لە ئایدیۆلۆژیای جەنگەوە بۆ مەکینەی نوێی پروپاگەندەی جەنگ

سەرەتا

لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئۆکرەیندا، مۆدێلێکی نوێی مەکینەی پڕوپاگەندەی جەنگی سەری هەڵداوە، کە لە ڕاستیدا ڕیشەی لەناو مۆدێلە کۆنەکەدا هەیە. بە شەو و ڕۆژێک کۆی کۆمەڵگای خۆرئاوایی – کە شانازیی بەوەوە دەکات وشیارە بەرانبەر بە بیرکردنەوەی خۆی – ڕێک بە شەو و ڕۆژێک، بووە هەڵگری گوتاری میدیای باڵادەست. یاخود بە مانایەکی دیکە، میدیای خۆرئاوا، هاوشێوەی ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاکسینی ئایدیۆلۆژیای جەنگی لە هەر تاکێکی کۆمەڵگا خۆرئاوایییەکان داوە و یەکپارچە بوونەتە کەڕەنالێدەری جەنگ. هەر لە تازەکردنەوەی ئایدیۆلۆژیای جەنگەوە (Kriegsideologie) بۆ زیندووکردنەوەی نەزمی سەربازی و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگا تا بڵاوکردنەوەی دووبارەی ڕق و کینەی ڕاسیستی بەرانبەر بە «ئەوی دیکە»، ئەم نەفرەتکردنە لە «ڕووسەکان» بەدڵنیایییەوە بیانوویەکە بۆ نەفرەتکردن لە «ئەوانەی چاوی شین و قژی زەرد»یان نییە، تا دەگاتە داتاشینی وێنەی هیتلەر بۆ پوتین. هۆکارەکان چین؟ بۆ بە شەو و ڕۆژێک ئەوروپا و کۆمەڵگا خۆرئاوایییەکان ئەوەی پێی دەڵێن کۆمەڵگای ئاشتیخواز، لە دەستی دەدەن و هانی سەرۆکەکانیان دەدەن بچنەوە ناو جەنگێکی دیکەوە؟ ئامانجی ئەم نووسینە، بۆ ئەوەیە چۆن خۆمان لە فرت و فێڵ و تەڵەکانی کۆدەزگای زەبەلاحی مەکینە و میدیای پڕوپاگەندە ڕزگار بکەین و ڕێگە نەدەین بە داهات و ماندووبوون و ویستی خۆمان، ببینە خۆراکی دەستکاریکردن، هەژموونکردن، مانیپولەکردن و ملکەچکردن. ئەم نووسینە هەڵدانەوەی ستراتیژە قووڵە سایکۆلۆژییەکانی پشت پەردەی کۆدەزگای ئامێر و مەکینەی پڕوپاگەندەیە. هەروەها لەو خاڵەدا کە ئێستا کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا نێچیرێکیان دەستکەوتووە بۆ ئەوەی کۆی کارەساتەکانی ڕابردووی خۆیانی پێ هەڵواسن، بۆ ئەوەیە کە تاوانە جەنگییەکانی خۆیان لە قڕکاریی کۆڵۆنیالیزمەوە تا جەنگی جیهانیی دووەم، بۆمبارانی ئەتۆمیی هیرۆشیما و ناکازاگی، کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکانی مەدەنیی عێڕاق و ئەفغانستان و سووریا، دەستێوەردانی وڵاتان، جەنگی ڤێتنام، کودەتا میلیتارییەکانی ئەمریکای لاتین و شۆک-دۆکترینەکانی نیۆلیبراڵیزم بشارنەوە و وەک ڤاکسینی کۆرۆنا، مۆدێلێکی نوێی جەنگی و پڕوپاگەندەی جەنگی لە جەستەمان بدەن.

هیوادارم خوێنەران بە چاوێکی وردبینەوە بیخوێننەوە پێش ئەوەی حوکم لەسەر ناوەرۆکی نووسینەکە بدەن، بۆ ئەوانەش دەیانەوێت ڕوانینی من سەبارەت بە جیۆپۆلتیکی ڕووسیا وەک ئامرازێکی فراوانخوازیی ئیمپریالیستی و فەلسەفەی نوێی فاشیزمی ڕووسی و ماستەرمایندی پوتین، ئەلێکساندەر دوگین، بزانن، پێشنیار دەکەم دوایین توێژینەوەم بخوێننەوە1پێشڕەو محەمەد، ئەلێکساندەر دوگین: ڕیشە ئەڵمانییەکانی ئۆراسیانیزمی نوێ، http://minervapubl.com/index.php/2022/03/01/post68/2865/admin.

پوتین هیتلەر نییە

یەکێک لە تاکتیکەکانی میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا و بەهێزکردنەوەی سوپاکان و هاوکات فراوانخوازیی ناتۆ زیاتر بەرەو خۆرهەڵات، پێچەوانەکردنەوەی هۆکارەکانی جەنگە. یەکێک لە پاساوەکانی هێرشەکەی پوتین بۆ سەر ئۆکرەین، «لەنازییداماڵین»(Entnazifisierung)ی وڵاتەکەیە، بەوەدا کە ئۆکرەین بووە بە شوێنی تەراتێنی نازییە تازەکان و تەنانەت ڤیتالی کلیتشکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیڤ، تا دوو حەفتەی پێش جەنگ لە هەموو میدیای ئەوروپیدا وەک نازی ناسرابوو، خۆشی پشتیوانی بەتالیۆنی پارا-میلیتاریی ئازۆڤە (میلیشایەکی نیۆنازیی تیرۆریست کە بۆ میدیای خۆرئاوایی ناسراوە) و لەگەڵ ئەندامە سەرەکییەکانی دەردەکەوت و بەردەوام «سڵاوی هیتلەری»(Hitler Salute)ی دەکرد، کەچی لەگەڵ دەستپێکی جەنگدا، وێنەی کلیتشکۆ گۆڕا بۆ پاڵەوانی ڕزگاریخواز و وێنەی پوتین کرا بە شەیتانی سەرەکی، یاخود هیتلەری نوێ. ئێستا تەنانەت لە میدیای خۆرئاواییدا بەتالیۆنی ئازۆڤ، کە تا دوێنێ میلیشیایەکی نازیی تیرۆریست بوو، ئەمڕۆ بووەتە ڕزگاریخواز و هەموو دیموکراتەکان دەیانەوێت هاریکاری لەگەڵدا بکەن. تاکتیکەکەی پوتین بەسەری خۆیدا شکاوەتەوە، ئێستا خۆی کراوە بە هیتلەرە مەترسیدارەکە.

