنانەت دۆناڵد ترەمپ خۆی وەک «دوایین دژە-سیاسیی ئەمریکی» دەبینێت و تاد تیتزە لە وتارێکیدا باس لەوە دەکات کە بەلاغە و ڕەوانبێژیی «دژە-سیاسەت»ی دۆناڵد ترەمپ هۆکاری سەرەکی بردنەوەی سەرۆکایەتیی ئەو بووە[23]. ئەمڕۆ بزووتنەوە دژە-سیاسییەکان میزاج و ڕەوشێکی بەرفراوانی دوورخستنەوەی خەڵک لە سیاسەت بەڕێوە دەبەن، چونکە تەنها ڕێگایەکە بۆ بردنەوەی پۆپۆلیستییانەی خەڵک. دۆناڵد ترەمپ نایشارێتەوە کە بزووتنەوەکانی وەک داگیرکردنی واڵ ستریت و حزبە سیاسییەکانی وەک پۆدیمۆس لە ئیسپانیا و هتد وەک بزووتنەوەی سیاسی لە قەڵەم بدات و خۆشی وەک تەنها ئەڵتەرناتیڤی ناسیاسی بۆ سەردەمی ئاوابوونی ئایدیۆلۆژییاکان ببینێت. دۆناڵد ترەمپ و هێزە ڕاستڕەوەکان ئەمڕۆ بە فراوانی کۆکن لەسەر ئەوەی سیاسەت توانای نواندنەوەی «خەڵک»ی نییە و تەنانەت خودی سیاسەت وەک ئایدیۆلۆژییەکی مەترسیدار دەبینن. ئەگەر لە کۆی کەمپینی هەڵبژاردنی ترەمپ وردببینەوە دەبینین کە پشت بە بڵاوکردنەوەی میزاجێکی دژە-سیاسی دەبەستێت و تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە هێرشەکانی جۆرج دەبلیو بۆش بۆ سەر ئەفغانستان و عێڕاقیش دەباتە ناو جەنگی سیاسییەوە و مردنی سەربازانی ئەمریکی، وەک قوربانیانی سیاسەت لە قەڵەم دەدات. کۆی ئەم ڕوانگانە نووسراوەیەکی بەختیار عەلیمان بیر دەخەنەوە (هەڵبەت لە ساڵانی ڕابردووەوە بەختیار عەلی تا دەگاتە کتێبی ئایدیۆلۆژیست لەسەر ڕەوانبێژیی دژە-سیاسەت و ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا، پەرە بە بیرکردنەوەی ئەدەبی و فیکریی خۆی دەدات) بە ناوی «خەڵک و سیاسەت» کە لە پەرەگرافێکیدا دەنووسێت:

«لە ناو خودی کایەی سیاسیدا خەڵک نابینرێت، خەڵک تەنیا میتافۆرێکە، دەلالەتێکی خاڵییە.سەرتاپای کایەی سیاسی لە پێناوی غەیبکردنی خەڵکدا کاردەکات، حیزبەکان کەرەستەی لە بیربردنەوەی خەڵکن. خەڵک لە مێژوودا تەنیا ئەو کاتانە دەرکەوتون کە توانیویانە سنووری کایەی سیاسیبشکێنن و ئەو دەنگەدەنگە بێسوودەی ناو ئەو کایەیە بێدەنگ بکەن. شۆڕشی فەرەنسی، شۆڕشی ئێرانی، شۆڕشی میللەتانی ئەوروپای خۆرهەڵات لە ژێر جەوری کۆمۆنیزمدا، شۆڕشی میسری، ئەوە ئەو ساتانەیە کە سیاسەت بە مانا تەقلیدییەکەی، بە مانای چالاکی بکەری سیاسی، بە مانای ئیشی چالاکوانی سیاسی، بە مانای چالاکی حیزبی تەواو دەکەوێتە ژێرەوە و دەبێتە پاشکۆی ئەوڕووداوانەی کە خەڵک دروستیدەکەن، ئەو ساتانەیە کە کایەی سیاسی تەقلیدی کپ و لاڵ دەکرێت. بۆ ئەوەی خەڵک دەربکەوێت دەبێت ئەو شتەی پێی دەوترێت کایە سیاسی بێدەنگ بێت».

ئەوەی بەگشتی لەم جۆرە تێگەیشتنە هاوبەشانەدا، بەڵام بە دوو مۆدێلی جیاواز دەبینرێت، بریتییە لە کورتکردنەوەی سیاسەت بۆ کایەی دەوڵەتی و حوکمڕانی کە دیسان لە سەردەمی سەرمایەداریدا هێشتا بریتی نییە لە سیاسەتی فراوان و هەمیش هەوڵە بۆ دابڕینی جەماوەر لە خود-وشیاریی سیاسی تا چیتر مرۆڤ وەک بکەرێکی سیاسی خاوەن دەنگی سەربەخۆ بوونی نەبێت. لە مێژوودا چونکە سیاسەت بە مانای مۆدێرن بوونی نەبووە، هەمیشە زۆرینەی کۆمەڵگا لە پاشکۆیەتیدا ماونەتەوە و کەمینەیەک کۆنتڕۆڵی کۆی جومگەکانی کردووە، بەڵام لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسیدا، سیاسەت دەبێتە چەمکێکی فراوانی مۆدێرن و مرۆڤ وەک بکەری سیاسی هەست بە خۆی دەکات. وەک پێشتر باس کرا، سەردەمی مۆدێرن و سیاسەتی مۆدێرنیتە کە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەدا لە بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا گەیشتبووە لوتکە پێویستی بە دژە-بزووتنەوەیەکی دژە-سیاسی هەبوو تا پاشەکشێ بە سیاسەت بکات و کۆی گروپە مرۆییەکان بخاتە ژێر چەتری یەک بەرژەوەندیی هاوبەشەوە. لەم ڕووەوە بزووتنەوەی دژە-سیاسەت لە قووڵاییی خۆیدا بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، بەڵام تەواو کۆنزەرڤاتیڤ کە دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی دیموکراسیی جەماوەری بهێنێت. ئەم ئایدیۆلۆژیایە پێی وانییە لە قوڵاییدا سیاسەت خۆی کێشەیە، سیاسەت ئەو کاتە کێشەیە کە خەڵک هەست بە دەسەڵات و سیاسەتی خۆیان بکەن، لەبەر ئەوە ئیتر دەبنە جێگای مەترسی لەسەر نوخبە ئەریستۆکراتەکان. ئایدیۆلۆژیای ئەریستۆکراتیی سەدەی نۆزدە جەماوەری وەک هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی خۆی دەبینی بۆیە هەم لە ئەخلاقیات، هەم کولتوور و هەم سیاسەتدا ئەم بزووتنەوەیە بێبەها بکات. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نییە کاتێک بەختیار عەلی لە کتێبی ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەکانیدا دەنووسێت «هیچ شتێکیش بە ئەندازەی عەوام مەترسیدار نییە کاتێک خۆی لێ دەبێتە هەڵاوێردە و ناوازە»[24].

نازییەکان سەرهەڵدانی سیاسەتی گشتی و جەماوەرییان دەبەستەوە بە سەردەمی «داوەشان» (Entartete) و پێیان وابوو هەرچی ڕەگەزی قڕێژ و داوەشاوی «عەوام، مێگەل، گاگەل و هتد» دەبێت قڕ بکرێت چونکە ئەوانە مەترسیدارن و هەڕەشەن لەسەر نەزمی هیرارشی، هەڕەمێتی و نوخبەی ناوازە. موسۆلینی و هیتلەر دەڵێن جەماوەر بەڕەڵا، قەرەباڵغی، هەوسارپساو و سیاسییە و هتدە و خەڵک/گەل دیسپلینکراو، ڕێزمەند بەرانبەر دەسەڵات، کارکەر، خۆبەکەمزان، خاکەڕا، لێوەشاوە، نێرانە، ئامادەی قوربانیدان، خاوەن مێشکێکی جووتیاری و دەست لەسەر سینە بە زەوییەکەی ڕابگات. هەر لە هەمان ئەدەبیاتدا، جەماوەر بەقووڵی دەبەسترێنەوە بە دیموکراسییەوە، ئەو سیستەمەی سەرچاوەی دەسەڵاتەکەیەتی، لە کاتێکدا، خەڵک بە پابەند بەرانبەر بە سیستەمی دەسەڵاتخوازی حوکمڕانی دەمێننەوە. تۆماس مان، لە ١٩١٨دا کە هێشتا بەقووڵی ئەریستۆکراتێکی کۆنزەرڤاتیڤ بوو، دەنووسێت: «جەماوەری تاکگەرا دیموکراتیخوازە، خەڵک (das Volk) ئەریستۆکراتە. جەماوەر ئەنتەرناسیۆنالە، لە کاتێکدا خەڵک کەسایەتییەکی ڕەمزی خاوەن دیارترین و جیاوازترین خەسڵەت و سروشتەکانە»[25]. موسۆلینی جەماوەر بە دیموکراسی و نوخبەی ئەریستۆکرات بە دەسەڵاتخواز و هیتلەر مارکسیزم بە جەماوەری سیاسی و نازیزم بە بزووتنەوەی نوخبەی دژە-سیاسی دەبیێنت.

لە ڕاستیدا ئەگەر بە وردەکارییەوە بمانەوێت بچینە ناو ئەم بابەتەوە، پێویستمان بە کتێبی سەربەخۆ دەبێت (لە کتێبێکی داهاتوومدا کە بەم نزیکانە چاپ دەبێت چەند بەشێکم بۆ ئەم پرسە تەرخان کردووە) و ئەمەش لێرەدا جێی نابێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە گوتاری «کۆتاییی ئایدیۆلۆژیی» و بە «ئایدیۆلۆژیست»دانانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، لە سەردەمی نیۆلیبرالیزمدا بە فراوانی گەڕاوەتەوە و ئەمڕۆ لە ئەمانوێل ماکرۆنەوە تا دۆناڵد ترەمپ ستایشی سەردەمی ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا دەکەن. تەنانەت ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا وەک سەرهەڵدانی «دەنگی خەڵک» (Voice of the People) لە قەڵەم دەدەن. دەڵێن ئایدیۆلۆژیا باری سەرشانی خەڵکی قورس کردووە و ناتوانن بەرژەوەندییەکانیان ببین، بۆیە ئاوابوونی ئایدیۆلۆژیا و ژیان لە سەردەمی پاش-ئایدیۆلۆژیادا بریتییە لە «بەهێزبوونی دەنگی خەڵک» و ئەمەش گوتاری هاوبەشی دۆناڵد ترەمپ، مارین لوپێن، بزووتنەوەی برێکزت، ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا و تەنانەت ماکرۆنیزمیشە[26]. سەردەمی «پاش-ئایدیۆلۆژیا» یان «کۆتاییی ئایدیۆلۆژیا» یاخود «دژە-ئایدیۆلۆژیا» خۆی بەقووڵی ئایدیۆلۆژییە و ڕیشەی قووڵیشی لەناو پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی سەردەمی نیۆلیبراڵدا هەیە[27].

ئەگەر ئەمڕۆ «پۆپۆلیزم» بەگشتی وەک فۆرمێکی «دژە-سیاسەت» پێناسە دەکرێت، ئەوا ئێستا زۆر بە ساناییتر دەتوانین لە مانای زاراوەکە تێبگەین. پییەر ڕۆزانفالۆن دەڵێت پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو «فۆرمێکی نەخۆشیناسیی سیاسەتە، واتا ‘سیاسەتی پەتیی ناسیاسی’»[28]. سەرکەوتنی هەنووکەیی «ناسیاسی» (یان دژە-سیاسی) بەسانایی واتا دیموکراسیی نوێنەرایەتی ئیفلیج دەبێت و دواجار لەلایەن بزووتنەوەی «دژە-دیموکراسی»یەوە «دەبێتە خوێنمژ». ڕۆبەرتۆ ئێسۆزیتۆی فەیلەسووف «ناسیاسی» (impolitico) وەک ئاراستەیەکی نائومێدکەرانە بەرانبەر بە سیاسەت پێناسە دەکات کە بە هۆیەوە سیاسەت بۆ «واقیعییەت»ی ڕووت، بۆ «ماتریالیتە»ی ڕووت کورت دەکاتەوە: واتا بۆ نوسخەی کلاسیکی کاڕڵ شمیت بۆ سیاسەتی مۆدێرن وەک فۆرمێکی سیکۆلاریزەکراوی تیۆلۆژیای کۆنی سیاسیی ئێستا وا دەردەکەوێت کۆن بووبێت[29]. واتا ئەم مۆدێلە، وەک پێشتر باس کرا، کورتکردنەوەی سیاسەتە بۆ سیاسەتی دەوڵەتی و دواجار بەپاشکۆکردنی مرۆڤ بۆ تێکەڵەیەکی دەسەڵاتە ئابوورییەکان، ئامێرە بیرۆکراتییەکان و سوپایەکی بەناویەکداچوونە سیاسییەکان.