ڤیتالی کلیتشکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیڤ، تا دوو حەفتەی پێش جەنگ لە هەموو میدیای ئەوروپیدا وەک نازی ناسرابوو، خۆشی پشتیوانی بەتالیۆنی پارا-میلیتاریی ئازۆڤە (میلیشایەکی نیۆنازیی تیرۆریست کە بۆ میدیای خۆرئاوایی ناسراوە) و لەگەڵ ئەندامە سەرەکییەکانی دەردەکەوت و بەردەوام «سڵاوی هیتلەری»(Hitler Salute)ی دەکرد

بەڵام ئەگەر پیشاندانی وێنەی پوتین وەک هیتلەر بۆ ئەوە بێت ڕەوایەتی بە فراوانخوازیی ناتۆ لە ناوچەی ڕۆژهەڵات بدرێت وەک مەترسییەک بۆ کۆمەڵگا ئەوروپی و خۆرئاوایییەکان، ئەوا ڕیشەی بردنەوەی هیتلەر بۆ سەر ڕۆژهەڵات لەوەش کۆنترە. بگرە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ڕاڤەکاران و مێژوونووسانی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئەمریکی بۆ ئەوەی دێوەزمە و بەربەریزمی هیتلەر و نازیزم لە خۆیان دوور بخەنەوە و ڕیشەکەی بگەڕێننەوە سەر شوێنێکی دیکەی دەرەوەی ئەوروپا. یەکێک لە نوێنەرە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژییە، کە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر نەریتی مێژوونووسیی دوای جەنگەوە هەبووە، مێژوونووس و فەیلەسوفی ئەڵمانیی ئێرنست نۆلتە بوو. نۆلتە خۆی تێزی دکتۆراکەی لای مارتین هایدیگەر نووسیوە و کاریگەرە بە میتۆدی هێرمونیتیکیی ئەو بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەڵمانیا، بەڵام بە دیاریکراوی دوای کەوتنی یەکێتیی سۆڤێت، مۆدێلە نوێکەی مێژوونووسیی دژە-کۆمۆنیزم سەر هەڵدەدات کە لەناو ئەو مۆدێلەدا، نۆلتە دوای ماوەیەکی زۆر گۆشەگیربوونی، دووبارە وەک پێشەنگ دەردەکەوێتەوە. بەتایبەت کتێبی جەنگی ناوخۆییی ئەوروپی (Der euroäische Bürgerkrieg) دەبێتە مانیفێستی ئەم قۆناغە2بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پەیوەندیی چەمکی جەنگی ناوخۆیی ئەوروپیی و شەپۆلی نوێی دژە-کۆمۆنیزم، بگەڕێنەوە بۆ: ئێنزۆ تراڤێرسۆ، شەپۆلی نوێی دژە-کۆمۆنیزم، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩. نۆلتە لەو مۆدێلە مێژوونووسییەدا هەوڵ دەدات ڕابردووی نازی لەژێر ڕۆشنایی کاردانەوەدا دژی شۆڕشی بەلشەڤی بنووسێتەوە. لەبەر ئەوە نۆلتە نازیزم تەنها وەک دژە-بەلشەڤیزم دەبینێت. لێرەوە ئێمە بەر چەمکی پێداچوونەوەخوازیی مێژوونووسی (Reviosinist Historiography) لە نەریتی مێژوونووسیی ئەڵمانیدا دەکەوین، هەڵبەت نەک بەو مانایەی ئەم نەریتە تایبەت بێت بە ئەڵمانیا. بەو مانایە لای نۆلتە جەنگی جیهانی لە ١٩١٤دا دەست پێ ناکات، بەڵکو لە ١٩١٧دا، واتا هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگی یەکەم دەبەستێتەوە بە شۆڕشی بەلشەڤییەکانەوە و مەترسیی ڕووسە کۆمۆنیستەکان لەسەر کۆمەڵگای ئەوروپی، وای کرد سەرتاپای ئەو کۆمەڵگایانە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پێیان بکەوێتە ناو جەنگێکی ناوخۆییی ئەوروپییەوە کە لە ١٩٤٥دا کۆتایی دێت.

لێرەدا نۆڵتە و یاوەرانی، بەتایبەت لە فەڕەنسا، و بە نوێنەرایەتیی فرانسوا فورە، پێیان وایە ئەڵمانیا قوربانییە نەک تاوانبار، شەڕفرۆش نییە، شەڕی پێ فرۆشراوە، ئەگەر لینین لەدایک نەبووایە، بێگومان هیچ هۆیەک بۆ لەدایکبوونی هیتلەر لەئارادا نەدەبوو، ئەگەر بەلشەڤیزم نەبووایە، نازیزمیش سەری هەڵنەدەدا، ئەگەر مەترسی لەناوچوونی چینی بۆرژوازی لەلایەن پرۆلیتاریاوە نەبووایە ئەوا کوشتاری ڕەگەزیی نازییەکانیش دروست نەدەبوو، بەو مانایە هیتلەر لۆژیکی کۆمۆنیزمە. بەبێ کۆمۆنیزم ئەوروپا هۆیەکی نەبوو پێی بکەوێتە ناو بەربەریزمەوە. لەبەر ئەوە، هیتلەریش قوربانیی دەستی لینینە، یاخود نۆلتە بەو ئەنجامە دەگات بڵێت دڕندەییی نازیزم ڕیشەکەی ئەوروپی نییە، بەڵکوو ڕیشەکەی خۆرهەڵاتی و ئاساییە، ئەگەر «ئاسیای دڕندە» نەبووایە، چۆن ڕێی تێدەچوو ئەڵمانیای «خاوەن کولتوور و فەلسەفەی باڵا» وەها پێی بکەوێتە ناو بەربەریزمەوە؟

ئەم جۆرە کورتکردنەوەخوازیی و پێداچوونەوەخوازییە بەفراوانی ڕیشەی کۆن و دوور و درێژ و چێنراوی دژە-سامییەت و دژە-جوولەکایەتی لە ئەوروپا لەبیر دەکات. بەو مانایە، دژە-جوولەکایەتی تەنها لەگەڵ مەترسیی بڵاوبوونەوەی شۆڕشی بەلشەڤی لە ئەوروپا، دروست دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین و نەگەڕێینەوە بۆ ڕیشە کۆن و قووڵەکانی دژە-جوولەکایەتیی سەدەی نۆزدە و، تەنها چاوێک بە خەباتی منی هیتلەردا بخشێنین، لەوە تێدەگەین کە دژە-سامییەتی هیتلەر زۆر پێش ١٩١٤ دروستبووە و لە ڕاستیدا لەگەڵ دەستپێکی سەدەی بیست لە ڤییەننا بیرۆکە دژە-جوولەکەییەکانی هیتلەر دەردەکەون، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە شەپۆلی دژە-کۆمۆنیستییەوە نییە و نە پەیوەندیشی بە ڕۆڵی جوولەکەکانەوە لە شۆڕشی ڕووسیا و ڕاپەڕینە سیاسییەکانی ئەوروپای ناوەندییەوە هەیە. تەنانەت دامەزراندنی ئەنتەرناسیۆنالی سێ (کە بە کۆمینترن ناسراوە) لە ١٩١٩دا لای نۆلتە دەبێتە «حزبی جەنگی ناوخۆییی جیهانی» (Weltbürgerkriegspartei)3بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم چەمکە لای نۆلتە بگەڕێنەوە بۆ: Ernst Nolte, Der europäische Bürgerkrieg: Nationalsozialismus und Bolschewismus, Propyläen Verlag, Berlin, 1987. هیتلەر خۆی ئاماژە بەوە دەکات لە منداڵییەوە هەموو خزمان و مامۆستاکانی هەوڵیان لەگەڵداوە بیکەنە کەسێکی ئاشتیخواز سەرکەوتوو نەبوون، کەواتە ئەم مۆدێلەی جەنگخوازییەی هیتلەر هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە ئەو لە بەلشەڤییەکان ترساوە بۆیە بووە بە جەنگخواز.