ئێستا زۆر ڕەخنەگر هێرش دەکەنە سەر ئەم ڕەوتە «دژە-سیاسی»یە، بەڵام لەبیری دەکەن کە دژە-سیاسەت خۆی هەوڵە بۆ لاوازکردنی سیاسەت بەگشتی.

ئێستا زۆر ڕەخنەگر هێرش دەکەنە سەر ئەم ڕەوتە «دژە-سیاسی»یە، بەڵام لەبیری دەکەن کە دژە-سیاسەت خۆی هەوڵە بۆ لاوازکردنی سیاسەت بەگشتی. ڕاستڕەوەکانی ئەمڕۆ دەیانەوێت لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی گوتاری دژە-سیاسییەوە بۆشاییەکی سیاسی دروست بکەن، تا لە بۆشایی و فەوزادا ئاسانتر حوکم بکەن، وەک یەسوعییە کۆنەکان دەیانگوت پشێویی و فەوزا دروست بکەن، چونکە لەو کاتەدا حوکمی دیکتاتۆریی ئاسانتر دەبێت.

ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا

لە ئاستی جیهانیدا لە میانەى ساڵانی ڕابردوودا شەپۆلێكی سەرنجڕاكێشی بزووتنەوەى خوێندكاران بوونی هەبووە. ئەوەى ئەم بزووتنەوە تازەیە جیا دەكاتەوە ئاراستەكەیانە بەرانبەر بە ڕادیكاڵییەتێكی زۆر سیاسییانەتر بەراورد بە زۆرترین فۆرم و شێوازەكانی ناڕەزایەتیی خوێندكاری لە دەیەى ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا. ئەوان خۆیان سنووردار نەكردووە بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی كێشە جۆراوجۆرەكانی بەردەم خوێندكاران (وەك بەرزیی كرێی مانگانگانەى خوێند، كەمكرانەوەى بەهای نمرەكان و ئاستەكان و هتد)، بەڵكوو هەروەها خۆیان وەك بەشێك لە بزووتنەوەیەكی بەرفراوانتر دژی نیۆلیبرالیزم و فۆرمی هەنووكەیی سیاسەتەكانی سەرمایەداری پیشان دا. ئەمەش هاوشان بوو لەگەڵ بەشدارییكردنی خوێندکاران لە فۆرمە جۆراوجۆرەكانی بزووتنەوەكەدا دژی بەجیهانیبوون، لە هەڵمەتە یەكەمینەكانەوە دژی بێگارخانەكان(sweatshops)ـەوە بۆ خۆپیشاندانە گەورە ئەنتەرناسیۆنالییەكان. ئەم بەسیاسیبوونەوە تازەیەى ناڕەزایەتیی خوێندكاری تەنانەت بە شێوەیەكی زۆر ڕوونتر لە زۆربەى بزووتنەوەكانی پاش ٢٠٠٥ دەركەوتووە (بزووتنەوەى خوێندكاریی یۆنان ٢٠٠٦-٢٠٠٧، ڕێكخستنی فەڕەنسی ٢٠٠٥-٢٠٠٦، تەقینەوەى دیسێمبەری ٢٠٠٨ی لاوانی یۆنانی، شەپۆلی ٢٠٠٩ی داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنەكان لە كالیفۆرنیا، خۆپیشاندانەكانی ٢٠١٠ی خوێندكاران لە بریتانیا و بزووتنەوەى خوێندكاری لە كویبیك لە ٢٠١٢ و شەپۆلێکی نوێی بەسیاسیبووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستان لە ٢٠٢١دا)[30].

هەروەها خەسڵەتێكی جیاكەرەوەى دیكەش دەركەوتنی بزووتنەوەكە بووە هاوشانی ئەم بزووتنەوەیەى شەپۆلێكی نوێی تیۆریزەكردنی ڕەخنەیی. ئەمەش هاوشانی ئەو ڕاستییە بووە كە زۆرێك لە ئەندامانی فەكەڵتی یاخود بەشە بچووكترەكان و خوێندكارانی ماجستێر پشتیوانی بزووتنەوەكەیان كردووە و بەشداریشیان تێدا كردووە (ئەمەش بە ئامادەیی ئەكادیمییە ڕادیكاڵەكانی ناو بزووتنەوەكە لە بریتانیا و ئەمریكادا ڕوونتر دەبێتەوە). ئەمەش هەروەها بووەتە هۆی پەیداكردنەوەى ڕەونەقێكی نوێی دیبەت و بەرهەمهێنانی تیۆری لەلایەن خوێندكاران و ئەكادیمییەكانەوە، كە دەیەوێت چالاكیی سیاسی و بەرهەمی تیۆری ئاوێتەی یەکتر بكات.

ئەمە گەشەیەكی زۆر گرنگە. لە لایەكەوە، ئێمە دەبێت جەخت لەسەر هۆگری و گرنگییپێدانی تازەكراوی گرنگیی سیاسیی تیۆر بكەینەوە. ئەمە بەتەنها مانای تێگەیشتنێك لە سیاسەتەكانی تیۆر نابەخشێت، شتێك كە لە دیسپلینەكانی دەیەى ١٩٨٠ و ١٩٩٠دا وەك ئەدەبیاتی پاش-بونیادگەری و لێكۆڵینەوە كولتوورییەكان و فیمینیزمی ڕادیكاڵ و لێكۆڵینەوە جێندەرییەكان و لێكۆڵینەوە پاش-كۆڵۆنیالییەكان باو و ڕوون و ئاشكرا بوو، بەڵكوو هەروەها لە گرنگی تیۆردا بۆ سیاسەتی ڕادیكاڵی ئەمڕۆ. لە لایەكی دیكەوە، دەتوانین دەركەوتنی فۆرمە میلیتانتە تازەكانی بەرهەمهێنانی تیۆری لە پەراوێزەكان (یاخود دەرەوەى) ئەكادیمیادا ببینین.

ئا لەبەر ئەوەیە پێویستمان بەوەیە بیر لە فۆرمە تازەكانی ڕۆشنبیرێتیی میلیتانتی دەستەجەمعی بكەینەوە، ڕێگا تازەكان بۆ دامەزراندن و دروستكردنی كاری پراكتیكی و تیۆریی میلیتانت، هێز و وزە هاوبەشە تازەكانی نێوان تیۆر و بزووتنەوەكە. بەڵام، بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە، ئێمە پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە نەریتەكانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕ و تیۆری ڕادیكاڵ و بگەڕێینەوە بۆ هەوڵەكانیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسیارە سەرەكی و گەورە تیۆری و پراكتیكییانەدا. لەبەر ئەوە، لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین مشتومڕ لەسەر ئەو هەوڵانە بكەین كە تیۆرەیەكی ڕۆشنبیرێتیی ڕەخنەیی دەخەنە ڕوو.

کوردستانیش دابڕاو نەبووە لەم گەشەسەندنە جیهانییانە، گەڕانەوەیەکی نوێ بۆ پەیوەندیی ڕۆشنبیر و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی ڕۆشنبیر و دەسەڵات لە ئارادا بووە. ئەم شتەش لەگەڵ دامەزراندنی گۆڤاری ڕەهەند و ڕۆشنبیرانی ناو ئەم بازنەیە، هەمیشە پرسێکی بەردەمیان بووە چۆن مامەڵە لەگەڵ چەمکی ڕۆشنبیر، پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بکەن. بەڵام دیسان خوێنەر، ڕەخنەگر و لێکۆڵەران تووشی بێهیوایی دەبن لەوەی ناتوانن هێڵێکی دیاریکراوی بیرکردنەوەیان سەبارەت بەم پرسە گرنگە دەستنیشان بکەن. بەڵام جاروبار دەبینین لە ڕەوتی کارکردنیاندا ئەم پرسەیان وروژاندووە. دوو لە دیارترین ڕۆشنبیرانی ئەم بازنەیە، مەریوان وریا قانع و بەختیار عەلی، بە شێوە و فۆرمی جۆراوجۆر ئەم پرسەیان وروژاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەسەرکردنەوەی کۆی ڕوانگەکانیان کات و وزە و دەرفەتێکی زۆری دەوێت، بەڵام من پشت بە دوو وتاریان دەبەستم، یەکێکیان «تێکدەری یاری»، بەختیار عەلی و «لە یادی ئانتۆنیۆ گرامشی دا»، مەریوان وریا قانع. وتاری «تێکدەری یاری» پشت بە تێز و تیۆری فەیلەسوفی کۆنزەرڤاتیڤی ئیسپانی، خۆزە ئۆرتێگا یی گاسێت (١٨٨٣-١٩٥٥) دەبەستێت و وتاری دووەم، دەگەڕێتەوە بۆ گرامشی بۆ دیاریکردنی «بلۆکی مێژوویی» لە کوردستاندا. هەڵبەت گاسێت، کە بەختیار عەلی پشتی پێ دەبەستێت، ڕۆشنبیر و بیرمەندێکی کۆنزەرڤاتیڤ و بۆ ماوەیەکیش پشتیوانی فاشیستەکانی ئیسپانیا بووە و ئەمەش بەو مانایە نایەت نووسەرەکەی بازنەی ڕەهەند، پاشان پشتی بە چەمکی چەپەکان نەبەستبێت، بەڵام لێرەوە کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت کە خوێنەر نەزانێت ڕەخنە لە کام ئاراستە بگرێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، خاڵێکی هاوبەشی بەختیار عەلی هەیە لە ڕوانگەی کۆنزەرڤاتیڤییەوە بۆ ڕۆشنبیر تا ڕوانگە چەپگەرییە پۆستمۆدێرنیستییەکەی هاوبەشە: ناسیاسیبوون و دژە-ئایدیۆلۆژیستبوون و دژە-خەباتی ناڕەزایەتیی دەربڕین. چەمکی ڕۆشنبیر پێگەیەکی پاسیڤی خۆبەدوورگر و بێباک وەردەگرێت. هەرچی وتارەکەی مەریوان وریا قانعە، بەکارهێنان و وەرگێڕانی هەڵەی گرامشییە و لێدانە لە دەرگای ئەدرەسی هەڵە. واتا لەو شوێنەدا کە بلۆکی مێژوویی لای گرامشیی بۆ خەباتی جەماوەری و خەباتی چینایەتییە، لای نووسەرەکەی پێشووی بازنەی ڕەهەند وەردەگێڕدرێت بۆ سەر پەیوەندیی هێزە ئیسلامی و نیۆلیبراڵەکانی کوردستان. لێرەوە هەردوو نووسەر بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوە، ژێستی چەپگەریی وەردەگرن.

با سەرەتا لە وتاری یەکەمەوە دەست پێ بکەین، «تێکدەری یاری». نووسەر وەها دەدوێت:

«یەکێک لەو پێناسانەی کە هەمیشە بۆ من زۆر جێگای سەرەنج بووە، ئەو تێڕوانینەی «خۆزیە ئۆرتیگایی گاسیت» ـە کە وا پێناسەی ڕۆشنبیر دەکات، وەک سیفەتێک کە پەیوەندی بە «منی کۆمەڵایەتی»یەوە نییە. ڕۆشنبیر بەوپێیە خواست‌‌و وەزیفەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، مرۆڤ بۆ ئەوانی تر نابێتە ڕۆشنبیر… واتەڕۆشنبیر بە پێچەوانەی نوسەر یاخود زانا یاخود فەیلەسوف، یاخود مامۆستای زانستەباڵاکان، وزیفەیەکیان پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، ئیشێک نییە، شێوە خۆنمایشکردنێک نییە، جۆرە خۆدەرخستنێکی تایبەت نییە لەسەر سەحنەی کۆمەڵگا. بەپێی «یی گاسێت»ڕۆشنبیر بۆ خۆی ڕۆشنبیرە، وە لەجەوهەردا دژ بە خۆی‌‌و لەگەڵ هەموو بەرەنگاری‌‌و ناڕازیبوونی خودی خۆیشیدا، ڕۆشنبیرە.

تێگەیشتنەکەی ئۆرتیگایی گاسێت، لەناو بۆچوونەکاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە. ڕۆشنبیر لە زۆربەی پێناسەکاندا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی‌‌و فەرمانبەرێکی ئۆرگانی ناو کایەکانی کۆمەڵگایە، بۆ نمونە پێناسەی گرامشی بۆ رۆشنبیر، پێناسەیەکی تەواو سیاسییە، بەڵام پێناسەکەی ئۆرتیگایی گاسێت، دوورتر دەڕوات… زۆر دوورتر‌‌و قووڵتر لە هەموو پێناسەکانی تر»[31].

پرسی ئەوەی کە نووسەر لێرەدا بە هەڵە ڕاڤەی گرامشی دەکات، هەڵدەگرین بۆ پەرەگرافەکانی دواتر، بەڵام لێرەدا بە ڕاستیی با بزانین گاسێت کێیە کە نووسەر هێندە پێی سەرسامە؟ ساڵی ١٩٣٣ تا١٩٣٤ بزووتنەوەی فاشیستیی فالانژ ئیسپانۆلا (Falange Española) دروستبوو، کە کوڕە گەورەی ژەنەڕاڵ میگوێل پریمۆ دو ڕیڤێرا، دیکتاتۆری ئیسپانیا لە نێوان ١٩٢٣-١٩٣٠، دایمەزراندبوو. لە ١٩٣٦دا بزووتنەوە و پاشان حزبەکەش بە هەمان ناو پشتیوانیان لە میلیتاریزمی فرانکۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە کۆماری کەتەلۆنیا. بەڵام دامەزرێنەرەکەی، خۆزێ ئەنتۆنیۆ پریمۆ دو ڕیڤێرا بە ماوەیەکی کەم پێش جەنگی ناوخۆیی بە تاوانی یاخیبوون دژی کۆماری دووەمی ئیسپانیا، پێش هەژموونی میلیتاریزم دەگیرێت و لە ١٩٣٦ لەسێدارە دەدرێت. پاشان لە ١٩٣٧ تا ١٩٧٥ فرانکۆ دەبێتە سکرتێری گشتیی پارتەکە بەڵام لەناو میلیتاریزمی خۆیدا دەیتوێنێتەوە. ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە وردبوونەوە و نووسینەوەی دوور و درێژی ئەم مێژووە نییە، بەڵکوو کاریگەریی دوو فەیلەسوفی نیچەیی ئیسپانییە بەسەر بزووتنەوەی فاشیزم و کۆنزەرڤاتیڤدا لەو وڵاتە، یەکەمیان خۆزێ ئەنتۆنیۆ، دامەزرێنەری فالانژیزم و دووەمیان، خۆزێ ئۆرتیگا یی گاسێت، فەیلەسوفی کۆنزەرڤاتیڤی ئیسپانیی کە ئایدیاکانی خزمەتیان بە بزووتنەوە ڕاستڕەو و فاشیستیی و کۆنزەرڤاتیڤەکان کردووە هەر لە ڕۆژگاری پێش جەنگی ناوخۆییەوە تا ئەمڕۆ. ئەمڕۆ، پارتی «ڤۆکس»ی ڕاستڕەو و نیۆنازیی ئیسپانیا کە لە ٢٠١٣ دامەزراوە، و شاڤیار ئۆرتێگا سمیس ڕابەرایەتی دەکات، لە کۆی گۆڤار و میدیا و ڕۆشنبیرییە گشتییەکەیدا نایشارێتەوە کە ئۆرتێگا یی گاسێت بە ڕابەری فیکریی خۆیان دەزانن.

بەڵام لە ئیسپانیاش، هاوشێوەی فاشیزمەکانی دیکە، فاشیزم وەک چارەسەرێک بۆ ڕەتکردنەوە و لەناوبردنی کۆمەڵگای جەماوەری، دیموکراسیی جەماوەری، ڕۆشنبیرێتیی گشتی دەبینرا، کە وەک خۆزێ ئەنتۆنیۆ دو ڕیڤێرا لە ١٩٣٥دا هۆشداری دابوو، ئەو کۆمەڵگایە، هاوشێوەی فاشیزمی ئیتاڵی و نازیزمی ئەڵمانی، وەک هەڕەشەی کۆمۆنیستی دەبینرا (چونکە لە هەرسێ فاشیزمەکەدا بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیری وەک مۆرکی مارکسیستی لەقەڵەم دەدرا) کە سەرمایەداریی لیبراڵ بەهۆی لاوازییەکەیەوە توانای بەرگەگرتنی نییە:

«زوو یان درەنگ، بەڵام بەحەتمی، پێشبینییەکانی مارکس ڕاست دەردەچن. ئێمە بەرەو چڕکردنەوەی سەرمایە، بەرەو بەپرۆلیتاریبوونی جەماوەر و دواجار بەرەو شۆڕشی جەماوەری مل دەنێین، کە سەردەمێکی تۆقێنەری دیکتاتۆرییەتی کۆمۆنیستی بەدووی خۆیدا دەهێنێت. و ئەم دیکتاتۆرییەتە کۆمۆنیستییەش، دەبێت ئێمە، ئەوروپییەکان، خۆرئاواییەکان، مەسیحییەکان بتۆقێنێت، چونکە ئاماژەیە بە ڕەتکردنەوەیەکی تۆقێنەرانەی مرۆڤ/پیاو؛ واتا توانەوەی مرۆڤ لەنێو جەماوەرێکی فراوانی بێشکڵ و شێوە، کە تێیدا تاکایەتی لەدەست دەچێت […]. بە باشی تێبینی بکەن کە لەبەر ئەمەیە ئێمە دژە-مارکسیستەکانین؛ ئێمە بۆیە دژە-مارکسیستین چونکە ئەوە سەرمایەدارییە ئاماژەیەکی ئاوای بۆ ئەم هەلومەرجە پێداوین؛ سەرمایەداریش، ئەنتەرناسیۆنالیست و ماتریالیستە»[32].

کاتێ ئێرنستۆ خیمێنتز کابالێرۆ (١٨٩٩-١٩٨٨)، فەیلەسوفی ئیسپانی و هاوڕێ و هاوخەباتی پریمۆ دو ڕیڤێرا و یەکێک لە ڕابەرانی فالانژیست، بۆچوونەکانی هاوڕێکەی هەڵدەگرێتەوە و دەڵێت «ئێمە بە هیچ جۆرێک لێبوردەییمان بەرانبەر بە ستەمکاریی هونەرێکی جەماوەرانی سەرکوتکار نییە کە کۆمۆنیزمی ڕووسی، خۆرهەڵاتی، دەیەوێت بەسەرماندا بسەپێنێت»[33]. کابالێرۆ، بە گەڕانەوە بۆ نیچە و گاسێت دەڵێت هەردوو فەیلەسوفەکە کۆمەکمان پێ دەکەن ڕۆحی نەتەوەییی ئیسپانی زیندوو بکەینەوە، بەرەبەیانێکی سەرسوڕهێنەر دوای تاریکیی کۆمەڵگای جەماوەری و سووکایەتی پێکردنی نەتەوەیی، ببینین. کابالێرۆ بەردەوام هێرشی دەکردە سەر پرۆسەی بەجەماوەرییکردنی ئیسپانیای مۆدێرن و ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی. کابالێرۆ وەک یار و یاوەرێکی خۆزێ ئەنتۆنیۆ پریمۆ دو ڕیڤێرا، نایشارێتەوە کە هەردووکیان لە خەباتیاندا تەواو کاریگەر بوون بە خۆزێ ئۆرتێگا یی گاسێت[34]. هەروەها هەردووکیان کۆمەڵگای جەماوەرییان بە دەستێوەردانی بەربەرە ئاسیاییەکان و داگیرکاریی ئاسیایی دەبینی، و لەم ڕووەوە بەلشەڤیزم و کۆمۆنیزم هێزی بەربەرە ئاسیاییەکان بوون کە هیچ پەیوەندییەکییان بە ڕۆح و خاکی ئەوروپاوە نییە[35]، بۆیە ئەرکی مێژوویی فالانژیست، کۆتاییهێنانە بەم بزووتنەوەیە. هەر لەبەر ئەوە، کاتێک کەتەلۆنییەکان لە بەرەیەکی یەکگرتووی چەپەکان و سۆسیالیست و دیموکراسیخوازەکاندا هەڵبژاردنی ١٩٣٦ دەبەنەوە، هەموو فالانژیستەکان دەچنە پاڵ سوپاکەی ژەنەڕاڵ فرانکۆ بۆ سەرکوتی کۆماری دیموکراتیی کەتەلۆنیا.

blank
بەختیار عەلی (١٩٦٠- ) نووسەر و ڕۆشنبیری کورد

خۆزێ ئەنتۆنیۆ پریمۆ دو ڕیڤێرا، هەمیشە گاسێتی بە مامۆستای خۆی دەزانی و گاسێتیش هیچ کاتێک ئەم مامۆستاییبوونەی ڕەت نەکردەوە. گاسێت خۆشی تا مردنی لە ١٩٥٥دا بەردەوام پشتیوانی لە ڕژێمی میلیتاریی ژەنەڕاڵ فرانکۆ دەکرد و لەژێر حوکمی ئەودا بەرهەمە فەلسەفییەکانی بڵاو دەکردەوە و لە زانکۆکانەوە دەیویست کۆدەنگی بۆ ئەم ڕژێمە دروست بکات. بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا زۆر گرنگە باس بکرێت، بەرهەمە فەلسەفییەکانییەتی دژی کۆمەڵگای جەماوەری بەناوبانگترین بەرهەمی لەم بوارەدا کتێبی «ڕاپەڕینی جەماوەران»ـە(١٩٢٩). کابالێرۆ خۆی دانی پێدادەنێت کە «ڕیشەکانی فاشیزم [و فاشیزمی ئیسپانی] […] پاگانی، ‘بەرزەمرۆڤ’ن. نەوەی ئێمە هەموویان ئۆرتێگایی بوون. ئەوان سەروەرانی ئێمە بوون»[36].

لە ڕاستیدا کتێبی ڕاپەڕینی جەماوەرانی گاسێت[37] بەقووڵی لە ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگا و مۆدێرنیتەی جەماوەریدا، ڕۆحی فاشیزمی ئیسپانیی تەنیوەتەوە. گاسێت هەروەها هاوشێوەی هاوچەرخەکانی، زمانێکی شێوە بایۆلۆژی بەکار دەهێنێت، تا خەسڵەتەکانی کۆمەڵگای جەماوەری دەستنیشان بکات و باس لە چارەسەرێکی ڕەگەزی «تەندروست» (نوخبەی ئەریستۆکرات» بەرانبەر بە ڕەگەزی «نەخۆش» (مرۆڤی جەماوەری) دەکات. مرۆڤی جەماوەری ڕەگەزی نزمتر، «داوەشاو»ن و لە پشتی ئەخلاقیاتێکی کۆیلەوە وەستاون تا کولتووری نوخبە و باڵا و ئەریستۆکراتی خۆرئاوا لەناو بەرن. بە کورتی، دوژمنی ڕۆحی ئەریستۆکراسی ئیسپانی، ئەو مرۆڤە جەماوەری و عەوامە بوو کە لە کۆمەڵگای جەماوەریدا بەرجەستە بووبوو. فاشیزمی ئیسپانی، هاوشێوەی فاشیزمەکانی دیکە، وەک گاسێت لە ١٩٢٩دا پێشبینی کردبوو، ئامانجی کۆتاییهێنان بەم سەردەمەی «ئیمپراتۆریەتی جەماوەر» بوو.

یەکێک لە کێشە هەرە بنچینەکانی وتارەکەی بەختیار عەلی، نەبوونی سەرچاوە و گەڕانەوەی زانستییە بۆ گاسێت، ئێمە بە هیچ جۆرێک نازانین فەیلەسوفە ڕاستڕەوە ئیسپانییەکە لەکوێ ئەم قسانە دەکات، بەڵام هاوکات داڕشتنەوەیەکی نووسەر بۆ ڕوانگەکانی گاسێت هەن لەو شوێنەی کە هەردووکیان پێیان وایە ڕۆشنبیر نەک بەشدارە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، بەڵکوو کتومت دژی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی دەوەستێتەوە. بەختیار عەلی نایشارێتەوە کە وەزیفە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیران هیچ نییە جگە لە فەرمانێکی سیاسی «ڕۆشنبیر لەو کاتەدا دەمرێت کە دەبێت بە کۆپیڕۆحی گشتی»[38]. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە بیرمەندە ڕاستڕەو، کۆنزەرڤاتیڤ و فاشیستەکانی سەدەی بیستەوە ماوەتەوە، دەزانین تەنانەت خودی چەمکی ڕۆشنبیریش دیاردەیەکی جەماوەری و سەردەمی ڕۆژنامەیە و هیتلەر و موسۆلینی هیچ کاتێک گاڵتە و سووکایەتیی خۆیان بە ڕۆشنبیران نەدەشاردەوە، چونکە وەک چۆن پریمۆ دو ڕیڤێراش دەستنیشانی کردووە، ڕۆشنبیرێتیی خۆی دیاردەیەکی «کۆمۆنیستە بەربەرەکانە». ئەوەی لەم نووسینەی بەختیار عەلیدا دژبەر و پارادۆکسیکەڵە، هەم نازانرێت سەرچاوەی قسەکانی گاسێت کوێن و هەمیش بەوەدا کە چەمکی ڕۆشنبیر وەک چەمکێکی فەلسەفی یان سەرچاوەی فەلسەفە لە فیکری گاسێتدا ڕاڤە دەکات، دەکەوێتە کێشە و ناکۆکییەوە، چونکە لە هیچ شوێنێکدا گاسێت شتێکی وەها ناڵێت.