لەبەر ئەوەیە، فاشیزم، بەگوێرەی نۆلتە، وەک وەڵامێکی غەمگینانەی چینە ناوەڕاستە تۆقیوەکانی ئەوروپا بەرانبەر بەو شتە سەر هەڵدەدات کە نۆلتە پێی دەڵێت «مەترسیی بەلشەڤی» (Bolschewistische Gefahr). ئەوەی نۆلتە لە سەرتاپای پڕۆژە مێژوونووسییەکەیدا دەیکات ئیدانەکردن و سەرزەنشکردنی کۆمۆنیزمە نەک نازیزم. ونکردنی ڕیشەکانی جینۆسایدی نازییەکانە لەپێناوی «ئاساییکردنەوە»ی ڕابردووی ئەڵمانیا و بە هەنووکەییکردنی لەپێناوی بزووتنەوە ڕاستڕەوییە تازەکاندا. هەروەها ئەم مۆدێلە مێژوونووسییە نکوڵی لە بوونی هۆلۆکۆست و کوشتاری بەکۆمەڵی جووەکانیش دەکات و نۆلتە بەڕاشکاوی بۆ ئەم مەبەستەش کۆمۆنیزم تۆمەتبار دەکات. ئەم مۆدێلی مێژوونووسییە، بۆ ئەوەی تارماییی هیتلەر لە کولتوورەکەی خۆی دوور بخاتەوە، دەمێکە بەدووی بیانوو یان کەسێکدا دەگەڕێت گوناهی هیتلەری پێ هەڵواسێت. نەیانتوانی ئەم کارە بەرانبەر بە دۆناڵد ترەمپ بکەن، چونکە ترەمپ خۆی «کوڕ و بەرهەم»ی هەمان کولتووری خۆرئاوایی بوو، ئێستا باشترین و ئاسانترین کەسیان دەستکەوتووە، کە ئەوروپیی نییە و ئاسیاییە: ڤلادیمیر پوتین.

blank

ئایدیۆلۆژیای جەنگ

ئایدیۆلۆژیای جەنگ (Kriegsideologie)، ڕیشەیەکی دوور و درێژی لە مێژووی ئەوروپا بەگشتی و لە ئەڵمانیا بەتایبەت هەیە، قووڵ ڕیشەی لەناو ئەوەی پێی دەگوترێت قووڵبینترین ڕۆشنبیران و بیرمەندانی ئەو وڵاتە داکوتاوە. ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ ڕاگەیاندنی جەنگ هیچ بیرمەند، ڕۆشنبیر و هونەرمەندێکی ئەڵمانی نەبوو پشتیوانی لە جەنگی ئیمپریالیستیی نەکات، کەسانی وەک زیگموند فرۆید و ماکس ڤێبەر وەک جەنگ دژی وەڕەسی و خەمۆکی دەیبینن. ڤێرنەر زۆمبارت و ئۆزڤالد شپینگلەر و مارتین هایدیگەری لاو و کاڕڵ شمیتی لاو، دوو لە پڕ جۆش و خرۆشترین ڕۆشنبیرانی ئەڵمانیین قووڵ پشتیوانی لە جەنگ دەکەن، تۆماس مان، ڕۆماننووس و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، کە لەو کاتەدا ئەریستۆکراتێکی دژە-دیموکرات بووە و لە ساڵی ١٩٢٨، کە ئیتر ئێستا بووە بە دیموکراتیخوازێکی سوێندخواردوو، چەمکی ئایدیۆلۆژیای جەنگ دروست دەکات تا گوزارشت لەو جۆش و خرۆشەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و بیرمەندانی ئەڵمانی بکات.

چەمکی سەنتڕاڵی ئایدیۆلۆژیای جەنگ بریتی بوو لە «ئایدیای کۆمەڵ» (Gemeinschaftsidee) دژی «ئایدیای سۆسیالیستیی کۆمەڵگا» (sozialistischen Gesellschaftsidee)4The Idea of Community vs. The Socialist Idea of Society – هەڵبەت لە ئایدیۆلۆژیای جەنگدا، سۆسیالیزم یەکسانە بە مارکسیزم – و ئەمەش دواجار واتا ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵی گەل (Volksgemeinschaft) – ئایدیۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی – دژی کۆمەڵگا (Gesellschaft) – کە لە ئایدیۆلۆژیای جەنگدا یەکسانە بە دیموکراسی، ماتریالیزم، سۆسیالیزم، کۆمەڵگای جەماوەری و ئاشتی -، یاخود بە مانایەکی دیکە کە بەقووڵی لە لای ژینگەی ڕۆشنبیریی نوێنەرانی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیەدا دیارە، کۆمەڵ واتا ئایدیاکانی ١٩١٤ – جەنگی ئیمپریالیستی – و کۆمەڵگا واتا ئایدیاکانی ١٧٨٩ – شۆڕشی فەڕەنسی وەک دەستپێکی کۆمەڵگای جەماوەری – و کولتووری باڵا و ڕۆحانی دژی شارستانێتی ماتریالیستی. یاخود وەک تۆماس مان بەڕاشکاوی دەڵێت کە دووانەدژەکە بریتی بوو لە ئەریستۆکراتییەت دژی کۆمەڵگای دیموکراتی5Thomas Mann, Kultur und Sozialismus (1928), in Essays von Thomas Mann, Band 2 herausgegeben von H. Kurzke, Frankfurt am Main, 1986, s.98-100.

لە ئایدیۆلۆژیای جەنگدا چەند چەمکێک سەرەکیین، لەوانە چارەنووسی هاوبەش (Geschickچارەنووسی تاک (Schicksalبڕیاری یەکەم (Urentscheidung)، موقەدەسکردنی مەرگ یاخود هاوسۆزی پڕ لە شانازی لەگەڵ مەرگدا (edle Sympathie mit dem Tod) دواجار چەمکی پاڵەوان (Held). دۆمۆنیکۆ لۆسەردۆ دەڵێت: «نازیزم ئایدیۆلۆژیای جەنگ بە میراتی بۆ خۆی دەبات. هەڵکشانی نازیزم بۆ دەسەڵات لە ١٩٣٣دا لەلایەن زۆرێک لە نوێنەرانی ڕژێمە تازەکەوە، هەم شەڕکەران و هەم هاوسۆزان، وەک نیشانەیەکی ئەزموونی سەرنجڕاکێش و هاوبەشی ١٩١٤ دەبینرێت…»6Domenico Losurdo, Die Gemeinschaft, der Tod, das Abendland: Heidegger und die Kriegsideologie, aus dem Italienischen von Erdmuthe Brielmayer, Verlag J.B. Metzler, Stuttgart und Weimar, 1995.. جۆرج کلیمەنسۆ (١٨٤١-١٩٢٩)، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لەنێوان ١٩١٧-١٩٢٠، باس لەوە دەکات کە «خۆشویستنی ژیان بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ. ئەڵمانەکان ئەم غەریزەیەیان نییە… بەپێچەوانەوە، ئەوان پڕن لە نۆستالژیای قڕێژ و شەیتانی بۆ مەرگ. چۆن ئەم خەڵکە مەرگدۆستن!»7Karl Löwith, Mein Leben in Deutschland vor und nach 1933: Ein Bericht, J.B. Metzler Verlag, Stuttgart, 1986, s.141.. لەم ڕووەوە ئایدیۆلۆژیای جەنگ، لە لە پڕوپاگەندەی جەنگیی نازیزمدا دەگاتە لوتکە، ڕیشەیەکی قووڵتر، دوورودرێژتر و ڕیشەداکوتاوتری لەناو کولتووری ئەوروپی بەگشتی و کولتووری ئەڵمانییدا بەتایبەت هەیە و ئەم ئایدیۆلۆژیایەش جگە لە جەنگە ئایینییەکان، جەنگی سی ساڵە، جەنگی کۆڵۆنییەکان و هتد، هەڵگیرسێنەری دوو جەنگی مەزنە، کە قوربانییەکانی سەدان ملیۆن مرۆڤ بوون و بۆ یەکەمجار مرۆڤایەتی بەرەو بەکارهێنانی چەکی کۆکوژی وەک بۆمبی ئەتۆمیش برد لەلایەن ئەمریکاوە.