وتاری دووەم کە دەربارەی گرامشییە، مەریوان وریا قانع لە وتارەکەیدا دەربارەی گرامشی دەنووسێت:

«گرامشی داهێنەری كۆمەڵێك چەمكی فیكریی‌و میتۆدیی تازە‌و گرنگە كە بەشداریەكی ڕاستەوخۆیان لە تازەكردنەوەی فیكری سیاسیی‌و كۆمەڵایەتییدا كردوە، بە تایبەتی تازەكردنەوەی ماركسیزم. چەمكە هەرە گرنگەكانی گرامشی بریتین لە چەمكی ”هەیمەنە“، ”شۆڕشی پاسیڤ“، ”بلۆكی مێژوویی“، ”ڕۆشنبیری ئۆرگانیی“،”جەنگی پێگە“، ”جەنگی دەستەویەخە“، ”كۆمەڵگای مەدەنیی“، ”دەوڵەت” هتد..

لە دونیای ئێمەدا هەندێك لەم چەمكانە دەتوانن هاریكارمان بن بۆ تێگەیشتنێكی باشتر‌و سودمەندتر لەو واقیعە مێژووییەی ئەمڕۆكە ئێمە لەناویداین لە پێش هەمووانیشەوە بۆڕزگاربوون لەڕەشبینیی‌و پاسیڤیزمی فیكریی‌و سیاسیی‌و فەرهەنگیی، بۆ تێگەیشتنێكی باشتر‌و بەسەمەرتر لەڕۆڵیڕۆشنبیر، بۆ وێناكردنێكی ئاڵۆزتری پەیوەندی نێوان نێوان فیكر‌و واقیع‌و فیكر‌و پراكتیكی كۆمەڵایەتیی. هتد..»[39].

بەڵام لە چاوپێکەوتنێکدا ئامانجی ئەم چەمکانە بۆ کۆمەڵگای کوردی دیاری دەکات و لە هەوڵیدا بۆ دروستکردنی بلۆکێکی مێژوویی دژ بە پارتی، لەنێوان هێزە ئیسلامییەکان و بەرهەم ساڵحدا بەم جۆرە پێناسەی «بلۆکی مێژوویی» دەکات:

«ره‌نگه‌ مێژووی ئێمه‌ هیچكاتێك به‌ڕاده‌ی ئه‌مڕۆ پێویستی به‌و بۆچو‌ونه‌ی گرامشی نه‌بووبێت كه‌ باس له‌دروستبوونی ”بلۆكێكی مێژوویی“ ده‌كات، واته‌ باس له‌كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك هێزی جیاوازده‌كات له‌ده‌وری كۆمه‌ڵێك داواكاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی هاوبه‌ش، به‌كورتی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی پێیوایه‌ نابێت داواكاری شه‌قام‌و داواكاری ئۆپۆزسیۆن‌و داواكاری رۆشنبیران لێكبچن، عه‌قڵیه‌تێكی ترسناكه‌، عه‌قڵیه‌تێكه‌ رێگه‌ له‌هه‌موو كارێكی پێكه‌وه‌یی راسته‌قینه‌ ده‌گرێت، ناهێڵێت سیاسه‌ت به‌مانای چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌جه‌معی له‌دایك ببێت»[40].

لە نیگای یەکەمدا وا دەردەکەوێت، ئەم پەرەگرافە بەرگریکردن بێت لە سیاسەت و بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵگەڕاندنەوەی تێز و تیۆرەکەی گرامشییە. لە ڕاستیدا گرامشی باس لە دوو جۆری ڕۆشنبیران دەكات. یەكەم ئەوانەن كە پێیان دەڵێت ڕۆشنبیرانی نەریتی، كە بەتەواوی هەم لە ڕوانگەى مێژوویی و هەم لە ڕوانگەى ئایدیۆلۆژیی-كۆمەڵایەتییەوە پێناسەیان دەكات. پێناسەى مێژوویی ڕۆشنبیرانی نەریتی ئاماژەكردن بەو شێوازەى كاركردن و پێكەوەیی ڕۆشنبیران لەگەڵ مۆدێلێكی بەرهەمهێنان كە پێویستە لەلایەن ئەو ڕۆشنبیرانەى لەگەڵ دەركەوتنی چینێك و مۆدێلێكی نوێی بەرهەمهێناندا كار دەكەن، بەكار بهێنرێت. بۆیە، بۆ نموونە، ڕۆشنبیرانی ناو مۆدێلی فیودالی بەرهەمهێنان (قەشەكان، زاناكان، هونەرمەندان)، دەبوو ئاوێتە ببێت و دووبارە بەگوێرەى پراكتیكە تازەكان و پێداویستییە تازەكانی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، دووبارە بەگەڕ بخرێتەوە[41]. بە هەمان شێوە، ئەو ڕۆشنبیرانەى لەناو سەرمایەداریدا گەشەیان كردووە، دەبنە ڕۆشنبیرانی «نەریتی» لە بەرانبەر بە گەشەسەندنی مۆدێلێكی سۆسیالیستی بەرهەمهێنان، و دووبارە پێویست بە توانەوە لەنێو ئەولەویەتە تازە كۆمەڵایەتییەكان و پێداویستییەكان دەكات. گرامشی هەروەها ڕۆشنبیرانی نەریتی سەرەڕای ئاوێتەبوونیشیان وەك ئەوانە پێناسە دەكات كە لە ناو مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دوور لە پێداویستییە ئابووری و سیاسییەكانی چینی سەرمایەدار مانەوە. دووبارە قەشەكان و فەیلەسوفان و لەوانەیە زۆربەى هونەرمەندان و لێكۆڵەرانی زانستە مرۆییەكان لەناوەوەى ئەكادیمیادا كەوتوونەتە نێو ئەم جۆرەى كاركردنی ڕۆشنبیرییەوە، كە دەكرێت تیایاندا بەها میتافیزیكییە نا-ئامرازییەكان دەستنیشان بكرێن. ئەم ڕۆشنبیرانە “نەریتیین” كاتێك بەراوردی كاتیگۆرییەكی سەرەكیی دیكەى گرامشی دەكرێن: ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی.

بۆ تێگەیشتن لە چەمكی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی، ئێمە دەبێت سەرەتا ئەم چەمكە بە دوو چەمكی دیكەى ناو كارەكەى گرامشییەوە ببەستینەوە: كۆمپانیای-ئابووری و هەژموون. گرامشی دەڵێت: وشیاریی سیاسیی چینێكی باڵادەست یەكێكە لەوانە دەبێت تەنها بەرگری لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆى دەکات. سەرەتا دەبێت بەرەو یەكگرتن لەگەڵ بەرە و بەشەكانی دیكەى چینەكەى خۆی بڕوات، بە شێوەیەك جۆرە جیاوازەكانی سەرمایە، وەك چۆن پێشتر لە سەرمایەی پیشەسازی، دارایی، بازرگانی و سەرمایەى زەوی بە شێوەیەكی مێژوویی ئەنجام دراون. ئەگەر چینێك تەنها لە ئاستی بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆیدا بووەستێت، ئەوا لە ئاستی كۆمپانیایی-ئابووریدا دەوەستێت. لەودیوی دامەزراندنی پێكەوەیی و وابەستەیی ناو-چینەكەوە چینێكی باڵادەست دەبێت بچێتە ئەودیوی بەرژەوەندییە دەستەجەمعی و كۆییەكانی خۆیەوە زەمینەى ئەخلاقی-سیاسی بەسەر كۆمەڵگادا بسەپێنێت، تا هەموو چینەكانی دیكە بەوە ڕازی بكات كە بەرژەوەندییەكانیان دەكرێت لە ڕێگای یەكگرتنی خۆیان یان قبوڵكردنی حاكمییەتی چینی باڵادەست بەدی بهێنرێت. كاتێك چینێكی باڵادەست دەگات بەمە، یان ئەمە بەدەست دەهێنێت، ئەوە بەتەنها باڵادەست نییە، بەڵكوو هەژموونی یاخود خاوەن هەژموونیشە[42]. سەبارەت بە هەژموون گرامشی مەبەستی ئەوەیە كە ئەمە چینێكە (لانی كەم لە هەندێك ئاستدا) ڕەزامەندی و لارینەبوونی چینە چەوساوەكان بە هەلومەرجی خۆیان دەباتەوە.

ئەوە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانییە ئەم ڕەزامەندییە بەرهەم بهێنن و بۆ ئەنجامدانی ئەمەش ئەوان بەگشتی كار بۆ گۆڕین و كاریگەریی ئەجێندا كولتووری، ئەخلاقی و سیاسییەكان دەكەن. بە شێوەیەكی كلاسیكی، ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی دەكرا لەنێو پارتە سیاسییەكاندا بدۆزرابانەوە، لە سەرووی باوەڕپێكراوترین ڕۆژنامەكان، لە پەیوەندییە گشتییەكان و بانگەشەكاندا و لەوانەیە ئەمڕۆ لە تینك تانكەكاندا. ئەم ڕۆشنبیرانە بە شێوەیەكی ئۆرگانی وابەستەن بە پێداویستییە ئابووری و سیاسییەكانی چینی باڵادەست. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئەمانە ئەو بیرمەند، ڕاڤەكار، سەرپەرشتیار (سەرنووسەر)، نووسەران، پێشكەشكارانی ڕادیۆ و هتدن كە هەوڵ بۆ ڕازیكردنی دانیشتووانی گشتی دەدەن كە نیۆلیبرالیزم و بازاڕی ئازاد واتا ڕیفۆرمی پێشكەوتووخوازانە و سەرهەڵدانی دیموکراسی. بێگومان لە کوردستانیش هەمیشە بەشێک لە ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند بەڕاشکاوی بانگەوازیان بۆ ئەوە کردووە کە بازاڕی ئازاد و نیۆلیبرالیزم گەرەنتیی دیموکراسییە. بەڵام هاوکات ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی هەژموونی پێچەوانەش هەن، کە دەکرێت بە پاڵ ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی و نەریتییەوە ئاوا پۆلێنیان بکەین:

یەك) ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی هەژموونی كە لەپێناوی چینی سەرمایەداردا كار دەكەن و كەسابەتە سەرەكییەكەیان یارمەتیدانی دروستكردن و پێكهێنانی ئەجێندای فراوانی ئەخلاقی-سیاسی، كۆمەڵایەتی و كولتوورییە.

دوو)  ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی هەژموونی پێچەوانە. ئەوان كار لەسەر خستنە ژێرپرسیاری چوارچێوە باڵادەستەكانی مەرجەعییەت، گریمانە باڵادەستەكان و ئەو ڕەوتە سیاسییە باڵا دەستانە دەكەن كە لە بەرژەوەندیی سەرمایەداری دەجووڵێنەوە. ئەوان بە شێوەیەكی ئۆرگانی وابەستەى ئەو چین و گروپانەن كە سەقامگیری بۆ ئەوان بریتییە لە «دۆخێكی لەناكاو». ئەم گروپەش بە نۆرەى خۆی دەكرێت دابەش بكرێت بۆ:

دوو. ١) ئەوانەى، هاوشێوەى ماركس و ئەنگڵس، لە چینە ناوەڕاستەكانەوە دێن، بەڵام لەڕووی سیاسی، سایكۆلۆژی و ئایدیاڵییەوە، لە گۆشەنیگای پراكتیكەكانیانەوە خۆیان لەم گروپە هەژموونییە بەدوورگرت.

دوو. ٢) ئەو ڕۆشنبیرانەى لەناوەوەی چینە كرێكارییەكان و گروپە ژێردەستەكانی دیكەدا گەشە دەكەن (بەڵام دەبێت بەرگەى توانەوە و بێلایەنی لەناوەوەى دامەزراوە باڵادەستەكاندا بگرن و بەرانبەری بووەستنەوە).

ئێستا ئاوڕێک لە بلۆکی مێژوویی بدەینەوە. مەریوان وریا قانع دەڵێت: «لای گرامشی، فەیلەسوفی ئیتاڵی، بلۆکی مێژوویی دروستکردنی ئەو وێنە گشتییە و ئەو زمانی خۆباسکردن و خۆشیکردنەوە و دونیابینییە کاری ڕۆشنبیرانە، کاری ئەکادیمییەکان و میدیاکاران و فیلمسازان و ھونەرمەندان و کادرە دڵسۆز و خاوەن ویژدان و تێگەیشتنە سیاسییەکانی ناو حیزب و ده‌ره‌وه‌ی حیزب و خوێندەوارە دینیی و نادینییەکان و چالاکەوانانی کۆمەڵگای مەدەنیی و ئافرەتان و ئەوانیترە».

بەڵام با بزانین ئەنتۆنیۆ گرامشی خۆی چی دەڵێت: «بلۆکی مێژوویی بریتییە لە خەبات بۆ هەژموون و خەباتێکە بۆ بلۆکێکی نوێی مێژوویی، واتا ڕێکخستنی بەرنامە ئینتیقالییەکان لە خەباتی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرن، تاقیکردنەوەی چینە چەوساوە و ژێردەستەکان، فۆرمەکانی ڕێکخستن، پراکتیکە تازە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرە تازە سیاسی و بەسیاسیبووەکانە. […] بلۆکی مێژوویی ستراتیژ و تاکتیکی سۆسیالیست و چەپەکانە بۆ دامەزراندنی هەژموونی پێچەوانە دژی هەژموونی بۆرژوازی»[43].

دەکرێت لێرەدا هەڵەوەرگێڕانەکانی مەریوان وریا قانع بەم جۆرە دیاری بکەین:

١) گرامشی تەنها وەک فەیلەسوفێکی ئیتاڵی لە قەڵەم دەدات و ناوی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی لێ دەکاتەوە تا لەگەڵ ئەجێندای لیبراڵی دامەزراندنی بلۆکی مێژوویی نێوان هێزە ئیسلامییەکان و نیۆلیبراڵەکان بیگونجێنێت.

٢) گرامشیی تێزەکە بۆ لێدان و خستنی هەژموونی بۆرژوازی بەکار دەهێنێت، مەریوان وریا قانع بەپێچەوانەوە بۆ ڕاگرتن و بەهێزکردنی هەژموونی بۆرژوازی.

٣) گرامشی وەک تاکتیک و ستراتیژی پارتە سۆسیالیست و چەپەکان دەیبینێت (دژی فاشیستەکان، کڵێساییەکان، بۆرژوازی)، مەریوانوریا قانع بۆ یەکخستنی کۆمەڵ و یەکگرتوو (ئیسلامیست)، بەرهەم ساڵح (نیۆلیبراڵ) و بزووتنەوەی گۆڕان (نیۆلیبراڵ و پۆپۆلیست).

٤) گرامشی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ناو بلۆکی مێژوویی دیاری دەکات: چینە ژێردەستەکان، کرێکاران، چەوساوان و ڕۆشنبیرانی سیاسی (کە پاشان ناویان دەنێت ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی هەژموونی پێچەوانە)، مەریوان وریا قانع نەک بۆ بەهێزبوونی چینە ژێردەستەکان، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەوە بۆ یەکخستنی سەردەستەکان دژی سەردەستەیەکی دیکە، بەکاری دەهێنێت.

گەڕانەوەی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانی بۆ تێز و تیۆرەی چەپەکان، شتێکی تازە و دیاردەیەکی کوردی نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. واڵتەر بنیامین ناو لەم جۆش و خرۆشە دەنێت «ماخولیای چەپڕەو» (١٩٣١) و دەنووسێت:

«كاركرد و وەزیفەیان ئەوەیە لەڕووی سیاسییەوە قسە لەپێناوی گروپ و فڕقەكاندا بكەن نەك بۆ پارت و حزبەكان، لەڕووی ئەدەبییەوە بۆ مۆدێلەکان نەك بۆ قوتابخانەكان بدوێن، لەڕووی ئابووورییەوە قسە بۆ بكەرە [بازرگانییەكان] بكەن نەك بۆ بەرهەمهێنەران. و لە ڕاستیدا، لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕۆشنبیریی (ئینتلیجێنتسیا) چەپڕەوە بە بەردەوامی بووەتە بكەری هەموو پێكەوەییە ڕۆحییەكان (geistigen Konjunkturen) لە ئەكتیڤیزمەوە[44] بۆ ئێكسپریسیۆنیزم و لەوێوە بۆ ئۆبژێكتیڤیتەى نوێ. بەڵام گرنگی و مانا سیاسییەكەى بەهۆی گواستنەوە و بەرز و نزمی ڕامانە شۆڕشگێڕییەكان لە پەلوپۆپ كەوتبوو و بێكەڵك بووبوو، هەر هێندەى لە بۆرژوازییەوە بەرزبوونەوە، چوونە نێو ئۆبژێكتەكانی پەرتەوازەیی، سەرسامی، كە دەكرا لەپێناوی بەكاربردندا بخرێتە ڕوو»[45].

ئەم گوتارە و گەڕانەوەیە بۆ دیدگای چەپەکان لە ساتە قەیراناوییەکاندا، لە فۆرماڵدا وا دەردەکەوێت پێشکەوتووخواز و ڕادیکاڵ بێت، بەڵام هەروەک بنیامین دروست دەستنیشانی کردووە: «ئەم ڕادیكاڵیزمە چەپڕەوە، كتومت ئاراستە و ڕێچكەیەکە بەرانبەر بەو شتەى چیتر بەگشتی هیچ پەیوەندییەكی كردەى سیاسی بەرانبەری بوونی نییە. ئەمە بۆ چەپی ئەم یان ئەو ئاراستەیە نییە، بەڵكوو بەسادەیی بۆ چەپی ئەو شتەیە كە لە گشتدا مومكینە و دەگونجێت. لەبەر ئەوەى لە سەرەتاوە هەموو ئەوەى بیری لێ كراوەتەوە چێژگەیاندن بە خۆیەتی لە ئارامییەكی تەواو نێگەتیڤدا. بەدگۆڕان و وەرچەرخانی خەباتی سیاسی لە بڕیارێكی ناچارییەوە بۆ نێو ئۆبژێكتێكی چێژ و خۆشی، لە ئامرازەكانی بەرهەمهێنانەوە بۆ نێو وتارێكی بەركاربردن – واتا دوایین لێدان و زەڕبەى ئەم ئەدەبیاتە»[46].

ئەم ڕوانگەیە بۆ ڕۆشنبیر لای هەردوو ڕۆشنبیرەکە، ئامانجی ئەوەیە بە فراوانی خۆی لە خواستە جەماوەرییەکانی کۆمەڵگا، خوێندکاران، ژنان، هەژاران، گروپە ژێردەستەکان بدزێتەوە و وەک چۆن لە پرسی ڕۆشنگەریدا بینیمان، لێرەشدا ئەم ڕۆشنبیرێتییە بە هیچ شێوەیەک ئەگەر هاوپەیمانی دەسەڵاتدارانیش نەبێت، هیچ هاوسۆزییەکی بۆ ژێردەستەکان و چەوساوەکان نییە و بگرە بە چەمکگەلی وەک «گاگەل، عەوام، مێگەل، گەمژە، سیاسی، ئایدیۆلۆژیست» و هتد خەباتەکانیان بێ بەها دەکات. ئەگەر دوا نموونە بۆ ئەم بەشە بهێنینەوە، باس لە دوایین هەوڵی مەریوان وریا قانع بکەین بۆ بێبەهاکردنی هەوڵی دەستەجەمعیی سیاسی و ڕۆشنبیریی لاوان و خوێندکاران لە کوردستان. ساڵی پار کتێبی «فیکری ڕادیکاڵ: دەربارەی سەید قوتب و سلاڤۆ ژیژێک و لیبرڵیزم» لەلایەن دەزگای سەردەمەوە بڵاو دەبێتەوە. جگە لەو سەردێڕانەی لە نیگای یەکەمدا کۆی دیدگای نووسەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەڵام بە وردبوونەوە لە ناوەرۆکدا، بەر کۆمەڵێک پارادۆکس و هەوڵی هێرش و جەنگی ئایدیۆلۆژی بۆ سەر گروپە ژێردەستە و چەوساوەکانی کۆمەڵگای کوردی دەبینین.

کوردستان بە دیاریکراوی لە ٢٠٠٣ بەدواوە، مەیدانێکی سەلامەتی بازاڕی ئازادە بۆ کۆمپانیا فرەنەتەوەکان، ئێستا کە کۆی کەرتی گشتی لەو وڵاتەدا ڕسوا کراوە و بە کۆمپانیا تایبەت و حزبییەکان فرۆشراوە و نەک تەنها باشتربوون لە داهاتی تاکدا ڕووی نەداوە، بەڵکوو خراپتریش بووە و کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کولتوور، کارەبا، ئاو و هەموو شتێک وێرانکراوە و ئێستاش شەقامە گشتییەکانی کوردستان بە کەرتی تایبەت فرۆشراون بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێبواران و شۆفێران پارەی وەستان و ڕۆیشتن بەسەر شەقامەکانیش بدەن، نووسەری کتێبی فیکری ڕادیکاڵ ڕەخنەگرتن لەم جۆرە لیبراڵیزمە هار و دڕندەیە بە «نەخۆشیی سایکۆلۆژیی و دەروونیی» ناو دەبات و لە ڕێگای بەکارهێنانی ناوی ژیژەک وەک «مەترسیدارترین فەیلەسوف بۆ سەر لیبراڵیزم و سەرمایەداری» و بەراوردکردنی بە «توندڕەویی ئیسلامی: سەید قوتب»، دەیەوێت خەونی ئەو گەنجانەی ڕەخنە لەم سیستەمە دەگرن، بێبەها بکات. نووسەر ژیژەک وەک مەترسییەکی گەورە لەسەر سیستەمی جیهانی دەبینێت، ئەگەرچی لە جووڵەیەکدا وا پیشانی دەدات کە لە نیگای گلۆبالەوە سەیری پرسەکە دەکات، بەڵام بە وردبوونەوە لە ئاستی جیهانی، بۆمان دەردەکەوێت نووسەر کتومت لە ڕوانگەی کۆمەڵگای کوردییەوە سەیری پرسەکە دەکات. چونکە ژیژەک ئەمڕۆ لە ئاستی جیهانیدا نەک تەنها لەسەر چەپی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ حساب ناکرێت، بەڵکوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت «قەیرانی پەنابەران» ژیژەک کەوتە بەرگریکردن لە بەهاکانی ئەوروپا و هاوشانی بیرمەندە ڕاستڕەوەکان داوای داخستنی سنوورەکانی دەکرد و ئەمەش لە ئاستی دونیادا وەک سکانداڵ دەردەکەوێت.

شاری بەرلین کە ئەمڕۆ بووە بە هیوای چەپەکانی ئەوروپا، کەس ژیژەک وەک مۆدێل سەیر ناکات. بەڵکوو بگرە ناوی لە بازنەیەکی زۆر بچووکی ڕۆشنبیراندا نەبێت، بوونی نییە. بەڵام ئەگەر ئێمە لە سیاقی کوردستاندا بڕوانین، ژیژەک بەپێچەوانەوە ڕۆڵی چەپێکی ڕادیکاڵی ڕەخنەگر دەگێڕێت، بەتایبەت بۆ ئەو لاوانەی ئەم سیستەمە هارە لیبراڵە تەواو هاڕیونی و ڕۆژانە سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆییان دەکات، ژیژەک ڕێک لای ئەوان ڕۆڵی ڕەخنەگرێک دەگێڕێت کە دەتوانێت یارمەتییان بدات پەی بە درز و کەلێن و کارەساتەکانی سیستەمەکە بەرن. ژیژەک ڕەنگە لە ئەوروپا وەک چەپی مارکسیست یان ڕادیکاڵ نەبینرێت، بەڵام لە کوردستان ئەم وەزیفەیەی وەرگرتووە، جا لێرەوە بەئاسانی دەگەین بەو ئەنجامەی مەریوان وریا قانع ڕێک لە گۆشەنیگای لاوێکی سەرکوتکراوی کوردستانەوە سەیری ژیژەک دەکات و هیواکانی ئەم لاوە ژێردەستەیە بێبەها دەکات. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم جۆرە ڕۆشنبیرییە لە کاتەکانی دیکەدا بەرگە ماخولیا چەپڕەوییەکەی دادەنێت و ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاوسۆز و هاوپەیمانی نەک ژێردەستەکان، بەڵکوو سەردەستەکان. یەکێکیش لەو چەمکانەی بازنەی ئەم ڕۆشنبیرانە لە کاتی دامەزراندنی گۆڤاری ڕەهەندەوە تا ئێستا بەکاری دەهێنن بۆ بێبەهاکردنی هەموو بیرۆکە و فیکرەیەکی دەرەوەی خۆیان، کورتکردنەوەی لاوان، ڕەخنەگران و بیرجیاوازەکانە بۆ کۆمەڵێک بکەری خاوەن بوغز، کینە و ڕق و ئەوانەی چاویان بە «دەسەڵاتی مەعریفە»ی ئەوان هەڵنایەت. بەکارهێنانی چەمکی بوغز و کینە، باشترین میکانیزم بووە تا ئێستا ئەم ڕۆشنبیرانە دژی هەموو بیرێکی جیاواز بەکاریان هێناوە.