ملکەچکردنی ئایدیال

تا ئێرە تێدەگەین کە ڕیشەی پڕوپاگەندەی جەنگ، ئایدیۆلۆژیای جەنگ و دوورخستنەوەی کولتووری ڕاستڕەوی لە مێژووەکەی خۆیان و هەڵواسینی کارەساتی کولتوور و شارستانێتی هیتلەری بە کەسێکی دەرەکییەوە، ڕیشەیەکی قووڵ ئەوروپی و خۆرئاوایییە و ئامانج لەو کەڕەنایەی جەنگ و بەهیتلەرنیشاندانەی پوتین جگە لەوەی باسمان کرد، ئامانجێکی دیکەی فراوانخوازیی ئیمپریالیستیشی لە پشتە کە ئێستا وردە وردە لە بابەتەکەمان نزیک دەبینەوە.

پێویست بە گوتن ناکات کە کۆڵۆنیالیزم لۆژیکی سەرمایەدارییە و ئیمپریالیزمیش لەسەر ملکەچکردنی ئابوورییانەی کۆمەڵگا، دەوڵەت و نەتەوە بچووکتر و بێهێزترەکان دەژیت

پێویست بە گوتن ناکات کە کۆڵۆنیالیزم لۆژیکی سەرمایەدارییە و ئیمپریالیزمیش لەسەر ملکەچکردنی ئابوورییانەی کۆمەڵگا، دەوڵەت و نەتەوە بچووکتر و بێهێزترەکان دەژیت. وەک کوللەکان، کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش لە ئێستادا خەریکن سەرتاپای زەوی دەڕووتێننەوە. بەڵام بۆ ئەمەش حاکمان و دەسەڵاتداران پێویستیان بە سەربازان، کارکردنی کۆدەزگای دەوڵەتی (ئایدیۆلۆژیا: میدیا، کڵێسا، قوتابخانە، زانکۆکان، ناوەندە هونەری و کولتوورییەکان، مۆزەخانە و گەلەرییەکان) و دانیشتووان هەیە تا چەندە بکرێت بیانکەنە ملکەچی خواستەکانی خۆیان.

بەبێ بوونی بەکرێگیراوان، کڕیارانی کۆیلە، کۆکەرەوانی باج، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی هەرگیز نەیدەتوانی خۆی فراوان بکات. ئیرادەی خۆبەخشانەی خزمەتکردنی چینی باڵادەست و حوکمڕان لە جەوهەردا پشت بە سێ ستوون دەبەستێت: توندوتیژیی جەستەیی، وابەستەییی ماتریالی و ملکەچیی ئایدیالی. دوو دانەی کۆتایی چەندە بەهێز بن، حاکمان کەمتر پێویستیان بە پیادەکردنی یەکەم دەبێت، چونکە بۆیان هەرزانترە، کەمتر مەترسی لەسەرە و کارکردنێکی کاریگەرتریشی هەیە: وابەستەکردنی حوکمکراوان بە حوکمڕانانەوە.  ئەوانەی بەرژەوەندیی چەوسێنەرەکانیان وەک بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن، هەرگیز ناتوانن لە خەوی قووڵی وابەستەیی و ستەم و چەوساندنەوە بێدار ببنەوە. چینی حوکمڕان هەمیشە لە ڕێگای پڕوپاگەندەوە گەرەنتی بەڵێنی ئایدیالیستییانەی ژێردەستە و ملکەچکراوەکانی خۆی، بەدەست هێناوە.

لە ئەمڕۆدا ئێستا ئێمە دووبارە بووینەتەوە شایەتحاڵی دەزگایەکی زەبەلاحی پڕوپاگەندەی چینی حوکمڕان لە خۆرئاوا. دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکان و دیجیتاڵیزەکردنی کۆمەڵگا ئەم دەزگایەی پڕوپاگەندەیان ئاسانتر کردووە. ئەو کەسە ستراتیژیستانەی بە شێوەیەکی سایکۆلۆژیانە لە زانکۆکان و تینک تانک و پەیمانگاکاندا ڕاهێنراون و پەروەردە کراون ئێستا ڕاوێژکارانی حکوومەتەکان، پەرلەمانەکان، کۆمپانیاکانی ڕیکلام و باڵەخانە زەبەلاحە میدیاییەکانن. دەتوانین ئێستا لەبارەی مەکینەی پڕوپاگەندەی خۆ-بەپیتکردن (self-fertilization) بدوێین کە تێیدا ملیۆنان کارمەندانی وابەستە و بەگەڕخراو بۆ ئەم مەبەستە مووچە وەردەگرن، و زۆربار ناوشیارانە خەریکن سایکۆلۆژیای ستراتیژیی سەروەرانیان بە ناوەکی دەکەن و دەیکەن بە هی خۆیان.

بۆ نموونە پڕوپاگەندەی کۆرۆنا، کە بەفراوانی هاریکاری لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و کۆمپانیا زەبەلاحە بەهێزەکان دەکەن، ئامانجێکی ڕوونی بەئاسانی شایانی ناسینەوەیان هەیە لە کۆنتڕۆڵی تۆتالیتارییانەی دانیشتووان، بەخشین و دابینکردنی بەڵگەنامەی خۆڕایی بە کۆدەزگای هەژموونکارانەی میدیایی حوکمڕانان. ئێستا تەکنیکە سایکۆلۆژییە هەژموونکار و دەستکاریکەرە سەرسوڕهێنەرەکان بەفراوانی و بەباشی ئامادەن و لێرەن. هەڵبەت چیتر بە تەنها ڕیکلامی کاڵا بازرگانی و پیشەسازییەکان بەکاریان ناهێنن. پڕوپاگەندە واتا گەرەنتیی هەست و سۆز و جۆش و خرۆشەکان. هەست و سۆزەکان وا دەکەن خوێنەران، بیسەران و بینەران لەسەر هێڵی چاوەڕوانی بۆ ماوەی درێژی زەمەنی، بە ئارامی بمێننەوە. سەبسکرایبکردنی خوێنەران و بیسەران خۆبەخۆ جارێکی دیکە، گەرەنتیکردنی داهاتی زیاتری نووسەرانی پشتی ئەو ئامێرانەیە. ئەمڕۆ بەو ڕۆژگار و ئەنجامە گەیشتووین پارە دەدەین تا داگیرمان بکەن.