تەنانەت ئەم جۆرە میکانیزمەی کوشتنی دەروونی و ڕۆحیی لاوانی جیاواز و خوازیاری گۆڕانی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا ڕیشەیەکی دوور و درێژی لەناو هەموو بزووتنەوە کۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوەکاندا هەبووە، نەیارەکانیان بە نەخۆش، داوەشاو، میکرۆب، دژ بە شارستانییەت و کولتوور و هتد لە قەڵەم داوە. تەنانەت ئەمڕۆ لیبراڵەکانی خۆرئاواش ڕێگا بە خۆیان نادەن بەهیچ جۆرێک لە بەکارهێنانی زاراوەی «نەخۆشیی سایکۆلۆژی» بۆ ڕەخنەگرانیان نزیک ببنەوە، چونکە وشیاریی کۆیی و مێژوویی ئەم کۆمەڵگایانە بە ئاستێک گەیشتووە دەزانن ئەم دەستەواژانە ڕابردوویەکی مەترسیداریان هەیە. نموونەیەکی زەق و بەرچاو، کتێبی «خەباتی من»ی هیتلەر، چەند جارێک ناوی لیبراڵەکان دەهێنێت، بەڵام تەنها بە جۆرە ترسنۆکێک لە قەڵەمیان دەدات کە نەیانتوانیوە بەر بە هەژموونی مارکسیزم بگرن، بەڵام لە بەرانبەردا لە سەرووی دوو سەد جار زیاتر ناوی مارکسیستەکان و جوولەکەکان دەهێنێت و هەمیشە هاوەڵناوەکانی وەک «نەخۆش، شێواو، داوەشاو، میکرۆب، دوژمن، ڕادیکاڵ، نا-ئەڵمانی و هتد» بۆ ئەوان بەکار دەهێنێت. ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای خۆرئاواییدا بەکارهێنانی دەستەواژەی «ڕەخنە لە لیبراڵیزم وەک نەخۆشییەکی دەروونی» دەکرێت بەکارهێنەرەکەی ڕووبەڕووی دادگا و سزادانیش بکاتەوە. لێدان لە نەیاران و جیاوازبیرکەرەوان بە میکانیزمە دەروونییەکان، لە مێژوودا تەنها میکانیزمی هێز و بزووتنەوە دەسەڵاتخواز، ڕاستڕەو، کۆنەرڤاتیڤ و دژە-دیموکراتییەکان بووە.

ژن وەک دایک و ژینگە وەک دەشت و کێو

لە دوا پرسیاری ژنەفتن لە بەختیار عەلی دەربارەی پرسی ژن و ژینگە، کە بۆچی ڕۆشنبیرانی بازنەی ڕەهەند فەرامۆشیان کردووە، نووسەر دوو پرس دەوروژێنێت کە شایانی ئەوەن کەمێک هەڵوەستەیان لەسەر بکەین، سەبارەت بە ژن دەڵێت «ئەوەی بمانەوێت باس لە ژن بکەین، بێ ئەوەی ڕوانینێکمان هەبێت بۆ مرۆڤ بە گشتی، بۆ ئازادی، بۆ دەسەڵات، بۆ بونیادی کولتووری، بۆ بونیادی عەقڵ، بۆ پێکهاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوا ناتوانین لە هەندێ ڕستەی کڵێشەیی و هەندێک دروشم زیاتر هیچ دیکە بەرز بکەینەوە» و سەبارەت بە پرسی ژینگەش «تا نیگامان بۆ سروشت لەو تێڕوانینە سیاسییە پاک نەکەینەوە، ناتوانین جارێکی تر سروشت وەک خۆی، وەک سروشت ببینین. لە ڕۆمانی «ئێوارەی پەروانە» و «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان»دا هەوڵ مداوە کەم تا زۆر، جارێک سروشت وەک ڕزگارکەر و جارێکیش سروشت وەک شوێنی جوانی و حەقیقەتی ڕاستەقینە وێنا بکەم. عەشقستان لە ئێوارەی پەروانەدا، میتافۆرێکە بۆ سروشت وەک ڕزگارکەر، وەک دوا پشت و پەنا و پەرێزی مرۆڤەکان، ڕزگارکەرێک کە ناتوانێت بە تەنیا مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەگەر مرۆڤەکان بەڕاستی یەکتریان خۆش نەوێت. لە کۆشکی باڵندەکانیشدا ناو سروشت تەنیا جێگایەکی ڕاستەقینەیە کە مرۆڤ تێیدا هێزی خۆی، عەشقی خۆی تاقی دەکاتەوە»[47]. دەکرێت چۆن ئەم دوو بۆچوونە هەڵبسەنگێنین؟

بە دڵنیاییەوە ئەم بۆچوونانەش وەک زۆربەی ئەو ڕوانگانەی تا ئێستا ڕاڤەمان کردوون تازە نین و ڕیشەیەکی کۆنتریان هەیە: کورتکردنەوەی کێشەی ژن بۆ کێشەی مرۆڤ بە گشتیی و کورتکردنەوەی پرسی ژینگە و کەش و هەوا بۆ پرسێکی کۆنزەرڤاتیڤی وەک ژینگەگەرایی و سروشتپەرستیی کە ئەمڕۆ لە بزووتنەوەی «پێگیدا» لە ئەڵمانیادا بە فراوانیی گەڕاوەتەوە. بەڵام ئەگەر هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە، شۆڕشی فەڕەنسی سەرەتایەک بوو بۆ دەرکەوتنی ژن لەسەر سەکۆی سیاسی، یاخود دەکرێت بڵێین هەستکردن بەخۆی وەک ژن. لەگەڵ زیاتر گەشەسەندنی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و تەقینەوەی لە شۆڕشەکانی نێوان ١٧٨٩-١٨٤٨ و پاشان کۆمۆنەی پاریس، ١٨٧١دا، سەرهەڵدانی بەرچاوی ژن وەک بوون و کیانێکی سەربەخۆ زیاتر دەرکەوت.

لەبەر ئەوە گەشەسەندنێکی دیکەی کۆمەڵگای جەماوەری، وەرچەرخان و گۆڕانی هەنگاو بەهەنگاو بوو کە ژنانیشی دەگرتەوە و کاریگەریی لەسەر پێگەی ئەوان دادەنا. تا دوایین سەردەمی مۆدێرن، ژنان بەگشتی لە هەموو بوارەکانی ژیانی گشتی وەدەرنرابوون و لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە وابەستەی پیاوان کرابوون. مافی دەنگدانیان نەبوو، بۆیان نەبوو بڕۆنە ناو دامەزراوە ئەکادیمییەکانەوە، و مافە ئابوورییەکەیان ئێجگار سنووردار بوو. بۆ نموونە، لە بریتانیای بەڕادەیەک پێشکەوتووتردا، تەنها لە ساڵی ١٨٨٣دا ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوە کە لە ژنانی قەدەغە کردبوو ببنە خاوەنی موڵک هەرکە شوویان کرد، و بەشداریشیان لە جیهانی کاردا، زۆر سنووردار بوو. ژنانی چینەکانی خوارەوە هەرزانترین جۆری کاریان لە یەکەی پیشەسازیدا پێشکەش دەکرد و داهاتیشیان بەکەڵکی ژیانی مەمرە و مەژی دەهات و یاخود لە ماڵەکانی چینە باڵاکاندا وەک کارەکەر کاریان دەکرد لە کاتێکدا ژنانی چینی ناوەڕاست ڕەزامەند بووبێتن یان نا، دەبوو خەریکی بەخێوکردن و گەورەکردنی منداڵان بن و کاروباری ماڵەوە بەڕێوە بەرن. بارودۆخی شتەکان لە ڕێگای دوو خواستی تێکەڵی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەوایەتی پێ دەدرا: دەگوترا ژنان بە سروشت نزمترن و هەروەها پیادەکردنی پرەنسیپی «بوارە لەیەک جیاکان» بەو پێیەی جیاوازییە ناوەکی و سروشتییەکانی نێوان ڕەگەزەکان (سێکسەکان) بوونیان هەیە کە هاوکات جیاوازیی کردەوە و ڕەفتاریش دیاری دەکەن. لە دوای شۆڕشەکانی ١٨٤٨ـەوە پرسەکە زیاتر بە سیاسی دەبێت و لە کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١دا ژنان بەشدارییەکی بەرفراوان دەکەن. بۆ نموونە دروشمی «برایەتی»ی شۆڕشی فەڕەنسیی ١٧٨٩ دەگۆڕن بۆ دروشمی «سۆڵیداریتی»(هاوپشتی). تا کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم، و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، ١٩١٧، ئیتر شتێک نەمابووەوە بەوەی ژن بگەڕێنرێتەوە دواوە.

لە دوای جەنگ، قسە لەسەر مۆدێلی «ژنی نوێ» دەکرا: زۆر سەربەخۆ، متمانەی بە خۆی و بە تواناکانی، ئاستێکی گەورە و بەرچاوی دەربڕینی بیر و ڕا و چێژی خۆی، ڕێک دەخات و زیاتر و زیاتر ئازایانە هەست و سەربەخۆیی ئیرۆتیکی و سێکسوالی خۆی وەردەگرت و دەچووە دەرەوەی حەرەمی ماڵەوە، کەمتر لە لایەن پیاوەوە ئامۆژگاری دەکرا و کەمتر فەرمانی پێ دەکرا «وەک ژنێک» خۆی پۆشتە بکات و جل لەبەر بکات: زۆربەی ژنان قژیان کورتتر دەکردەوە، کە لەمەوە لە ڕۆڵی دیاریکراوی نەریتی ژنانەیان دەدا، جلوبەرگی ژنان کورتتر دەبووەوە و بۆ یەکەمجار ژنان دەستیان کرد بە لەبەرکردنی پانتۆڵ[48]. بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان، کۆنزەرڤاتیڤ و فەلسەفە کۆنەپارێزەکان، هەموو هەوڵیان ئەوە بوو ژن بگەڕێننەوە شوێنی خۆی، خزمەتکاری و پاشکۆیەتی. وەک مێژوونووس ئەندریاس هویزن لە بەشێکی کتێبەکەیدا، بەناوی «کولتووری جەماوەری وەک ژن» باسی دەکات: «لە لێکۆڵینەوەکانی [گوستاڤ] لوبۆندا دەربارەی ترسی پیاو لە ژن و ترسی بۆرژوازی لە جەماوەر شتێکن تێکەڵی یەکترن و لە یەکتر جیا نابنەوە: ‘قەرەباڵغییەکان لە هەموو شوێنێک بە خەسڵەت و تایبەتمەندییە ژنانەییەکانەوە جیا دەکرێنەوە»[49].

بەڵام کاردانەوەکان بۆ سەر ژن لەوە دەرچوو بەسانایی بگەڕێنرێتەوە دواوە، فاشیزم دوایین هەوڵی گەڕاندنەوەی ئیرادەی پیاو بوو بۆ دەسەڵات. بۆ نموونە نووسەر و هونەرمەندێکی وەک ویندهام لویس، کە پشتیوانی لە هیتلەر و موسۆلینی کرد، لە ١٩٢٧، لە کتێبەکەیدا بەناوی ڕۆژگار و پیاوی خۆرئاواییدا دەربارەی ئەو «ئیرادە» کوێرە دەنووسێت بووەتە هۆی ئەوەی ڕۆژانە ملیۆنان ژن، کە پێشتر هەرگیز نەبینراوە، بە شێوەیەکی فراوان بڕۆنە بازاڕەکانی جلوبەرگ و جۆرە پۆشاکێک بپۆشن کە نەریتی ژنانەی پێوە نەماوە[50]. یاخود بۆ نموونە موسۆلینی خۆی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ئێمیل لودڤیگ، دەڵێت: «قەرەباڵغیی پیاوە بەهێزەکانی خۆش دەوێت. قەرەباڵغی وەک ژنێک وایە […] ژنان هەرگیز ناتوانن کاریگەری لەسەر پیاوانی بەهێز دابنێن […] دەبێت ژن ڕۆڵێکی ناچالاکی هەبێت. ژن شیکارییە نەک کۆتێز. ئایا لە هەموو سەردەمەکانی شارستانێتییدا هەرگیز ڕوویداوە ژنێکی تەلارساز هەبێت؟»[51]. لەگەڵ ئەوەی فاشیزم سەرکەوتوو بوو لەوەی هەندێک لە ژنانیش لەناو ڕیزەکانی خۆیدا یەک بخات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت ژن وەک ژن ئامادە بووبێت.