ئەو چیرۆک و حیکایەتانەی بە شێوەیەکی هەستەکییانە و سۆزمەندانە ڕێکخراون لە ڕێگای پلاتفۆرمەکانی سۆسیال میدیا و میدیا زەبەلاحەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئامانجیان بەدەستەوەدانی جیهانبینیی تازە، دروستکردنی گریمانە بنچینەییەکان، جووڵاندنی ئارەزووەکان و داڕشتنی بیروباوەڕە لە پێشدا بیرلێکراوەکان، و خوڵقاندنی کۆمەڵێک میزاجە کە بەشێوەیەکی کۆیی و دەستەجەمعی خەریکی بەهێزکردنەوەی زیاتری پێگەی چینە حاکمەکان و ئابوورییە زەبەلاحەکانن. لەبەر ئەوە دەرککردنی سەرتاپای کۆمەڵگاکان دەکرێت لە ڕوانگەی ئەوانەی لە دەسەڵاتن ببێتە دەرککردنی ئێمەش، لە ڕوانگەی ئەوانەوە کە گەورەترین مەکینەی پڕوپاگەندەیان لە بەردەستە.

blank
زاراوەکانی وەک تیرۆریست، سادیست، شەڕخواز بە پلان و بەرنامە هێرشکارەکانی، هیتلەری نوێ (پوتلەر: پوتین+هیتلەر) و هتد کۆمەڵە دانەپاڵێکی بنچینەیین پشت بە خواست و ویستێکی سەرەڕۆیانەی نازانستی و ناسیاسی دەبەستن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتووانی ناوخۆیی.

ئیمپریالیزمی دیجیتاڵیزەکراو

بێگومان پڕوپاگەندە کاریگەرترین ئامرازی نوێی باڵادەستبوونە. بەڵام، بەکارهێنانە فراوانەکەی بەتەنها بە هۆی دیجیتاڵیزەکردنی کۆمەڵگاوە بەدی نەهاتووە. پێشمەرجێکی دیکەی بریتییە لە گەشەسەندنی سەرمایەدارانە بەرەو کۆمپانیا فرەنەتەوە قۆرخکارە بەهێزەکان، کە ماوەیەکی زۆرە لێرەن و بینراون و هەروەها ئاوێتەبوونە فراوانەکانیان لەگەڵ کۆدەزگا سیاسییەکانی دەوڵەتە گەورەکان بە دامەزراوەکانیشیانەوە، بەڵام هەروەها یەکێتییە کرێکارییەکان، پەیمانگا و دامەزراوەکان، ڕێکخراوە زەبەلاحەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانیش ڕێخۆشکەر بوون بۆ ئەم جۆرە باڵادەستییە تازەیەی ئامرازی نوێی پڕوپاگەندە. بە کورتی، مەرجی کارتێکەریی هەنووکەیی مەکینەی پڕوپاگەندە کە بوونێکی واقیعی و باڵادەستی هەیە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئیمپریالیزمی دیجیتاڵیزەکراو شوورایەکە بەدەوری حکوومەتەکان، کۆدەزگا دەوڵەتییەکان، دامەزراوەکان، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، باڵەخانە و پەیمانگا میدیاییەکان بۆ دروستکردنی هەژموون و وابەستەیی ماتریالی.

هەمیشە بەرژەوەندییەکی تاقانە پاڵ بە ئیمپریالیزمەوە دەنێت: فراوانخوازیی دەسەڵاتی ئابووریی بۆرژوازیی گەورەی حوکمڕان. بەگوێرەی لۆژیکی هێزە پاڵنەرەکانی سەرمایەداری، واتا فراوانکردن و هەڵکشاندنی قازانج لەڕێگای گەشەی بێکۆتاییی ئابوورییەوە ئیمپریالیزم پشت بە فراوانخوازی دەبەستێت. ئامانجەکەی داگیرکردنی سەرتاپای بازاڕی جیهانییە. بۆ نموونە کۆنفیدراسیۆنی ویلایەتەکانی ئەمریکا یەکەم بونیادی دەسەڵاتی ئیمپریالیستییە کە بە ئاوێتەکردنە فراوانەکەی لەگەڵ بەشە فراوانەکانی سەرمایەی گەورەدا دەناسرێتەوە. یەکێتیی ئەوروپا نموونەی ئەوروپی هەمان مۆدێلی ئەمریکییە. و لەگەڵ ناتۆدا، هاوپەیمانیی ئیمپریالیی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا چارۆکەی خۆی هەڵداوە: ئیمپراتۆریەتێکی بە موتڵەقی چەکردار و خاوەن جبەخانەی کوشندەی سەربازی کە – بە هۆی لۆژیکەکەیەوە – دەبێت لە فراوانخوازی بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بهێڵێتەوە، بەبێ فراوانخوازی، ناتوانێت بەم جۆرەی ئێستای بمێنێتەوە. ئەوانەی لەو کاتەدا پێیان وابوو ناتۆ ڕێز لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەکان دەگرێت و فراوانخوازیی خۆی بەرەو خۆرهەڵات بە سنووردارکراوی دەهێڵێتەوە، بەدڵنیایییەوە لە دەسەڵاتی ئیمپریالیستی تێنەگەیشتبوون یاخود بەکەمیان گرتبوو. هێرشی پوتین بۆسەر ئۆکرەین و هەوڵی داگیرکردنی – چەندەش ناڕەوا و ئیمپریالیستییانە و جەنگخوازانە بێت – هێندەی وەڵامە بۆ ناتۆ و بێداربوونەوە لەو خەوەی بەکەمگرتنی ئیمپریالیزمی ناتۆ بوو هێندە دژی خەڵکی ئۆکرەینی نییە. گومان لەوەدا نییە ئەوەی پوتین دەیکات جەنگی داگیرکاری و هەم لەڕووی سیاسی و هەم کۆدە ئەخلاقییەکانیشەوە تەواو ناڕەوایە.

ئۆکرەین وەک خاڵێکی دانان و نمایشی ناتۆ

ئەوەی ڕوونە: بەرژەوەندیی فراوانخوازیی جالووت (گۆلیاس)، واتا «ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا-یەکێتیی ئەوروپا» دەیانەوێت کۆتایی بە هەر ئابوورییەکی کێبڕکێکار بهێنن. لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتەکە بەردەوامە لە هێشتنەوەی ئەفریقا، ئەمریکای باشوو و بەشێک لە ئاسیا لەژێر چەپۆکی پاش-کۆڵۆنیالیی خۆی، بەڵام کێبڕکێکارە ئابوورییەکان ئێستا لە فۆرمی ڕووسیا و لە وڵاتانی پڕ دانیشتووانی ئاسیا، بەتایبەت چین و هیندستان دەرکەوتوون، کە لە لیستی خوازراوی ناتۆ دان. بەڵام بەبێ بەشداری و هاریکاریی کەرەستە خاوە پیشەسازییەکانی ڕووسیا و داهێنراوە تەکنیکی و پیشەسازییە پێشبینی نەکراوەکانی چین، فراوانخوازیی ئیمپراتۆریەتی «ئەمریکا-ئەوروپا» وا پێدەچێت لە خاڵی کۆتاییی خۆی نزیک بووبێتەوە. ئەو جەنگەی ئێستا لە ئۆکرەین ڕوو دەدات، هەوڵە بۆ ئەم زیندووکردنەوەیەی فراوانخوازی.