دوای کەوتنی فاشیزمی مێژوویی، ئەم جارە بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان کۆچیان بۆ نێو گوتاری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی کرد، چیتر ئەو دەرفەتە نەمابووەوە ڕاستەوخۆ بەم جۆرە هێرش بکرێتە سەر ژنان، بەڵکوو ئەم جارە بە ڕیزکردن و دانانی لەژێر کاتیگۆرییەکی ئەبستراکت و ڕووتی وەک «مرۆڤ» یان «کێشەی بوونگەریی مرۆڤ» هەوڵ دەدرا پرسەکە ون بکرێت. ئێستاش بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان بەڕاشکاوی باس لەوە دەکەن کە «مرۆڤ بەگشتی کێشەی هەیە نەک تەنها ژن»، بەڵام ئامانج لەم بەگشتیکردنە هەم هێشتنەوەی نەزمی هیرارشی و هەڕەمییەتی پیاوسالاری هەزاران ساڵە و دەسەڵاتی نێرینەییە کە ئێستا بە هۆی ئامادەیی فراوانی ژنانەوە هەڕەشەی لەسەرە و هەمیش شاردنەوەی ڕزگاریی گروپە ژێردەستە و چەوساوەکانە. مادام گوایە شتێک هەیە دەچەوسێنرێتەوە ئەویش مرۆڤە بەگشتی، کەواتە باسکردن لە چارەسەری کێشەی ژن، لاوازکردنی پرسی مرۆڤە. ئەم ئایدیایە بە فراوانی لە فەلسەفەی بوونگەراییدا هەیە و کێشەی سیاسیی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ژن بە ئۆنتۆلۆژی دەکات و لەناو پرسی ئۆنتۆلۆژیای ڕووتی فەلسەفیدا دەیتوێنێتەوە.

تاکتیکەکانی بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانی ئەمڕۆ بۆ ئەم مەبەستە گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئێستا دەبینین لە لوتکەی حزبە سیاسییە پۆپۆلیستەکاندا ژن هەن، ئەلیس ڤایدل وەک هاوسەرۆکی پارتی نیۆنازیی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، مارین لوپێن وەک ڕابەری بەرەی نەتەوەییی فەڕەنسا، جیۆرجیا میلۆنی، ژنەڕابەری پارتی برایانی ئیتاڵیا، سیلڤیە لیستهاوگ، ڕابەری پارتی ڕاستڕەوی پێشکەوتن لە نەرویژ، پیا کییەرسگارد، ڕابەری پێشووی پارتی ڕاستڕەوی گەلی دانیمارکی و هتد، هەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە کێشەی ئەمڕۆ چیتر بریتی نییە لە کێشەی ژن، بەڵکوو کێشەکە، کێشەی مرۆڤە بەگشتی و مەبەستیشیان مرۆڤی سپیپێستی خۆرئاواییە. یان لە سەروبەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ژنان بۆ جێگیرکردنی مافی لەباربردن لە ئەمریکای لاتینەوە تا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامی ڕاستڕەوەکان بریتی بووە لەوەی ئەم مافانە کێشە بۆ وجود و کەرامەتی مرۆڤ دروست دەکەن.

نموونەیەکی دیکەی سادەکردنەوە و ونکردنی خەباتە دیاریکراوەکانی ئەو گروپە ژێردەستانەی بەدرێژاییی مێژوو وەک گروپی لاواز و سەرکوتکراو مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، خەباتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکایە. دوای ئەوەی جۆرج فلیۆد لەلایەن پۆلیسێکی ڕاستڕەوی ئەمریکییەوە لە ٢٠٢٠ کوژرا، بزووتنەوەی سەرتاسەریی «بلاک لایڤس ماتە» (ژیانی ڕەشپێست گرنگە) لە ئاستی جیهانیدا سەری هەڵدا، خێرا وەڵامی ڕاستڕەو و کۆنزەرڤاتیڤەکان ئەوە بوو کە «ئۆڵ لایڤس ماتە» (هەموو ژیانەکان گرنگن» بۆ بێ بەهاکردن و وەستاندنی پێشکەوتنی بزووتنەوەی چالاکوانانی ڕەشپێست بوو. بەبێ گومان مرۆڤێکی سپی پێستی ئەمریکی بەدرێژاییی مێژوو یەکسان نەبووە بە مرۆڤێکی ڕەشپێست، کەواتە کورتکردنەوەی خواستێکی دیاریکراوی ڕزگاریخواز لە قۆناغێکدا و تواندنەوەی لەنێو کاتیگۆرییە گشتییەکاندا، ئامانج لێی وەستاندنی ئەم خەباتە بووە و ئەمەش هەمیشە ستراتیژ و تاکتیکی بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان بووە بە درێژایی ئەم سەد و پەنجا ساڵەی ڕابردوو.

ئێستا ئەگەر بڕگەی دووەمی وەڵامەکەی بەختیار عەلی سەبارەت بە پرسی ژینگە هەڵسەنگێنین، ئەویش ڕیشەی دیسان لەناو هەمان ئەو بیرە کۆنزەرڤاتیڤەدا هەیە. جگە لەوەی سروشت وەک دار، درەخت، دارستان، شاخ و خاک، ڕۆڵێکی بنچینەیی لە ئایدیۆلۆژیای نازییدا هەیە و تەنانەت شکستی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لەو جوگرافیایەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت ئەڵمانیا، لەلایەن هۆزە ژەرمەنەکانەوە و بە ڕابەرایەتیی ئەفسەری ڕۆمانی بە ئەسڵ چیرۆکی، ئارمینوس (هێرمان)، کە ناوی ئارییش لەوەوە هاتووە، لە ئەفسانەی ئەڵمانییدا وەک یارمەتیی خاک و دارستانی ئەڵمانی لێک دەدرێتەوە و ئەم ئەفسانەیە بەردەوام سەرمایەگوزاریی لەسەر ئەوە کردووە کە خاک و کێو و هەوای ئەڵمانیا، ڕەگەزی پاکی ئاری بەرهەم هێناوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا ببێتە خاکی بیرمەندان و شاعیران (Denker und Dichter). لێرەوە ئایدیۆلۆژیای خوێن و خاک (Blut und Boden) سەری هەڵداوە کە دروشمێکی ناسیۆنالیستییە و دەڵێت خوێنی نەتەوەیی یان جەستەی گەل (Volkskörper) بەستراوەتەوە بە ناوچەیەکی بەپیتی نیشتەجێبوون کە خاکە (Boden). لەسەر ئەم بنەمایە نازییەکان، پەرەیان بە چەمکی ئیمپریالیستیی هێرش بۆ سەر خۆرهەڵات(Lebensraum)دا و دەیانگوت ئەو گەلانەی جەستەی نەتەوەیی و خوێنیان بەناخی خاکدا وەک ڕەگی دار نەچووەتە خوارەوە، ئەوا بریتین لە «گەلی بێ شوێن» (Volk ohne Raum) و مافی مانەوەیان نییە. لەبەر ئەوەشە، ئەگەر سەیری هونەر و ئەدەبیاتی ڕۆمانتیکی ناسیۆنالیستی سەدەی نۆزدە و سینەما و ئەدەبیاتی سەدەی بیست لەناو ڕاستڕەوەکاندا بکەین، تێماکانی کۆچ بەرەو دارستان، گوند و سووکایەتی بەشار و پەرستنی ژینگەی سروشتی و سەرهەڵدانی تێماکانی ژانری فیلمەکانی چیا (Bergfilme) تێما و بابەتی هەرە ئازیز و خۆشەویستی کۆی بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان بووە[52].

بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە، بەجێهێشتنی سیاقە مێژووییەکەیە و سەیرکردنی گەشەسەندنەکانی ئێستایە. هەمووان دەزانن سەرمایەداریی نیۆلیبرال ئێستا هەڕەشە لە مانەوەی زەوی دەکات، تەنها هەسارەیەک توانای ژیانی تێدا بێت، خەریکە لەدەست دەچێت، ئەمەش شتێکی خواکرد و سروشتی نییە، بەڵکوو مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لێی بەرپرسە. ناچینە ناو ئەم بابەتەوە، چونکە پێم وایە بە ڕادەیەکی فراوان بۆ هەمووان ڕوونە، بەڵکوو باسی کاردانەوەی ڕاستڕەوەکان دەکەین کە دەیانەوێت ئێستا بزووتنەوە جەماوەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا و ژینگە بووەستێنن ئەویش بە دانانی ئەو تاکتیکانەی کە ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە ئێستای ئەڵمانیا بە نموونە وەردەگرین.

لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٠دا، بیۆرن هۆیكە، ڕابەرێکی پارتی نیۆنازی، ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)، لە هەرێمی تۆرینگن، وێنەیەكی ڕووناكی خۆی لە پرۆفایلی فەیسبووكی خۆیدا بڵاوكردەوە. لە وێنەكەدا، هۆیكە دەبینین لەسەر كورسییەكی پاركێك دانیشتووە، و گۆڤارێك دەخوێنێتەوە بە ناوی «Die Kehre» (گۆڤاری پارێزگاریكردن لە سروشت)، گۆڤارێكی ڕاستڕەوی فاشیست كە یەكەم ژمارەى لە بەهاری ٢٠٢٠دا بڵاو كرایەوە. وەك خۆپێناسەكردنی گۆڤارەكە باسی دەكات، ناوونیشان و ناوەرۆكەكەى «كاریگەرە بە» وتاری «پرسیار دەربارەى تەکنیک و وەرچەرخان»(Die Frage nach Technik und die Kehre)[53]ی مارتین هایدیگەر، یەكێك لە دوو نووسراوەكانی پاش-جەنگی فەیلەسوفەكە، بەگوێرەى گۆڤارەكە، «لەو نووسراوەیەدا، هایدیگەر تەكنەلۆژیا وەك دەركەوتن و سەرهەڵدانی بەرزترین مەترسیی» بۆ /بوونی ئێمەى مرۆڤ» دەبینێت. گۆڤارەكە، بە سەرپەرشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەوەى پێی دەگوترێت بزووتنەوەى شووناسخوازی دەردەچێت، ئامانجی فەراهەمكردنی تێگەیشتنێكە لە پارێزگارییكردنی ژینگەیی، كە بەسەر «تەركیزی بەرتەسك و سنوورداری ئیكۆلۆژیا لەسەر گۆڕانی ژینگەیی»دا زاڵدەبێت، و گۆڤارەكە باس لەوەش دەكات كە «پەروەردەى ژینگەیی بە شێوەیەكی گشتی، بە دیمەنە كولتوورییەكان، عادەتەكان و خو و نەریتەكانەوە» دەگرێتە خۆی[54].

بە پشت بەستن و گەڕانەوە بۆ هایدیگەر، بزووتنەوەكە بە شێوەیەكی فیكری/ڕۆشنبیری ڕوانگە و بیركردنەوەى خۆی بۆ بزووتنەوەیەكی پارێزگاری ژینگەیی مانابەخش وەك بەشێك لە پارێزگاریكردن لە نیشتمان، Heimat، وەك یەكێتییەكی سروشتی ناوچەیی/هەرێمی، كولتوور و میرات دژی بەجیهانیبوون، جێگیر و جێكەوت دەكات. گۆڤاری ناوبراو، Die Kehre، بەڕوونی ئەمەى لە سەروتاری دامەزراندنی خۆیدا باس كردووە. لێرەدا، ڕۆحییەتی هایدیگەر دژی عەقڵانییەت و تەكنەلۆژیا دەوەستێتەوە و هەروەها تێگەیشتن و چەمكەكەى بۆ بیركردنەوەیەكی ڕیشەداكوتاوی ناوچەیی (Lokalismus)، بووەتە خۆراكی هەوڵی ڕاستڕەوەكان بۆ بانگەشەى ئینڤایرۆمێنتالیزم (پارێزگاریکردن لە خاک و ژینگەی سروشتیی ئەڵمانیا دژی ئەو بزووتنەوانەی داوای وەستاندنی گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن).