بەڵام وەستان بە مانای کۆتاییی نەزمی ئابووریی سەرمایەداری دێت. وەک کاڕڵ مارکس پێشتر زۆر بە وردبینانەوە باسی کردووە، سەرمایە دەکرێت تەنها لە جووڵەی خۆیدا دەرک بکرێت، زۆر دەقیقتر: لە پرۆسەی بەکارهێنانیدا، واتا بردنی بۆ نێو بازاڕەکان تا بتوانێت پارەی زیاتر لەو پارەیەوە دەربهێنێت کە بۆ چەوساندنەوەی کاری کرێگرتە بەگەڕی خستووە8بڕوانە: کاڕڵ مارکس، کاری بەکرێ و سەرمایە، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.. سەرمایە لە جووڵە کەوت، دەمرێت، مردنیشی، واتا کۆتاییی مۆدێلی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. ئەوەی چ مۆدێلێک دوای سەرمایەداری بوونی دەبێت، هێشتا دیار نییە، بەڵام لە غیابی ئەڵتەرناتیڤی پێشکەوتووخوازدا، دیستۆپیا و وێرانەخاک، کۆمەڵگای پاش-ئەپۆکالیپس و ئاخیرزەمانی دەبێت کە ساڵانێکە لە فیلمەکانەوە پێی ئاشناین و خەریکە لەگەڵی ڕادێین.

ئەو ڕاستییەی ڕووسیا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، توانیویەتی خۆی دژی هاوپەیمانیی ناتۆ بهێڵێتەوە، کە سەردەمێک، بەتایبەت یەکەم ساڵانی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت و سەردەمی بۆریس یەڵتسن خەریک بوو بچێتە ژێر هەژموونی بازاڕی ئەمریکییەوە، ئێستا بە هۆی دەوڵەمەندیی سامانی کەرەستە خاوەکانی و ئەو داهێنانە گەورانەی لە سەردەمی سۆڤێت ئەنجام دران و بە میرات بۆ ڕووسیای پاش سۆڤێت مانەوە، بووەتە ئەوەی ڕاستەوخۆ ببێتە کێبڕکێکاری ناتۆ. سەرمایەداریی ڕووسیا کەمتر لە مۆدێلی چینی، فراوانخوازترە. کۆمپانیا چینییەکان، بۆ نموونە، نەک تەنها پشت بە داهێنانە تەکنیکییە فراوان و پێشبینی نەکراوەکان دەبەستن کە کۆمەڵگا پیشەسازییەکانی خۆرئاوایان بەجێ هێشتووە، بەڵکوو هەروەها پشت بە هەناردەکردنەکانی سەرمایەی زەبەلاحیش دەبەستن، کە ئێستا پارتی کۆمۆنیستی ئەو وڵاتە، بیەوێت یان نا، خەسڵەتێکی ئیمپریالیستی وەرگرتووە.

دەکرێت پێگەی ئێستای ڕووسیا تەنها بە بیرکردنەوە لەم واقیعییەتە ئابوورییە دەرک بکەین. بەبێ وردبوونەوە لەم مێژووە و لەم هاوسەنگە ئیمپریالییەی دەسەڵات، مەحاڵە لە جەنگی ناوخۆییی ئۆکرەین و دەستێوەردانی ڕووسیا تێبگەین کە بە «کودەتای مەیدان» لە ٢٠١٤دا ناسراوە. دەکرێت بەم جۆرە پوختی بکەینەوە: ڕووسیا ئامانج و نێچیرێکی داگیرکاریی هەژموونییە بۆ بلۆکی ئیمپریالیی دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا لە ڕێپێوانە فراوانخوازییەکانیاندا لەناو ئەوروپاوە بەرەو ئاسیا، واتا بەرەو چین. دەکرێت ئۆکرەین وەک ناوچەیەکی جێگیرکردن و نمایشی ناتۆ سەیر بکەین نەک شتێکی زیاتر.

هەڵبەت تۆمەتی پوتین بۆ هێزەکانی ناتۆ وا دەردەکەوێت تەنها پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ناتۆوە هەبێت لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا. بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجەکە زیاتر هەژاندنی ئابووریی هەناردەکارانی ڕووسیایە، واتا بێدارکردنەوەی وڵاتەکەیە بە شێوەیەکی ئابوورییانە تا خۆی بۆ نەزمی بازاڕی جیهانی لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکا-ئەوروپادا بەدەستەوە بدات، ڕێگایەکی دیکەی جگە لەمە بوونی نییە. ئەگەر ناتۆ لەمەدا سەرکەوتوو بێت، هێرشەکەی بۆ سەر نێچیرە سەرەکییەکە، واتا چین، ئاسانتر دەبێت و چین بەئاسانی گۆشەگیر دەکات تا وا بکات داهێنانە تەکنیکییەکانی بخاتە خزمەتی بازاڕی بلۆکی خۆرئاوایییەوە نەک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت.

خراپ قۆستنەوەی ئەخلاق و شاردنەوەی حەقیقەتەکان

بە دڵنیایییەوە ڕەهەندی ئەخلاقیی جەنگەکە، بریتییە لە بەدبەختی و ئازار و ناڵەی دانیشتووانی مەدەنی. بەڵام ئامێری پڕوپاگەندەی دەسەڵاتەکانی خۆرئاوا هەموو شتەکان سەرکوت دەکەن، هەموو شتەکانی دیکەی ناو ئۆکرەین دەشارنەوە، تەنها کودەتای فاشیستی مەیدان نەبێت لە ٢٠١٤دا، کە دەرەنجامەکانی بریتی بوون لە چەوساندنەوە، و سووکایەتیکردن بە ڕووسیزمانەکانی دانیشتووانی ئۆکرەین. زیاتر ئابڵوقە و کێشەدروستکردن بۆ هەردوو کۆمارە جەماوەرییە تازە دامەزاوەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە دۆنباس کە قووربانیی زۆری لێکەوتنەوە. هەروەها ئۆکرەین هیچ پابەند نەبوو بە ڕێککەوتننامەی دووەمی مینسک، کە دەبوو پێش هەموو شتێک کۆتایی بە کردەوە جەنگییەکانی نێوان سەربازانی ئۆکرەینی و شەڕکەرانی کۆمارە جەماوەرییەکان، پاشەکشەی ئەفسەرە میلیتارییە بیانییەکان، دوورخستنەوەی ناتۆ لە ململانێ ناوخۆیییەکان، داننان بە خۆ-بەڕێوەبردنی هەردوو کۆمارەکە لەلایەن ئۆکرەینەوە و هتد. لە بەرانبەردا حکوومەتی ئۆکرەینی بەردەوام بوو لە بەکارهێنانی توندوتیژی و خواستی لەسەر ئەندامبوونی لە ناتۆ.

لەم خاڵەدا، دەبێت نرخاندنی بابەتییانەی ئەخلاقیی ئەم پرسیارەی لەگەڵدا بێت: چ شتێک لە بەرژەوەندیی خەڵکانی کارکەری ئۆکرەین، دۆنباس و ڕووسیایە: ئارەزووی ئۆکرەین بۆ چوونە ناو ناتۆوە، کە لەڕووی ئابوورییەوە وڵاتەکە لە ڕووسیا دوور دەخاتەوە و بەفراوانی وابەستەی بلۆکی ئیمپریالیی خۆرئاوای دەکات؟ یان پەیوەندییە ئاشتیخوازییە ئابوورییەکان؟ کامەیان خزمەت بە کرێکاران و دانیشتووان و چینە کارکەرەکانی هەرسێ ئۆکرەین، کۆمارەکانی دۆنباس و ڕووسیا دەکات؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێت بەوردی سەیری گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتانەی ئەوروپای خۆرهەڵات بکەین کە دوای کەوتنی یەکێتیی سۆڤێت چوونە ناو ناتۆوە و بوونە ئەندامی بلۆکی ئیمپریالی؟ بەبێ گومان ئابووریی وڵاتانی ئەوروپای خۆرهەڵات و باڵکان، ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە بەراورد بە ئابووریی سەربەخۆتری پێشتریان. ئێستا دانیشتووانی فراوانی ئەم وڵاتانە یان وەک ئاوارە و قەرەج لە سەنتەرە ئەوروپییەکان دەژین یان هەرزانترین هێزی کار، کە ژیانێکی مەمرە و مەژی دەگوزەرێنن. هەر کەسێک بەوردی لە بارودۆخی ژیانی خەڵکانی باڵکان و ئەوروپای خۆرهەڵات ورد ببێتەوە کە لە سەنتەرە پیشەسازییەکان کار دەکەن، هەست بە سەرهەڵدانی کۆیلایەتییەکی ڕووتی نوێ دەکات، ئەمانە ئەو کەسانە دەیبینن کە لە نزیکەوە چاودێر بن، نەک تەنها خۆراک لە مەکینەی میدیای پڕوپاگەندەی بلۆکی خۆرئاوا وەربگرن.

بەڵام بێگومان مەکینەی پڕوپاگەندەی ناتۆ کە بە کۆمەڵێک ڕەهەندی دیاریکراوی ئەخلاقیی خۆیەوە کار دەکات، بە هیچ جۆرێک ئەم پرسیارە ناکات. چونکە ئەخلاقیاتەکەی لە بنچینەوە بریتییە لە ئەخلاقیاتی «ڕیاکاری» و دووڕوویی چینی حوکمڕان، کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. ئەم ڕیاکارییە دەکرێت لە کۆمەڵێک درۆی تازەدا ببینرێنەوە کە میدیا وەک ڤاکسین لە سەری خەڵکدا دەیانڕوێنێت. بۆ نموونە لە ٢٧ی شووباتی ٢٠٢٢دا، فۆنیکسی میدیای گشتی ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە وەرگێڕەکەی بە ئەنقەست وتەی ڤلادیمیر پوتینی بە هەڵە وەرگێڕاوە و گواستوویەتییەوە. پوتین ئاماژە بە «هێزەکانی بەرگری»ی دەکات، بەڵام وەرگێڕەکە بە «هێزی ئەتۆمی» وەریگێڕا.

ئەمەش بەسانایی ناسرایەوە، چونکە بەشێکی زۆر لە گوێگران دەیانتوانی بە ڕووسی قسە بکەن. بەڵام میدیا هەر لە سەرەتاوە یەکەم نوسخەی فۆنیکسی گواستەوە و کردی بە سەردێڕی میدیایی و زاراوەی چەکی ئەتۆمیی ڕووسیا کەوتە سەر زاری هەموو کەسێکی سەر گۆی زەوی لە کاتێکدا پوتین بەکاری نەهێنابوو و پاشان فۆنیکسیش ناچار بوو هەڵەکە ڕاست بکاتەوە. مادام ئێستا میدیا ڤاکسین لەسەری خەڵک دەدات، کەواتە پوتینی «شەیتان» دەیەوێت چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت. بڵاوکردنەوەی وێنەی هەڵە، وای کردووە ڕووخساری پوتین وەک دێو و درنج و تۆقێنەر دەربکەوێت و هێزەکانی خۆرئاوا و ناتۆش وەک وێنەی ڕزگاریبەخشی حیکایەتی پەریان.

بە پشت بەستن بە مەکینەی میدیا تێدەگەین کە پوتین خەریکی فراوانخوازییە بۆ ناوخۆی ئەوروپا و تەنانەت وا تێدەگەین ئەمریکاش داگیر دەکات، سوید و فینلەندا لە ئامادەباشییدان، ئەڵمانیا دەستی کردووە بە فراوانکردنی سوپای فیدڕاڵ و سەد ملیار یۆرۆی بۆ فراوانکردنی سوپاکەی و سەد ملیار یۆرۆی دیکە بۆ بەخشین بە ناتۆ، تەرخان کردووە. لە کاتێکدا لە دوای جەنگ، سوپای ئەڵمانیا نەدەبوو ئەو فۆرمەی ئێستای تێبپەڕێنێت، کەچی لەسەر دەستی حزبە سەوزە گوایە ژینگەدۆستەکان و سۆسیال دیموکراتەکان و نیۆلیبراڵەکان کە کابینەی حکوومەتیان بەدەستەوەیە، ئەو تابووە حەفتا ساڵەیان شکاند و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەناو دانیشتووانەوە گوایە پوتین ئەوروپا دەگرێت، ئەو باوەڕە باو و ڕەزامەندییە گشتییەیان دروست کردووە تەنانەت باس لە سەربازگیریی ناچارییش بکرێت.