بەشێكی سەنتڕاڵی ئەم ستراتیژییە بینینی پارتی سەوز و بزووتنەوە چەپەكانی پارێزگاریكردن لە سروشت وەك كۆمەڵە تەكنۆكراتێك كە عەقڵانییەتێكی سنووردار و بەرتەسكی زانستی پاڵنەریانە لە تەركیزكردنە سەر گۆڕانی كەش و هەوا. بە پشت بەستن بە نەریتێكی دوور و درێژی نەریتی پارێزگاریكردن لە نیشتمان، ڕاستڕەوەكان دەیانەوێت دژی ئەم بزووتنەوە نوێیە بووەستنەوە لە ڕێگای دانانی خۆیان نەك وەك بەرگریكارانی ژینگە، بەڵكو وەك بەرگریكارانی سروشت وەك بەشێكی مانابەخشی نەریتە ناوچەییەكان، میرات و بەشی جەوهەریی شووناسێكی سپیپێستی نەتەوەیی. لێرەدا بزووتنەوە جیهانییەكانی پارێزگاری ژینگەیی وەك دەركەوتەى ئەو شتە دەبینرێن و سەیر دەكرێن كە هایدیگەر پێی دەگوت Gestell: خوێندنەوەیەكی ڕووتی عەقڵانییانەى سروشت و جیهان وەك شتێك كە مرۆڤەكان توانای گۆڕینیان هەیە. لەم ڕووەوە بێ هۆ نییە، ئەم ڕابەران، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی ئەم پارتە تەنانەت نکوڵیی لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن و پێیان وایە ئەم بزووتنەوە «ئایدیۆلۆژیستانە» دژ بە «ژینگەی سروشتی، ڕۆحی دارستان» و هتد ئەڵمانین تا کار دەگاتە ئەوەی بیاتریش فۆن شتۆرش، ڕابەری پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بڵێت «گەرمبوونی گۆی زەوی» پەیوەندی بە سەرمایەدارییەوە نییە بەڵکوو «خەتای خۆرە» و بڕۆن «لە خۆر بپرسن بۆ گەرم دەبیت»[55]. هەڵبەت ئەم دیاردەیە تەنها ئەڵمانی نییە، کۆی بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان و سیاسەتمەدارە نیۆفاشیستەکان لە دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ژایر بۆلسۆنارۆی بەڕازیل، نکوڵی لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن و زاڵبوونی ئەم بزووتنەوەیە بە «پیلانگێڕیی مارکسیستی» لە قەڵەم دەدەن.


[1]بۆ ڕوانگەی دو مایستە سەبارەت بە شۆڕش و ژاکۆبنەکان و شۆڕشی فەڕەنسیی بەتایبەت، بگەڕێنەوە بۆ:

Joseph de Maistre, Considerations on France, translated by Richard A. Lebrun, edited and introduced by Isaiah Berlin, Cambridge University Press, Cambridge and London,1995. (Kindle Format)

[2]Edmund Burke, Reflections on the Revolution in France, edited by Frank M. Turner, Yale University Press, New Haven and London, 2003, pp.117-118.

[3]Jonathan Israel, Enlightenment Contested: Philosophy, Modernity, and the Emancipation of Man 1670–1752, Oxford University Press, Oxford, 2006, p.v.

[4]Jonathan Israel, Democratic Enlightenment: Philosophy, Revolution, and Human Rights 1750–1790, Oxford University Press, Oxford, 2011, p.7.

[5]بێرک، سەرچاوەی پێشوو، ل.٣١٣.

[6]Zeev Sternhell, The Anti-Enlightenment Tradition,translated by David Maisel,  Yale University Press, New Haven, 2010, p.404.

[7]Reinhart Koselleck (ed.):The Practice of Conceptual History, Stanford University Press, Stanford, 2002, p.233.

[8]Quoted in Robert Eccleshall et al. (eds.):Political Ideologies: An Introduction, Routledge, London, 1998, pp.185–217, p.212.

[9]In Adrian Lyttelton, (ed.):Italian Fascisms. From Pareto to Gentile, Jonathan Cape, London, 1973, pp.109, 170–171.

[10]مەریوان وریا قانیع، دەربارەی فەلسەفە و ئیسلام و ڕۆشنگەری (وەڵامێک بۆ کتێبەکەی کاک مەلا بەختیار)، لە بڵاوکراوەکانی نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی، ٢٠٠٢، ل.٣٢٠.

[11]Arno J. Mayer, The Furies: Violence and Terror in the French and Russian Revolutions, Princeton University Press, Princeton, 2000, p.31.

[12]Adolf Hitler, Monologe im Führerhauptquartier: 1941-1944, Die Aufzeichnungen Heinrich Heims Herausgegeben von Werner Jochmann, Verlag Orbis, 2000,s.352-353.

[13]Georg Lukacs, Der Deutsche Faschismus und Hegel, in Schicksalswende: Beiträge zu einer neuen deutschen Ideologie, Aufbau Verlag, Berlin, 1955, s.29.

[14]سۆران ئازاد، هێزی تێگەیشتن لە وەهمی ڕەهەند و ڕەهەندییەکان، ماڵپەری ژنەفتن، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، https://bit.ly/3ucDWrx

[15]Michel Foucault, The End of the Monarchy of Sex, in Foucault Live: Collected Interviews, 1961-1984, edited by Sylvere Lotringer, Semiotext(e), New York, 1996, p.223.

[16]ئایزایا بەرلینی فەیلەسوفی لیبراڵ، لە کتێبەکەیدا ناعەقڵانییەتی هامان وەک جۆرێک لە سەرچاوەی بنچینەیی فاشیزمی سەدەی بیست دەخوێنێتەوە:

Isaiah Berlin The Magus of the North: J.G. Hamann and the Origins of Modern Irrationalism, Farrar Straus & Giroux, New York, 1994.

[17]Friedrich Nietzsche, Ecce Homo: Warum ich so weise bin, in Der Fall Wagner, Götzen-Dämmerung, Der Antichrist, Ecce Homo, Dionysos-Dithyramben, Nietzsche contra Wagner, herausgegeben von Giorgio Colli und Mazzion Montinari, Kritische Studienausgabe, Band 6, Walter de Gruyter Verlag, Berlin und New York, 1988, s.366.

[18]Friedrich Nietzsche, herausgegeben von Giorgio Colli und Mazzino Montinari, Band 1, Nr. 140, Walter de Gruyter Verlag, Berlin und New York, 1988, s.258.

[19]Friedrich Nietzshce, Ecce Homo, ebenda, s.366.

[20]Thomas Mann, Betrachtungen eines Unpolitischen, herausgegeben von H. Helbling, Fischer Taschenbuch Verlag, Frankfurt am Main, 1988, s.30.

[21]Walter Benjamin, Das Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit, edition Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2002.

[22]Hermann Rauschning, Make and Break with the Nazis,The Right Book Club, London, 1942, p.181.

[23]https://left-flank.org/2016/01/25/the-trump-paradox-a-rough-guide-for-the-left/

[24]بەختیار عەلی، ئۆپۆزسیۆن و پۆرترێتەکانی، چاپخانەی کارۆ، سلێمانیی، ٢٠١٩، ل.١٢٣.

[25]Thomas Mann, Betrachtungen eines Unpolitischen, ebenda, s.263.

[26]بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر دانانی دەنگی خەڵک وەک ئەڵتەرناتیڤی ئایدیۆلۆژیا، بگەڕێنەوە بۆ:

Pippa Norris and Ronald Inglehart, Cultural Backlash: Trump, Brexit, and Authoritarian Populism, Cambrdige University Press, Cambridge, 2019, pp.66-70.

[27]خوێنەر بۆ تێگەیشتن لە ڕوانگەی دژە-ئایدیۆلۆژیای بەختیار عەلی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ:

بەختیار عەلی، ئایدۆلۆژیست، چاپخانەی کارۆ، سلێمانیی، ٢٠١٩.

ئەگەرچی گرفتێکی زۆر بنچینەیی ئەم کتێبە ئەوەیە کە دیسان خوێنەر نازانێت بەرگریی لە چ ئایدیۆلۆژییەک دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ تێزی مارکسیستەکان (هەڵبەت بەبێ سەرچاوەی ڕاستەوخۆ و بەمجۆرە خوێنەران لەبەردەم دووڕیانێک بەجێدەهێڵێت)، لەکاتێکدا چەپەکان ئەم تێزانە قوڵ بۆ سەردەمی ئایدیۆلۆژیا بەکاردەهێنن، کەچی نووسەر بە هەڵە لەژێر ناوی نائایدیۆلۆژییدا بەکاریان دەهێنێت.

[28]Pierre Rosanvallon, Counter-Democracy: Politics in an Age of Distrust, Cambridge University Press, Cambridge, 2008, p.22.

[29]Roberto Esposito, Categories of the Impolitical, Fordham University Press, New York, 2015.

[30]بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی بزووتنەوە خوێندکارییە ناڕەزایەتییە تازەکان بگەڕێنەوە بۆ:

Tania Palmieri and Clare Solomon (eds.): Springtime: The New Student Rebellions, Verso, London, 2011.

[31]بەختیار عەلی، تێکدەری یاری، https://www.newroz.com/so/politics/tykhdaery-yrybhkhtyr-hly

[32]Joan Maria Thomàs, José Antonio Primo de Rivera: The Reality and Myth of a Spanish Fascist Leader, translated by John Bates, berghahn publishing house, New York and Oxford, 2019, p.180.

[33]Douglas W. Foard, The Revolt of the Aesthetes: Ernesto Giménez Caballero and the Origins of Spanish Fascism, Peter Lang Inc., International Academic Publishers, 1989, p.13.

[34]Joan Maria Thomàs, José Antonio Primo de Rivera, op.cit, p.303.

[35]هەمان سەرچاوە و لاپەڕە.

[36]بۆ زیاتر خوێندنەوەی کابالێرۆ وەک «فالانژیستێکی لەبیرکراو» بگەڕێنەوە بۆ:

Douglas W. Foard, The Forgotten Falangist: Ernesto Gimenez Caballero, Journal of Contemporary History, No. 10 (1), 1975, pp.3-18.

[37]José Ortega y Gasset, The Revolt of the Masses,Norton & Company, New York and London, 1994.

[38]بەختیار عەلی، تێکدەری یاری، https://www.newroz.com/so/politics/tykhdaery-yrybhkhtyr-hly

[39]مەریوان وریا قانع، لە یادی ئانتۆنیۆ گرامشی دا، http://www.rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=1776

تێبینیی: دەستکاریی ڕێنووس و فاریزە و کەوانەکان نەکراوە و وەک خۆی گواستراوەتەوە، من بەرپرسی ئەمجۆرە ڕێنووسە نیم. پێشڕەو

[40]http://mariwan-kanie.blogspot.com/2011/03/blog-post_27.html

[41]Antonio Gramsci, A Gramsci Reader, edited by David Forgacs, Lawrence and Wishart, London, 1988, pp.10-11.

[42]هەمان سەرچاوە، ل.٢٠٥-٢٠٦.

[43]بڕوانە:

Antonio Gramsci, Selections from Political Writings 1910–1920, edited by Quintin Hoare, translated by John Mathews, Lawrence and Wishart, London, 1977.

[44]ئەكتیڤیزم بزووتنەوەیەك بوو دەگەڕایەوە بۆ ساڵانی سەردەمی جەنگی یەكەم؛ بانگەوازی بۆ نوخبە، واتا ڕۆشنبیران و هونەرمەندان دەكرد بەشێوەیەكی چالاك و ئەكتیڤ ئاوێتەى جۆرێكی نوێی سیاسەتە ڕۆحییەكان ببن.

[45]Walter Benjamin, Linke Melancholie: Zu Erich Klistners neuem Gedichtbuch, in Walter Benjamin, Gesammelte Schriften III, herausgegeben von Hella Tiedemann-Bartels, Surhkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1972, s.279-283.

[46]هەمان سەرچاوە و لاپەڕە.

[47]بەختیار عەلی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن،

[48]بۆ زانیاریی لەسەر سەد ساڵەی خەباتی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان، بگەڕێنەوە بۆ لێکۆڵینەوە بایەخدارەکەی لیندسەی جێرمان:

Lindsey German, How a Century of War Changed the Lives of Women, Pluto Press, London, 2013.

[49]Andreas Huyssen,After the Great Divide: Modernism, Mass Culture, Postmodernism, Indiana University Press, Bloomington, 1986, pp.52-53.

[50]Wyndham Lewis, Time and Western Man, Beacon Press, Boston, 1957, p.321.

[51]Emil Ludwig,Talks With Mussolini, Little, Brown, and Company, Boston, 1933, pp.62 and 112.

[52]بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، لەکۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستی زیگفرید کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠٢١.

[53] تێبینیی ئەم وتارە بەناوی پرسیار دەربارەی تەکنەلۆژیا لە زمانەکانی جیهاندا ناسراوە و هەرواش بۆ هەموو زمانەکان وەرگێڕدراوە.بەڵام لەبەر وننەکردنی ناوەکە و پەیوەندیی بە گۆڤارەکەوە بەم جۆرە دامانناوەتەوە.

[54] Die Kehre, Zeitschrift für Naturschutz, Heft 1, Frühjahr, 2020 https://die-kehre.de/product/die-kehre-fruehjahr-2020-heft-01/

[55]Wir sollten die Sonne Verlklagen, http://jusos-nby.de/archive/1068