ئیمپریالیزمی میزاج و کۆنتڕۆڵی مێشک

بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ پڕوپاگەندە: زاراوەکانی وەک تیرۆریست، سادیست، شەڕخواز بە پلان و بەرنامە هێرشکارەکانی، هیتلەری نوێ (پوتلەر: پوتین+هیتلەر) و هتد کۆمەڵە دانەپاڵێکی بنچینەیین پشت بە خواست و ویستێکی سەرەڕۆیانەی نازانستی و ناسیاسی دەبەستن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دانیشتووانی ناوخۆیی. بەو مانایە، ئەوەی نەیانتوانی بەفراوانی لە ڕێگای ئامێری کۆنتڕۆڵی کۆرۆناڤایرۆسەوە بیکەن، وێنەی پوتین ئەم ئەرکەیان بۆ تەواو دەکات. بەڵام ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە تەنها لە میدیادا ڕوو نادات. لە ڕێگای ئەم ئامێرەی باڵادەستییەوە، سیاسەتمەداران دەستیان کردووە بە بەئامرازیکردنی دەیان و سەدان هەزار خەڵک بۆ ئەوەی بڕژێنە شەقامەکانەوە بە ناوی «گردبوونەوەکانی ئاشتی» بەدڵنیایییەوە هەمیشە لەسەر بنەمای حیکایەتێکی کۆنی سادە، چاکە-خراپە: ئۆکرەین، کە دەیەوێت بچێتە ناو ناتۆوە، بەرەی فریشتە و چاکەیە و پوتین بەرجەستەکردنی شەیتانی دڕندەیە لەسەر زەوی. هەرکە ئاڵای ئۆکرەینیان لەسەر دەروازەی براندنبورگ لە بەرلین، بورجی ئایفل لە پاریس و شوێنە سەرەکییەکانی دیکەی دونیا نەخشاند، سیاسەتمەداران، توانیان مەکینەی میدیایی پڕوپاگەندەی خۆیان بە ئەبەدی بکەن. کەچی دووڕوویی و ڕیاکاریی ئەوان لەو شوێنەدا دەردەکەوێت کە پارتنەرەکەیان لە ناتۆ، تورکیا و ئەردۆغان، هەموو ڕۆژێک بەردەوامە لە داگیرکاری و کوشتاری کوردەکان ڕۆژاڤا لە سەرتاپای سوریا و لە هەرێمی کوردستان و بۆمبارانکردن و بەزاندنی سەروەریی ئەو وڵاتانە، نەک ئیدانەی ناکەن، بەڵکوو چەکی بۆ دەنێرن و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێربووک لە دوایین دانیشتنیدا لەگەڵ هاوپیشەکەیدا، مەولود چاوشئۆغڵ، بە هاوپەیمانی ئەبەدی ناوی تورکیا دەبات و تەنانەت ئەڵمانیا ڕێی لە خۆپیشاندانی کوردەکان دەگرت لە سەروەختی داگیرکردنی عەفریندا، بڕژێنە شەقامەکانی ئەڵمانیاوە و ئیدانەی هێرشەکە بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لە چاوی بلۆکی خۆرئاواوە هێرشی پوتین پێشێلکردن و بەزاندنی سەروەریی وڵاتێک و تیرۆرکردنی دانیشتووانە، بەڵام هێرشی ئەردۆغان بریتییە لە قەڵغانی ئاشتییپارێزی؟ پێویستە بۆ جارێکیش بێت ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین و کەمێک بیر بکەینەوە، ئەوسا بڕیار بدەین.

ئامێری پڕوپاگەندە هەمیشە دەست دەکات بە خراپ قۆستنەوەی هەستە سادەکان و عەوفەوییەکان و لەڕووی مێژووییەوە دانیشتووانی کەمتر پەروەردە بوو، لە سەرووی هەموویەوە، بۆرژوازیی خاوەن پەروەردە هەمیشە هەوڵی داوە بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگا داگیر بکات و مێشکی بشواتەوە و بیکاتە قەڵغان و بەکرێگیراو و بەرگریکاری بەرژەوەندییەکانی خۆی.

ئامێری پڕوپاگەندە هەمیشە دەست دەکات بە خراپ قۆستنەوەی هەستە سادەکان و عەوفەوییەکان و لەڕووی مێژووییەوە دانیشتووانی کەمتر پەروەردە بوو، لە سەرووی هەموویەوە، بۆرژوازیی خاوەن پەروەردە هەمیشە هەوڵی داوە بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگا داگیر بکات و مێشکی بشواتەوە و بیکاتە قەڵغان و بەکرێگیراو و بەرگریکاری بەرژەوەندییەکانی خۆی. لەم سیاقەدا هەر کەسێکی ڕەخنەگر لە چینی حاکم دەبێت ڕاستەوخۆ تێبینیی ئەمە بکات: کاتێک حکوومەتێک دەهۆڵی ناڕەزایەتی لێ دەدات، بێگومان شتێکی هەڵە لەم نێوەدا هەیە. ناڕەزایەتییە ڕاستەقینەکان هەمیشە دژی دەسەڵاتە دەوڵەتی و حکوومییەکان بوون، ئێستا مەکینەی پڕوپاگەندە بە سانایی ئەمەشی پێچەوانە کردووەتەوە، حکوومەتەکان سەدان هەزار خەڵک کە تا ئێستاش دەیان چەوسێننەوە، دەهۆڵی جەنگ و ناڕەزایەتییان بۆ لێ دەدەن و دەیاننێرنە شەقامەکانەوە، هەڵبەت نەک دژی خۆیان، بەڵکوو دژی داتاشینی وێنەی وەهمیی دوژمن.

جگە لەمانە، ئێستا سەردەمی سانسۆر، قەدەغەکردن، دەرکردن دەستی پێ کردووە، هەموو میدیای ڕووسی، لایەنگری ڕووسی بلۆک کراون، هەر کەسێک بەڕاشکاوی ئیدانەی پوتین نەکات لە کارەکانی دەردەکرێت، تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی لە زانکۆی میلانی ئیتاڵیا دۆستۆیڤسکی بە هۆی ئەوەی نووسەرێکی ڕووسە، قەدەغە بکرێت و کتێبەکانی لە کتێبخانەی زانکۆ کۆ بکرێنەوە، بەکورتی شەپۆل و میزاجێک سەری هەڵداوە دژی هەر شتێکە بۆنی ڕووسیبوونی لێ بێت، جا دۆستۆیڤسکی، ئایزنشتاین، گۆگۆل، تۆلستۆی، چیخۆڤ بێت یان ڤلادیمیر پوتین، هیچ جیاوازییەکی نییە. ئێستا کە هەموو شتێک قەدەغە کراوە و کۆی میدیای ڕووسی لە وڵاتانی خۆرئاوا بلۆک کراوە، تەنها ڕێگای گەیشتن بە حەقیقەت میدیای پڕوپاگەندەی خۆرئاوایە و دەروازەیەکی دیکە بوونی نییە.


پەراوێزەکان

  • 1
    پێشڕەو محەمەد، ئەلێکساندەر دوگین: ڕیشە ئەڵمانییەکانی ئۆراسیانیزمی نوێ، http://minervapubl.com/index.php/2022/03/01/post68/2865/admin
  • 2
    بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پەیوەندیی چەمکی جەنگی ناوخۆیی ئەوروپیی و شەپۆلی نوێی دژە-کۆمۆنیزم، بگەڕێنەوە بۆ: ئێنزۆ تراڤێرسۆ، شەپۆلی نوێی دژە-کۆمۆنیزم، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩
  • 3
    بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم چەمکە لای نۆلتە بگەڕێنەوە بۆ: Ernst Nolte, Der europäische Bürgerkrieg: Nationalsozialismus und Bolschewismus, Propyläen Verlag, Berlin, 1987
  • 4
    The Idea of Community vs. The Socialist Idea of Society
  • 5
    Thomas Mann, Kultur und Sozialismus (1928), in Essays von Thomas Mann, Band 2 herausgegeben von H. Kurzke, Frankfurt am Main, 1986, s.98-100.
  • 6
    Domenico Losurdo, Die Gemeinschaft, der Tod, das Abendland: Heidegger und die Kriegsideologie, aus dem Italienischen von Erdmuthe Brielmayer, Verlag J.B. Metzler, Stuttgart und Weimar, 1995
  • 7
    Karl Löwith, Mein Leben in Deutschland vor und nach 1933: Ein Bericht, J.B. Metzler Verlag, Stuttgart, 1986, s.141.
  • 8
    بڕوانە: کاڕڵ مارکس، کاری بەکرێ و سەرمایە، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی هزریی شەهید ئارام، سلێمانیی، ٢٠١٦.